ئەحمەد نەبی ئیسماعیل بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو بۆ گوڵان: لە ماوەی دوو ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بە بڕی زیاتر لە 8 ملیار دینار پڕۆژە لە ناحیەی دارەتوو جێبەجێ كراوە
دارەتوو پێویستی بە نەخۆشخانەیەكی گشتیی قەرەوێڵەیی هەیە
پۆندێك لە نزیك باغەمرە لەژێر جێبەجێكردنە و دووانی دیكەی دیزاینیان تەواو بووە و بەم نزیكانە دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت
دارەتوو لە ساڵی 2002 وەك ناحیە دامەزراوە و 18 گوند لەخۆ دەگرێت. لە ساڵی 1988 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە سەرجەم ئەو گوندانەی تێك درابوون، خەڵكەكەی بەرەو كۆمەڵگە زۆرەملێیەكان ڕاگوێزارابوونەوە. ئێستاش لەبەر خێرا فراوانبوونی سەنتەری ناحیەكە و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانەكەی و لەبەر نزیكی لە شاری هەولێرەوە، پێویستی بەوە هەیە ژمارەیەكی زیاتر لە پڕۆژەكانی خزمەتگوزاریی تێدا ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە كە بە هۆی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و هەڵكشانی خواست لەسەر ئاوی خواردنەوە، كێشەی كەم ئاوی تێیدا سەری هەڵداوە. گۆڤاری گوڵان لەم دیدارەدا گرنگترینی ئەو پڕۆژانە دەخاتەڕوو كە لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ ناحیەی دارەتوو جێبەجێ كراون، هاوكات گرنگترین پێداویستی و داواكارییەكانی خەڵكەكەش لەسەر زاری ئەحمەد نەبی ئیسماعیل بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو دەخەینە ڕوو.
* دارەتوو بەو پێیەی نزیكە لە سەنتەری ناو شاری هەولێرەوە تا دێت ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاد دەكات، وەكو بەڕێوەبەری ناحیەكە دەكرێت لەسەر زاری ئێوەوە بزانین گرنگترینی ئەو پڕۆژانە چین كە لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دارەتوو جێبەجێ كراون؟
- دارەتوو بە شێوەیەكی زۆر خێرا فراوان و قەرەباڵغ دەبێت، بە ڕاددەیەك بەردەوام پێویستی بە پڕۆژە و كاری نوێ هەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی سنووری ناحیەكە فراوانە و زیاتر لە 18 گوند لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ ئەمەشدا من كە لە ساڵی 2022 وەكو بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو دەستبەكار بووم، لەم ماوە كورتەدا و تەنیا لە دوو ساڵی 2022 و 2023 چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و پەروەردە و تەندروستی جێبەجێ كراون، لە بوارەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و پەروەردە و ئاودێری و ڕێگەوبان و شارەوانی، لە ساڵی 2023 بە بڕی زیاتر لە سێ ملیار دینار 56 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە دارەتوو ئەنجام دراون، ئەم پڕۆژانەش بوارەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و ئاودێری و كارەبا و شارەوانی لەخۆ دەگرێت. لە ئەمساڵیشدا كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگی دیكەمان بۆ جێبەجێ كرا، كە هەندێكی لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانییە و هەندێكیشیان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێرە، بە تێكڕای بودجەی تەرخانكراو بۆ ئەو پڕۆژانە ساڵی 2024 زیاتر لە پێنج ملیار دینارە كە هەندێك لە پڕۆژەكان تەواو كراون و هەندێكیشیان لەژێر جێبەجێكردندان، پڕۆژەكانیش بریتین لە بەدووسایدكردنی سێ شەقام، كە یەكێكیان شەقامی دوو سایدی گەڕەكی ژینە و دوو سایدی دووەم لە ناوچەی پیشەسازی بۆ دارەتووی نوێیە و سێیەم ڕێگە لەو دوو سایدانە دەكەوێتە نزیك فەرمانگەی كارەبای دارەتوو، هەرسێ پڕۆژەی ئەو دوو سایدانە لەژێر جێبەجێكردنن و بودجەكانیشیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و پەرەپێدانی پارێزگاوە تەرخان كراوە، ئەو كار و پڕۆژانەی ئاماژەمان پێ دا، هەر هەمووی لە بەرنامە و پلانی ساڵی ڕابردوو بوون، هەروەها بۆ بەرنامە و پلانی ساڵی 2024 چەندین پڕۆژەمان لە بوارەكانی ئاوەڕۆ و كارەبا و ئاو خراوەتە پلان و بەرنامەی كاركردنەوە، كە پلانی پڕۆژەكان بە بڕی چوار ملیار و 500 ملیۆن دینارە، كە ئەو پلانەشمان لەلایەن ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەكو شارەوانی و پارێزگاری هەولێر ڕەزامەندییان لەسەر دراوە.
* بەو پێیەی دارەتوو جگە لەوەی نزیكە لە ناو سەنتەری شاری هەولێرەوە، هاوكات بە شێوەیەكی زۆر خێرا فراوان دەبێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە تا چەند ئەم پڕۆژانەی ڕێگەوبان و دروستكردنی شەقامە نێوخۆییەكان بۆ دانیشتووانی ناحیەكە گرنگن؟
- بەپێی توانای بەردەست بەڕێوەبەرایەتییەكانمان كەمتەرخەم نەبوون لە دروستكردنی ڕێگەوبان و شەقامەكان، هەر وەكو ئاماژەم پێ دا، تەنیا لەم ساڵی 2024 سێ شەقام و ڕێگەی گرنگ و ستراتیژی لە سەنتەری ناحیەی دارەتوو لە ژێر جێبەجێكردندان، كە بە تەواوبوونی ئەو سێ شەقامە دوو سایدە جگە لەوەی ئاسانكارییەكی زۆر و تەواو بۆ هاتووچۆ دەستەبەر دەبێت، هەروەها جوانییەكی زۆر و هاوچەرخ بە گەڕەك و سەنتەری ناحیەكە دەبەخشێت. هاوكات لەو چەند ساڵەی ڕابردوو و لە ئەمساڵیشدا لە چەندین گەڕەك و كۆڵانی ناو سەنتەری شارۆچكەكە كار و پڕۆژەی قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردن جێبەجێ كراون. دەتوانم بڵێم كەم گەڕەك و شوێن لە سەنتەری ناحیە و گوندەكانی سنوورەكەدا ماوە كە شەقام و كۆڵان و ڕێگەكانیان قیرتاو نەكرابێتەوە، هەروەها ڕێگەیەكی یەك ساید لە دارەتووەوە بۆ باغەمنارەی شەهاب بە شێوەیەكی زۆر جوان و هاوچەرخ دروست كراوە، ئەو ڕێگەیەش بووەتە جوانكاری و ئاسانكارییەكی باش بۆ هاووڵاتیانی ناحیەكە دەكات.
* بەپێی هەڵكشانی ژمارەی دانیشتووانی ناحیەكەتان بێت، پێداویستی و داواكارییەكانی دروستكردنی بینایەی قوتابخانەكان زیادی كردووە. ئایا لەم بوارەوە وەزارەتی پەروەردە چ پڕۆژەیەكی نوێی لە دارەتوو جێبەجێ كردووە؟
- تا دێت ژمارەی قوتابیان زیاد دەكات و قوتابخانەكان قەڵەباڵغ دەبن، بۆ نموونە لە گەڕەكی ژین جگە لەوەی گەڕەكێكی فراوان و تازەیە و خەڵكەكەی زۆربەی گوزەرانیان مامناوەندە و ژمارەیەكی زۆر قوتابییان هەیە، لە ساڵی 2022 قوتابخانەیەكی 18 پۆلییان بۆ چووە قۆناغی جێبەجێكردن و لە ساڵی 2023 كاركردن تێیدا كۆتایی هات، لە ئێستادا پڕۆسەی خوێندن تێدا دەستی پێ كردووە و چووەتە خزمەتی خەڵك و هاووڵاتیانی گەڕەكەكە، بە شێوەیەكی گشتی لە كەرتی پەروەردە و دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی بینایەی قوتابخانەكاندا كاری باش كراوە، ئەوەتا تەنیا لە دروستكردنی ئەو قوتابخانە هاوچەرخ و گەورەیەدا دوو ملیار و 600 ملیۆن دیناری بۆ خەرج كراوە و، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ژمارەیەكی زۆری قوتابخانەكانیش نۆژەن كرانەوە، بەمەش لە بواری پەروەردە و بینایەی قوتابخانەكاندا كێشە و گرفتەكانمان كەمی كردووە.
* ئەی سەبارەت بە كەرتی تەندروستی ئایا تا چ ڕاددەیەك ئەم كەرتە بەپێی هەڵكشانی ژمارەی دانیشتووانی ناحیەكەتانە و پێویستیتان بە چی هەیە؟
- وەكو دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ناحیەكە بەرفراوانتر دەبێت و ژمارەی دانیشتووانەكەشی زیاد دەكات، ئەمە وا دەكات كە لە ڕووی كەرتی تەندروستییەوە داوكاری و پێداویستیی زیاتر هەبێت. لە ئێستادا لە سەنتەری ناحیەكەدا دوو بنكەی تەندروستیی باشمان هەیە، كە بنكەی تەندروستیی خواكورك (24) كاتژمێر لە خزمەتی نەخۆش و خەڵكەكەدایە، لە لایەكی دیكەوە هەرچەندە ناحیەی دارەتوو لە ناوەندی شاری هەولێر نزیكە، بەڵام هەر پێویستیمان بە نەخۆشخانەیەكی گشتی و قەرەوێڵەیی هەیە.
* وەكو دەزانین سنووری دارەتوو بە سەنتەری شارۆچكەكەشەوە چەندین كەند و بەستی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەم شوێنانە لە وەرزی بارانبارین و زستاندا هۆكاربوون بۆ دروستبوونی لافاو، چیتان بۆ ئەو بەست و شوێنانە كردووە تاوەكو نەبنە هۆكاری زیانەكانی لافاو؟
- بۆ ئەو بەست و كەندانەی كە كاریگەریی زۆریان بۆ لافاو هەیە لە سنوورەكەدا لایەنی پەیوەندیدار لە ڕێگەی بەربەست و تۆنێل و ئاوەڕۆوە كار و پڕۆژەی باش و گرنگیان بۆ ئەنجام داوە، كە ئەو كارانە دەبنە هۆی ئەوەی كە جارێكی دیكە لەو شوێن و سنوورانەدا لافاو ڕوو نەدات. ئەو بڕە ئاوانەی لەو كەند و بەستانەدا لە ڕێگەی پڕۆژەكانەوە گل دەدرێتەوە، یان دەست دەكەوێت، دەتوانرێت بۆ كاری ئاودێری لە سنوورەكەدا سوودی لێ وەربگیرێت.
* ئەو سنوورەی دارەتوو چەندین شوێنی هەیە كە گونجاوە بۆ پۆند و بەنداوی بچووك كە جگە لەوەی بۆ دەوڵەمەندبوونی ئاوی ژێرزەوی پێویستە، هاوكات بۆ پڕۆژەكانی كشتوكاڵیش گرنگیی زۆریان هەیە. ئایا پڕۆژەی بەنداو لە دارەتوو جێبەجێ كراوە؟
- لە سنووری ناحیەی دارەتوو بەنداوێكی بچووك یان پۆندێك لەسەر كەندی گردیش كە لە گوندی باغەمرە نزیكە، لەژێر جێبەجێكردنە، كە بۆ گلدانەوەی ئاو و زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی و پاراستنی ناوچەكە لە لافاو زۆر گرنگ و پێویستە، لە گوندی هەڵەجە و بیستانەش دوو پۆنتی دیكە بڕیارە دروست بكرێن، كە ئێستا دیزاین و ڕێكارە هونەری و داراییەكانی تەواو بووە، لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا هەردوو پڕۆژە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
* وەك باس دەكرێت بە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوییەوە ڕووبەڕووی كێشەی كەم ئاوی بوونەتەوە، ئایا تا چەند توانیوتانە ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن؟
- لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەویدا كێشەكانی كەم ئاوی لە تەواوی سنوورەكەماندا زیادی كردووە، بەتایبەتی كە ئاوی ژێر زەوی ئاستەكەی زۆر دابەزیوە و بیرەكانی ئاوی خواردنەوە وشكیان كردووە، بەڵام ئێمە و لایەنی پەیوەندیداری وەكو وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر و دەوروبەر و فەرمانگەی ئاوی دارەتوو دەستەوەستان ڕانەوەستاوین، بەڵكو بەپێی ئەو بەرنامە و پلانانەی كە لە كابینەی نۆیەمدا جەختی لەسەر كراوەتەوە، كە دەبێت بەو پەڕی هێز و تواناوە كار بۆ خزمەتگوزاریی هاووڵاتیان بكرێت، لەم سۆنگەیەوە هەر بیرێك ئاوی كەمی كردبێت، ئەوە بۆڕی بۆ قووڵایی زیاتر بۆ زیاد كراوە و ئەو بیرانەشی كە بە تەواوی وشكیان كردووە، ئەوە بیری بەدیلیان بۆ لێدراوە. هەر لەو بارەوە ئەمساڵ سێ بیری ئاوی خواردنەوە لە ناو سەنتەری ناحیەی دارەتوو هەڵكەندراوە و لە ئێستادا دوو بیریش لە باغەمنارەی شەهاب لێ دەدرێت، لەو شوێنانەی كە پێویست بێت تۆڕی دابەشكردنی ئاویان بۆ زیاد بكرێت، یان تۆڕەكە بە تەواوی بگۆڕدرێت، كارمان بۆی كردووە، لە زۆر شوێنیش بۆ كەمكردنەوەی شوێنەواری كێشەكە توانیومانە لە ڕێگەی تانكەرەوە ئاوی خواردنەوە بگەیەنینە هاووڵاتیانی ئەو گەڕەك و كۆڵان و ماڵانەی پێویستیان بووە، بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوە لە ناحیەكە و سنوورەكە زیاتر لە ملیارێك دینار خەرج كراوە.