قوتابی و پشووی هاوین

قوتابی و پشووی هاوین

ئەكتەری بەناوبانگی بەلجیكی (جان كلاود كول)دەلێ" ئەگەر دەتەوێ بگەیتە لوتكە، پێویستە لە سەرت ئارام گرتووبی ،كۆڵ نەدەی ، خۆت بەدەستەوە نەدەی".
وەرزی هاوین هەلێكی گونجاو و زێرینە بەمەبەستی داڕشتنی پلان و بەرنامەیەكی تۆكمە لە پێناو بەدەست هێنان و بەردەست كردنی توانا و وزەی پێویست بۆ بەرزكردنەوەی ئاست و پسپۆڕی و بنیاتنانێكی گونجاو، بۆیە گرنگە دایك و باوكی منداڵ لە وەرزی هاویندا بەرنامە بۆ منداڵەكانیان دابنێن، لەم دوو مانگە دا كە سوودی ڕاستەوخۆ و ئەرێنی هەبێت بۆ منداڵەكانیان كە هەم فێری زانیاری و شتی نوێی ببن، هەمیش بتوانرێ بە ئاسوودەییەوە سوود لە پشوو و كاتەكانی وەربگرن و جەستە و بیروهزریان ئاسودە و حەساوە بێت. ئەویش بە ڕەخساندنی كاتێكی باش و گونجاو بۆ جێ بەجێ كردنی ئارەزوو خواستی منداڵەكانیان و هەمیش فێربوونی كۆمەڵێ كارامەیی نوێی و هونەری و زانستی نوێ ، دەكرێ لەم وەرزەی هاوین بیر لەوە بكرێتەوە منداڵەكان لە قوتابخانە زیاتر جەخت لە سەر ئەو بابەتانە بكەنەوە كە وەكو پێویست نمرەكانیان بەرز نەبووە، یانیش ئاستیان لاواز بووە و لەو ماوەیە دا دەتوانن بە ئاسانی ئاستیان بەرز بكەنەوە بۆ ئەوەی لە ساڵی نوێی خوێندن ساناتر زاڵ بن بە سەر ئاستەنگەكانی ئەو جۆرە بابەتانە، هەروەها دەكرێ لە ماوەیەكی دیاری كراو هەندێ بابەتی سەرەكی و بنەڕەتی وەكو بیركاری و زاستەكان بخوێنن تا لە داهاتوودا ئاستیان زۆر باشتر بێت، بێگومان ئەوەش هاندەر دەبیت تا ئارەزوو و خواست زیاتر دەبێت بۆ فێربوونی زیاتر، لەگەڵ ئەوەش دا دەكرێ لە كاتی پێویست هەوڵ بدرێ گرنگی بە فێربوونی زمانەكانی تر بدرێ وەكو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و هی تر....
لە بیرمان نەچێت لەگەڵ هەموو فێربوونێك و هەبوونی كات، فێربوونی كارامەییەكانی ژیان و بەها پەروەردەییەكان بە خاڵی وەرچەرخان دادەنرێت لە ژیانی گشتی قوتابی كەوا دەكات هەردەم كەسێكی بەهێز و متمانە پێكراو و پڕ لە وزەی ئەرێنی بێتە بوون، كە ئەوەش خۆی لە خۆیدا سەركەوتنە بە سەر كۆی بەربەستەكانی ژیان، جودا لەوانەش گرنگە چ لە ماڵەوە یان لە قوتابخانە منداڵ فێربكرێ و پەروەردە بكرێ و ڕاهێنانی پێ بكرێ لە سەر هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی كردن، كە هاوین وەرزێكی لە بارو گونجاوە بۆ ڕاهێنانی پیكردنی منداڵ لە سەر پەسندكردن و وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی لە ژینگەی خێزان و كۆمەڵگە بە هەڵسانی هەر جۆرە كارێك كە لەگەڵ تەمەنی بگونجێ، بۆ نموونە فێركردنی منداڵ لە سەر كڕینی پیداویستی سادە و هەر جۆرە خواردەمەنییەك لە بازار و ماركێتەكان لە ژێر چاودێری خێزان و یان ئیش و كاری ماڵەوە چ لە باخچە و كارەكانی تری خاوێن كردنەوە و پاك ڕاگرتن و ڕێك خستن بە گشتی، هەروەها گرنگە منداڵ لەم هاوینە بتوانێ‌ چێژ لە پشوو وەربگریت چ بە سەردانی كردن بۆ لای خزم و هاوڕێ و ئامادە بوون لە هەندێ دانیشتن و بۆنەكان لە ژێر چاودێری ماڵەوە ، یانیش چێژ بینین و خۆشی وەرگرتن لە ئاهەنگ و بۆنەكان و بەشداری كردن و سەردانی كردنی پاركەكان، هەروەها سەردانیكردنی پەرتوكخانە و چۆنیەتی فێركردنیان بۆ خوێندنەوەی گۆڤار و پەرتووكی هەمەڕەنگ لە ژێر چاودێری كەسانی پەیوەندیدار بە پەرتووك و خوێندنەوە.
جودا لە هەموو فێربوونێك لە چوارچێوەی خێزان و كۆمەڵگە كە پێویستە هەبێت،
گرنگە لە وەرزی هاوین گەر بۆ ماوەیەكی كورتیش بێت لە قوتابخانە قوتابی فێری كارامەییەكانی فێربوونی ئەو بابەتانە بێت كە لە قوتابخانە بۆ فێربوونیان دووچاری ئاستەنگ بوونەتەوە، لە ئەنجامدا وا لە قوتابی دەكات ئاسانتر لەو بابەتانە بڕوانی و بابەتەكانیش خۆشەویست تر دەبن لای قوتابی.

بەرێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

Top