دیارنەمانی زیاتر لە 300 منداڵ لە ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی کۆچبەران لە هۆڵەندا

دیارنەمانی زیاتر لە 300 منداڵ لە ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی کۆچبەران لە هۆڵەندا

 

 

ڕۆژنامەی « Algemeen Dagblad» ی هۆڵەندی نووسیویەتی: لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢ەوە زیاتر لە ٣٠٠ منداڵ لە ناوەندەکانی پێشوازیی کۆچبەران بێسەروشوێن بوون.

ئەم ڕۆژنامەیە لە زاری دەزگای پێشوازیی پەنابەرانەوە بڵاویکردووەتەوە، "كە لە ساڵی ٢٠٢٢دا چوار هەزار و ٤٤٩ منداڵی تەنیا و بێ سەرپەرشت لە هۆڵەندا داوای مافی پەنابەرییان کردووە".

سەرەتا ئەم منداڵانە داواکاری خۆیان پێشکەش بە بەشی کۆچبەران لە شاری "تراپل" لە هۆڵەندا کردووە و دواتر دەنێردرێن بۆ ناوەندە جیاوازەکانی نیشتەجێکردنی کۆچبەران، لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی ئەم ڕۆژنامە، "زۆرێک لەم منداڵانە لە ناوەندە ئاماژەپێکراوەکاندا ئامادە نین."

"دنیا میاتوویچ"، کۆمیساری ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ئەوروپا، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، داوای لە دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا کرد، ڕێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ باشترکردنی بارودۆخەکە و پابەندبوون بە ستانداردەکانی یەکێتی ئەوروپاوە.

میدیاکانی هۆڵەندا پێشتر بڵاویان کردبووەوە کە نزیکەی ٧٠٠ پەنابەر لە هۆڵەندا بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ وەرگرتنی کۆچبەران لە شاری تراپل ناچاربوون لەسەر شەقامەکان بخەون.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top