كەریم سلێمان بۆ گوڵان: بۆ ئازادكردنی شنگال زیاتر لە 500 پێشمەرگە شەهید و نزیكەی 2000 پێشمەرگە بریندار بوون
كوردانی ئێزدی ڕووبەڕووی كارەسات و كۆمەڵكوژیی زۆر بوونەتەوە، بەتایبەتی لە دوای هاتنی تیرۆریستانی داعشەوە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵ و تێكۆشانێكیان كردووە بۆ بەرگریكردن لە ماف و پێگەی ئێزدییەكان، ئەم پرسە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری سەرەكیی دیدارێكی گوڵان لەگەڵ كەریم سلێمان ڕاوێژكاری جڤاتی ڕۆحانیی كوردانی ئێزدی و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* لە شەڕی دژی داعش و پاشانیش ئەو كۆمەڵكوژییەی لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش دژی كوردانی ئێزدی ئەنجام دران، سەرۆك بارزانی بە شەخسی هاتە گۆڕەپانی شەڕەكە و بەڵێنی پێدان كە تۆڵەی ئەو كارەساتە لە تیرۆریستانی داعش دەكاتەوە، بەڵێنەكەی خۆیشی بردە سەر، ئایا ئەم داكۆكییەی سەرۆك بارزانی لە ئێوە چ مێژوویەكی لا دروست كردوون؟
- من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردانی ئێزدی لە شنگال و هەندێ دەڤەری دیكەی ئێزدییان لە نزیك قەزای شێخان، وەك كۆمەڵگەی بابیرێ، ئەوا لەو كاتەدا شاندێكمان پێكهێنا كە پێكهاتبوو لە جێگری میری ئێزدیان و بابەشێخ و ژمارەیەك لە كەسایەتیی ئێزدیی شنگال و ولاتێ شێخ، بۆ ئەوەی هاواری خۆمان بە جەنابی سەرۆك بارزانی بگەیەنین. ئێستاش جەنابی سەرۆك بارزانی لە هەموو دانیشتن و كۆبوونەوەیەكدا باسی ئەوە دەكات، ئەو ڕۆژەی هێرش كرایە سەر شنگال و كوردانی ئێزدی هیچ كاتێك لە بیر ناكرێت. لە هەقیقەتیشدا ئێمە وەك شاندەكە چووینە خزمەتی و بینیمان جەنابی سەرۆك بارزانی چەند خەمبار و دڵتەنگ بوو بەو كارەسات و جینۆسایدەی بە سەر كوردانی ئێزدیدا هاتبوو، هەر ئەو كاتەش بڕیاری دا و فەرمووی هەرچی لە توانادا بێت و بتوانم بیكەم، ئەنجامی دەدەم لە پێناو كەرامەت و شكۆی كوردانی ئێزدی، هەر ئەو كاتە ئەو ئاخافتن و بڕیارەی خۆی جێبەجێ كرد و خۆیشی ڕاستەوخۆ چەندین ڕۆژ لە گۆڕەپانی جەنگەكەدا بوو، كە ژمارەیەكی مەزن كە زیاتر لە 500 پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و نزیكەی 2000 پێشمەرگەش بریندار بوون لە پێناو ڕزگاركردنی شنگال، ئەوە بوو سەرۆك بارزانی بە سەرێكی بەرز و بە شكۆمەندی لەسەر چیای شنگال پەیامی خۆی ڕاگەیاند كە بڕیار و بەڵێنی خۆی گەیاندە جێ و شنگالی لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كرد، ئەوە بۆ ئێمەی كوردانی ئێزدی ڕۆژێكی مێژوویی بوو. من لە دێدارێكی جەنابی سەرۆك بارزانی ئامادە بووم، فەرمووی ئەو خۆشەویستەی لەلای ئێمە بۆ كوردانی ئێزدی هەیە، لە ڕێبازی مەلا مستەفای بارزانی -یەوە سەرچاوە دەگرێت، چونكە جەنابی مەلا مستەفا دەیفەرموو: «من بە چاوی خۆشەویستییەكی مەزنەوە دەڕوانمە كوردانی ئێزدی، لەبەر ئەوەی ئەوان دوو زوڵمیان لێ دەكرێت، زوڵمێكیان لەبەر ئەوەیە كە نەتەوە و زمانی ئەوان كوردی ڕەسەنە، زاڵمەكەی دیكەش كە دەرهەقیان دەكرێت، لەبەر ئایینەكەیانە»، لەلایەكی دیكەوە بۆ بەهەندوەرگرتن و پێزانینی ئێمە وەك كوردانی ئێزدی لە سەرانسەری دەڤەری ئێزدیان، لە باعەدرێ و شێخان و خانكێ و ئەو ڕێگەیەی بەرە و سەحێلا و بەرەو پێشەوەی بەرەی جەنگەكە كە جەنابی سەرۆك بارزانی دەهات، پێشوازییەكی زۆر گەورە و گەرمی لێ دەكرا، كە من و جەنابی میر و بابەشێخ و چەندین كەسایەتیی كوردی ئێزدی لەسەر ڕێگەی سەرەكیی باعەدرێ كە بۆ پیرمان دەگەڕایەوە، لە خزمەت و پێشوازیدا بووین، چونكە ئەو كار و هەڵویستەی جەنابیان ئەنجامی دا لە ڕزگاركردنی شنگال و دەڤەری كوردانی ئێزدی، مێژووییە و قەت ناتوانین لە بیری بكەین.
