ئابووریناس دكتۆر هومام ئەلشەماع بۆ گوڵان: ڕ ێككەوتنی هەولێر و بەغدا زامنی سێ ساڵی پشكی هەرێمی كوردستان و دەركردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی لێ دەكەوێتەوە
رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی و گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرانبەر دیناری عێراقی و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار تەوەرەی سەرەكیی دیدارێكی گۆڤاری گوڵان بوون لەگەڵ دكتۆرهومام ئەلشەماع ڕاوێژكاری دیاری ئابووریی عێراق و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* وەك پسپۆڕ و كەسایەتییەكی دیاری عێراقی چۆن لە ڕێككەوتنەكەی ئەم دواییەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەڕوانیت؟
- بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت كەمێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە، بۆ مێژووی كۆن و نزیكی كێشە و گرفتەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەسەر كۆمەڵێك دۆسێی گرنگی سیاسی و ئابووری، كە لەگەڵ هاتنی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی باڵادەستی لایەنە سیاسییەكانی شیعە، نەتوانراوە و نەویستراوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكان بدۆزرێتەوە، لە كاتێكدا چارەسەری زۆربەی ئەو كێشانە لە ناو دەستووردا ماددە و دەرچەی یاسایی بۆ دانراوە. جێگای داخە زۆر لەو ماددە و بڕگە یاساییانەش هەر لایەنەو بەپێی ئیجتیهاداتی كەسی و بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و مەزهەبی خوێندنەوەی بۆ كردووە، هەروەكو چۆن لە مەسەلەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بینیمان، ئەو دەمەی بە هۆی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستانەوە لە غیابی یاسایەكی نەوت و گازی فیدڕاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچە و بەردەوامی خزمەتگوزارییەكان و ئەنجامدانی پڕۆژەكان بە ناچاری پەنای بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم برد.
بەم شێوەیە بەرژەوەندیی تایبەتی میلیشیات و ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی بۆ ئەجیندەی دەرەكی كار دەكەن، بەردەوام ڕێگایان نەداوە هەموو ئەم كێشانە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە ڕێگە چارەیەكی بۆ بدۆزرێتەوە و دواجار ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت، ئەوە بوو دوو بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و دواتر یەكلاكردنەوەی سكاڵاكەی عێراق لە دژی توركیا لە دادگای ناوبژیوانانی پاریس دوای نۆ ساڵ چاوەڕوانی لە بەرژەوەندیی عێراق یەكلا بووەوە و توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی ڕاگرت. لە ناو ئەم ئاڵۆزی و كێشمەكێشەدا ڕێككەوتنی نێوان هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بە پشتیوانیی ئەمریكا و بگرە لەژێر فشاری ئەمریكادا واژۆ كرا.
رێككەوتنێكی وا گرنگ بەرهەمی لەدایكبووی شەو و ڕۆژێك نییە، بەڵكو سەرەتاكەی بۆ ئەو ڕێككەوتنە دەگەڕێتەوە كە سەرۆك بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی (ئیتاری تەنسیقی) لە هاوپەیمانێتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم ڕێككەوتن و لە كارنامەی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی ڕەنگی دایەوە و پشكی هەرێمی كوردستان لەناو بودجە زامن كرا و، تەنانەت بڕە پارەیەكیش بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری تەرخان كرا. من پێم وایە ئەمریكییەكان دەرچەیەكی یاسایی و فشارێكی سیاسی و ئابوورییان بۆ هەردوو لا هێنا، تاوەكو هەر دووحكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لێكتر نزیك ببنەوە و چیتر دەستتێوەردانی ئێرانی لە ناو عێراقدا كەم ببێتەوە. ئەمریكا ئەمجارە كارتی ئابووری و دارایی و نەوتی بەكارهێنا بۆ ڕێگرتن لە دەستتێوەردان و فراوانبوونی دەسەڵاتی میلیشیاتە ئێرانییەكان بە شێوەیەك تا دەهات ئەم میلیشیاتە چەكدارانە دەسەڵاتی سیاسی و ئابوورییان بەهێز دەبوو، ئەی ئەوە نەبوو لە ڕێگەی فرۆشتنی مەزادی دۆلارەوە، دەیان تاوانی شووشتنەوەی پارە و ئاودیوكردنی دراوی قورسیان ئەنجام دەدا؟ فشارەكانیشیان لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵی و بۆمب و مووشەكەوە بۆ سەر دامەزراوەكانی ئابووریی كوردستان زیاتر دەكرد، ئەوەی وای لە ئەمریكا كرد، ئەم جارە بەو شێوەیە فشار بۆ هەر دوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بهێنێت، زامنكردنی بەردەوامی هەناردەكردنی ئەو بڕە نەوتەی كوردستان و عێراقە بۆ بازاڕە جیهانییەكان، تاوەكو هەژموونی ڕووسیا و ئێران لەسەر كەرتی وزە كەم ببێتەوە، لەگەڵ ڕاوەستانی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان زیانێكی گەورە بەر ئابووریی كوردستان و عێراق و كەرتی وزەی جیهانی و تەنانەت توركیاش گەیشت، ئەمەش وای كرد ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان پاڵپشتییەكی گەورەیان لە نزیكبوونەوە و ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و عێراق كرد. بە واتایەكی دیكە ڕێككەوتنەكە ڕاستە ئیرادەی هەر دوو حكومەتی لەسەرە، بەڵكو بە پیرۆزبایی ئەمریكاش ئەنجام دراوە، ئەوەی ئێرانی بێدەنگ كردووە، ئەوەیە كە ئەوانیش گەیشتوونەتە بڕوایەك كە چیتر خەڵكی عێراق توانای چاوەڕوانی و شكستەكانی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی شیعەیان نەماوە. چاوەڕوان دەكرێت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بڕە پارەیەكی باش بۆ گەنجینە و بودجەی حكومەتی عێراق بێت و لە بەرانبەریشدا تا كاتی پەسەندكردنی بودجە حكومەتی عێراق مانگانە پابەندی ناردنی 400 ملیار دینارە كە بە شێوەی قەرز و سولفە بێت، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بوو، بەم شێوەیە ڕێككەوتنەكە جگە لە ئاساییبوونەوەی دۆخەكە، دەروازەیەكیشە بۆ ئاسانی تێپەڕاندنی بودجەی سێ ساڵەی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی و زامنكردنی پشكی هەرێم و ئامادەكردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی كە لە ڕێككەوتنەكەدا هاتووە بە هاوبەشی لە نێوان هەر دوو حكومەت.
* بەڵام دواجار گرفت لە پابەندبوونی لایەنە سیاسییەكانی عێراقە بە ڕێككەوتنەكەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە چۆن حكومەتی عێراق بە سەر هەموو كۆت و بەربەستەكاندا تێدەپەڕێت و پابەندی ماددەكانی ڕێككەوتنەكە دەبێت؟
- هەر وەك ئاماژەم پێ دا، نە بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانانی پاریس كە نۆ ساڵی بەسەردا تێپەڕی بوو، نە خودی ڕێككەوتنەكە هەروا لەخۆڕا نەهاتووە، سەرەتا ڕێككەوتنی پێشوەختە لە نێوان سەرۆك بارزانی و لایەنە سیاسییەكانی (ئیتاری تەنسیقی) هەبووە بۆ دامەزراندنی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی، لە ناوخۆی عێراقیشدا ڕۆڵی باڵیۆزی ئەمریكا زۆر بوو، بە تایبەتی دوای ئەوەی فشارەكانی بانكی فیدڕاڵی وڵاتەكەی بۆ سەر بانكی ناوەندی و حكومەتەكەی سوودانی زیاد كرا و توانی نەزیفی بردنە دەرەوەی دۆلار و موزاڕەبە و تاوانی شووشتنەوەی پارە ڕابگرێت و وردە وردە بەهای دینار بەرانبەر دۆلار بەرز بووەوە، دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیكردنی كۆمپانیای سۆمۆ مۆركێكی یاسایی دەداتە فرۆشتنی نەوتی هەرێم و لە بەرانبەردا هەرێمی كوردستانیش زامنی هاتنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقی دەست دەكەوێت. ڕاستە ڕێككەوتنەكە بەدڵی زۆر لایەنی سیاسی و كەس نییە، بەڵام پێم وانییە هیچ هێز و حزب و لایەنێكی سیاسی بتوانێت لە بەردەم ئەم ڕێككەوتنە سیاسی و ئابوورییە بوەستێت، كە ئومێدی زۆری لە داهاتوودا لەسەر هەڵدەچنرێت، بەتایبەتی لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و هاتنی بەشە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی سێ ساڵی داهاتوودا.
* ئەگەر لەسەر ئەم خاڵە كەمێك ڕابوەستین، بەو پێیەی گرفتەكانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر لەسەر دۆسێی نەوت و گاز بووە، ئایا تا چەند زامنی مافەكانی هەرێمی كوردستان لە ناو یاساكەدا دەكرێت؟
- بڕیارەكەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی پاریس كارتێكی فشارە بۆ سەر هەرێم و عێراق پێكەوە، بە ئامانجی گەیشتن بەم ڕێككەوتنە و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانیان لەسەر نەوت، بێگومان ئامادەكردنی یاسایەكی نەوت و گازی فیدڕاڵی بە هاوبەشی لە نێوان هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا خۆی لە خۆیدا هەنگاوێكی باشە و ڕێگا چارەسەری عەقڵانی و زانستی بە پیرۆزبایی ئەمریكایە بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستن بە كەرتی وزەی ڕووسیا و شكاندنی یاخیبوونەكانی سعودییەشە كە زۆربەی جار بەپێی ویست و خواستەكانی ئەمریكا هەڵسوكەوت ناكات. بە شێوەیەكی گشتی لە ئێستادا دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی عێراق باش بەڕێوە دەڕوات، بەمەش هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەو بۆشاییە یاساییە ڕزگاریان دەبێت.
* باسی بودجەی گشتیی عێراقت كرد، ئایا هەڵسەنگاندنت بۆ ئەم پڕۆژە یاسایە چییە؟
- وێڕای سەرنج و تێبینی و كەموكورتییەكانی بودجە یاساكە لە ناو پەرلەمان پەسەند دەكرێت، بەڵام بودجەیەكی قەبارە گەورەیە بە كورتهێنانێكی زۆرەوە، لەمەش مەترسیدارتر پشتبەستنە بە بنەمای نرخێكی بەرزی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت. هەمووان دەزانن بۆ چارەسەركردنی كورتهێنان، دەبێت حكومەتی عێراق پشت بە قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی ببەستێت، یان پەنا بۆ چاپكردنی دینار بەرێت، ئەمەش چارەسەرێكی زانستی و دارایی باش نییە.
خۆی ئەگەر بودجەكە لە دەستپێكردنی پڕۆژەكاندا گەندەڵی تێدا نەكرێت، ئەوا بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژە وەستاوەكان و زامنی گەیشتنی لە 12.67% ی پشكی هەرێكی كوردستان كارێكی باشە، بەڵام پارەیەكی وا زۆر بۆ بواری بەكارخستن خەرج بكرێت، ئەوا بێگومان دەبێتە هۆی لاوازیی بەهای دینار و دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و هەڵاوسانی نرخەكان كە ڕێژەی هەژاری و مەینەتییەكانی توێژەكانی مامناوەند و هەژار قورستر دەكات و زیان بە حكومەتەكەی شیاع سوودانی دەگەیەنێت.
* بەڵام هەنگاوەكانی بانكی ناوەندی عێراق و ڕێكارەكانی فرۆشتنی دۆلار جێگای خۆی كردەوە و بەهای دینار بەرانبەر دۆلار بەرز بووەوە. پێت وانییە بۆ ئەم گرفتەش بانكی ناوەندی دەتوانێت ڕێگا چارەسەرێك بدۆزێتەوە؟
- هەروەكو چاوەڕوان دەكرا، هەنگاوەكانی بانكی ناوەندیی عێراق لەژێر فشاری بانكی فیدڕاڵیی ئەمریكا ئەنجامی باشیان هەبوو بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاودیوكردنی دۆلار و ڕێگاگرتن لە تاوانی شووشتنەوەی پارە و كەمكردنەوەی موزاڕەبە، ئەوەتا نرخی دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی وردە وردە هەڵسایەوە و ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە، خۆ ئەگەر نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە بكرێتەوە و كۆمەڵێك ڕێوشوێنی دیكە دژی گەندەڵی بگیرێتە بەر و كۆنتڕۆڵی نەوتەكەی بكات، كە لە ئێستادا زیاتر لە 6 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت و تەنیا 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ دەگەڕێتەوە، ئەو كات دەتوانرێت خۆمان لە دەرهاویشتەكانی بودجەیەكی قەبارە گەورە و كورتهێنانێكی زۆر رزگار بكەین كە جۆرێك لە داشكانی بەهای دیناری لێ دەكەوێتەوە.