كە‌سوكاری ئەنفالكراوان داوای هێنانەوەی ڕوفاتی قوربانییانی ئەنفال دەكەن

كە‌سوكاری ئەنفالكراوان داوای هێنانەوەی ڕوفاتی قوربانییانی ئەنفال دەكەن

 

 

ئاشكرایە تاوانەكانی ڕژێمی بەعس دەرهەق بە خەڵكی كوردستان زۆرن و نكۆڵیش لەوە ناكرێت كە هەندێ لەو تاوانانە برینی هێندە قووڵ و بەسوێیان جێ هێشتووە كە هەرگیز ساڕێژ نابن. تەعریب و ڕاگواستن و ئەنفال و كیمیاباران، گەورەترین تاوانی دژی مرۆڤایەتین كە ڕژێمی بەعسی عێراق بە دەڕندانەترین شێوە لە دژی كوردستانییان پیادەی كردووە. لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا ئافرەتان هەم بوونە قوربانی و هەم خاوەنی قوربانی بوون، ئێستا ئەوان هەزاران چیرۆكی ناخهەژێنیان لە ناخدایە. هەر یەكەو خاوەنی چیرۆكی خۆیەتی، كە بریتین لە سەردەمی ڕۆژانی تاڵی ژیانیان لە زیندانەكانی سەماوە و نوگرە سەلمان و تۆپزاوە، ئەو چیرۆكانەش پڕن لە ئازار و برسێتی و تینوویەتی و دەستدرێژیكردن بۆ سەر جەستە و دیمەنەكانی دابڕانی دایك و باوك لە منداڵەكانیان و برا و خوشك و هاوسەرەكان لە یەكتری و جیاكردنەوەیان، بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتە ڕاوسەرنجی خۆیان بۆ خوێنەرانی گوڵان دەخەنەڕوو.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

پرۆسەی ئەنفال لە 23ی شوباتی 1988 دەستی پێ كرد و لە شەش ناوچەی جوگرافیی باشووری كوردستان و بە هەشت قۆناغ ئەنجام دران، سەرجەم قۆناغەكانیش لە 6ی ئەیلوولی 1988 كۆتایی هات، ئەم شاڵاوە بووە هۆی وێرانكردنی نزیكەی (4000) گوند و (4) قەزا، (30) ناحیە و (3100) مزگەوت و (100) كڵێسا، لە ڕووی ئاژەڵدارییەوە بووە هۆی بەتاڵانبردنی دوو ملیۆن سەر مەڕوماڵات و ئاژەڵ و زیانی زۆری مرۆیی و ژینگەییشی لێ كەوتەوە.

قۆناغەكانی شاڵاوی جینۆسایدكردن- ئەنفال

٢١/٢/١٩٨٨ تا ١٨/٣/١٩٨٨: یەكەم قۆناغ كە لە دۆڵی جافایەتی دەستی پێ كرد.

٢٢/٣/١٩٨٨ تا ١٤/٣/١٩٨٨: قۆناغی دووەم كە لە ناوچەی قەرەداغ دەستی پێ كرد.

٣١/٣/١٩٨٨ تا ١٤/٤/١٩٨٨: قۆناغی سێیەم كە لە گەرمیان دەستی پێ كرد.

٢٠/٤/١٩٨٨ تا ١٨/٤/١٩٨٨: قۆناغی چوارەم كە لە ناوچەی گۆپتەپە، عەسكەر، شوان، قەڵاچوغە، دەشتی كۆیەی دەستی پێ كرد.

٢٤/٥/١٩٨٨ تا ٣١/٨/١٩٨٨: قۆناغی پێنجەم، شەشەم و حەوتەم كە ناوچەكانی شەقڵاوە و ڕواندزی گرتەوە.

٢٥/٨/١٩٨٨ تا ٦/٩/١٩٨٨: كە ناوچەكانی بادینانی گرتەوە.

هاوكات قۆناغەكانی ئەنفالی بارزان چوار قۆناغ بوون:

قۆناغی یەكەم: لە بەرواری (30/7/1983) ژمارەیەك لە كەسایەتی و شێخانی بارزان جینۆساید كران.

قۆناغی دووەم: لە(31/7/1983) لە ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی قوشتەپە بە ناوی (قودس و قادسیە) ژمارەیەكی زۆری بارزانییەكان لە ڕەگەزی نێر زیندەبەچاڵ كران.

قۆناغی سێیەم: لە (10/8/1983) پیاوان و كوڕانی بارزانییەكانی ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی (دیانا و حەریر و بەحركە و گۆڕەتوو...) كۆمەڵكوژ كران.

قۆناغی چوارەم: لە (1/10/1983) ئەم جارەیان زۆر چڕتر لە جارەكانی دی ماڵ بە ماڵ زۆر بە وردی گەڕان، هەرچی نێرینەی بارزانی مابوون، دەستگیركران و پاشان كۆمەڵكۆژ كران.

