داهێنانی چوارین لە یەك دێڕ

داهێنانی چوارین لە یەك دێڕ

لای هەموان زانراوە چوارین و مێژویی چوارین ڕەگی ڕۆچووەتە قووڵایی مێژووی وێژەی كوردی، لەم دەروازەیەوە خزمەتی یەكجار زۆر كراوە، هۆزانڤانان شاكاری بەپێز و بەهێز و پەندئامێز و ئامۆژگاری و ئەڤینداری و فەلسەفی وكۆی بوارەكانیتری لەخۆ گرتووە، گەنجینە و سەروەتێكی وێژەیی دڵسۆزانە و پیرۆزانەیان پێشكەشی نەتەوەكەمان كردووە.

داهێنانی چوارین لە یەك دێڕ

ئامادەكردنی/غالب حەساری

خۆم كەمێ ئاگادارم ئەوەی لێم دیارە لە مێژووی وێژەی كوردیدا ژانری شیعر و چوارین لە ڕەوانشاد (بابا تاهیری هەمەدانی ناسراو بە عوریان ) سەری هەڵداوە و سەرچۆپیگری ژانری شیعری چوارین بووە، بە دوایەوە ئیتر زۆر هۆزانڤانی دیكە لەم بوارەدا خزمەت و پەیامی خۆیان لە ڕێی چوارینەوە گەیاندووە،لێرەدا وەكو ڕێزێكی وێژەیی و وێژەوانی و شكۆداری بۆ ئیمپراتۆری شیعری كوردی و چوارینەكانی ( بابا تاهیری هەمەدانی، عوریان) دروود و سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاك و بەرزەفڕی، كە بە شانازییەوە لە ڕووی وێژەوە بوو بە ناسنامە و شوناسی نەتەوایەتیمان، هەمو دەزانین چوارین لە دوو دێر دەنوسرێت و چوار ڕیز پێك دەهێنێ، ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی، چوارین.
خۆشەویستان پێم باش بوو چەند ڕوونكردنەوەیەكی گرنگ و دەگمەنی ئەزموونی خۆم لە بواری چوارین و ژانری چواریندا بخەمە ڕوو بۆ سەرجەم هۆزانڤان و شیعردۆستان و كۆی وێژەوانی كورد و جیهان.
لێرەوە لە گۆڤاری گوڵان بەسوپاسەوە ئەم داهێنانەم ڕادەگەیەنم و پێشكەشی وێژەی كورد و وێژەوانی كۆی گەلانی جیهانی دەكەم، ئەویش (داهێنانی چوارین لە یەك دێڕ) بەواتایەكی دیكە و ڕوونتر، چوارین لە دوو ڕستە هەرهەمان تایبەتمەندیی چوارین پێك دەهێنێت كە لە چوار ڕستەدا خۆی دەنوێنێت.
بەپێی ئەو هەوڵ وزانستە وێژەییەی خۆم، توانیومە سەركەوتووانە چوارین لە (دوو دێڕەوە بكەم بە یەك دێڕ) یان لە چوار ڕستەوە بیكەم بە دوو ڕستە، لەم داهێنانە نوێیەدا هەمان یەك دێڕ بە دوو دێڕ دەخوێندرێتەوە و دوو ڕستە بە چوار ڕستە دەخوێندرێتەوە.
لەوەیش گرنگتر و سەرنجڕاكێشتر هەمان (داهێنانی چوارینی یەك دێڕ) زیاتر لە (٣٠) جاریتریش بە شێوازی جیاواز دەخوێندرێتەوە و خۆی لە زیاتر لە (٦٠) پەڕدەدات، دیسان لەوانەش زیاتر سەرسوڕهێنەرتر داهێنانی نوێی چوارینم كە لە یەك دێڕ بەرهەم هێناوەو، دوو ڕستەیە هەرخۆی پەرتوكێكی خنجیلانە و نامیلكەیەكی نایاب پێك دەهێنێت.
داهێنانی چوارینی یەك دێڕ چەند بەش و پێناسەی جیاواز و هێڵكاریی ئەندازەیی یەكتربڕی جۆراوجۆر و، هەروەها شیكاری و شرۆڤەی ناوازەی تایبەت بە شێوازی خوێندنەوە بۆ خوێنەران ڕێك خراوە.
بەوپەڕی شانازییەوە ئەم داهێنانەم كە پێشتر نە بینراوە و نە بیستراوە و نە نووسراوە، بە پیرۆزبایی گەرمەوە پێشكەشی فەرهەنگ و وێژە و زمانی كوردی دەكەم.
هیوادارم ئەم شێوازە جیاواز و ڕێبازە نوێیە ببێتە دەروازەیەكی دیكەی خزمەتكردنی وێژەی دەوڵەمەندی كوردی، دەخوازم لە خوشك و برای هۆزانڤانی وێژەی كوردی زیاتر برەو بە ژانری چوارینی نوێ بدەن توانا هزرییەكانی خۆیان تەرخان بكەن و هەوڵی زیاتر و جوانتر بدەن بەم ڕێچكەیە و جوانییەكی دیكە بخەنە سەر جوانییەكانی وێژەی كوردی.
لە كۆتاییدا هیوادارم بە (داهێنانی چوارینی یەك دێڕ) توانیبێتم، یان لەو ئاستەدا بووبم كە خزمەتێكی ترم گەیاندبێت بە وێژە و فەرهەنگ و زمانی شیرین و ڕەسەنی كوردی، لە گەڵ ڕێزدا ....
دەقی داهێنانی چوارین لە یەك دێڕ
خۆشەویستم هۆش و هەستم تۆی مەبەستم دەستكە دەستم
دەتپەرستم ئەی چاومەستم تۆی هەڵبەستم بە تۆ مەستم
غالب حەساری 3/ 3/ 2017 هەولێر
پوختەی چوارین‌
خۆشەویستم هۆش وهەستم تۆی مەبەستم دەستكەدەستم
دەستكەدەستم تۆی مەبەستم هۆش وهەستم خۆشەویستم
دەتپەرستم ئەی چاومەستم تۆی هەڵبەستم بەتۆ مەستم
بەتۆ مەستم تۆی هەڵبەستم ئەی چاومەستم دەتپەرستم
تێبینی :
• چەندین داهێنانی تری نوێم لە چوارین كردووە لێرە جێی نییە باسی بكەم
• هەروەها چەندین جۆریتری داهێنانی لێك جیاوازی نوێی شیعری كوردیم نووسیوەتەوە، بە داخەوە پێم چاپ نەكراون ؟
بۆ زانیاری
• ساڵی2017(لووتكەی داهێنان)یەك چوارین بە 212 جار دەخوێندرێتەوە چاپكراوە پێشكەشی زانكۆكانی كوردستان و كتێبخانەی كوردیم كرد.
• داهێنانی 4چوارینی 4چوارینی 8چوارین داهێنانێكی تری چوارینە هەرلێرە لەژمارەی 1693 پەڕی 58 ڕۆژی15 11 2021 لەگۆڤاری گوڵان پێشكەش كرد.
• بە كورتی زیاتر لە 40 كتێبی هۆنراوەی چاپ نەكراوم ماون20 كتێبێكیان داهێنانی نوێیە.

Top