لەیلا قاسم سیمبولی شۆڕشگێڕیی ئافرەتی كورد

لەیلا قاسم سیمبولی شۆڕشگێڕیی ئافرەتی كورد

 

 

 

ئافرەتانی كوردستان بە درێژایی مێژوو بەشدارێكی سەرەكی و كاریگەری بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بوون، لەو چوارچێوەیەشدا، ئافرەتانێك هەبوون كە بوون بە هێما و سیمبولی ئەو بەشدارییە. لەیلا قاسم تێكۆشەر و شۆڕشگێڕ و یەكەم ئافرەتی كوردە كە لەسەر چالاكیی سیاسی بۆ ڕزگاریی كوردستان، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە سێدارە دراوە، ئەوەش لاپەڕەكانی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەكەمانی بە ڕۆڵ و بەشداریی ئافرەت خەمڵاندووە و بووە بە پێشەنگ بۆ سەرجەم تێكۆشەرانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەكەمان و نموونەی باڵا بۆ ژمارەیەكی زۆر لە ئافرەتانی دیكە كە ڕێچكە و ڕێبازی ئەویان بۆ كوردایەتی گرتووەتە بەر.

تێكۆشانی لەیلا قاسم و ئەو فیداكاری و ئازایەتییەی كە بەرجەستەی كرد لە سەرپەرشتیكردنی چالاكیی سیاسی دژ بە دەسەڵاتێكی ستەمكار، زیندانیكردن و ئەشكەنجەدانی دڕندانە، سازش نەكردن و ڕەتكردنەوەی داواكاری بۆ لێخۆشبوون، دەستگرتن بە بیروباوەڕی كوردایەتی و لەدەستنەدانی هیوا بە ئاییندەی نەتەوەكەی؛ خۆی لە خۆیدا نیشاندەری ڕەهەندی جیاجیایە لە كەسایەتیی لەیلا قاسم وەك كچێكی كورد كە بڕوای تەواوی بە مافی ئازادی بۆ گەلەكەی و ڕەوایەتی بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەكەی بە سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەبووە، لەو پێناوەشدا ژیانی خۆی خستووەتە بەر مەترسیی ڕژێمێكی دیكتاتۆر و داهێنەر لە بەرجەستەكردنی شێوازەكانی ستەم و ئەشكەنجەدان، لەو پێناوەشدا بەشێوەی كرداری ئازایەتی بەرجەستە كردووە، هەر لە ئەنجامدانی چالاكییە سیاسییەكان هەروەها لە هەڵگرتنی ئازارەكانی زیندان و ئەشكەنجە تا كۆتا پلەی ئەشكەنجەدان، كە لەسێدارەدانە.

لایەنێكی دیكەی ئازایەتی و ڕۆحی ئازادیخوازیی لەیلا قاسم و مانا بەخشی قوربانیدانەكەی، بەرەنگاریی بیری باوی كۆمەڵایەتییە، وەك دیارە كە بیری باو لەو سەردەمەدا ڕێگر بووە لەوەی ئافرەت بەشداری لە بواری گشتی بە تایبەتیش بواری سیاسی بكات، كە هەموومان دەزانین چۆن بوارێكی سیاسی لە ئارادا بووە و سیاسەت بۆ نەتەوەی كورد بریتی بووە لە بەرەنگاریی و خەبات دژ بە ڕژێمە هەرە ستەمكارەكان، هاوكات خەڵكی بڕوایان بە توانای ئافرەت نەبووە و تەنیا ماڵ و چوارچێوەی خێزانیان بە شوێنی نواندنی ڕۆڵ و سەلماندنی توانای ئافرەت زانیوە.

