بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە چل و نۆیەمین ساڵیادی تاوانی بۆردومانکردنی زانکۆی سلێمانی و شاری قەڵادزێ

بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە چل و نۆیەمین ساڵیادی تاوانی بۆردومانکردنی زانکۆی سلێمانی و شاری قەڵادزێ

 

لەم یادە پڕ ئازارەدا و، لە کاتێکدا تاوانی بۆردومانی دڕندانەی هێزەکانی ڕژێمی لەناوچوو، لە 24ی نیسانی 1974، ئەو تاوانە ترسناکە بێهاوتایەی لە لایەن ملهوڕترین دیکتاتۆریەتەوە دژی قوتابییانی ئازیزمان و مەڵبەندی فێرکاری لە زانکۆی سلێمانی و بەشە ناوخۆییەکانی قوتابییان (کە ئەو کاتە لەبەر دۆخی ئەمنی، ئیدارە و ماموەستایان و قوتابییان لە سلێمانییەوە بۆ ناوچەی ئازادکراوی قەڵادزێ گواسترابوونەوە) و، دانیشتووانی سڤیلی قەزای قەڵادزێ ئەنجام درا و (164) شەهیدی تێدا بوونە قوربان بە بیر دێنینەوە، سەری ڕێز بۆ گیانی پاکی شەھیدانی زانکۆ و ھاووڵاتییانی بێ دیفاعی شارەکە دادەنوێنین و، پەیمان بۆ گەلەکەمان نوێ دەکەینەوە کە لە پرنسیپەکانمان لانەدەین و لە کاروانی تێکۆشانمان بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بەردەوام بین.

پێش 49 ساڵ ڕژێمی بەعس تاک لایەنە بڕیاری دا لە ڕێککەوتننامەی (11ی ئاداری 1970) بکشێتەوە و، دەست بە هەڵمەتە تیرۆریستییەکانی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە زەوی و ئاسمانەوە بکاتەوە و، زنجیرەیەک تاوانی ئەنجام دا کە دەیان ساڵ درێژەیان کێشا. ڕژێمی لەناوچوو لە ڕێی ئەو هەموو ئەم تاوانە دڕندانەیەوە هەوڵی دەدا گەلی کوردستان لەناو ببات و ئیرادەی بشکێنێت و کۆتایی بە خەباتی لەپێناو ئازادی و ژیانی سەربەرزانەدا بهێنێت.

لە کاتێکدا یادی ئەو تاوانە دەکەینەوە کە تاوانێکە مرۆڤایەتی ئارەقەی شەرمەزاریی لە ئاستدا دەڕێژێت، پێویستە ڕژد بین لە سەر بەرزڕاگرتنی وتار و ئیرادەی گەلە تێکۆشەرەکەمان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و زامنکردنی داهاتوو و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان لە ژیانی سەربەرزانە و شکۆمەندانەدا، دەبێت لە ئامادەباشیی بەردەوامدا بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکان و پیلانە شۆڤێنییە جۆراوجۆرەکان، ئەویش بە چەسپاندنی بنەما دیموکراسی و سیاسی و یاساییەکان و، دانانی دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ هەرێمی کوردستان و، بەهێزکردن و ڕێکخستنی توانا بەرگرییەکانمان و هێزی پێشمەرگەی قارەمان، بۆ بەرپەرچدانەوە و شکستهێنان بە هەر پیلانگێڕێکی تەماحکار کە بیەوێت بە پلان و پیلانگێڕی خاکەکەمان داگیر بکات یان گەلەکەمان ئازار بدات. وانەکانی مێژوویش ئەوەیان پێشانمان دا کە چۆن پەیمان و پەیماننامە و ڕێککەوتن ڕێگا لە دوژمنان ناگرن لە ئەنجامدانی تاوانی ترسناک دژی گەلەکەمان و دەستکەوتەکانمان.

بەرزی و شکۆداری بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بەئەمەکی زانکۆی سلێمانی و شاری قەڵادزێ.

درود بۆ گیانی باوکی ڕۆحیی خەباتی کورد و سەرکردەی نەمر مستەفا بارزانی و کاک ئیدریس بارزانیی ھەمیشە لەیاد.

سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی قارەمان و، دروود و ڕێز بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و شەهیدانی ئەنفال و خێزانە بەڕێزەکانیان.

دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان
24ی نیسانی 2023

Top