قەشە ماسیس شاهینیان نوێنەری ئەرمەنی ئەرتودۆكس لە دهۆك بۆ گوڵان:   سەرۆك مسعود بارزانی كارێزما و ڕەمزی پێكەوەژیانە و درێژەپێدەری هزر و قوتابخانەی مەلا مستەفا بارزانییە

قەشە ماسیس شاهینیان  نوێنەری ئەرمەنی ئەرتودۆكس لە دهۆك بۆ گوڵان:     سەرۆك مسعود بارزانی كارێزما و ڕەمزی پێكەوەژیانە و درێژەپێدەری هزر و قوتابخانەی مەلا مستەفا بارزانییە

 

 

پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستاندا بووەتە ڕەمزێكی گرنگی هەرێمی كوردستان و لە نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا حیسابی وردی بۆ دەكرێت و، بە چاوی ڕێزەوە دەڕواننە ئاشتی و پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان، سەرۆك بارزانی لە یادگەی نیشتمانی بارزانی جارێكی دیكە باسی ئەو عەقیدەیەی بارزانی كرد، كە بۆ خێر و خۆشی بەشەرییەت و ئاشتی و بەفریاكەوتنی لێقەوماوان بونیاد نراوە. گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرەیەكی دیكەی پەیوەندیدار بە مافی ئایین و ئایینزا و پێكهاتەكانی كوردستان دیدارێكی لەگەڵ قەشە ماسیس شاهینیان نوێنەری ئەرمەنی ئەرتودۆكس لە دهۆك ساز دا.

 

* پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستان بووەتە جێگای شانازیی هەموو نەتەوە ‌و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، هەموو جیهانیش بە چاوی ڕێزەوە سەیری ئەم پێكەوەژیانەی كوردستان دەكات، ئایا مەسیحییەكانی جیهان چۆن سەیری ئەم پێكەوەژیانە دەكەن؟

- پێكەوەژیانی ئایینی و ئایینزاكانی كوردستان مێژووییەكی قووڵی هەیە و بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان پێكەوە لە ڕۆژە خۆش و ناخۆشەكاندا و لە ڕاپەڕین و شۆڕشەكاندا پێكەوە بەشدار بوون، لە هەموو نەتەوە و ئایینەكاندا شەهیدیان لەم ڕێگایەدا بەخشیوە. جەنابی مسعود بارزانی پاڵپشتییەكی باشی پاراستنی پێكەوەژیان دەكات و هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكات و هانیان دەدات بۆ زیاتر كاركردن لەم پێناوەدا، لە ئێستادا پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان بووەتە جێی سەرنجی هەموو وڵاتانی ناوچەكە و دونیا، بەوەی هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان بە شێوەیەكی ئازاد و سەربەست مومارەسەی ژیان و بۆنە و یادە نەتەوەیی و ئایینییەكانی خۆیان دەكەن. هەر ئەم پێكەوەژیانەیە وای كردووە ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان دەستەبەر بێت. ئێمە وەكو پێكهاتەی ئەرمەن لە هەرێمی كوردستاندا ساڵانێكی زۆرە لەگەڵ برا كوردە موسڵمانەكانمان پێكەوە دەژین و پەیوەندییەكی توندوتۆڵ و باشمان لەگەڵ یەكتر هەیە، ئێمەی ئەرمەن لەگەڵ برا كوردەكانمان لەسەر یەك نەژادین كە هێند و ئەوروپیە و زمان و دیالێكتی قسە و گفتوگۆمان هاوبەشە، ئێمە پێش هاتنی ئایینی ئیسلام وەك كورد زەردەشتی بووین، لە پاش ئەوەی ئایینی ئێمە و ئیسلام هات، هەر یەكەمان ئایینی خۆمان هەڵبژارد و ڕێزی یەكتریش دەگرین، ئەو خاكەی هەرێمی كوردستان بە نیشتمانی هەموومان دانراوە، هەموو مرۆڤایەتیش یەك خودامان هەیە، كە هەموو ئەمانە وای كردووە پێكەوەژیان لەم هەرێمە بەردەوام بێت.

* ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیركردنی تەواوی ئەو پێكەوەژیانەیە لە هەرێمی كوردستاندا، بەڵام هاتنی قەداسەتی پاپای ڤاتیكان بۆ هەولێری پایتەختی كوردستان كە ڕووداوێكی گەورە بوو لەسەر ئاستی جیهان، چۆنی دەخوێنیتەوە؟ ئایا چی زیاتر دەبێتە هۆی قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و پێكەوەژیان لە كوردستاندا‌؟

- بەرەوپێشەوەچوونی ئازادی و ئەو پێكەوەژیانە لە هەرێمی كوردستان بۆ باوكی گەورەمان مەلا مستەفای بارزانی دەگەڕێتەوە، لە هەموو كار و شۆڕش و تێكۆشانەكانیدا بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی بەردەوامی بە كەلتووری پێكەوەژیان داوە. هەر لەو قوتابخانەیەی مەلا مستەفا بارزانی جەنابی مسعود بارزانی پەروەردە كراوە و، درێژەپێدەری ئەو كار و بەرنامەیە كە بووەتە بنەمای پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمدا، لەسەر ئەم ڕێچكەیەش هەردوو ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی لە كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بە پراكتیكی پلان و بەرنامەیان بۆ داناوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش جەختیان زیاتر لەسەر ئەو پێكەوەژیانە كردووەتەوە.

 لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەنگاوی زۆر گرنگ بۆ گەشەكردن و بەشداریی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لە دامەزراوە حكوومییەكان نراوە، لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینییەوە كار و خزمەتگوزاریی زۆر و بە بێ جیاوازی پێشكەش بە هەموو گەلی كوردستان كراوە، ئەمەش وای كردووە دڵنیایی و متمانەی زیاتر لە نێوان پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دروست بێت، ئەو مەنهەج و پڕۆگرامەی لەلایەن باوكە گەورەمان مەلا مستەفا بارزانی دانراوە كە ئازادی و دیموكراتی و ئاشتی و گرنگیدانە بە هەموو پێكهاتەكان، تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، لەلایەن مسعود بارزانی و نەوەكانیەوە بەردەوامی پێ دراوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش زیاتر بەرەوپێشەوە دەچێت و كار و پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لەسەر بونیاد دەنرێت. پیاوانی ئایینیی هەموو ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان بە هەمان شێوەی پیاوانی ئایینیی موسڵمانەكان ماف و ئیمتیازیان بۆ دانراوە، ئەوەتا كەنیسە و دێر و پەرستگا بۆ ئایین و ئایینزاكان شان بە شانی دروستكردنی مزگەوتەكان دروست كراون، بەبێ جیاوازی بەپێی ئەو داواكارییانەی هەمانبووە بەتایبەت لە كابینەی نۆیەمدا پڕۆژە و خزمەتگوزاری بۆ هەموو لایەكمان پێشكەش كراوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو ئەم پێكەوەژیانە و مومارەسەكردنی تقوسات و بۆنە ئایینییەكانی ئایینزاكان بودجەی پێویستی بۆ دابین كردوون.

* لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستان، سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بنووسنەوە، تاوەكو بە شێوەیەك بێت كە خۆیان پێی ڕازی بن، ئایا ئەو هەڵویست و پێداگرییەی جەنابی سەرۆك بارزانی چۆن دەبینن؟

