ئایا زیاد خواردنی پرۆتین زیانی تەندروستی هەیە؟

ئایا زیاد خواردنی پرۆتین زیانی تەندروستی هەیە؟

پرۆتینی خۆراكی گرنگیی زۆری بۆ لەش هەیە، بەڵام خواردنی پرۆتین بە بڕی زیاتر لە پێویستیی لەش، زیانبەخشە بۆ تەندروستی. پرۆتین لە خۆراكی ڕووەكی و ئاژەڵییەوە سەرچاوە دەگرێت وەكو گۆشت، پەلەوەر، هێلكە، شیر و بەرهەمەكانی، ماسی، كاكڵەكانی گوێز و باوی، دانەوێڵە، پاقلەمەنییەكان..تاد. ڕۆژانە خواردنی زیاتر لە دوو گرام پرۆتین بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش بە بڕی زیاد هەژمار دەكرێت، ئەگەرچی هەندێك سەرچاوەی دیكە ئاماژە بەمە دەكەن كە ڕۆژانە خواردنی زیاتر لە سێ گرام پرۆتین بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش لە گەنجەكاندا بە بڕی زیاد هەژمار دەكرێت. زیانە تەندروستییەكانی زیادخواردنی پرۆتین: قەبزی، زیادبوونی كێشی لەش، ئەگەری كەمبوونەوەی هەندێك جۆری كانزا و ڤیتامین و ماددە دژەئۆكسانەكان كە گرنگیی تەندروستیی زۆریان هەیە، هەروەها زیادخواردنی هەندێك جۆری خۆراكی دەوڵەوەمەند بە پرۆتین، وەك: گۆشتی سوور و گۆشتی پرۆسێسكراو زیانی تەندروستیی زیاتریان بەدواوەیە، بۆنموونە فشاری زۆر دەخەنە سەر گورچیلەكان و جگەر و ئێسك، هەروەها ئەگەری توشبوون بە نەخۆشیی دڵ و شێرپەنجە زیاد دەكەن. لە لێكۆڵینەوەیەكی ساڵی 2022 دا هاتووە كە پەیوەندی بەهێز هەیە لە نێوان زیادخواردنی پرۆتینی گشتی و پرۆتینی ئاژەڵی لەگەڵ ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلەكان CKD.

 

Top