سروشت لە چاوی كامیراوە

سروشت لە چاوی كامیراوە

خەڵكی گوندی حەسارە لە باكووری ڕۆژهەڵاتی كەركووك. ساڵانێكی زۆر پێشمەرگە بووە، بست بە بستی كوێستان و گەرمیانی نیشتیمان گەڕاوە و بە چاو كێڵاویەتی. ئێستا بە خێزانەوە لە گوندەكەیدا دەژی، بەڵام حەزێكی بە تین بە سەراپای كوردستانی دەبەستێتەوە، ئەم حەزەی بۆ كوردستان لە ڕێی زووم و هاوێنەی كامیراكەیەوە دەخاتە ڕوو.
ئا/تاریق كارێزی

سروشت لە چاوی كامیراوە

كوڕە شارییەكی ئەم سەردەمە، ڕەنگە نەتوانێت پەی بە جوانیی گوندەواری كوردستان ببات. با گەشت و سەیرانیش بكات و بچێتە باوەشی سروشتیشەوە، بەڵام لە پەنجەرەی ئوتومبیلی تیژڕەوەوە، چاو فریای خوێندنەوەی جوانیی سروشت و گوندەواری كوردستان ناكەوێت. هەر كەسێك لە گوند نەژیا بێت، دەرفەتی ئەوەی نابێت بە نێو وردەكاریی جوانییەكانی ئامێز و دەوروبەری ئاواییەكانی لادێدا ڕۆ بچێت. ڕزگار حەساری لە گوندێكی گەرمیان لە دایك بووە، بۆ چەندین ساڵ لە نێو گوندەكانی زۆزانەتیی وڵاتدا ژیاوە. یادگەی تەژییە لە جوانیی گوند و سیحری دڵڕفێنی سروشت. جارجار لە حەساری گەورەوە، كە گەورە گوندێكی نزیك بە شاری كەركووكە، بەرەو زۆزان دەچێت و نقومی نێو ژووانی جوانییەكانی كوێستان دەبێت. هەموو جارێك، بۆ ئەوەی لە جوانیی گوند و سروشتی كوردستان دانەبڕێت، بۆ ئەوەی هەستی مەستبووی بە جوانیی ئەوێ پاراو بكات، دەست دەداتە كامیرایەك و بە نێو سروشت و گوندەكاندا دەسووڕێتەوە. ئەو وێنانەی ئەو دەیانگرێت، گوزارشت لە هەست و سۆزی بە جۆش هاتووی ناخی ئەو بەرانبەر بە جوانیی شوێنانی ڕابردوو دەكەن.

سروشت لە چاوی كامیراوە

ورد بوونەوە لەو وێنانەی لە هاوێنەی كامیراكەی ڕزگار حەسارییەوە لە دایك دەبن، بەرەو قووڵایی ژیانی گوندەواری كوردستانمان دەبات. لەوێدا سروشت باڵادەستە و قسەی خۆی دەكات. ستاتیكا و جوانییەكی ئەوتۆ دەخاتە ڕوو، دڵی مەردان شەیدای نیشتیمان دەكات. ئاخر ئەو شەیداییە بوو كە بە هەزاران ڕۆڵەی بەجەرگی وڵاتی بەرەو كۆڕی خەبات برد، پاشان بە خوێنی سوور و ئاڵی خۆیان، بەژنی نیشتیمانیان ڕازاندەوە و نەیانهێشت گوڵاڵە سوورە لە وڵات ببڕێت. لە ڕێی وێنەكانی ڕزگارەوە، بە هۆبە و ڕەشماڵی كۆچەریان، بە نەریتەكانی ئاژەڵداری و گوزەرانی نێو گوند ئاشنا دەبین. وێنەكان دێنە دەنگ و دەڵێن، ئێرە ژووانگەی ژیانە، ئێرە كە ڕۆحی نیشتیمانی تێدا بەرجەستەیە، لانەی شێرانە.
لە پەیدۆز كردنی هەستی جوانخوازانەی ڕزگاردا، جۆش و خرۆش و سەرگەرمیی كوڕە گەرمیانییەك بۆ جوانیی كوێستان دەخوێنینەوە. تا ئەبەد سروشت دایك و ئارامگەی ژیان و ئەو دیوی ژیانیشە.

Top