بۆچی نەخۆش لەكاتی شەودا زیاتر ناڕحەت دەبێت؟

بۆچی نەخۆش لەكاتی شەودا زیاتر ناڕحەت دەبێت؟

لێكۆڵینەوەكانی زانكۆی تێكساس ئاماژەیان بەمە كردووە كە ریتمی كاتژمێری بایۆلۆژی لەش Circadian rhythm و چەند فاكتەرێكی تر رۆڵیان هەیە لە زیاتر بەرجەستەبوونی نیشانەكانی نەخۆش لەكاتی شەودا. لەكاتی شەو و لەگەڵ نووستندا، كاتژمێری بایۆلۆژی لەش یارمەتی رێكخستنی سستمی بەرگریی لەش دەدات، بۆنموونە لەكاتی تووشبوون بە هەڵامەت كە سستمی بەرگریی چاڵاك دەبێتەوە، ئەوا خانەكان چەند ماددەیەكی كیمایی دەردەدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی هەڵامەت، ئەم بەرەنگاربوونەوەیەش هۆكارە بۆ سەرهەڵدانی نیشانەكانی وەكو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش و كڕانەوەی قوڕگ، بۆیە لەكاتی شەودا نەخۆش زیاتر بەدەست نیشانەكانەوە دەناڵێنێت. ئەم چاڵاكبوونەوەی شەوانەی سستمی بەرگریی لەش تا بەرەبەیان بەردەوام دەبێت، بۆیە نەخۆش لەكاتی لەخەوهەڵساندا هەست دەكات كە نیشانەكانی سەختترن، كەچی لەكاتی پاش نیوەڕۆ و ئێوارەدا كە سستمی بەرگریی لەش هێوردەبێتەوە، نەخۆش هەست بە باشتربوون و سووكبوونی نیشانەكان دەكات. لە لایەكی تر، پاڵكەوتن لە شەودا هاندەرە بۆ زیاتر بەرجەستەبوونی گیرانی لووت و قوڕگ، كەچی لەكاتی رۆژدا كە نەخۆش دەوەستێت یان دادەنیشێت ئەم نیشانانە سووكتردەبن، هەروەها سەرقاڵبوونی نەخۆش بە كەسەكان و دەوروبەر لەكاتی رۆژدا هاندەرە بۆ سووككبونی نیشانەكانی وەكو سەرئێشە و كڕانەوەی قوڕگ.

 

Top