د. سەعد فەیلی بۆ گوڵان :   بارزانی داكۆكیكاری سەرسەختی كەیسی كوردی فەیلییە بۆ گەڕانەوەی مافەكانمان لە عێراقدا  

د. سەعد فەیلی بۆ گوڵان :     بارزانی داكۆكیكاری سەرسەختی كەیسی كوردی فەیلییە بۆ گەڕانەوەی مافەكانمان لە عێراقدا   

 

 

جینۆسایدی كوردی فەیلی یەكێكە لە قێزەوەنترین تاوانەكانی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، بەتایبەتی ڕژێمی بەعس كە دەستی بەسەر ماڵ و حاڵی كوردانی فەیلیدا داگرت و بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێرانی كردن، سەرۆك بارزانی لە كۆنفڕانسی بەجینۆسایدناساندنی كوردی فەیلی ئەو تاوانەی بەبیر دونیا هێنایەوە و، داوای كرد مافەكانیان لە عێراقدا بۆ بگەڕێتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر جینۆسایدی كوردی فەیلی و پەراوێزخستنی كەیسەكەیان لەلایەن عێراقەوە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر (سەعد جەمیل ناسر) كەسایەتیی ناسراوی ناو كوردی فەیلی سازدا، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.

 

 

* زۆر جار پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان كەوتوونەتە بەر شاڵاوی پاكتاوكردن، ئایا لە مێژووی عێراقدا چەند جار كوردی فەیلی كەوتووەتە بەر ئەم شاڵاوە دڕندانەیە؟

- عێراق لە پێكەوەبەستنی زۆرەملێی ویلایەتەكانی عوسمانی و بەغدا و مووسڵ و بەسرە پێك هاتووە، بەمەش دوای چوار سەدە لە دەسەڵاتی عوسمانی، لە ساڵی 1921 لەلایەن هێزی بەریتانیاوە وەكو دەستكەوتێكی براوەی جەنگ كەوتە ژێر ڕكێفیەوە، لە ناو ئەم پێگە جوگرافییەدا ناوچەكانی كوردی فەیلی لە ڕۆژهەڵاتی دیجلە وەكو وڵاتی كوردی فەیلی بووە، كە درێژكراوەی نەتەوەی ئارییە، بەهۆی بەپیت و بەرەكەتیی خاكەكەی و بوونی ئاوێكی باش تێیدا لە ساڵی 1400 و لەگەڵ هاتنی ئیسلام و دامەزراندنی دەوڵەتی عوسمانی، هۆزە عەرەبەكان بە زاڵبوونی كۆمەڵێك هۆزی نەتەوەپەرستی و شۆڤێنی لە عێراقدا هاتنە ناوچەكەمان، ئەمە وای كرد هەڵمەتەكانی سڕینەوەی ناسنامە و تاڵانكردن و داگیركردن و تەعریبی كورد بەگشتی و كوردی فەیلی بەتایبەتی دەست پێ بكات، ڕەنگە پێگەی جوگرافیی كوردی فەیلی كە دەكەوێتە باشووری ناوچەكانی كوردەوە، وای كردبێت هەر زوو بكەوێتە بەردەم ئەم هێرشە ڕگەزپەرستییە، بەو پێیەی كوردی فەیلی كەسانی مەدەنی و شارستانی بوون و خولیای شەڕ و ئاژاوە نەبوون و سەرقاڵی بازرگانی و پیشە و كاسبكاری بوون، بۆیە هەردەم چاوی بەتاڵانبردنشیان لە ناو عێراقدا لەسەر بووە، بەتایبەتی لە دوای ساڵی 1968ـەوە.

* كەواتە سەرەتای جینۆسایدكردنی كوردی فەیلی بۆ ساڵی 1968-1969 دەگەڕێتەوە، ئەو دەمەی تاوانبار كران بە (التبعیة الایرانیة) و بەو بیانووەش كوردانی فەیلی لەگەڵ خێزانەكانیان ڕاپێچ كران بۆ ئێران؟

