ســـەرۆک بـــارزانـــی لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان: پێداگریی لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەمان دەكەینەوە
سەرۆک بارزانی لە پەیامی 36ـەمین ساڵیادی ئەنفالکردنی بادینان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: پێداگریی لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەمان دەكەینەوە؛ ئەو تاوانانە نابێ لەیاد بكرێن و پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و تاوان و هەموو ئەو ستەمكارییانە بكات كە لە دژی میللەتەكەمان کراون.
بارەگای بارزانی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بڵاوکردووەتەوە تێیدا هاتووە "سی و شەش ساڵ لەمەوبەر لە بیست و پێنجی ئابی 1988 هەتا شەشی ئەیلوولی 1988 لەدرێژەی زنجیرە تاوانەكانی ڕژێمی عێراق لەدژی خەڵكی كوردستان، بەشێكی زۆری ناوچە و گوندەكانی دەڤەری بادینان، لە لایەن هێزەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراقدا كەوتنە بەر شاڵاوی نامرۆڤانەی كیمیابارانكردن و گرتن و كوشتن و ڕاگواستن و ئەنفالی هاووڵاتیانی بێ تاوان".
هەروەها ئاماژەی داوە "لە ئەنجامی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە بە هەزاران هاووڵاتیی كوردستان شەهید و بێ سەروشوێن و ئاوارە كران و سەدان گوندیش خاپوور بوون. ئامانجی ئەو تاوانەی ڕژێمی پێشووی عێراق شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ پشتیوانیكردنی شۆڕش و درێژەپێدان بە سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافیی كوردستان بوو".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاندووە "لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەو تاوانە و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین و بە توندیش پێداگریی لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەمان دەكەینەوە. ئەو تاوانانە نابێ لەیاد بكرێن و پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و تاوان و هەموو ئەو ستەمكارییانە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە".