د.جەعفەر ئیمینكی بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆبووینەوە و هەموویان ستایشی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی دەكەن

د.جەعفەر ئیمینكی  بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:  لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆبووینەوە و هەموویان ستایشی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی دەكەن

 

 

ڕۆژی 11ی ئاداری 2023 یادگەی نیشتمانی بارزان كرایەوە، لەم بۆنە گرنگەدا سەرۆك بارزانی پەیامێكی مێژوویی پێشكەش كرد و، لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و تەبایی و یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، دوای كرد: «لاپەڕەیەكی تازە بكرێتەوە و لایەنە سیاسییەكان كێشە و گرفتەكانیان وەلا بنێن و كۆبوونەوەی خۆیان بكەن و كێشەكان چارەسەر بكەن»، هەروەها داوای كرد پێش هەموو لایەك هەر دوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی كۆببنەوە، لە دوای ئەم پەیامە مێژووییە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كرد، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە و ناوەرۆكی كۆبوونەوەكان و هەروەها هۆكاری ئەو گرژییەی كە لەسەر كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە پەرلەمان ڕووی دا، ئەم دیدارەمان لەگەڵ د.جەعفەر ئیمینكی ئەندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەكان ئەنجام دا و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

* دوای پەیامەكەی سەرۆك بارزانی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەگشتی و هەروەها كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی بەتایبەتی، شاندی مەكتەبی سیاسیی پارتی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆبوونەوە، دوو جاریش لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی كۆبوونەتەوە، جارێك لە سلێمانی و جارێك لە پیرمام، ئایا پێشوازیی لایەنە سیاسییەكان لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی چۆن بوو؟

- ئێمە ڕۆژی دووشەمە 22ی ئایاری 2023 كۆتاییمان بە سەردانەكانمان بۆ لای هەموو لایەنە سیاسییەكان هێنا، لە كۆبوونەوەكانیشمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و تەواوی لایەنەكانی دیكەش، پێشوازییەكی زۆر گەرمیان لەو دەستپێشخەرییەی سەرۆك بارزانی كرد، هەتا لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ برادەرانی یەكێتی بەڕێز كاك عیماد ئەحمەد دەیگوت، پێش ئەم دەستپێشخەرییە دەمانگوت بۆچی كاك مسعود بارزانی دەستپێشخەرییەك ناكات و ئەو بارودۆخە بە ئاراستەیەكی ئەرێنی چارەسەر بكات؟ بۆیە جەختی دەكردەوە، ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆك بارزانی لە كاتێكی زۆر باش و لە بۆنەیەكی زۆر گرنگدا بوو، كە بۆنەی كردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی بوو، هەر بۆیە هەموو لایەنەكان زۆر بە گەرمی سوپاس و ستایشی ئەم دەستپێشخەرییەیان كرد، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو، ڕاستە بەتایبەتی داوای لە پارتی و یەكێتی كرد، بەڵام لە هەمان كاتدا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانیش كرد.

هەر سەبارەت بەم دەستپێشخەرییە لە یەكەمین كۆبوونەوەمان دوای دەستپێشخەرییەكە لە سلێمانی لەگەڵ برادەرانی یەكێتی گوتمان پێش چەند مانگێك ئێمە هەر لێرە كۆبووینەوە، هەموومان بە نیگەرانی و بێ متمانەییەوە تەماشای یەكتریمان دەكرد و هەر لایەكمان قسەمان بۆ خۆمان دەكرد و، تەفاهوم لە نێوانماندا نەبوو، دواتر برادەرێكی یەكێتی گوتی: «ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆك بارزانی باری ئێوەی وەك پارتی قورس كردووە، لە وەڵامدا گوتمان وەڵا باری ئێوەشی (یەكێتی) قورس كردووە.

بە هەمان تێڕوانین لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش قسەمان كردووە و هەموو لایەك ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆك بارزانی بە دەرفەتێك دەزانن، بۆیە دەبێت هەموومان بە گیانێكی نیشتمانپەروەرانە و دیموكراتیخوازانە وەری بگرین و كاری لەسەر بكەین، بۆ ئەوەی هەموومان بەرەو ئامانجی هاوبەش بچین.

