لە 1ی ئایار فیلمی (هەموومان كرێكارین) نمایش دەكرێت
بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 1/5/2023 بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی كرێكاران كورتە فیلمێك نمایش بكرێت كە تایبەت بۆ ئەم بۆنەیە بەرهەم هاتووە .
دوای نمایشی فیلمی (مرۆڤ و ژینگە)لە ڕۆژی ژینگەی كوردستان,وەك نەریتی كار و چالاكییەكانی گروپی هونەریی خێزان, 1ی ئایار لە ڕۆژی جیهانی كرێكاراندا,لە شاری سلێمانی كانژمێر 2:30ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی خاك كورتە فیلمی (هەموومان كرێكارین) نمایش دەكرێت .
ئەم فیلمە لە سیناریۆ و دەرهێنانی هونەرمەند (ڕێبوار محەمەد ) و (قانع هۆلان) كاری وێنەگرتنی ئەنجامداوە,ئەم فیلمە كە ماوەكەی 30خولەكە بە خۆبەخشی بەرهەمهاتووەو نزیكەی 20 ئەكتەر و ژمارەیەك كرێكار تێیدا بەشدارن .
ناوەڕۆكی فیلمەكە باس لە مافی كرێكاران و نادادپەروەری لە كاتەكانی كاركردن دەكات و ئەو مافانەی كە بۆ كرێكاران دەستەبەر نەكراوە,هەروەها فیلمی (هەموومان كرێكارین) لە ڕووداوەكانی برینداربوون و گیان لەدەستدانی كرێكار وورد دەبێتەوە كە زیاتر لە باڵەخانەكاندا ڕوودەدات كە لە هەندێ حالەتدا بەهۆی كەمتەرخەمی خاوەنكارەوەیە,هەروەها ئەم فیلمە سەرنج دەخاتە سەر ژیان و دواڕۆژی ئەو منداڵانەی كە لە تەمەنێكی بچووكدا كار دەكەن و بەیەك كجاری لە پڕۆسەی خوێندن دوور كەوتوونەتەوە .
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی