سیپان شێروانی ئەندامی لێژنەی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: یاسای بودجەی حكومەتی عێراق دداننانە بە مافی دەستووریی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان

سیپان شێروانی  ئەندامی لێژنەی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:     یاسای بودجەی حكومەتی عێراق دداننانە بە مافی دەستووریی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان

 

 

ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا لە بابەتی دۆسیەی نەوت و ڕەهەند و ناوەڕۆكی ئەم ڕێككەوتنە و پڕۆژە یاسای بودجەی حكومەتی عێراق و پشك و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەم بودجەیە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری سەرەكیی دیداری گوڵان لەگەڵ سیپان شێروانی ئەندامی لێژنەی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

* ڕۆژی 4ی نیسانی 2023 مسرور بارزانی ڕێككەوتنێكی گرنگی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی واژۆ كرد، بێجگە لە دۆسیەی نەوت كە ڕێككەوتن لە ڕێگەی «سۆمۆ»وە بفرۆشرێت، ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكە چەند پرسی دیكەی لە خۆی گرتبوو؟

- ئەو ڕێككەوتنەی لە 4ی نیسانی 2023 ئیمزا كرا، تایبەت بوو بە بابەتی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەڵام پێشتر ڕێككەوتن كرابوو لە بارەی بودجە و مەلەفەكانی دیكە، بە چەشنێك كاتێك ڕەشنووسی بودجەی 2023 گەیشتە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوا زۆربەی ڕێككەوتنەكانی لەخۆ گرتبوو. هەروەها پێش بودجەش لە بارەی پرسی پێكهێنانی حكومەت و هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت كۆمەڵێك ڕێككەوتنی دیكە كرابوون. بەڵام ئەو ڕێككەوتنەی لە 4ی نیسان كراوە، تایبەتە بە هەناردەكردن و ئیدارەدانی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان و هیچ بابەتێكی دیكە لەخۆ ناگرێت. چونكە بودجە زیاتر وەرەقەیەكی داراییە و لە سۆنگەی داراییەوە ماف و پابەندبوونەكانی هەرێمی كوردستان دەستنیشان كراوە و ڕێككەوتن كراوە كە 400 هەزار بەرمیل ڕۆژانە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی دەرەوە بكرێت، كە ئەم ڕێككەوتنە پێشتریش ئەنجام درابوو، بەڵام لە 4ی نیسانەوە ئەوەی تێدا زیاد كرا، كە سۆمۆ نەوتەكە هەناردە دەكات و ڕێككەوتن كراوە لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق كە ڕێژەكەی 12.67%ـە و ڕێككەوتن لەسەر كردنەوەی هەژمارێكی بانكی كراوە كە لە ژێر چاودێریی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت، بۆ كۆكردنەوەی تەواوی داهاتە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان. لە هەمان كاتدا ڕێككەوتن لەناو ڕەشنووسی بودجەدا كراوە، لەسەر خەرجییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و لەسەر ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوەی هەرێم و پاێزگاكان و مووچەی پێشمەرگە و هەموو ئەو دۆسیە و بابەتانەی كە پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، ڕێككەوتنیان لەسەر كراوە. 

* باس لەوە دەكرێت كە بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس ددانی بە شەرعیەت و دەستووریبوونی پرۆسەی گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستاندا ناوە، پرسی ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان پرسێكە تایبەتە بە كێشەی نێوان توركیا و عێراق، ئایا ئەم كێشەیەش چارەسەردەكرێت؟

- بەڵێ، ئەمە زۆر ڕاستە، چونكە دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە كۆی چوار سكاڵا سێ لە سكاڵاكانی ڕەت كردووەتەوە، و یەك لەو سكاڵایانەی قبووڵ كردووە، ئەویش پەیوەستە بە بۆڕیی نەوتەوە، بەڵام بەرهەمهێنان و كۆگاكردنی نەوت لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە و هیچ كێشەیەكی دەستووری و یاسایی نییە، ئەو كێشەیەی كە دروست بووە، ئەوە كێشەیەكە لە نێوان عێراق و توركیا لەسەر سكاڵایەكی عێراق لەسەر توركیا سەبارەت بە بۆڕیی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبەر ئەوە ڕاگیراوە. بەڵام گفتوگۆیەكان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە و بڕیار وایە لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندێكی هاوبەش لە حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یەكەوە سەردانی توركیا بكەن، بۆ چارەسەری ڕیشەیی ئەو بابەتە، تاوەكو دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە. یەكێك لە هۆكارەكانی دواكەوتنی گفتوگۆی نێوان عێراق و توركیا بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی توركیا دەگەڕێتەوە، كە ئێستا زۆربەی سەركردە و حكومەتی توركیا سەرقاڵی ئەو هەڵبژاردنەن، ئەگەرچی بۆی هەیە، پێش هەڵبژاردنەكەش گفتوگۆ و ڕێككەوتن بكرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە دوای هەڵبژاردنەكەی توركیا شاندی هاوبەشی هەولێر و بەغدا سەردانی توركیا دەكەن و لەگەڵ توركیا دەگەنە ڕێككەوتن و دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە.

* باس لەوە دەكرێت ئەو پڕۆژە یاسایەی بودجە كە بڕیارە بۆ سێ ساڵ بێت و پەرلەمان پەسەندی بكات، زۆر خاڵی گرنگی بۆ هەرێمی كوردستان تێدایە، بەتایبەتی جیا لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، بڕە پارەیەك لە بودجەی سیادی بۆ پێشمەرگە تەرخان كراوە، هەروەها بڕێك بۆ ئەكتیڤكردنەوەی ماددەی 140 و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان دانراوە، ئایا دەكرێت باسی ئەو لایەنانە بكەیت كە پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە؟

- پێشتر ئاماژەم بەو بابەت و دۆسێیانە كرد كە لەناو ڕەشنووسی بودجەی 2023 ڕێككەوتنیان لەسەر كراوە، بێگومان لە بودجەدا خەرجییەكان و داهاتەكان دەگرێتەوە، سەبارەت بە داهاتەكان ئاماژە بە كۆكردنەوەی داهاتە فیدڕاڵییەكان كراوە،، چ نەوتی، چ نانەوتی، لە نەوتییەكەش داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی كوردستان و ئەو كۆمەك و هاوكارییانەی لە وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دێت بۆ هەرێمی كوردستان، یان بۆ عێراقی فیدڕاڵ، دەبێت هەمووی لە چوارچێوەی داهاتەكاندا جێگیر بكرێت و 50%ی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هەرێم دەمێنێتەوە و خەرجی هێزی پێشمەرگە بەپێی ژمارەی دانیشتووان وەك بەشێك لە هێزی وشكانیی عێراقی دانراوە، كە بۆ ساڵێك نزیكەی 100 ملیار دینار دانراوە، كە ئەمەش بەش و ڕێژەیەكی زۆر زۆر كەمە. هەروەها لە یانەی پەرەپێدان و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمەكان و پارێزگاكان 250 تا 300 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە كە بۆ سێ پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانییە و هەڵەبجە لە چوارچێوەی سلێمانیدا دانراوە، چونكە تا ئێستا پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پەسند نەكراوە. لەلایەكی دیكەوە بابەتی پترۆ دۆڵار هەیە كە ئەو پارێزگایانەی نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت، ڕێژەی 5%ی داهاتەكەی نەوت بۆ ئەو پارێزگایە دانراوە و 100 ملیار دینار بۆ چالاككردنی لێژنەی ماددەی 140 تەرخان كراوە تاوەكو لێژنەكە بە پەلە دەست بەكارەكانی بكاتەوە، وردەكاریی دیكە زۆرن لە چوارچێوەی خەرجی سیادی كە دەبێت عێراقی فیدڕاڵ لە ئەستۆی بگرێت، وەك كڕین و دابینكردنی داودەرمان و بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان و چەندین شتی دیكەش.    

* بڕیارە كە حكومەتی عێراق بڕی 400 ملیار دینار هەناردەی سەر حیسابی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام ئەم بڕە پارەیە هەتا ئێستا نەخراوەتە سەر ژمارەی بانكی هەرێم، ئایا چاوەڕێ دەكرێت بۆ هەرێمی بنێرن؟

- بەڵێ، ئەو بڕە پارەیە دەنێردرێت كە وەك قەرزێكە لەلایەن عێراقی فیدڕاڵەوە تا پەسندكردنی بودجەكە بە هەرێمی كوردستان دەدرێت و لە دوای پەسندكردنی پڕۆژە یاسای بودجە، هەرێمی كوردستان پێویستی بەو قەرزە نابێت، بەڵكو بەشە بودجەی خۆی بۆ دێت، ئەگەرچی پێویست بوو ئەو بەشە پارەیە بە شێوەی بەشێك لە بودجە بۆ هەرێم بهاتایە، نەك بە شێوەی قەرز، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەوە لە چوارچێوەی بودجەی 2023 دا جێبەجێ دەكرێت و پێویستە ڕێكارە یاسایی و ئیدارییەكانی بە زووترین كات ئەنجام بدرێت.

* لەوانەیە نەتوانرێت بەم بڕی 400 ملیار دینارە مووچەی هەرێمی كوردستان دابین بكرێت، محەمەد شیاع سوودانییش ڕایگەیاند كە حكومەتی ناوەندی بەرپرسە لە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، ئایا ئومێدێك هەیە كە حكومەتی عێراق ئەم ئەركە لە ئەستۆ بگرێت؟

- ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت، ڕاستە ئەو 400 ملیارە بەشی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ناكات، ئەگەر لەگەڵ كۆی داهاتە ناوخۆیەكانی هەرێمی كوردستانیش حیسابی بكەین، هەر بەشی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناكات، بەڵام كاتێكی زۆر نەماوە بۆ پەسندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2023، چونكە بە پەسندكردنی ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت، واتە بە شێوەیەكی گشتی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ نەك تەنیا بەرپرسە لە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵكو بە گوێرەی دەستوور و یاساش پابەندە و ئەركی سەرشانیەتی تەواوی خەرجییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو هەموو پارێزگاكانی دیكەی عێراقی فیدڕاڵ دابین بكات، بەڵام بەداخەوە لە سۆنگەی نەبوون و پەراوێزخستنی دەستوورەوە ئەوە دەبێتە نۆ ساڵ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ خۆی بێبەری كردووە لە هەموو ئەو ئەركانەی لەسەریەتی بەرانبەر هەرێمی كوردستان. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت ئەو بودجەیەی ئەمجارە باشترین بودجەی عێراق دەبێت لە دوای ساڵی 2014 بۆ هەرێمی كوردستان و ئەو بودجەیە دداننانە بە مافی دەستووریی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەویش دوای 10 ساڵ نكۆڵیكردن و حاشاكردن و خۆبەدوورگرتن لە مافی دەستووریی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە. لە كۆتاییدا بەپێی ڕێككەوتنەكە و ئەوەی لە بودجەی 2023 دانراوە، حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ددانی بەم پرسەدا ناوە و سەرەتایەكیش بۆ دۆسیەی نەوت دەستی پێ كراوە، تا یاسای نەوت و غاز دەردەچێت و دەرفەتێكە و كاریگەرییەكی باشی لەسەر گەشەكردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەگەر لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بودجەكە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو پڕۆژانەی ڕاوەستاون دووبارە دەست پێ بكەنەوە و شەپۆلێكی ئاوەدانكردنەوەی بەهێزتر ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات. 

Top