نمرەی روخێنەر و بەرپرسیاریەتی ویژدانی

نمرەی روخێنەر و بەرپرسیاریەتی ویژدانی

شاعیر و پارێزەری لوبنانی (راجی الراعی)دەلێ" گەورەترین كوشتن.. كوشتنی هیوا و ئومێدە".
بێ شك قوتابی كە دەگاتە قۆناغی زانكۆ و لە كۆلیژ و بەشێك وەردەگیرێ بەرچاوی ڕوونە و پاشە ڕۆژی خۆی لێ دیارە و تەواو نزیك بۆتەوە و چەند هەنگاوێكی ماوە، رێگا هەوارز و قورسەكەی بڕیوە و لە ئامانجەكەی دوور نییە و خێڕا بێت یان هێواش پێی دەگات، زۆربەی هەرە زۆری قوتابیان كە دەگەنە زانكۆ و كۆلیژ وا هەست دەكەن كەوا دەرچوون و پەڕینەوە لە قۆناغەكان زۆر ئاسانە و پێویستی بەو خوێندن و خۆماندووكردنە نییە، ئەوەش زیاتر لەوە سەرچاوە گرتووە لە قۆناغی ئامادەیی تایبەت پۆلی دوازدە قوتابی زۆر ماندوو دەبێت و، جگە لە ترس و دڵە ڕاوكێ زۆر هەم لە تاقیكردنەوەكان و هەمیش لە بەدەست هێنانی نمرە. لێرەدا مامۆستایانی زانكۆ پێویستە ڕۆڵی خۆیان ببینن و ڕوون كردنەوەی ورد و دروست لە سەر ژیانی خوێندنی زانكۆیی و رێنماییەكان و سوودی نمرە وەرگرتن و خوێندن بۆ بڕوانامەی دوای بەكالۆریۆس بۆ قوتابی ڕوون بكەنەوە، كاریگەری هەر سالێك لە كۆلیژ و چۆنیەتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان و وەرگرتن و دانانی نمرە بە پێی سیستەمی زانكۆكە، پێویستە بۆ قوتابی بە ووردی ڕوون بكرێتەوە تا شارەزا بێت و ڕێڕەو و ئەرك و مافەكانی خۆی بناسێ و تا بزانێ چی لە سەر قوتابی پێویستە لە ڕووی خوێندن و بنەما و ڕێنماییەكانی تاقیكردنەوە و كۆرس و وەرزەكان .
لەوانەیە زۆرێك لە قوتابی كە گەیشتنە زانكۆ وا دەزانن دەرچوونیان مسۆگەرە و پێویستی بەو خوێندن و شەونخوونییە زۆرە نییە.
قوتابی لە قۆناغی زانكۆ بەردەوام پێویستی بە پاڵپشتی كردن و هاندانی زیاترە لەلایەن سەرۆكایەتی بەش و مامۆستایانی بەشی خۆی كەوانەكانیان پێ دەلێنەوە، پێویستە مامۆستا لە دانانی نمرەیەكی ڕوخێنەر و نائومێد هێز و هیوای قوتابی ناهێلێ و هاندەر نابێ بۆخوێندن و دەرچوون لە دانانی هەر نمرەی ڕوخێنەر و نائومێد بە قوتابییەكە دەلێ تەواو تۆ نابێ دەربچی لەو پۆلە و، قوتابی هیچ زانیارییەكی نییە لە سەردانانی ئەو نمرانە كە لە ناو بردن و كوشتنی هیواكانیەتی و كاریگەری ئەرێنی و خراپ بە درێژایی ساڵ جێ دەهێلێ، ئەوەی گرنگە ئەگەر مامۆستایەك زانیاری نەبێ لە سەر كاریگەری دانانی نمرەی ڕوخێنەر، پێویستە سەرۆكایەتی بەش و كۆلیژ ڕازی نەبن بە دانانی ئەو جۆرە نمرانە، چونكە دانانی نمرە كۆمەڵێ پێوەر و بنەمای هەیە مەبەستم نمرەی كۆتایی(كۆرس و وەرز) نییە.
پێویستە هاتنی قوتابی بۆ پۆل و بەشداری كردن لە پۆل و چالاكییەكان نمرەی لە سەر بێت و هەمووی كۆبكرێتەوە ئینجا نمرەی وەزر یان تێكڕای دابنرێ. سەرم سوڕ دەمینێ‌ كە كە دەبینم یان دەبیستم مامۆستایەك نمرەی لە خوار(10)ی داناوە لە سەر(40) یانیش (5,6,7,8,9) دابنرێ بە هەموو ئەرك و بەردەوامی ڕۆژانە و چالاكییەكانی تری بەشداری كردن و دەتەوێ قوتابی لە كۆتایی وەرز لە سەر (60)نمرەی (50) بهێنێت، چ جۆرە داهێنانێكە! لەو كاتەی من لە بیرم دێ زیاتر لە (33) ساڵ خزمەتی بەردەوام لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دا پێمان دەلێن تكایە دووركەونەوە لە دانانی نمرەی (ڕوخێنەر و نا ئومێد)، لە هەموو بۆنە و كۆڕ و كۆبوونەوە و سمینارەكاندا، دانانی ئەو جۆرە نمرانە واتە هەر لە سەرەتاوە بڕیارت داوە ئەو قوتابییە دەرنەچێ و هیچ هەل و فورسەتێكت بۆ جێ نەهێشتوە، كە لێرە دا شارەزایی و ویژدان و ڕۆڵی پەروەردەكاران و فێركاران وونە و دیار نییە. بێگومان ئەو جۆرە نمرانە پێوەر و پابەند بوونی قوتابی نا سەلمێنێ‌ بە بابەتەكەوە و نمرەی قوتابی گرنگترین تێكڕایی بەرەنجامی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و زانستییە.
بە دەیان نموونە و بە سەرهاتی زیندووی مامۆستایانی شارەزا و پەروەردەكارانی بە ئەزموون و ویژدان زیندووانی ناو پرۆسەی پەروەردە و زانست و فێركردن پێمان دەلێن كە (قوتابی ئەمانەتە و مامۆستاش ویژدانە) دەبێ زۆر بە ئاگایانە و هەستیارانە دەرفەت و هەلی زیاتر و بەردەوام بڕەخسێندرێ بۆ قوتابی و بەردەوام هان بدرێ و پاڵپشتی بكرێ و بەهرەكانی لە ناو نەبرێ.
رێك ئەوەش وتەی ڕاگەیاندكاری بەناوبانگی سعودی (احمد الشقیری) لە بیرمان دێنێتەوە كە دەلێ" هەموو مرۆڤێك بەهرەی هەیە، بەڵام ئەگەر بڕیارت لە سەر ماسی دا بە دۆڕان كە ناتوانێ بە سەر درەخت بكەوێ، ئەوا تۆ بەهرەی مەلەوانی ماسیت لە ناوبرد و كوشتت".
بەرێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

Top