سەرۆک بارزانی و كلیلی چارەسەر
سەرەتا
هەر کاتێک کێشە سیاسییەکانی عێراق ئاڵۆز بووبێت، سەرۆک بارزانی بووەتە فریادڕەس و هۆی گۆڕینی کەشی نائاسایی عێراق بۆ ئارامی و تەناهی.
هەر دەمێک، لایەنە سیاسییەکانی عێراق نەیانتوانبێت، لەسەر پرسە هەستیارەکان بگەنە ڕێککەوتن هەتا لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش، سەرۆک بارزانی، توانیوویەتی ببێتە کلیلی چارەسەری گرفتەکان لە عێراق.
پرسی بودجە، پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، دۆسیەی شنگال و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تەوەری گرنگی کۆبوونەوەکان دەبن.
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی، بۆ چارەسەرکردنی چەند پرسێکی نێوان شیعە و سووننەکانە کە هەمیشە لە بارودۆخە هاوشێوەکاندا سەرۆک بارزانی نێوەندگیریی کردوون.
تێگەیشتن و ئەزموونی سەرۆک بارزانی بە تایبەت لە ڕۆڵگێڕانی ئاشتییانە و خستنەڕووی ئەڵتەرناتیڤی دیکە بۆ چارەسەری کێشە چەقبەستووەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، دەرخەری ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی چ لە ناوخۆی عێراق، چ لە دونیای دەرەوە، خاوەن بڕیار و ئاراستەکاری داھاتووی عێراقە، ئەوەمان لە یاد نەچێت کە بە دانپێدانانی عەرەبی سوننە خۆیان، ھەر سەرۆک بارزانی بووە هۆی نێوەندگیریان.
سەرۆک بارزانی، دوای شەش ساڵ سەردانی بەغدای کردەوە، ئەمەش دوای داخوازیی و بانگهێشتی هەموو سەرکردە باڵاکانی عێراق دەهات، بەشێوەیەک بەردەوام جەختیان دەکردەوە، کە هاتنی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، کلیلی چارەسەر و پاکی ئەو نیەتەی هەرێمی کوردستانە کە بەردەوام بەرامبەر حکوومەتی عێراق و عێراقییەکان هەیانبووە.
پێشوازی گەرم و باڵا
لەسەر ئاستی دامەزراوە حکوومییەکان، سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی نوێنەران، چوارچێوەی هەماهەنگی، دامەزراوەیی دادوەریی، سەرکردە سەربازییەکان، کەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیران و شەقامی عێراقی و کونسوڵ و باڵێوز و نوێنەرانی نێودەوڵەتی لە عێراق، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بە پێشهاتێکی مێژوویی زێدە مەزن لە قەڵەم دراوە، چونکە ئەوان دەزانن کە سەرۆک بارزانی، نەک لە ناوخۆی عێراق بەڵکو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، پێگە و کاریگەرییەکی یەکجار بەهێزی هەیە، چەندین پرسی گەورەی جیهانیی هەیە، کە لەسەر پرس و بیر و ڕای سەرۆک بارزانی یەکلایی دەکرێتەوە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دەڵێت:
"شەرەفمەندبووم بەم سەردانەی برای بەڕێز کاک مەسعود بارزانی، ئەم سەردانەی بۆ بەغدا گرنگە بە مەبەستی دیدار و گفتوگۆکان، چونکە سەرکردەیەکی نیشتمانپەروەرە و ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری هەبووە لە پرۆسەی سیاسیدا"
فەلاح مشعەل نوسەر و رۆژنامەنووسی ناوداری عێراق دەڵێت :
زیاد لە 250 هێزی سیاسی لە عێراقدا هەن، هیچ کات روینەداوە سەرکردەیەک بەم گەرم و گوڕی و شکۆیەوە، شاهانە پێشوازی لێبکرێ ، وانەیەکە لە واتای زەعامەتی سیاسی کە هیچ کات لە پرەنسیپە سیاسیە نەگۆڕەکانی خۆی لاینەداوە.
سەرۆک بارزانی ڕێنوێنیکارێکی ژیر
پێش گەیشتنی عێراق بە هەر دۆخێکی ناهەمواری سیاسی، ھەمیشە سەرۆك بارزانی ڕێنوێنیی خۆی بۆ ڕێککردنەوەی پەیوەندییەکان و ھێنانەدیی کەشێکی سیاسیی لەبار لە عێراق خستووەتە ڕوو، ئێستا ئەمریکا" و ئێران و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، چاویان لە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانییە بۆ چارەسەری کێشە چارەنەبووەکان.
کۆبەند
پێشتر ھەموان چاوەڕوانی دید و بۆچوونی سەرۆک بارزانی بوون، لەو پێناوەش زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ڕوویان کردە (پیرمام) و داوای پشتگیری لە سەرۆک بارزانی، چونکە ئەو ڕاستییە بۆ تەواوی عێراقییەکان ڕوون بووەتەوە کە ئێستا سەرۆك بارزانی ڕابەرایەتیی ڕەوتێکی گەورەی نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، ھەتا وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لەو حەقیقەتە تێگەیشتوون.
چاوەڕێ دەکرێت سەردانی ئەم جارەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا؛ چەندین کێشەی هەڵپەسێردراوی نێوخۆی عێراق چارە بکات و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش بباتە قۆناغێکی دیکەوە، ئەمەش دوات ئەوەی دێت سەرۆک بارزانی لە بەغداوە ڕایگەیاند: بە پێویستی دەزانین، دیالۆگ ببێتە بنەمایەکی جێگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.