دكتۆر محەمەد سدیق ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:   وێڕای هەموو تێبینی و ڕەخنەكانمان بودجەی عێراق بودجەیەكی باشە و ڕەنگدانەوەی لەسەر خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان دەبێت  

دكتۆر محەمەد سدیق  ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:     وێڕای هەموو تێبینی و ڕەخنەكانمان بودجەی عێراق بودجەیەكی باشە و ڕەنگدانەوەی لەسەر خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان دەبێت   

 

 

ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق دواجار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق عێراق پەسەند كرا و تێپەڕێندرا، وێڕای هەموو ئەو ڕەخنە و سەرنج و تێبینییانەی كە هەبوو، خۆی لە خۆیدا پەسەندكردنی بودجە نەخشەڕێگەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، خۆ ئەگەر وەكو خۆی جێبەجێ كرا، ئەوا ڕەنگدانەوەی باشی لەسەر بژێوی و ژیانی هاووڵاتییان و خۆشگوزەرانیان دەبێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بە پشكی هەرێمی كوردستان لە دامەزراندن و پاشەكەوت و پێشمەرگە، گۆڤاری (گوڵان) ئەم دیمانەیەی لەگەڵ دكتۆر محەمەد سدیق ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سازدا .لێرەدا پوختەی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

 

* ئەو بودجەیەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند كرا، بودجەیەكە بۆ سێ ساڵ، ئایا بە شێوەیەكی گشتی لایەنە ئەرێنییەكانی بۆ خەڵكی كوردستان چییە و چ گۆڕانكارییەك لە مووچە و خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان دروست دەكات؟

- دیارە ئەم جارە بودجەی گشتیی عێراق بۆ سێ ساڵە، وێڕای تێبینی و سەرنج و ڕەخنەكانی كورد لە پڕۆژەی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و زۆر بابەت و ماددە و بڕگەی ناو بودجەكە، دواجار لە پەرلەمانی عێراق پڕۆژەكە پەسەندكرا و تێپەڕ بوو، بەمەش ڕەشنووسەكە بووە یاسا و دەبێت هەمووان پابەندی جێبەجێكردنی بن، ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، دەبینین بە شێوەیەكی گشتی بودجەی عێراقی فیدڕاڵ زۆر لایەنی ئیجابی تێدایە، بەوەی ئەگەر وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، ئەوا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان زۆر باشە و كاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەلومەرجی خۆشگوزەرانیی خەڵك دێنێتەكایەوە و، مووچەی مووچەخۆران لەكاتی خۆیدا دابەش دەكرێت، ئەمەش لای مووچەخۆران ئارامی دروست دەكات و بازاڕیش ڕوو لە بووژانەوە دەكات، لێرەدا دەمەوێت پرسێك ڕوون بكەمەوە، بەوەی زۆربەی ئەو بڕگانەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بودجە دانوستاندن و ڕێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی لەسەر كردووە، هەمان بودجەیە كە نێردراوەتە پەرلەمان و دواجار بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە پەسەند كرا.

* باسی هەندێك بابەت و سەرنج و تێبینیت كرد كە لە ناو یاساكەدا هەن، ئایا مەبەستت ئەوە بوو كە لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە نایاسایی كرا و مشتومڕێكی زۆری لێ كەوتەوە؟

 - ڕاستە نیگەرانیی زۆرمان لەسەر ئەو دەستكاری و بەلاڕێدابردنەی ناو لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەبوو لە بارەی ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە پشكی هەرێمی كوردستانەوە هەبوو، بەتایبەتی لە ماددەی 13 و 14ی بودجە، بەڵام بە دیوێكی دیكەدا ئەوەی ئێمە ویستمان جێگیری بكەین لە پشكی هەرێمی كوردستان كە 12،67%ـە و هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق دانوستاندن و ڕێككەوتنیان لەسەر كردبوو، دواجار خۆشبەختانە هەر ئەوە پەسەند كرا. ڕەنگە مەبەستی پرسیارەكەت لەسەر هەندێك بڕگە و بابەت بێت، كە لە ئاست ویستی ئێمەی كورددا نییە، لێرەدا پێویستە ئەو ڕاستییە لە یاد نەكەین كە بە شێوەیەكی گشتی پەرلەمانی عێراق تەنیا لە ئێمەی كورد پێك نایەت، بەڵكو لایەنی دیكەی زۆر تێدایە و بە هەمووان زۆرینەی پەرلەمانی پێك دەهێنن، پەرلەمانی عێراق لایەنی وای تێدایە نەك هەر دژی قەوارەی هەرێمی كوردستانن، بەڵكو تا سەر ئێسقان دژایەتیی نەتەوەی كوردیش دەكەن، كەسانێكی زۆریشی تێدایە ئەگەرچی دانوستاندن و ڕێككەوتنمان لەگەڵ دەكەن، بەڵام لە كاتی كرداردا جێبەجێی ناكەن و بە پێچەوانەی بەڵێنەكانی خۆیان جووڵە دەكەن.

