د. ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان:   دەبێت پەرلەمان كە سەرچاوەی یاسادانانە ڕێك بخرێتەوە و سیستمی هەڵبژاردن جارێكی دیكە هەموار بكرێتەوە

د. ڤالا فەرید  وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان:    دەبێت پەرلەمان  كە سەرچاوەی یاسادانانە ڕێك بخرێتەوە و سیستمی هەڵبژاردن جارێكی دیكە هەموار بكرێتەوە

 

 

 

د.ڤالا فەرید ئەكادیمیست و پسپۆڕە لە یاسای گشتی و ئەندامی هەر دوو خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بووە و، وەك یەكەم خانمی سەركردەش بۆ یەكەمین جار لە مێژووی حوكمڕانیی كوردستاندا لە 18ی شوباتی 2019 بووەتە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و پاشانیش لە 10ی تەمموزی 2019 بووەتە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، هەروەها ئەم خانمە یەكەمین ئەكادیمیستە كە نامەی ماستەرەكەی لەسەر كۆمەڵكوژیی گەلی كوردستان و بەرپرسیاریەتیی تاوانی ڕژێمی عێراق ئامادە كردووە و، ڕۆڵێكی دیاریشی لە داڕشتنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا گێڕاوە، ئێستاش وەك وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، توانیویەتی هاوسەنگی و هاوكاری و هەمانگیی نێوان پەرلەمان و حكومەت زۆر بە باشی بپارێزێت، لەم گفتوگۆیەشدا سەبارەت بە ئالنگارییەكانی بەردەم سەروەریی یاسا بەم جۆرە ڕای خۆی خستە ڕوو.

 

پرسی «ئالنگارییەكانی بەردەم سەروەریی یاسا» پرسێكی هەستیار و گرنگە و لەو خاڵەوە دەست پێ دەكەم كە سەروەریی یاسا واتە دەسەڵاتی یاسا لەسەر كۆمەڵگە، دەسەڵاتی یاسا لەسەر فەرمانڕەوا و فەرمانپێكراو بە یەكسانی، سەروەریی یاسا واتە دانانی كۆت و بەند لەسەر ئاكاری نایاسایی تاك و دامەزراوەكان، ئەو دامەزراوانەی كە دەستوور ددانی پێدا ناون.

پێشێلكردنی یاسا لەگەڵ ئەوەی كاریگەری لەسەر ژینگەی مرۆڤایەتی هەبووە، لە هەمان كاتدا ناتوانین بڵێین ئەگەر پێشیلكردنی یاسا نەما، ئیدی یاسا سەروەرە، نەخێر، پێشیلكردنی یاسا هەر هەبووە و ئەگەر ئەم پێشێلكردنەش نەبوایە، لە بنەڕەتەوە یاسا نەدەبووە پێداویستییەك بۆ ڕێكخستنی كۆمەڵگە.

پێشێلكارانی یاسا لەوانەیە كەسێكی ئاسایی بن، بەڵام لە هەمان كاتدا دەشێت فەرمانڕەوایەكی دەسەڵات، یان دامەزراوەیەكی دەوڵەتی، یان وەزیر، یان سەرۆكی وڵاتیش بێت، هەر بۆیە هەر كاتێك یاسا پێشێلكرا، ئەگەر ئەو سزایەی لە یاسادا دیاری كراوە، وەك بەرپەرچدانەوەیەك بۆ ئەو پێشێلكارییە لەسەر هەمووان بە یەكسانی جێبەجێ كرا، دەتوانین بڵێین لەو وڵات و كۆمەڵگەیە سەروەریی یاسا بوونی هەیە، بەڵام بە پێچەوانەشەوە ئەگەر چاوپۆشی لە یەكێك كرا و لەسەر ئەویتر جێبەجێ كرا، ئەو كات ناتوانین بڵێین سەروەریی یاسا بوونی هەیە.

ئەو ئالنگارییانەی دێنە بەردەمی سەروەریی یاسا بریتین لە «ئایین، دابونەریت، مرۆڤ، دامەزراوەكان و ئەو بابەتانەی دەبنە سەرچاوە بۆ یاساكە، تەنانەت خودی یاساكەش».