لەوێدا، لەیلا قاسم دێت و بەرەنگاری هەر دوو بارەكە دەبێتەوە و دەیسەلمێنێت كە هەموو شوێنێك و هەموو بوارێك و گۆڕەپانێك هی ئافرەتیشە و ئافرەت دەتوانێت ببێتە پێشەنگ و نموونەی درەوشاوەی ئازایەتی و قوربانیدان بۆ تەواوی بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیەك و عەرشی دەسەڵاتێكی ستەمكار بهێنێتە هەژان. لەیلا قاسم لە زیندانیشدا چەندین وانەی ئازادیخوازی و پابەندی بە بەها نەتەوەیییەكانی لای مرۆڤی كورد دەرخواردی دەسەڵاتی ستەمكاری بەعس داوە و لێخۆشبوونی ستەمكاریشی ڕەت كردووەتەوە و بە بەرزترین پەیڤەكانی نەبەردی دەڵێت: «بە كوشتنی من هەزاران كورد هۆشیار دەبنەوە و خۆشحاڵم و سەربەرزم كە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری كوردستان دەكەم».

لەیلا قاسم لەم هەڵوێستەیدا هەموو ئەو بیروبۆچوونانە پووچەڵ دەكاتەوە، كە پێیان وایە، ئافرەت هەمان توانای پیاوی نییە و چەمكەكانی ئازایەتی و نەترسی و بەهێزی بیر و جەستە تەنیا بە موڵكی پیاو دەزانن، ئەو وەری دەگرێتەوە و بەرگێكی مرۆڤانە بە بەریاندا دەكات و، دەیسەلمێنێت كە ئەو چەمكانە تایبەتمەندی هەر دوو توخمی مرۆڤن بەبێ جیاوازی، مرۆڤانێك كە لە پێناو بەها باڵاكانی ڕزگاری بەرەنگاری دڕندەترین ڕژێمەكان دەبنەوە و قوربانی بە خۆیان دەدەن و ژیانی خۆیان بە ئازادی نەتەوەكەیان دەبەخشن.

گەلی كوردستان سەدان و هەزاران نموونەی ئازایەتی و قوربانیدانی هەیە و، هەر یەكێك لەو قوربانی و نەبەردییانە دەكرێت فاكتەرێكی سەرەكی بن بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی هەر نەتەوەیەك، ئەوەی نەبەردییەكەی لەیلا قاسم زیاتر دەردەخات و دەیكاتە هێما، پێشەنگ و سەرمەشق، ئەوەیە كە لەیلا قاسم ئافرەتە و خەباتی شۆڕشگێڕی بۆ ئافرەت لە كۆمەڵگەیەكی هەڵكەوتە لە ناوچەیەكی نەریتپارێزدا ئەوپەڕی سەختە و تەنیا ئافرەتانێكی ئازای نموونەی لەیلا قاسم، دەتوانن ئەو بارە قورسە هەڵگرن. لە نموونەی لەیلا قاسمدا ڕۆحی باڵای ئافرەتی كورد كە قوربانی بە خۆی دەدات لە پێناو ژیان و ئازادی و شوناسی نەتەوەكەیدا بەرجەستە دەبێت و، مۆركێكی هاوچەرخانە بە بزاڤی نەتەوەكەمان دەبەخشێت.

ئازایەتیی لەیلا قاسم و گەورەیی نەبەردییەكەی لە بیر و ڕوانگەی سەرۆك بارزانی ڕابەری نەتەوەیی نیشتمانیمان، ڕەنگی داوەتەوە و لە چەندین پەیامدا جەختی لێ كراوەتەوە، لە یەكێك لە گوتەكانی جەنابی سەرۆك بەم شێوەیە باس لە لەیلا قاسم دەكات: «لەیلا قاسم بەهۆی كوردبوون و ئازادیخوازی و بیروباوەڕییەوە گیانی خۆی فیدا كرد و شەهید كرا. لەیلا نموونەی بەرزی كچی كورد و مرۆڤی كوردە كە شەهیدبوونی وەك شانازییەك قبووڵ كرد و سەری بۆ دوژمن و جەللادەكان شۆڕ نەكرد و، مێژووی بۆ خۆی و گەلەكەی دروست كرد».

لەیلا قاسم بۆ ئێمە سیمبولە و ئەزموونی ژیان و تێكۆشان و مەرگی شكۆداری تێشووی خەبات و چرای ڕووناككردنەوەی ڕێی تێكۆشانمانە، بۆیە هەموو ساڵێك بە ڕێز و شكۆوە یادی دەكەینەوە.

 

 

د. ڤیان سلێمان

سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان

Top