كیم كارداشیان بووەتە سەرەخۆرە

كیم كارداشیان بووەتە سەرەخۆرە

دەستەواژەی نەفرەتی كارداشیان لە سۆشیال میدیا و میدیاكاندا ئاگر دەكاتەوە دوای ئەوەی ڕۆما لە یۆرۆپالیگ دۆڕا، دەستەواژەی «نەفرەتی كارداشیان» لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە و بەكارهێنەران بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەستێرە ئەمریكییەكە بووەتە هێمای بەختی خراپ.
لە ماوەی رابردوودا وا باو بوو كیم كارداشیان پشتگیریی هەر تیپێك بكات و درێسەكەی لەبەر بكات، لە كۆتایی یارییەكە دەدۆڕێت.
ماڵپەڕی “ماركا”ی ئیسپانی لە لێدوانێكدا لەسەر ئەم بابەتە ڕایگەیاندووە، ڕەنگە كیم كارداشیان بیەوێت درێسەكانی تۆپی پێ بگەڕێنێتەوە بۆ دۆڵابەكەی بۆ ماوەیەك، دوای ئەوەی سێڤییا لە شاری بوداپێست، ڕۆژی چوارشەممە لە یاریی كۆتایی یۆرۆپالیگدا لە ڕۆمای بردەوە، وێنەی كارداشیان كە درێسێكی كۆنی ڕۆمای لەبەردا بوو، لە سۆشیال میدیا دەركەوتەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە زۆر كەس لە سۆشیال میدیا بڵێن دەستەواژەی «نەفرەتی تۆپی پێی كارداشیان» ڕاستەقینەیە.
چیرۆكی (نەفرەتی كارداشیان) كاتێك دەستی پێكرد كە ئامادەی یاریی گەڕانەوەی قۆناغی ١٦ لە یۆرۆپالیگ بوو، لە نێوان ئارسناڵ و سپۆرتینگ لیشبۆنی پورتوگال، لە كاتێكدا كارداشیان هاندەری ئارسناڵ بوو، دواجار سپۆرتینگ لیشبۆن پێشكەوت بە لێدانی سزا، كە هەمان سیناریۆی یارییەكەی نێوان ڕۆما و سێڤییایە.
دوای سێ ڕۆژ لە یاریی ئارسناڵ و سپۆرتینگ لیشبۆن، كارداشیان گەشتێكی كرد بۆ فەرەنسا، بۆ بینینی ڕكابەرییەكانی خولی پلە یەكەكانی فەرەنسا لە نێوان پاریس سان جێرمان و ڕێن و هاندانی تیپەكەی میسی و مباپێ، بەڵام لەم یارییەدا پاریس لە یاریگەی خۆیدا بە دوو گۆڵی خاوێن شكستی هێنا، ئەمەش پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەكان بوو.
هاندەرانی ئارسناڵ كارداشیانیان بە هۆكاری دۆڕاندنی تیپەكەیان زانی، بە پێچەوانەوە بەشێك لە هاندەرانی لیڤەرپوول داوایان لە كارداشیان كرد كە لە یاریی تیپەكەیاندا بەرامبەر مانچستەر سیتی لە یاریگەی ئیتیحاد ئامادەبێت و هانی تیپی مانچستەر ستی بدات، بۆ ئەوەی بە دڵنیاییەوە مانچستەر سیتی بدۆڕێت.

Top