- هەر پێش ئەوەی دەست بە نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان بكرێت، وەكو پێكهاتەی ئەرمەن بانگهێشتنامەیەك بۆ ئێمە هات، بۆ ئەوەی ئێمە لە نووسینەوەی دەستوورەكەدا لە لێژنەكان ئامادە بین، دیارە جەختكردنەوەی جەنابی سەرۆك بارزانیی باوك وای كرد كە ئێمە و هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان نوێنەرمان لە لێژنەكانی نووسینەوەی دەستووری كوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی خۆمان ماف و بەرژەوەندییەكانمان لە ژێر ڕۆشنایی یاسادا لە ناو دەستوورەكەدا بنووسین و جێگیر بكرێت. سەرۆك بارزانی وەكو مەرجەع و باوك و ڕەمزێكی گەورەی ناوچەكە و جیهان كە خەمخۆر و پارێزەری مافی هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانە، بە كرداریش جەختی لەسەر بەشداریكردنی هەموو پێكهاتەكای كردەوە لە نووسینەوەی دەستوور. ئێمە وەك ئەرمەن هەقی خۆمانە بە زمان و نووسینی خۆمان نووسراو بۆ دامودەزگای حكومەت بكەین و لە پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە بەشداری بكەین و، گرنگی بە مێژوو و كەلتووری خۆمان بدەین. پێویستە ئێمە نوێنەر و بەڕێوەبەری تایبەت بە خۆمان وەك ئەرمەن لە وەزارەتی ئەوقاف هەبێت، بۆ ئەوەی حكومەت و دامەزراوەكان زیاتر ئاگاداری كاروبار و پێداویستی و خزمەتگوزارییەكانی ئێمە بن، وەك نەتەوە، نەك وەك كەمینە. جەنابی مسعود بارزانیی باوك جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە كەمینەی نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستاندا نییە، ئەوەی هەیە پێكهاتەی ڕەسەنە و لە ئەرك و مافدا هاوبەشن، ئەمەش دەستكەوت و بنەمایەكی دیكەی پێكەوەژیانە كە لەلایەن سەرۆك مسعود بارزانی بۆمان هاتووەتەدی.

* ئایا لە كاتێكدا سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بكرێتە فرە بازنە، یان چەند بازنە، ئێوە وەك مەسیحییەكان بەتایبەت ئەرمەنییەكان بەو جۆرە سیستەمە ڕازی دەبن، چونكە لەو شێوازی هەڵبژاردنە دەنگ و ڕەنگی پێهكاتەكان پەرشوبڵاو دەبێت و نابنە خاوەن كورسی و ڕاوبۆچوون لەناو پەرلەماندا؟

- ئێمە وەك ئەرمەنی تا ئێستا حزبی سیاسیمان نییە و یەك كورسیی كۆتامان لە پەرلەمان هەیە، نامانەوێت قەت بكەوینە نێو ململانێ و موزایەدەی سیاسییەوە، بەڵكو دەمانەوێت ئەو كورسییەی لە پەرلەمان هەمانە، بە دەنگی خۆمان مسۆگەری بكەین، داواكاریشمان ئەوەیە لە هەڵبژاردنەكاندا هەوڵ نەدرێت دەنگ و ڕەنگی ئێمە بزر و پەرشوبڵاو بكرێت، تاوەكو بنەماكانی دیموكراسی لەم هەرێمە بە تەواوی بێتەدی و پێكەوەژیانەكەش وەك خۆی هەر بەردەوام بێت و لە گەشەكردندا بێت. ئێمە حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكایەتیی حكومەتی كوردستان بە هی خۆمان دەزانین و داواكاری و پێشنیارەكانمان لە ڕێگای سەرۆكایەتیی كەنیسەوە دەگەیەنینە حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم، تا ئێستا نەبووە داواكاری و پێشنیارەكانمان بە هەند وەرنەگرن، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە حكومەتی خۆمانی دەزانین، ماف و ئەركەكانیشیان بۆمان بەپێی یاسا و دەستوور دیاری كردووە.