*   پێشتر قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی گەڕابوونەوە ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران و كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی چارەسەر كرابوون، بۆچی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمەیان كرد؟

 - لە ڕاستیدا پێویستە ئەم پرسیارە ئاراستەی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق و تیمی یەكێتی بكرێت، هەرچەندە ئەوان سەرەتا نیگەرانییان هەبوو، بەڵام دوای دەستپێشخەرییەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی، ڕاستەوخۆ ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندی پێوە كردن و قوباد تاڵەبانی گەڕایەوە ناو ئەنجومەنی وەزیران، هەموومان ئومێدمان خواست هەموو ئەو ڕەخنە و بۆچوونە جیاواز و داواكارییانە لە ناو ئەنجومەنی وەزیران و لە نێو ماڵی كورد گفتوگۆیان لەسەر بكرێت و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە، خۆ ئەگەر نیگەرانییەكیش لەسەر هەر پرسێك لە كوردستان هەبێت، ئەم نیگەرانییە نابێت ببردرێتە بەغدا، واتە كارێك نەكرێت بۆ لەكەداركردنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان و گەلی كورد و مافەڕەواكانی، بۆ ئەوەی لایەنە عەرەبییەكان ئەوانەی نەیاری كوردن ئەم پێشهاتەیان پێ خۆش بێت، ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەسەر داوای ڕێزدار سەرۆك مەسعود بارزانی داوای ئەوەمان لێ كراوە بە هیچ شێوەیەك سازش لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان نەكەین و بەردەوام فاكتەری یەكگرتن و یەك گوتاریی كورد بین، ئەوەی ئێمەی زۆر نیگەران كرد،ئەو دەستكاری و گۆڕانكارییانە بوو، كە لە هەردوو ماددەی 13 و 14ی بودجە ئەنجام درا، لە كاتێكدا پێشتر بەڕێز دكتۆر فوئاد حوسێن كە نوێنەرایەتیی ئێمەی دەكرد لە دانوستانەكان لەگەڵ سەرۆكی لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بابەتی وا باس نەكرابوو، بەڵكو بەو شێوازەی پڕۆژە یاساكە هاتە پەرلەمان لەلایەن هێزەكانی ناو هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بڕیار و دەنگیشی لەسەر درابوو، بەداخەوە دواتر فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرهەڵستكارییان كرد، لایەنە عەرەبییەكانیش ئەم دەرفەتەیان قۆستەوە و پشتیان تێكردین. بە پوختی زیاتر كێشەكە لەسەر ماددەی 14 بوو، كە تێیدا بڕگەیەكیان زیاد كردبوو، ئەویش بڕگەی 8 بوو، لەم بڕگەیە لە خاڵی (أ) كێشەمان نەبوو، بەڵام لە خاڵی (ب) كاتێك باس لە ئەگەری كێشە لە ناردنی بودجە لە نێوان هەردوو لایەنی ناو پێكهاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دروست بوو، ئەو كات لێژنەیەك پێك دەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ناكۆكییەكە و دیراسەتكردنی و ناردنی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ، بۆ ئەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەلای خۆیەوە بڕیاری چارەسەركردنی بدات، كەچی پەرلەمانتارانی یەكێتی بەمە ڕازی نەبوون و دەیانگوت دەبێ وشەی (تمویل)ی بۆ زیاد بكرێت، ئەم بڕگەیە دەنگی لەسەر درا و تێپەڕی، كەچی برادەرانی فڕاكسیۆنی یەكێتی بۆ جارێكی دیكە ئەمەیان هەڵوەشاندەوە و لایەنە عەرەبییەكانیش بە پێشنیارەكەی برادەرانی فراكسیۆنی یەكێتی ڕازی بوون.

* خاڵێكی دیكە كە لە میدیاكان زۆر باس دەكرێت، پرسی دانەوەی پاشەكەوتی فەرمانبەرانی كوردستانە، باس لەوە دەكرێت كە فراكسیۆنی پارتی دژی ئەم بڕگەیە بووە لە ماددەی 14ی بودجە، پاشانیش هەر فراكسیۆنی پارتی پێشنیارێكی هەبوو كە دانەوەی پاشەكەوت لە 10% بكرێتە 12%، ئایا ئەم پرسە بۆ وای لێهات؟