- لە كودەتای 1968 حزبی بەعس بە خوێن و ڕق و قینێكی شۆڤێنییەوە دەسەڵاتیان گرتە دەست، بەتایبەتی بەرانبەر نەتەوەی كورد، ئەو دەمە حزبی بەعسی شۆڤێنی لە سەردەمی شەڕی سارددا هەلێكی نێودەوڵەتیی بۆ هەڵكەوت، تاوەكو بگەنە هەموو پایەكانی دەسەڵات و دەست بۆ تەعریب و تەرحیلی كورد ببەن، بە هۆی هەڵكەوتەی جوگرافیی كوردی فەیلی و بوونی ڕێژەیەكی زۆر كورد لە ناو جەرگەی بەغدا، سەرەتای شاڵاوەكە لەژێر پاساوی (التبعیة الایرانیة) بەرانبەر كوردی فەیلی دەستی پێ كرد، ئەوە بوو لە ساڵی 1970 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە شاڵاوەكە زۆر دڕندانە بوو، كاتێك خێزانە كوردە فەیلییەكان بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كران و ژمارەیەكی زۆری گەنج لە تەمەنی 18 بۆ 45 ساڵ لە زیندانەكان بە دیل گیران، لەمەشدا زۆر بە خراپی مامەڵەیەكی شۆڤێنیی مەزهەبییان لەگەڵ یاسای ڕەگەزنامە كرد، لە كاتێكدا عێراق لەلایەن هەردوو دەسەڵاتی عوسمانی و فارسی ساڵانێكی زۆر بوو داگیر كرابوو، كە نەدەبوو تەنیا هەڵگری ڕەگەزنامەی عوسمانی بە عێراقی دانرێت، لە ساڵی 1971 مۆڵەتی بازرگانیكردنیان لە كوردە فەیلییەكان سەندرایەوە، ئەمەش هەر هەمووی لە پێناو ئەوەی كوردی فەیلی پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی و بەشدارییەكی كارایان لە شۆڕشی ئەیلوول و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد هەبوو، بە واتایەكی دیكە كوردی فەیلی نەتەوەیی بوون و هەرگیز حاشایان لە كوردبوونی خۆیان نەكردووە.

* باسی ڕۆڵی كوردی فەیلیت كرد لە شۆڕشی ئەیلوول، ئایا پەیوەندییان لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی چۆن بوو، بەتایبەتی ئەو سەردەمەی كە مەلا مستەفا بارزانی لە ڕووسیا گەڕایەوە؟

- گەنج و پیاوەكانی كوردی فەیلی لە پێشەنگی ئەو كەسانە بوون كە لە مەلا مستەفا بارزانی نزیك بوون و ڕۆڵی گەورەیان لە شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد هەبوو، لەوانە (حەبیب محەمەد كەریم و یەدوڵڵا فەیلی و عەبدولحوسێن فەیلی و سەید جەلیل فەیلی) و چەندەها ئافرەتی ناسراوی كوردی فەیلی، وەكو (زەكییە ئیسماعیل حەقی فەیلی و...هتد)، هەرهەموویان بڕوایان بە دەوڵەتی كوردستان هەبوو لەژێر ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانیدا، مەلا مستەفا بارزانی كوردی فەیلی بە پێكهاتەیەكی ڕەسەنی نەتەوەیی كورد دادەنا و بەو پەڕی تواناوە داكۆكی لە مافەكانیان دەكرد، لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستانیش پێگە و ئەركی گرنگی پێ ڕادەسپاردن، ئەو دەمەی لە ڕووسیاش گەڕایەوە بە شێوەیەك لەلایەن كوردانی فەیلییەوە پێشوازی لەم سەركردە گەورەیەی كورد كرا، كە بووە جێگەی ناڕەزایەتی و ترسی شۆڤێنییەكانی ناو حزبی بەعس، ئەم سەركردەیە بۆ كوردانی فەیلی بووە ڕەمزی ڕزگاركردن و داكۆكیكردن لەو مافانەی كە دەمێك بوو پەراوێز خرابوون.

* كەواتە هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین كە دەڵێن كوردی فەیلی لەبەر پاساوی مەزهەبی ڕاپێچی ئێران كراون، بەڵكو هۆكارەكەی بۆ كوردبوونیان و نزیكبوونیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد دەگەڕێتەوە؟

