خواردنەوەی شلەمەنییەكان بە قامیش و لۆچبوونی دەوری دەم

خواردنەوەی شلەمەنییەكان بە قامیش و لۆچبوونی دەوری دەم

ئایا خواردنەوەی شلەمەینییەكان بە قامیش (قصب) هاندەرە بۆ دروستبوون و بەرجەستەبوونی لۆچەكانی دەوری دەم؟.

 لێكۆڵینەوەكان ئاماژەیان بەمە كردووە كە زیاد بەكارهێنانی قامیش بۆ خواردنەوەی شلەمەنییەكان، هاندەرە بۆ لۆچبوونی لێو و پێستی دەوری دەم كە بە لۆچیی قامیش Straw wrinkles ناسراوە، باس لەمەش كراوە كە لەكاتی هەڵمژینی شلە بە قامیش، لێوەكان بە توندی وێك دەهێنرێنەوە، ئەم جووڵەیە كە چەند جارێك دووبارە دەبێتەوە هۆكارە بۆ تێكشكانی پرۆتینی كۆلاجین Collagen لە پێستی دەوری دەمدا، كە دەبێتە هۆی دروستبوونی هێڵ و قووڵایی، كە بناغەن بۆ لۆچبوونی پێست و لێوەكان. لە تەمەنی گەنجێتیدا، لێوەكان پتەو و بەهێزن و پڕن لە پرۆتینی كۆلاجین كە توانای لاستیكیی زۆر بە لێوەكان دەبەخشێت، بەڵام لەگەڵ بەتەمەنداچوون پتەویی لێوەكان كەم دەبێتەوە و شل و تەنك دەبنەوە، لێرەدا زیاد وێكهێنانەوەیان بە بەكارهێنانی قامیش بۆ خواردنەوەی شلەمەنییەكان زیاتر هاندەرە بۆ دروستبوونی لۆچیی لێو و پێستی دەوری دەم، ئەمەش ڕوونكراوەتەوە كە ئافرەت زیاتر لە پیاو ڕووبەڕووی لۆچبوونی لێو و پێستی دەوری دەم دەبێتەوە، هەروەها زیاتر تووشی ئافرەتانی سپی پێست دەبێتەوە، ئەگەرچی بۆماوە ڕۆڵی لە مەسەلەكەدا هەیە، بەڵام جگە لە بەكارهێنانی قامیش بۆ خواردنەوەی شلەمەنییەكان، جگەرەكێشان، بەركەوتن بە تیشكی خۆر، خۆراكی ناڕێك و ناهاوسەنگ، ئەنجام نەدانی مەشقی وەرزشی هۆكاری هاندەری دیكەن بۆ لۆچبوونی لێو و پێستی دەوری دەم.

 

Top