 - نابێ ئەو ڕاستییە لە یاد بكەین كە سەرچاوەی سەرهەڵدانی (پاشەكەوتی مووچە) بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق دروست بووە، بۆیە دانەوەی ئەم پاشەكەوتە دەكەوێتە سەر حكومەتی فیدڕاڵی، لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا ئومێدێك هەیە بەوەی جارێكی دیكە بەو بابەتەدا دەچنەوە و هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دیوانی چاودێریی دارایی حكومەتی عێراق پاكتاوكردنی حیساباتی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دەكەن لە ساڵی 2004 تاكو 2022، لەم بارەیەوە من گومانم نییە كە ئەگەر ئەو پارەیەی حكومەتی عێراقی بردوویەتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە تەواوی بدرێتەوە و پاكتاوكردنەكە بە شێوازێكی ڕاست ئەنجام بدرێت و بەبێ ئامانجی لابەلا جێبەجێ بكرێت، ئەوكات دەتوانرێ بەو بڕە پارەیە پاشكەوت بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی عێراق هەرگیز دژی دانەوەی پاشەكەوتی مووچە نییە، ئەمە موزایەدەیەكی سووكە بە خەڵكی كوردستان و فەرمانبەرانەوە دەكرێت، دكتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ هەموو لایەنە كوردستانییەكان ڕێككەوتنی كردووە بەوەی دانەوەی ئەو 10% یە بكرێتە 12% ئەمەش بە ڕێككەوتنی هەموو لایەنە كوردستانییەكان بووە، ئەوە بوو پشێوییەك لە ناو هۆڵی پەرلەمان هەبوو، ژمارەیەكی زۆر دەنگیان دا، بە تێڕوانینی ئێمە لە بەرژەوەندیی گەڕانەوەی پاشەكەوتەكە كە پێشنیاری پارتی بوو، دەنگەكان درا، خۆ ئەگەر دەنگەكان هەژمار بكرێنەوە، ئەوا بێگومان پێشنیاری دانەوەی 12%ی پاشەكەوتی مووچەخۆران دەنگی پێویست بەدەست دەهێنێت.

* هەر لەم بودجەیەدا بڕێك پارە بۆ هێزی پێشمەرگە دیاری كراوە، پرسیار ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی پارەكە ‌بەراورد بە حەشدی شەعبی زۆر كەمە، ئایا لە ڕووی مەعنەوییەوە ئەم پارەیە چ بایەخێكی هەیە؟

- سەرەتا دەبێ ئەم ڕاستییە بزانین كەوا پڕۆژە یاسای بودجە وەكو پێشنیاری ئەم ڕەشنووسە، كاتێك لە حكومەتی فدڕاڵییەوە دێتە ناو پەرلەمانی عێراق، هەموو لایەنە سیاسییەكانی پێكهێنەری حكومەت گفتوگۆ و دانوستاندن و ڕێككەوتنیان لەسەر كردووە، بە پێی دەستوور ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆی نییە بابەت و ماددە زیاد بكات، ئەگەرچی چەند بابەت و بڕگەیەكمان بۆ بودجە زیاد كرد، منیش لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام، كە پارەكە بەراورد بە حەشدی شەعبی زۆر كەمە، خۆ ستەمكردن لە هەمبەر پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان هەر تەنیا لەسەر ئاستی بودجە ڕووی نەداوە، بگرە لەسەر پڕچەككردن و زۆر لایەنی لۆجستی و هاوكاریی سەربازی و بەشداریكردنی ڕێژەی كورد لە هێزی ئاسمانی و سێكتەرەكانی دی و زۆر بابەتی دیكەشە، لەمەشدا لەگەڵ ئەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی پێشمەرگەدا كەمە، بەڵام وەكو سەرەتایەك بۆ دەستەبەركردنی مافی پێشمەرگەی كوردستان لە عێراق لە سەردەمانی پێشوو باشترە، بەوەی كە هیچی بۆ تەرخان نەكرابوو.

*لەم بودجەیەدا بڕیار دراوە نزیكەی 900 هەزار فەرمانبەر لە عێراقدا دابمەزرێن، بەڵام پشكی كوردستان زۆر كەمە باس دەكرێت تەنیا 17 هەزارە، ئەمە ڕێژەیەكی زۆر كەمە، بۆ نەتانتوانی زیادی بكەن؟ 

 - منیش لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام بەوەی بابەتی دامەزراندنی فەرمانبەران، ئەوەی بەر پشكی كوردستان دەكەوێت زۆر كەمە، بەڵام ئەمەش وەكو زۆر بابەتی دیكە لە ئاست خواست و ئومێدی ئێمەدا نییە و سەرچاوەی بۆ ئەو ناڕەوایەتییە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی دەنگێكی زۆری نەیاران و دوژمنانی كورد و بەهێزیی حوكمی زۆرینەیان لە بەغدا و لە ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق. نابێ ئەوەش لە یاد بكەین كە هەر لەسەر ئەم بابەتە باس لەوە كراوە ئەوانەی گرێبەستی هەڵبژاردنن لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەبنە گرێبەستی بەكارخستن و هەمیشەیی، كە نزیكەی 3000 فەرمانبەری ئێمەشی تێدایە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لەسەر بابەتی دامەزراندنی فەرمانبەران پشكی هەرێمی كوردستان زۆر كەمە.

 

Top