* ئایا بوونی عەنكاوە بە قەزا وەك یەكێك لە شوێنەكانی مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستان چی دەگەیەنێت و، تمووحی ئێوە لەوە ڕادەوەستێت یان ئومێد و ئایندەی گەورەتر لە حكومەتی كوردستان چاوەڕوانن؟

- ئێمە زۆر بە پێویستی دەزانین كە گرنگی بە هەموو سنووری هەرێمی كوردستان بدرێت، ناحیەكان بۆ زیاتر خزمەتكردنیان بكرێنە قەزا و پارێزگا و ئەو بڕیار و فەرمانەی جەنابی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە عەنكاوەی لە ناحیەوە كردە قەزا، زۆر گرنگ بوو، بەتایبەت بۆ ئەوەی ئیدارەكەی بەرفراوانتر بێت و خزمەتگوزارییەكانی زۆرتر بن، ئەگەرچی تمووحی ئێمە لەوە زۆر زیاترە و داوكاریمان هەیە لە كاتی گونجاودا عەنكاوە ببێتە پارێزگا و تایبەتەمەندیی زیاتر بە ناوچە و سنوورەكانی نیشتەجێبوونی ئێمە و هەموو مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت.

* سەرۆك مسعود بارزانی لە كاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش دەرگای هەرێمی كوردستانی واڵا كرد، بۆ ئەوەی هەموو مەسیحییەكان و ئایینە جیاوازەكانی دیكە لە سەرانسەری عێراق بیانپارێزێت، ئەم پێداگرییەی سەرۆك بارزانی بۆ پێشوازیكردن لە هەموو مەسیحییەكانی ناوچە جیاجیاكانی عێراق كە بێنە كوردستان چۆن لێك دەدەیتەوە؟

- ئەم بڕیار و هەڵویستەی سەرۆك مسعود بارزانیی باوك لەو كاتەدا جگە لەوەی زۆر گرنگ بوو بۆ پاراستنی گیانی هەموو ئەو ئاوارانەی لە ناوەڕاست و چەندین شاری دیكەی عێراق كە بە هۆی پەلاماری تیرۆریستانی داعش پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێنا، هاوكات پەیامێكی مرۆڤایەتی و بەتەنگەوەهاتنی پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینەكان بوو، ئێمە وەك ئەرمەن و مەسیحی بەگشتی ئەو بڕیارە و بەهاناهاتنە زۆر بە پیرۆز و بە هەندی وەردەگرین، هەر ئەمەش لە كەسایەتی و كارێزمای جەنابی سەرۆك مسعود بارزانیی باوك چاوەڕوان دەكرێت. تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، حكومەتی كوردستان لە خزمەتكردنی ئاوارەكان بەردەوامە بەتاك لایەنە و بە بێ ئەوەی حكومەتی عێراق دەستی یارمەتی و هاوكاریان بۆ درێژ بكات، جگە لەوەی زۆرجار گرفت و كێشەش لەم بارەیەوە بۆ كەمپ و ئاوارە و ئیدارەدانی ئاوارەكان دروست دەكەن.

* پەیامی جەنابی سەرۆك بارزانی لە میانەی كردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان بۆ لایەن و حزبە سیاسییەكان چۆن دەخوێنیتەوە؟

- ئەو پەیامەی جەنابی مسعود بارزانیی باوك كە لە كردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی ڕایگەیاند، بۆ هەموو لایەن و حزبەكانی هەرێمی كوردستان، كە واز لەو كێشە و گرفت و ململانێیانە بێنن و، ڕەچاوی بەرژەوەندیی هەرێم و گەلی كوردستان بكەن و، لەگەڵ یەكتر دابنیشن و بە گفتوگۆ چارەسەری كێشەكان بكەن، تاوەكو ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی لە كوردستان هەیە، كۆتایی پێ بێت و هەنگاو بۆ هەڵبژاردن باوێن، زۆر گرنگ و پێویست بوو، لە خەمخۆریی جەنابیان بوو بۆ گەلی كوردستان و زیاتر مەبەستی بەرەوپێشەوەچوونی قەوارەی هەرێمی كوردستانە و ئێمەش وەك كریستیان بەگشتی و ئەرمەن بەتایبەتی پاڵپشتی لەو پەیامە نیشتمانی و بەهەڵویستەی جەنابی مسعود بارزانیی باوك دەكەین.

Top