- ئێستاشی لەگەڵدا بێت، كوردی فەیلی نەتەوەكەیان خۆش دەوێت، ئەوان ئینكاری مەزهەبەكەیان ناكەن و ڕێزی لێ دەگرن، بەڵام ئەمە لەسەر حیسابی كوردبوونیان نییە، ئەم خۆشەویستی و شانازییەیان بۆ نەتەوەكەیان تەنانەت كاتێك ڕووبەڕووی گەورەترین زوڵم و چەوسانەوەش بوونەوە لەسەر دەستی پیاوانی ڕژێم، هەر دەستبەرداری لایەنی نەتەوەیی خۆیان نەبوون، دەزانیت لە ناو زیندانەكانی بەعسدا چەند كوڕ و كچی گەنجی كوردی فەیلی شوێنبزر بوون و تا ئێستاش ئێسك و پروسكیان نەدۆزراوەتەوە؟ خۆ ئەگەر هەندێك لایەنی سیاسی لێرە و لەوێ لە بەغدا پۆستێكیان دابێتە كوردێكی فەیلی، خێریان پێ نەكردوون، فەیلییەكان قوربانییەكی زۆریان بەخشیوە و ژمارەیەكی زۆریان لە بەغدا و ناوچەكانی خۆیان هەیە و بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و ڕاكێشانی ئەوانە بۆ ناو حزبە سیاسییەكانی بەغدا، لەگەڵ ئەمەشدا كوردێكی فەیلی نادۆزیتەوە دژی نەتەوەی كورد لێدوان بدات، ئەوان لە شۆڕشی ئەیلوول پاڵپشتیی بارزانییان هەڵبژارد، لە بەر ئەو لایەنە نەتەوەیی و نیشتمانییەی كە خۆشەویستی بۆ دۆزی كوردی تێدا بوو، لە ناو شۆڕشی كوردستانیشدا شەهیدی زۆریان بەخشی، بۆیە نزیكبوونیان لە ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و خۆشەویستییان بۆ مەلا مستەفا بارزانی، بەڵگەی ڕوونن بۆ زاڵبوونی لایەنی نەتەوەیی لەسەر بیروبۆچوونی كوردی فەیلی.

* لە دوای ساڵی 2003 و ڕووخانی ڕژێمی بەعس كارەساتی كوردی فەیلی هەر بەردەوامە، ئایا بۆچی كەیسی جینۆسایدی كوردی فەیلی لەلایەن عێراقەوە ئاوا پشتگوێ خراوە؟

- كوردی فەیلی بە ئومێد و ئاواتێكی زۆرەوە چاوەڕوانی ڕووخانی ڕژێمی بەعس بوون، تەنانەت ڕۆڵی كوردی فەیلی لە شۆڕشی كورد و دژایەتیكردنی ڕژێمی بەعس لە دوای ڕاپێچكردنیان بۆ ئێرانیش هەر بەردەوام بوو، لەم پێناوەدا شەهید و قوربانیی زۆریان بەخشیوە، ئێمە هەر لە كاتی ڕاپێچكردنمان بۆ ئێران و زیندانیكردن و كوشتنی گەنجەكانمان دەنگمان گەیاندە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام بەرژەوەندیخوازیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و شەڕی عێراق – ئێران ڕێگر بوو لە بەردەم ئەم ناساندنی جینۆسایدە، بەداخەوە لە كاتی ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش حەز و خولیای بەدەستهێنانی دەسەڵات و ململانێی توندی لایەنە سیاسییەكان و پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانی سوننە و شیعە هەمووی وای كرد جگە لە بڕیارێكی شەرمنانەی دادگای تاوانەكانی عێراق نەبێت كە لە 29/11/2010 تاوانی ڕژێمی بەرانبەر كوردی فەیلی بە جینۆساید ناساند، هیچ بڕیار و ڕاسپاردەیەكی دیكە لە بەرژەوەندیی كوردی فەیلی نەبووە، بڕیارەكەی دادگاش وەكو مەرەكەبی سەر كاغەز مایەوە و هیچ قەرەبوویەكی مەعنەوی و ماددی بە دوای خۆیدا نەهێنا و كاری لەسەر نەكرا، ئەوەتا هەزارەها كوردی فەیلی هێشتا لە ئۆردوگا زۆرەملێكانی ئێراندا ماونەتەوە.

* داواكاری و پێشنیارتان چییە بۆ گەڕانەوەی مافەكانتان و ناساندنی جینۆسایدەكە، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كوردی فەیلی ڕووبەڕووی ئەو جۆرە شاڵاوە نامرۆڤایەتی و قێزەوەنە نەبێتەوە؟

- ئەگەر مەبەستت دەسەڵاتی ناوەندیی حكومەتی عێراق بێت، ئەوا حكومەتی عێراق جگە لە هەندێك هەڵوێستی لاوازی ئیعلامی و بەشداریی هەندێك كەسایەتیی كوردی فەیلی نەبێت لە ناو كوتلە پەرلەمانی و حزبییەكانیاندا، هیچی دیكەیان بۆ هەزاران خێزانی كوردی فەیلی ئەنجام نەداوە، ئەنجومەنێكی باڵایان دانەمەزراندووە بۆ كوردی فەیلی تاوەكو گرنگی بە كەیسەكەیان بدات و قەرەبووی 40 ساڵی ئاوارەیی و پەناهەندەیی و داگیركردنی ماڵ و حاڵیان بكاتەوە، كەیسێكیش تاوانكار و تاوانبار مافی خۆیانیان پێ نەدرێت و زیندوو نەكرێتەوە، بەردەوام لە بەردەم مەترسیی دووبارە ڕوودانەوەدایە.

* سەرۆك مەسعود بارزانی داكۆكیكارێكی گەورەی مەزڵوومییەتی كورد و پێكهاتەكانە، بەردەوام لە هەموو بۆنەیەكدا باسی مافەكانی كوردی فەیلی و زەروورەتی گەڕانەوەی ئەو مافانەیان لە عێراق دەكات، ئایا داواكاریتان لە سەرۆك بارزانی چییە؟

- مەسعود بازرانی كوڕی پەروەردەكاری ڕێبازی مەلا مستەفا بارزانییە و لەسەر هەمان بیروباوەڕی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستی و دڵسۆزیی ڕێبازی بارزانی پەروەردە كراوە، لە جیهان و ناوچەكە و عێراقدا سەنگ و قورسایی خۆی هەیە و بە یەكێك لە هەرە داكۆكیكارەكانی دۆزی فەیلییەكان دادەنرێت، ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەی ناساندنی جینۆسایدی كوردی فەیلی بە ڕوونی و ئاشكرا بۆ كوردی فەیلی دەركەوت، بەتایبەتی كاتێك داوای دامەزراندنی ناوەندێكی بەدواداچوونی كرد بۆ پرسی جینۆسایدی كوردی فەیلی كە كاروبارەكانیان لەئەستۆ بگرێت، من پێم باشە ئەو ناوەندە لەسەر ئەم خاڵانە بە هاوكاری لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵیدا كار بكات:

1. یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی هەموار بكرێتەوە و ئاسانكاری ببەخشێتە گەڕانەوەی ڕەگەزنامە بۆ ئەو خێزانە كوردە فەیلییانەی كە بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كراون و تاكو ئێستا لەو وڵاتە نیشتەجێن.

2. هەڵوەشانەوەی پۆلێنكردنی (التبعیات) لە یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی و دڕاندن و فەوتاندنی هەموو ئەو دیكیۆمێنت و نووسراوانەی پێشوو كە لە فەرمانگەكانی ڕەگەزنامە هەیە لەژێر ئەم ناوە، تاوەكو لە دواڕۆژدا جارێكی دیكە لە دژی كوردی فەیلی بەكار نەهێنرێنەوە.

3. دانانی كۆتا لە پەرلەمانی عێراق بۆ كوردی فەیلی.

4. قەرەبووكردنەوەی مەعنەوی و ماددی بۆ ئەو خێزانە كوردە فەیلییانەی بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كرابوون .

5. پۆستێكی وەزاری بە دەسەڵاتی وەزیرەوە بۆ ئەنجومەنێك دابمەزرێت بۆ بەدواداچوونی كاروبارەكانی كوردانی فەیلی .

6. پێدانی زەویی نیشتەجێبوون لە بەغدا و كوت و دیالە و شارەكانی كوردستان، بۆ دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی كوردانی فەیلی لە زێدی باوك و باپیرانیان.

7. گەڕان بە دوای تەرمی شەهیدەكانی كوردی فەیلیدا لە سەرجەم گۆڕەبەكۆمەڵەكان و پشتبەستن بە پشكنینی DNA بۆ دۆزینەوەی خێزانەكانیان، كە خۆی لە 20 هەزار ونبووی كوردی فەیلی دەدات، كە لە زیندانەكانی بەعسدا كوژراون.

ڕاستە كوردی فەیلی پابەندن بە مەزهەبەكەیانەوە، بەڵام هەرگیز پرسی نەتەوەییان ڕەت نەكردووەتەوە و هەمیشە خۆیان بە كورد دەزانن، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش بوو ئەو زوڵم و جینۆسایدە گەورەیەیان بەسەردا هێنان، ئێستاش بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەم جینۆسایدە دووبارە نەبێتەوە، دەبێت كەیسی كوردی فەیلی زیندوو بكرێتەوە و، نەك تەنیا مافەكانیان بۆ بگەڕێتەوە، بەڵكو قەرەبووی ئەو هەموو ساڵەشیان بۆ بكرێتەوە.

 

Top