سەروەریی یاسا پەیوەستە بە پیادەكردنی دیموكراتی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ئەو ئازادییانەی لە دەستووردا هاتوون، بەڵام زۆر جار یاسادانەران كێشەیان لەگەڵ ئەو سەرچاوانەی وەك «ئایین و دابونەریت» هەیە، كە دەبنە سەرچاوە بۆ یاساكە و خۆیان دەبنە ئاستەنگ بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و بۆ ئەوەی ڕاستەڕێ یاساكە لەگەڵ چەمكی دیموكراتی و مافی مرۆڤ پیادە بكرێت، هەر بۆ نموونە ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان هەموارێكی سادەمان لە یاسای باری كەسی كرد، بۆ ئەوەی بەربەستێك لەبەردەم ئەو پیاوانە دابنرێت، ئەگەر بڕیاریان دا ژنی دووەم بهێنن، بەڵام ئەم یاسایە وەك خۆی جێبەجێ نەكرا، تەنانەت ئەو پەرلەمانتارانەشی كە بەشدار بوون لە داڕشتن و پەسەندكردنی ئەو یاسایەدا پێوەی پابەند نەبوون و بەبێ ئەوەی ئەو یاسایە لەبەر چاو بگرن، ژنی دووەمیان هێنا.

لایەنێكی دیكە كە دەمەوێت ئاماژەی پێ بكەم، لەم گفتوگۆیە باس لە كۆنی یاساكان كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە هەندێك لە یاساكان كۆنن، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە باشی و خراپیی یاسا نەبەستراوەتەوە بە كاتەوە، ئێمە زۆر یاسامان هەیە هی چل و پەنجاكانی سەدەی ڕابردوون و لە جێبەجێكردن و پابەندبوون بەو یاسایەوە هیچ كێشەیەكمان نییە، یاسای تاوانەكان ڕەنگە پێویستمان بە هەمواركردنەوەی هەبێت، بەڵام یاسایەكی زۆر باشە، بۆیە یاسا هەیە زۆر كۆنە، بەڵام زۆر باشە و كۆمەڵگە و دەسەڵات ڕێزی لێ دەگرێت، لە بەرانبەردا یاساشمان هەیە لەم ساڵانەی دوایی دەرمان كردوون، بەڵام كەس پێوەی پابەند نابێت.

لە دوماهیدا هەڵوەستە لەسەر گرفتێكی گەورە دەكەم لەبەردەم پیادەكردنی سەروەریی یاسا، ئەویش ئەو گرفتەیە كە لەو شوێنە هەیە كە ئێمە یاسای لێ دەردەكەین كە ئەویش پەرلەمانی كوردستانە، ئێستا بە هۆی پیادەكردنی لیستی «نیمچە كراوە» لە هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا، دەستەبژێر و ئەكادیمی و خەڵكانی پسپۆڕ و شارەزان ناوێرن خۆیان بۆ ئەندامیەتیی پەرلەمانی كوردستان كاندید بكەن، ئەمەش وای كردووە ئەو دەستەبژێر و پسپۆڕانەی بوارە جیاوازەكانی ژیانی كۆمەڵگە دوور بن لە پەرلەمان و لە بری ئەوان خەڵكانێكی دیكە جێگەیان بگرنەوە كە یاسادانان كاری ئەوان نییە، بەڵام دەستەبژێرێكی پسپۆڕ خۆی هەڵبژێرێت، دەنگ ناهێنێت، ئەمە وای كردووە كە ئێستا دادوەرێكی خاوەن ئەزموونی 30 ساڵی لەناو پەرلەمان نەبێت و سەرۆكی لێژنەی یاسایی بێت، ئەندازیارێكی بەئەزموونی تێدا نەبێت سەرۆكی لێژنەی شارەوانی بێت، پزیشكێكی پسپۆڕی خاوەن ئەزموونی تێدا نەبێت سەرۆكی لێژنەی تەندروستی بێت. ئەمە بۆ هەموو بوارەكانی دیكەش.

بۆیە ئێمە دەبێت سەرچاوەی یاسادانان كە پەرلەمانە ڕێك بخەینەوە، دەبێت سیستمی هەڵبژاردن جارێكی دیكە هەموار بكرێتەوە بۆ ئەوەی زەمینە بڕەخسێت دەستەبژێر و پسپۆڕ و خاوەن ئەزموونەكانی كوردستان بێنە ناو پەرلەمان و كێشەكان دەستنیشان بكەن و یاسای گونجاو بۆ چارەسەركردنیان دابڕێژن و دەربكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پرسی سەروەریی یاسا و پاپەندبوون و ڕێزگرتن لە یاسا، پرسێكە پەیوەندی بە هەموو كۆمەڵگەوە هەیە و دەبێت پێش هەمووان ناوەندی دروستكردنی بڕیار و ناوەندی دانانی یاساكان بڕوایان بە سەروەریی یاسا هەبێت.

 

Top