نەشمیل جەوادی تەمەن 56 ساڵ، یەكێكە لەو هەزاران كەسانەی كە خۆی و خزمانی نزیكی بەر پرۆسەی بەدناوی ئەنفال كەوتوون و بەم جۆرە باسی نەهامەتییەكانی ژیانی خۆی دەكات: «خۆم و دایك و خوشك و براكانم بەر پرۆسەی ئەنفال كەوتین، ساڵی 1988 لە ترسی سوپای عێراقی و جاش و مستەشارەكان خۆمان لە دەرەوەی ئاوایی حەشار دەدا، شەوانە لە دەشت و دەر دەماینەوە، ڕۆژێك هاتن چوار دەوری گوندەكەیان داین و گەورە و ژن و پیاو و منداڵیان بە زیلی عەسكەری گواستنەوە، دوو شەو لە قۆڕەتوو ماینەوە، دوای ئەوە شەوێكیش لە تۆبزاوە ماینەوە، ئەو شەوە دەستیان لە كەس نەدەپاراست، بە ژن و پیاوەوە لێدانمان خوارد، هەر لە تۆبزاوە ژن و پیاو و پیریان لە یەكتر جیا كردەوە، گەنجەكانیش بە هەمان شێوە جیا كرانەوە، ئینجا بەرەو دبز ڕایانگواستینەوە و شەش مانگ و دوازدە ڕۆژ لە دبز ماینەوە، تاوەكو لێخۆشبوونی گشتی دەركرا، ئەوكات ئازاد كراین، ماوەی ئەو شەش مانگە ژیانمان زۆر ناخۆش بوو، ئازار و ئەشكەنجە و ناخۆشی زۆرمان چەشت، من ئەو كات دووگیان بووم، پاشان لە زیندان منداڵەكەم لە دایك بوو، بێ ئەوەی هیچ پێداویستی و جلوبەرگێكم لابێت زۆر بە زەحمەت بەخێوم كرد، لەسەر زەوی دەمخەواند و پارچە مقەبام دەخستە ژێری، ئێستا ئەو كچەم لە كفری مامۆستایە و دایكی سێ منداڵە، لەو زیندانەدا هەر چوار دەورەمان دیوار و سیم بوو، تەنیا ئاسمانمان لێ دیار بوو، ڕۆژانە خەڵكەكەیان قافڵە قافڵە بە ئۆتۆمبێلی سەوزی موقەپەت دەبردن بۆ زیندانی نوگرە سەلمان، یەكەم قافڵە دایكم و خوشك و براكانم لای ئێمە گوازرانەوە، كاتێك دایكم و منداڵەكانیان برد، من زۆر هەوڵم دا بمبەن بۆ لای ئەوان و نەمویست لێیان داببڕێم، یەكێك لە عەسكەرەكان پێی گوتم: هەی نەگبەت ئەوانە دەبرێنە بیابان و نیوەیان لە ڕێگە دەمرن و بەشێكیشیان زیندەبەچاڵ دەكرێن. سەرەنجام ئەوان هەموویان تیاچوون، تەنیا من ڕزگارم بوو، من ئێستا شەش برام و چوار خوشكم و دایكم و باوەژنم و برازاكانم ئەنفالن و تا ئێستا بێ سەر و شوێنن و ڕوفاتەكانیشیان نەهاتنەوە.بەداخەوە نە حكومەتی هەرێم، نە حكومەتی عێراقی وەكو پێویست قەرەبوویان نەكردینەوە، بەشێكی زۆری وارسی ئەنفال خانوویان بۆ دابین نەكراوە، منداڵی قوربانییانی ئەنفال دوای تەواوكردنی خوێندن دانامەزرێن و زۆربەیان بە هۆی هەژارییەوە كرێكاری دەكەن، منداڵە جاش و مستەشارەكان ڕێز و حورمەتیان دەگرن و بارودۆخ و مەعیشەتیان زۆر لە منداڵە شەهید و ئەنفال باشترە. داواكارین لانیكەم ڕوفاتی ئەنفالەكان بگەڕێننەوە زێدی خۆمان و ئێمەی خاوەن شەهید و ئەنفال بچینە سەر گۆڕی كەسوكارەكانمان و بە فرمێسكڕشتن كەمێك دڵمان ئارام بێت. بەداخەوە ڕوفاتی ئەنفالی گەرمیان تەنیا بەشێكی كەمی گەڕاوەتەوە».

