پڕۆفیسۆر پاوڵ كوادرۆس بۆ گوڵان: ڕەنگە پێشكەوتنەكانی بواری زیرەكیی دەستكرد و چات جی پی تی ببنە هۆی بەهادارتربوونی كاری ڕۆژنامەنووسی

پڕۆفیسۆر پاوڵ كوادرۆس بۆ گوڵان:     ڕەنگە پێشكەوتنەكانی بواری زیرەكیی دەستكرد و چات جی پی تی ببنە هۆی بەهادارتربوونی كاری ڕۆژنامەنووسی

 

 

پاوڵ كوادرۆس پڕۆفیسۆرە لە سكوڵی هەسمان بۆ ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن لە زانكۆی نۆرس كالیفۆڕنیا، وەك نووسەر و ڕۆژنامەنووسێكی لێكۆڵینەوە بۆ (نیویۆرك تایمز، هەفتیگتۆن پۆست، تایم مەگەزین) كاری كردووە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی گرنگی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە كاری ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەوانی و ئەو تەحەددی و دژوارییانەی ڕووبەڕووی ئەم بوارە بوونەتەوە، هەروەها كاریگەریی تەكنەلۆژیا لەسەر ئەرك و كاری ڕاگەیاندن و چەند پرس و بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

 

* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ڕاگەیاندن ڕۆڵێكی گرنگ و كاریگەر دەگێڕێت، بەڵام لە ڕۆژگاری ئێستادا هەلومەرجێكی نوێ هاتووەتەئاراوە و سەری هەڵداوە، كە دۆخێكی خوڵقاندووە تێیدا گرفت و تەحەدیی نوێی بۆ ڕاگەیاندن دروست كردووە و خوڵقاندووە، بە تێڕوانینی ئێوە سەرەكیترین و بنەڕەتیترینی ئەو گرفت و دژوارییانە چین كە لە ئێستادا ڕووبەڕووی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی بوونەتەوە؟

- لە ڕاستیدا لە ئێستادا ئەو دژواری و سەختییە زیاتر ڕووبەڕووی ڕۆژنامەگەری و كاری ڕاگەیاندن بووەتەوە ئەوەیە چۆن ڕاپۆرت و هەواڵی دروست ئامادە و بڵاو بكاتەوە كە میسداقییەتی هەبێت، مەبەستم ئەوەیە ئێستا بە هۆی ئەو پڕوپاگەندە و هەواڵە ناڕاستە زۆرانەی دەخرێنە ڕوو و بڵاو دەكرێنەوە، ئەركێكی زەحمەت و قورسە كە بتوانرێت هەواڵ و كاری ڕۆژنامەوانی باوەڕپێكراو و متمانەپێكراو ئامادە بكرێت، بەتایبەتی بە هۆی ئەو پڕوپاگەندانەی كە كەسانی سیاسەتمەدار و لایەنەكانی دیكە بڵاوی دەكەنەوە، لەپێناو ئەوەی ڕای گشتی بەلای خۆیاندا كێش بكەن و قەناعەتیان بۆ دروست بكەن، ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەینەوە، ئەوا لە ئێستادا زەحمەتە بۆ خەڵك كە هەواڵی ڕاست و دروست لە پێچەوانەكەی جیا بكەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن وێنایەكی ڕاستەقینەیان لا دروست ببێت لە بارەی ئەوەی دەگوزەرێت و ڕوو دەدات.

* ئێمە لە پرسیاری پێشوودا باسی گۆڕانی هەلومەرج و چوارچێوەی كاركردنی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنمان كرد، لێرەدا دەمانەوێت بە دیاریكراوی ئاماژە بە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و كاریگەریی ئەم پێشكەوتنە بكەین لەسەر ئەرك و ڕۆڵی ڕاگەیاندن، ئێوە چ خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنێكتان بۆی هەیە؟

- ئەوە ڕاستییە كە كاریگەریی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا حاشاهەڵنەگرە و ڕەنگدانەوە و كاریگەریی خۆی هەبووە لەسەر كاری ڕاگەیاندن، بەڵام نابێت ئێمە لەم ڕووەوە كاریگەریی دەسەڵات و پارە نادیدە بگرین لەسەر كاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری و، لەسەر ئەوەی بتوانرێت بە ڕاست و دروستی وێنای ئەوە بگوازرێتەوە كە ڕوو دەدات لەسەر ئاستی وڵات و شار و.. هتد، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسی كاریگەریی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا، ئەوا لە ئێستادا تەكنەلۆژیا بە چەشنێك گەشەی كردووە كە لە توانایدایە خۆی واقیع و ڕووداوێك دروست بكات و وەك ڕاستییەك بڵاوی بكاتەوە، ئەگەرچی لە بنەڕەتدا بە هیچ شێوەیەك ئەو ڕووداو و واقیعەش ڕووی نەدابێت، ئەویش لە ڕێی ئەوەی پێی دەووترێت (deep fake) و دروستكردنی چیرۆك و پەیامی تەواو هەڵبەستراو و داتاشراو، ئەمەش دۆخێكی نالەبار دروست دەكات، كە تێیدا خەڵكی ناتوانن وێنە و ڤیدیۆ و قسە هەڵبەستراو و دروستكراوەكان لە ڕاستییەكە جیا بكەنەوە.

* ئایا ئەم پێشكەوتنەی بواری تەكنەلۆژیا و ئەو ئەگەرانەی ئێوە ئاماژەیان پێ دەكەن، تا چ ڕاددەیەك بوونەتە هۆی گۆڕینی ئەركی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن و، ئایا لەم ڕۆژگار و هەلومەرجە نوێیەدا ڕۆژنامەگەری دەتوانێت ڕۆڵی تەقلیدیی خۆی لە چاودێریكردن و بەدواداچوونی ڕاستیی هەواڵ و ڕووداوەكان و ئاشكراكردنیان ببینێت؟

- بە تێڕوانینی من ئەركی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە، كە بریتییە لە بەدواداچوونی ڕووداو و هەواڵ و هەلومەرجەكە و دواتر ڕاگەیاندنی ڕاستییەكە بە ڕای گشتی، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە باشترین شێوە ئاشنا بن بە ڕاست و دروستی ئەوەی لە كۆمەڵگە و وڵاتەكەیاندا دەگوزەرێت، بەڵام هەروەك پێشتر ئاماژەمان پێ دا، كێشەكە لەوەدایە هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەم كارە لە ڕەوتی خۆی لابدرێت و بشێوێندرێت، ئیدی بە هۆی دەسەڵاتەوە بێت، یان پارە، یانیش تەكنەلۆژیاوە، لەم ڕوانگەیەوە تەحەددییەكە ئەوەیە چۆن بتوانرێت بابەت و هەواڵەكان بە ڕاست و دروستی بگوازرێنەوە بۆ ئەوەی تاكە كەسەكان هۆشیاری و ئاگاییەكی باشتریان بۆ دروست بێت و لە كۆتاییدا ببنە هاووڵاتییەكی باشتر.

* ئەگەر باسی ڕاگەیاندن بكرێت، ناكرێت باس لە سۆشیال میدیا نەكرێت، بەتایبەتی فەیسبووك و تویتەر، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئێوە چۆن لە ڕۆڵی ئەم ڕاگەیاندنە دەڕوانن و پێتان وایە تا چ ڕاددەیەك جیاوازیی هەیە لەگەڵ ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی؟ ئایا بە گشتی خزمەتیان بە بواری ڕاگەیاندن كردووە، یان ئاستەنگیان بۆ دروست كردووە؟

- سەرەتا من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە خودی سۆشیال میدیا نایەوێت بە ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی وەسف و ناوزەد بكرێت، چونكە هەروەك پێشتر باسمان كرد، ئەرك و كاری بنەڕەتی و تەقلیدیی ڕۆژنامەگەری كۆكردنەوەی زانیارییە ڕاست و دروستەكان و ڕاگەیاندنیەتی بە خەڵكی، لە كاتێكدا سۆشیال میدیا ئەم كارە ئەنجام نادات، كەواتە دەكرێت بڵێین مەرج نییە سۆشیال میدیا بە بەشێك لە بزنێسی ڕاگەیاندن هەژمار بكرێت، ئەگەرچی ڕەنگە لە بارێكدا بن كە زانیاری بڵاو بكەنەوە، بەڵام نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت كە ئەو زانیارییانەی سۆشیال میدیا بڵاویان دەكاتەوە، بە هەمان شێوەی ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی كۆ نەكراونەتەوە و بەدواداچوونیان بۆ نەكراوە، لەبەر ئەوە پێم وانییە وەك ڕۆژنامەگەرییەكی پیشەوەر لە خۆیان بڕوانن.

* بەڵام ئەگەر لە ڕۆژگاری ئێستە بڕوانین، ئەوا دەبینین كە زانیاریی زۆر و بە خێراییەكی گەورە لە بەردەستی هەموواندایە، واتە كێشەكە لە كەمیی زانیاریدا نییە، بەڵكو بە پێچەوانەوە هێندە زانیاری لە ئارادایە كە ڕەنگە ئاسان نەبێت بتوانرێت زانیاریی ڕاست و متمانەپێكراو لە پێچەوانەكەی جیا بكرێتەوە، پێت وایە لە دۆخێكی لەم شێوەیەدا دەبێت ڕاگەیاندن چۆن كارەكانی ئەنجام بدات؟

- لە ڕاستیدا وەڵامدانەوەی ئەمە زەحمەتە، بەتایبەتی ئەگەر ئێمە ئەوە لەبەر چاو بگرین ئەوەی پێی دەگوترێت (fake news) و (deep fake) و زیرەكیی دەستكرد (artificial intelligence) چۆن ناوەڕۆكی هەواڵەكان دروست دەكەن، بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكەی ئێوەش ڕەنگە یەكێك لە ڕێگەكان پەرەپێدانی ڕێچكەیەك بێت كە پێی دەگوترێت خوێندەواریی میدیایی (media literacy) تاوەكو هاووڵاتییان و تاكە كەسەكان بتوانن زانیاریی باوەڕپێكراو و متمانەپێكراو جیا بكەنەوە و دەستنیشانی بكەن، هەرچەندە ئێمە پێمان ناوەتە ڕۆژگارێكی پێشكەوتنی تەكنەلۆژییەوە كە ڕەنگە نەتوانین بە دڵنیایی و بە وردییەوە ئاراستەی كاری ڕاگەیاندن دیاری بكەین.

* ئەی چۆن لە كاریگەری و ئاكام و دەرهاویشتەكانی ئەوەی پێی دەگوترێت (Chat GPT) لەسەر كاری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن دەڕوانن؟

- لە ڕاستیدا لەم ڕووەوە من نازانم چ ئاكام و دەرئەنجامێكی لێ دەكەوێتەوە، ڕەنگە یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوە بێت كە ڕۆژنامەنووسی بەها و پێگەیەكی باشتری هەبێت، بە حوكمی ئەوەی كەسێكە كە پیشەی ئەوەیە زانیاریی ڕاست و دروست و ڕاستەقینە بۆ ڕای گشتی و بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر بكات، نەك هەواڵی دروستكراو و ساختە و هەڵبەستراو، مەبەستم ئەوەیە ڕەنگە ڕۆژنامەگەری ئامرازێك بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پڕوپاگەندە و گەمەپێكردنەی ڕاستی و زانیارییەكان كە زۆر جار حكومەتەكان پەنایان بۆ دەبەن، لە ڕێی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای نوێوە.

* دوایین پرسیارمان پەیوەستە بە ڕووماڵی ڕاگەیاندنەوە بۆ شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، ئێوە چۆن لەم ڕۆماڵە دەڕوانن و پێتان وایە ڕاگەیاندنكاران و ڕۆژنامەنووسان لەم ڕووەوە توانیویانە ڕۆڵی چاوەڕوانكراو ببینن و ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن؟

- من لەم ڕووەوە ئومێد دەكەم كە ڕاگەیاندنكار و ڕۆژنامەنووسان بتوانن دەستیان بگات بە سەرچاوەی جۆراوجۆری زانیاری لە هەردوو لایەنی ناكۆكییەوە، بۆ ئەوەی بتوانن باشترین زانیاری دەستەبەر بكەن بۆ خەڵكی، بۆ ئەوەی وێنەیەكی ڕوونیان لا گەڵاڵە ببێت دەربارەی ئەوەی ڕوودەدات و دەگوزەرێت، واتە ئومێدەكە ئەوەیە كە ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەگەڵ سوپای ڕووسیا، یان ئۆكرانیان بتوانن زانیاریی دروست و لە كاتی گونجاودا بۆ ڕای گشتی بڵاو بكەنەوە دەربارەی ئەوەی كە ڕوودەدات، ئەوەی پەیوەست بێت بە بواری سیاسییەوە، ئەوا هیوادارم ڕۆژنامەنووسان بتوانن قسە لەگەڵ سیاسەتمەدارانی هەر دوو لایەنی ناكۆكییەكەدا بكەن، بۆ گواستنەوەی دید و بۆچوونی ڕاستەقینەیان لە نێو شەپۆلی زانیاریی ناڕاست و هەڵبەستراودا، كە بڵاوكراوەی زانیاریی لەم چەشنە شتێكی ئاساییە و لە هەموو جەنگێكدا ڕوو دەدات.

 

Top