* ئایا ئەو پرسانەی لە میانەی كۆبوونەوەكانتان لەگەڵ لایەنەكان باستان لەسەر دەكرد، پەیوەست بوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم؟ ئایا هیچ لایەنێك لەسەر ئەم دوو پرسە ڕەخنە، یان بۆچوونی جیاوازی هەبوو؟

- ئێمە لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كە لەگەڵ پارتی سێ لایەنە سەرەكییەكەی پێكهێنەری كابینەی نۆیەمن، هەروەها لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی دیكە كە قسەمان كردووە، هەموویان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا كۆدەنگ بوون و پشتگیرییان كردووە، هەروەها هیچ لایەك نەیگوتووە پەلە لە كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم نەكرێت، ئەم دوو بابەتە سەرەكی بوون كە لەگەڵ هەموو لایەنەكان باسمان كردوون، هەتا لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسی كۆتاكان ڕاوبۆچوونیان بەو جۆرە بوو كە كۆتاكان یەك بازنە بێت بۆ كاندیدكردن و دەنگدانی پێكهاتەكان، بە یەك میكانیزم دەنگ بدەن، با برا كریستیانەكان دەنگ بە كاندیدی خۆیان بدەن، مەسەلەی دەنگدانی برا توركمانەكان ڕەنگە ئاستەنگی تێ بكەوێت، بەڵام ئەویش دەكرێت بە ڕێگەی دانانی سندوقی تایبەت چارەسەر بكرێت.

* ئێوە ڕۆژی 20ی ئایار 2023 لە هاوینە هەواری پیرمام كۆبوونەوەتان هەبوو لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لەو كۆبوونەوەیە باسی پرسی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنتان كرد، بۆچی لە دوای نێوەڕۆی هەمان ڕۆژ لەسەر پرسی زیادكردنی بڕگەیەك (كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان) گرژی كەوتە نێو گوتاری پارتی و یەكێتی و دوێنێش (21ی ئاداری 2023) بینیمان چ گرژییەكی نەخوازراو لەناو پەرلەمان ڕووی دا. هۆكاری دروستبوونی ئەو گرژییەی ناو پەرلەمان چی بوو؟ بۆچی بارودۆخەكە بەوە گەیشت؟

- بە ڕاستی ئەوەی ڕۆژی (21ی ئاداری 2023) لە ناو پەرلەمانی كوردستان ڕووی دا، كارێكی نەخوازراو بوو بۆ ئێمە وەك پارتی و بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش، پێشتر ئێمە دوای دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی كە سەردانی سلێمانیمان كرد و لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كۆبووینەوە، ئەوان زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێ كردین و لێكتێگەیشتن و متمانەیەكی باشیش لە نێوانمادا هەبوو، تەنانەت لەكاتی كۆبوونەوەكەدا كاك باڤڵ تاڵەبانی بۆ بەخێرهێنانمان هاتە كۆبوونەوەكە و پێی گوتین: «كێشەكان بە ئاسان وەربگرن و چارەسەریان بكەن، ئەگەر بۆتان چارەسەر نەكرا، تەلەفۆنێكم بۆ بكەن، من دێم بۆتان چارەسەر دەكەم، بەڵام لای برادەرانی پارتی دادەنیشم، نەك یەكێتی».

لێرەوە ئەگەر باس لەو كێشانە بكەین كە لەنێوان پارتی و یەكێتی هەبوون، كە شاندی بۆ پێكهێنرا بۆ ئەوەی چارەسەریان بكات، سێ كێشە بوو:

1. كێشەكانی پەیوەست بە ئاسایش، ئەوە لێژنەیەك هەبوو كاریان لەسەر دەكرد، ئەویان گەیشتینە چارەسەر.

2. كێشەیەكی پەیوەست بە داهات بوو، ئەوەش لە ڕێگەی بەڕێزان كاك مسرور بارزانی و كاك قوباد تاڵەبانییەوە، هاوكات لەگەڵ ئەو گرژییەی لە پەرلەمان دروست بوو لە (21ی ئایار) چارەسەر كرا.

3. كێشەی سێیەمیان پرسی هەڵبژاردن بوو، ئێمە وەك شاندی مەكتەبی سیاسیی پارتی چووبووین ئەو پرسەش چارەسەر بكەین.

لە ناو پرسی هەڵبژاردن دوو خاڵ ئەولەوییەتی هەبوو، یەكەمیان كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، دووەمیشیان كار بكەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆی ئەنجام بدرێت.

سەبارەت بە پرسی یەكەمیان، لە كۆبوونەوەی 20ی ئایار لەگەڵ برادەرانی یەكێتی باسمان لەوە كرد كە ڕۆژی 24ی ئایار دادگای فیدڕاڵی كۆدەبێتەوە (كە جارێكی دیكە دوا خرا بۆ 30ی ئایار) لەسەر ئەو شكاتەی لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كراوە، پێمان گوتن، ئەگەر دادگای فیدڕاڵی بڕیار بدات، ئەوە مەزندەی ئەوە هەیە، بڕیارێكی نەرێنی دژی پەرلەمانی كوردستان بدات، بۆیە گرنگە ئێمە یاسای كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژارنەكان كارا بكەینەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر ئەو بڕیارە نەرێنییە دەرچوو، ئێمە بتوانین بە ڕێگەی كۆمیسیۆنی خۆمان و بەسەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدەین، لەو كۆبوونەوەیەدا د.هێمن هەورامی وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمان چوار جار تكای لە كاك عیماد كرد كە داوا لە خاتوو ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بكەن، كە ئاستەنگ بۆ كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنەكە دروست نەكات، بۆ ئەمەش كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت و چوو سەردانی خاتوو ڕێوازی كرد و تكای لێ كرد كە بڕگەیەك بۆ بەرنامەی كاری پەرلەمان زیاد بكات، دانیشتنەكەش بۆ ڕۆژی سێ شەمە 23ی ئایار دوابخرێت، بەڵام بەداخەوە خاتوو ڕێواز ئەمەی نەكرد.

* سەرۆكی پەرلەمان كە ڕازی نەبوو بڕگەیەك بۆ بەرنامەی كار زیاد بكرێت و پاشان لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمان (جێگر و سكرتێر) ئەو بڕگەیە زیاد كرا و هەر بە ئیمزای ئەوانیش بانگهێشتی پەرلەمانتاران كرا، بۆ هاتە ناو دانیشتنەكە، ئایا ئەوە شەرعییەتی بە دانیشتنەكەی پەرلەمان دا؟

- سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بە گفتوگۆكانمان لەگەڵ شاندی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەسەر پرسی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن بدەم، ئێمە لە كۆبوونەوەی یەكەم لە سلێمانی بە برادەرانی یەكێتیمان گوت، ئێوە تا ئێستا هەر چییەكتان گوتووە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، ئێمە بە قسەی ئێوەمان كردووە و هاتووینەتە پێشەوە، گوتتان چوار بازنە، گوتمان باشە، وتتان با هەڵبژاردن لەسەر تۆماری دەنگدەرانی ساڵی 2021 بێت، وتمان باشە، دوایین شتیش جەنابی سەرۆك بارزانی ئاگاداری كردنەوە، با پرسی كۆتاكانیش پێكهاتەكان خۆیان لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان یەكلای بكەنەوە، بۆیە ئێمەش داواتان لێ دەكەین بۆ كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن هەنگاوێك وەرنە پێش، با ئەو كێشەیەش چارەسەر بكەین، لەبەر ئەوەی پرسی گەوهەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنە و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن میكانیزمێكە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پارتییش لەناو ئەو كۆمیسیۆنە زۆرینە نییە و كەمینەیە. لە سلێمانی گوتیان لە كۆبوونەوەی داهاتوو وەڵامتان دەدەینەوە، بەڵام كە ڕۆژی یەكشەممە هاتن و كۆبوونەوەمان كرد، وتیان پێویستمان بە كاتە، پێمان گوتن كات زۆر لە بەردەمدا نەماوە و ئێمە لە بەردەم بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵین، لەسەر ئەوەش گوتمان ڕازین، بەس پێش بەرواری كۆبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی بێت، هەر بۆیە دكتۆر هێمن هەورامی بەو نیازە چووە پەرلەمان كە كێشەكە لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان چارەسەر بكات، بەڵام بەداخەوە چارەسەر نەكرا و ئەو بارە نەخوازراوەی لێ كەوتەوە.

سەبارەت بە هەڵوێستی بەڕێز خاتوو ڕێواز فایەق وەك سەرۆكی پەرلەمان، خۆتان دەزانن پێش ئەوەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بم، یەك دوو ساڵیش وەك سەرۆكی پەرلەمان بە وەكالەت سەرۆكایەتیی پەرلەمانم كردووە و، ئەو پەیڕەوی ناوخۆییەی پەرلەمانیش لەو سەردەمە نووسراوە، بەڕێز ڕێواز خان خۆی لەگەڵ خوالێخۆشبوو د.فرسەت سۆفی و د.ڤالا فەرید، كە سێ ئەكادیمیستی لێهاتوون و ئەندامی لێژنەی نووسینەوەی پەیڕەوی ناوخۆن، باش دەزانێت كە دانیشتنی پەرلەمان ڕاگەیەندرا و پەرلەمانتاران هاتنە ناو هۆڵی كۆبوونەوە، دەسەڵاتی كۆتاییهێنان بە دانیشتنی پەرلەمان لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی پەرلەمان (سەرۆك، جێگر، سكرتێر) نامێنێت و دەبێت بە دەسەڵاتی دانیشتنەكە بێت، ڕاشكاوانەتر واتە ئەگەر ویسترا دانیشتنەكە كۆتایی پێ بهێنرێت، ئەوا دەبێت سەرۆكی پەرلەمان ئەم پرسە بخاتە دەنگدانەوە، بە داخەوە سەرۆكی پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەمەی نەكرد و ئەو دەسەڵاتەی دا بە خۆی كە كۆتاییهێنان بە دانیشتنی پەرلەمان لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانە، كە لە پەیڕەودا دوای ڕاگەیاندنی دانیشتنەكە ئەو دەسەڵاتە دەداتە دانیشتنەكە و دەنگدانی پەرلەمانتاران، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان شەرعییە و هیچ ڕەخنەیەكی لەسەر نییە، ئەمڕۆش (22ی ئایار) لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ زۆر برادەر باسمان كرد و لێیان پرسیم، چی بكەین باشە؟ وتم بە ڕای من بێت، ئێمە هەموومان ئەم بڕیارە بە شەرعی بزانین، چونكە لە ڕووی یاساییەوە شەرعییە و پێویستی بەوەیە ئێمەش لە ڕووی سیاسییەوە پشتگیری لێ بكەین و گرفت و ئاستەنگ بۆ ئەو دەستپێشخەرییە گەورە و مێژووییەی سەرۆك بارزانی دروست نەكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەی سەرۆك بارزانی لە ژیانی خۆیدا تەنیا پرسی مەبدەئی لا گرنگ بووە و، ئەو پرسانەی لا گرنگ نەبووە لە كوێ دەنگێك، یان كورسییەك بۆ پارتی زیاد دەبێت.

* لە هەندێ سەرچاوەی نافەرمییەوە گوێبیستی ئەوە بووین كە پرسێكی دیكەش لە نیوان پارتی و یەكێتی هەیە، كە ئەویش پرسی دووبارە داڕشتنەوەی ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان هەردوولایە، ئایا ئەم پرسە بوونی هەیە؟

- ئەم پرسە پێش چەند ساڵێك هەردوولامان باسمان كردووە، یان دووبارە ڕێككەوتنی ستراتیژی دابڕێژینەوە، یان با ڕێككەوتنێكی نوێ بكەین. ئەو ڕێككەوتنەی ساڵی 2019 لەگەڵ برادەرانی یەكێتی ئیمزامان كرد، ئەوە تەنیا بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام دەكرێت ڕێككەوتنێكی دیكەی درێژخایەنیش هەبێت، من ناڵێم لەم پرسە لاسایی توركیا بكەینەوە، بەڵام دەكرێت بێجگە لە پارتی و یەكێتی لایەنەكانی دیكەش ئەوانەی دەیانەوێت بەشداریی حكومەت بكەن، هەموویان لەسەر مێزێك كۆببنەوە و بەرنامەیەكی نیشتمانی بۆ ئەم هەرێمە دابڕێژن، ئەمە پرسێكی گرنگە لەبەر ئەوەی:

1. پرۆسەی سیاسی لە هەرێمدا كە زۆر جار تووشی كۆسپ و تەگەرە دەبێت، بەم بەرنامە نیشتمانییە ڕزگاری دەكەین.

2. پرۆسەی دیموكراسییش كە وابەستەی پرۆسەی سیاسییە، ئەوا سەقامگیر دەبێت و لەو ناسەقامگیرییە ڕزگاری دەبێت.

3. لەناو ئەم بەرنامە نیشتمانیەدا دەتوانین سەقفی زەمەنی بۆ زۆر پرسی نیشتمانی دابنێین، لەوانە دەستوری هەرێمی كوردستان بە سازان تێپەڕێنین، جۆرە نەرمییەك بدەینە كابینەكانی حكومەت و پێش وەختە لەسەر پلە و پۆستەكان ڕێك بكەوین، چۆن وابكەین چاكسازی هەموو هەرێمی كوردستان بگرێتەوە و ئینتقائی نەبێت و بە كردەیی ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیان و بژێوی خەڵك هەبێت.

ئەمانە خاڵی زۆر گرنگن و پێویستیان بەوەیە كە دامەزراوەی بەهێز لە پشتیانەوە بێت و ئەگەر دامەزراوەكان بەهێز نەكەین، ناتوانین لەهیچ بوارێكدا چاكسازی بكەین.

* ئایا گەشبینی بەوەی كە هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی، ئەو گرژییە نەخوازراوەی پەرلەمان تێپەڕێنن و بەم زووانە پێكەوە كۆببنەوە؟

- دیسان دەڵێم خۆزگە ئەو گرژییەی پەرلەمان ڕووی نەدایە و ئێستاش نازانم هۆكارەكەی چییە و بۆچی ڕووی دا؟ بۆیە لەم ڕوانگەیەوە دەڵێم ژینگەیەكی زۆر باشی متمانە و لێكتێگەیشتن لە نێوان پارتی و یەكێتی دروست بووە، ئێمە لە سێ پرسی گرنگ لەسەر دوانیان ڕێككەوتین كە ئەوانیش پرسی داهات و ئاسایشە، بۆیە من گەشبینم بەوەی ئەمە تێدەپەڕێنین و كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی بە ئاسایی بەڕێوە دەچن.

* ئێوە وەك بەشی پەیوەندییە گشتییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیوەندیتان لەگەڵ حزبەكانی عێراقیش هەیە، ئێستا دوای ڕێككەوتنی هاوپەیمانیی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پێكهێنانی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەكی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بووەتەوە، ئایا بەرنامەتان بۆ حزبە عەرەبەكانی عێراق (شیعە و سوننە) چییە؟

- لە ڕووی مێژووییەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی شیعە و سوننە پەیوەندییەكی پتەوی مێژوویی هەبووە، هەروەها لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیشدا دیسان پارتی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵیان هەبووە، بەڵام بەداخەوە دوای ئەوەی ڕژێمی سەدام حوسێن ڕووخا و حزبە شیعەكان گەیشتنە دەسەڵات، پەیوەندییەكان بەرزی و نزمییان تێ كەوت، بەڵام لەگەڵ لایەنەكانی سوننە ئەوان لە سەرەتاوە بایكۆتی پرۆسە سیاسییەكەیان كرد و بوونە لاوازترین بازنە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، واتە لایەنە سیاسییەكانی سوننە، لایەنە شیعەكانیان بە ڕكابەری خۆیان دەزانی و متمانەیان پێیان نەبوو، بەڵام ئێمە وەك پارتی كەوتینە نێوانیان و پارتی توانی وەبەرهێنان لەو پەیوەندییە مێژووییە بكات كە لەگەڵ لایەنەكانی شیعە هەیبوو و توانی تا ڕاددەیەك دەرگایەك بۆ لایەنەكانی عەرەبی سوننە بكاتەوە، هەم لە نووسینەوەی دەستوور، هەمیش لە بەشداریكردنیان لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا.

سەبارەت بەوەشی چۆن بەرنامەیەك دابنێین بۆ شێوازی مامەڵەكردنمان لە ئێستا لەگەڵ حزب و لایەنە عێراقیەكانی سوننە و شیعە، لەم بوارەدا بە حوكمی ئەوەی ماوەی ساڵ و نیوێك لە بەغدا بووم، لە هەمان كاتدا زۆر جاریش سەركردایەتیی وەفدی پارتیم كردووە، ماوەیەكیش لەگەڵ كاك هۆشیار زێباری پێكەوە لە بەغدا بووین، بۆیە ئاگاداری وردەكارییەكانم و لەسەر ئەم بنەمایە دەڵێم پارتی ڕەسیدێكی زۆر باشی لە بەغدا هەیە، بەڵام وەك پێویست لەو ڕەسیدەدا وەبەرهێنانمان نەكردووە، بۆیە ئێمە بەنیازین بۆ وەبەرهێنان لەو ڕەسیدەی هەمانە بەرنامەیەك دابڕێژین، بۆ ئەمەش دەبێت خاڵی ستراتیژی دیاری بكەین سەبارەت بە خاڵی ڕێككەوتنی هەنووكەیی و پەرەپێدانی ئەو ڕێككەوتنە و ئیدارەدانی ئەو پەیوەندییانەی دروستی دەكەین.

من وای دەبینم لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لە ئێستادا بۆشاییمان هەیە و ئومێد دەكەم بەشی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە، ئێمەش وەك بەشی پەیوەندییەكان دەبێت كاری جددی لەسەر ئەم پرسە بكەین و چەند دیسكێك بۆ ئەو پرسە بە خەڵكانی پسپۆڕ و شارەزا دابمەزرێنین، هەروەها بە نیازم دیسكی دیپلۆماتیی گشتی دابمەزرێنم، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە دیسكی دیپلۆماتیی گشتی هاوكاری دیسكەكانی دیكە بێت و ئەوانیش هاوكاری دیسكی دیپلۆماتیی گشتی بن بۆ ئەوەی جۆرە هەماهەنگیەك دروست بكەین و بتوانین ئیدارەی ئەو پەیوەندییانە بدەین.

Top