قەمەری تەمەن 60 ساڵ، دانیشتووی كەلارە و سەبارەن بەو كارەساتانە دەڵێت: «لە 14 ی 4ی 1984چەند ڕۆژێك پێش پرۆسەی ئەنفال، براكەم كە پێشمەرگەی پارتی بوو، شەهید كرا، بە ناوی (شەهید سەنگەر) من ئەو كات لەماڵ نەبووم لە خورماتوو بووم. ڕۆژێك جەیشی عێراقی بەسەر دێیەكەمانیان دا و باوكم و دوو برام لەگەڵ منداڵەكانیان ئەنفال كران، سەرەتا برانە دوبز، لەوێش بۆ بەندیخانەی ئەبوو غرێب، ئینجا برانە زیندانی نوگرە سەلمان، دوای شەش مانگ منداڵەكانیان هاتنەوە، بەڵام براكانم تا ئێستا بێ سەر و شوێنن، باوكم لە نوگرە سەلمان عەمری خوای كرد و ئێستاش گۆڕەكەی لە نوگرە سەلمانە، دوو خوشكم یەكیان شەش منداڵ و ئەوی دی هەشت منداڵی هەبوو، تا ئەمڕۆش خۆیان و منداڵەكانیان بێ سەروشوێنن، براژنێكم خۆی و نۆ منداڵی ئەنفالن و بێ سەروشوێنن، كاتێك جەیش هاتنمە دێیەكەمان زۆربەی ماڵەكانیان سووتاند و فەرهود و تاڵان كراین، لە كەلار ماڵ نییە ئەنفالی نەبێت، دوای هەموو ئەوانە تەنیا دایكم و خوشكێكم و چەند برازام گەڕانەوە. داواكارین ڕووفاتەكانیان بێننەوە بۆ ئەوەی كەمێك دڵمان ئارام بێتەوە چیدیكەش چاوەڕێی گەڕانەوەیان نەكەین و لە حەسرەتی هاتنەوەیان بە ئازارەوە نەمرین. داواكارین مووچەكانمان لە كاتی خۆیدا پێ بدەن نەك 45 ڕۆژ جارێك».

ئاسكە كەسوكاری ئەفال كراون و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «من دوو برا و خوشكێكم و براژنم و دوو برازام ئەنفال كراون و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە، دوای ئەوەی برانە قۆڕەتوو كەس هیچی لەبارەوە نەزانین و تا ئەمڕۆش بێ سەر و شوێنن. وەكو وارسی ئەنفال قەرەبوو نەكراومەتەوە، هەمیشە داواكاری ئەوەمان هەبووە ئاوڕ لە وارسی ئەنفال و شەهیدان بدرێتەوە و بارودۆخ و مەعیشەتمان باشتر بكرێت، بەڵام داواكارییەكانمان بێ ئەنجامن. وەكو كەسێكی ئەنفالكراو و كەسوكاری قوربانییانی ئەنفالی گەرمیان داواكارین گرنگیی زیاتر بە كەسوكار و وارسی ئەنفالكراوان بدرێت و دۆخی دەروونی و تەندروستیمان لەبەرچاو بگیرێت».

عیسمت سەعید تاقانەی ئەنفالە و یەكێكە لە شاهیدەكانی دادگاییكردنی سەدام ئەویش بەم جۆرە باسی ژیانی خۆی دەكات: «لە ١٤ی٤ لە ناوچەكەمان لە دەوروبەری كەركووك پرۆسەی بەدناوی ئەنفال دەستی پێ كرد، ژن و پیاو و پیر و منداڵیان ڕاپێچ كرد و بە زیلی عەسكەری گوازراینەوە بۆ توبزاوە، لە وێ لەژێر فشاری دەروونی و برسێتی و ئەشكەنجەدان ماوەی سێ مانگ ژیانمان بەسەر برد، لە زیندان زۆربەی خەڵكەكە تووشی نەخۆشی پێست و سكچوون بوون، زۆربەی منداڵەكان و كەسە پیرەكان گیانیان لە دەست دا، پاشان گوازراینەوە بۆ سجنی نوگرە سەلمان، لەوێش هەمان ئێش و ئازار و ئەشكەنجەدان بوونی هەبوو، سەرەڕای برسێتی و تینوویەتی و پیسیی ناو نوگرە سەلمان كە بەشێكیان تووشی نەخۆشی بوون و زۆربەشیان مردن، تەنانەت خەڵكانێك زیندەبەچاڵ كران، هەروەها ئیهانەكردن و تەعەدداكردن و قسەی نەشیاو لەلایەن ئەفسەرانی بەعس بەتایبەت لەلایەن (حەجاج و شەمخی وحەمزە حەلاوی كەس لە بیری ناچێت. كەسوكاری ئەنفال هیچیان بۆ نەكراوە و قەرەبوو نەكراینەوە، زۆریان لە ژیان نەمان بە هۆی تەمەن گەورەیی هیچیان بۆ نەكرا».

 

Top