ئازاری گشتیی ماسوولكە

ئازاری گشتیی ماسوولكە

  ئازاری گشتیی ماسوولكە Fibromyalgia بریتییە لە ئازاری درێژخایەن كە نزیكەی هەموو پەیكەرەماسوولكەكانی لەش دەگرێتەوە و لەوانەیە كە هاوكات بێت لەگەڵ: سەرئێشە، سەرسووڕان، زوو بیرچوونەوە، هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج، ناڕەحەتیی دەروونی كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری پەستی یان خەمۆكی، خەوزڕان، گرژبوونی ماسوولكەكان، سخبوونی جومگەكان و هەستكردن بە ماندووبوون یان هیلاكیی فیزیكی بەتایبەتی پاش لەخەوهەڵسان لەگەڵ گرفت لە نووستندا. ئازارەكە لەوانەیە كە سووك یان توند بێت، هەروەها لەخۆیەوە كەم و زیاد دەكات یان دێت و دەڕوات، لەوانەشە هاوكات بێت لەگەڵ تەزین یان سڕبوونی قۆڵ و قاچەكان. ئەگەرچی هۆكاری ئازاری گشتیی ماسوولكە بە تەواوی ڕوون نییە، بەڵام پسپۆرانی ڕۆماتیزم چەند هۆكارێكی هاندەریان دەستنیشان كردووە وەكو: گۆڕانی هۆرمۆنی، گۆڕانی كەشوهەوا، سترێس Stress، بەسەرهاتی گەورەی فیزكی یان دەروونی وەكو كارەساتی هاتووچۆ، گرفتەكانی كۆئەندامی دەمار، هەوكردنی بەستەرەكان یان جومگەی بڕبڕەكانی پشت، كەمیی كانزای مەگنسیۆم لە لەشدا، هەروەها هۆكاری بۆماوەیی. هەنگاوەكانی چارەسەركردن: مەشقی وەرزشی، مەساج، چارەسەری سرووشتی Physiotherapy، دەرمانی دژەئازار و خاوكەرەوەی ماسوولكە، هەندێك جاریش دەرمانی ئارامبەخش.

 

 

Top