* جڤاتی ڕۆحانیی كوردانی ئێزدی یەكێكە لەو ئۆرگانە گرنگانەی كە تەعبیر لە ئیرادە و بۆچوونی كوردانی ئێزدی دەكات، ئایا ئەم جڤاتە ئەركە سەرەكییەكانی چین و چۆن هەماهەنگی لەگەڵ بارەگای بارزانی و دامەزراوەكانی حكومەت دەكات بۆ داكۆكیكردن لە مافی كوردانی ئێزدی؟
- ئەمە پرسیارێكی زۆر گرنگە، جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییان لە پێنج كەس و چەند ڕاوێژكار پێك دێت (كە من یەكێكم لەو ڕاوێژكارانە) سەرۆكی جڤاتی ڕۆحانی میر حازم تەحسین بەگە و ئەندامەكانی جڤاتەكەش بابەشێخ و پێشیمام و شێخی وەزیر و مەزنێ و قەواڵییە، كە ئەو جڤاتی ڕۆحانییە كۆنترین دەزگای ئایینییە لە ناو كوردانی ئێزدیدا، ئەو جڤاتە ماوە و مێژوویەكی زۆرە كاروباری ئایینیی كوردانی ئێزدی بەڕێوە دەبات و پەیوەندیی میری ئێزدیان و جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدیان لەگەڵ سەركردایەتیی كوردستان زۆر بەهێز و پتەوە، بەتایبەت لەگەڵ بارەگای بارزانی، هەر بۆیە هەر كێشە و ناخۆشییەك، یان پرسیارێك هەبێت، دەیگەیەنینە بارەگای بارزانی، هاوكات هەر داواكاری و كێشە و گرفت و پێویستییەكمان هەبێت، ئاراستەی سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی دەكەین، بە هەمان شێوەش دەیگەینینە لای جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و، لە هەر سێ لاوە جەنابیان دەرگایان واڵا كردووە بۆ جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدیان، هەر سێ دەزگای گرنگی كوردستان بۆ هەر داوا و ماف و كێشەیەكی ئێمە بەو پەڕی ئامادەییەوە ڕاستەوخۆ هەوڵی جێبەجێكردن و چارەسەركردنی دەدەن.
* سەبارەت بە كۆتای ئێزدییەكان لەسەر ئاستی عێراق، هەست دەكرێت كۆتایەكی كەمە لە چاو ژمارەی كوردانی ئێزدی لە عێراقدا، ئایا هەوڵتان نەداوە ئەو كۆتایە لەسەر ئاستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زیاد بكرێت؟
- مخابن كۆتای كوردانی ئێزدی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تەنیا یەك كورسییە، ئەگەرچی دەنگی كوردانی ئێزدی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زۆر لەوە زیاترە، بەڵگەش ئەوەیە پێنج كەسی كوردانی ئێزدی هەن كە سێیان لەسەر فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەك ئەندامیش لەسەر یەكێتی و ئەندامێكیش كۆتایە، كە ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت كوردانی ئێزدی ئەوەندە دەنگەیان هەبێت كە پێنج كەس بتوانێت وەك كوردی ئێزدی بچنە ئەنجومەنی نوێنەران، بۆیە هیچ مانایەك هەڵناگرێت كە كوردی ئێزدی تەنیا یەك كورسیی كۆتای لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەبێت، هەر بۆیە ئەو بابەتەمان پێش ئێستا بەرزر كردووەتەوە و گەیشتووەتە دادگای فیدڕاڵیی عێراق، دادگای فیدڕاڵییش بۆ ئەمە بڕیاری داوە كە یەك كورسیی كۆتا بۆ كوردانی ئێزدی لە بەغدا كەمە و دەبێت زیاتر بكرێت، بەڵام بەداخەوە تاوەكو ئێستا ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ نەكراوە.
* كوردانی ئێزدی بێجگە لە سنووری پارێزگای نەینەوا، لە سنووری پارێزگای دهۆكیش لە چەند ناوچەیەك هەن، بەڵام لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆك كەمتر نوێنەرانی كوردانی ئێزدی لە هەڵبژاردنەكان دەردەچن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای دهۆك دەنگی پێویست ناهێنن، ئایا ئێوە وەك جڤاتی ڕۆحانی هەوڵتان نەداوە لەگەڵ سەرۆك بارزانی چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە بدۆزنەوە؟
- بێگومان ئەو پرسیارە دوو بابەتە، بابەتی یەكەم پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەیە، كە جگە لەو پێنج ئەندامەی كوردانی ئێزدی لە ئەنجومەنی نوێنەران، پێویستە بەلای كەمەوە كورسییەك وەك نوێنەری كوردانی ئێزدی لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا و كورسییەكیش لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك بۆ كوردانی ئێزدی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەبێت، چونكە كوردی ئێزیدی چۆن لە شنگال و نەینەوا دەژین، ئاواش لە پارێزگای دهۆك هەن، لایەنی دووەمی پرسیارەكە ئەوەیە كە لە چەندین شوێن و ناوچەی دهۆك كوردی ئێزدی دەژین وەك (باعەدرێ و كۆمەڵگەی خانكێ و شاریا و 13تا14 گوندیش لە دەڤەری ئێدارەی زاخۆ) كوردی ئێزدی تێیاندا دەژین و ژمارەیەك لە كوردی ئێزدی لە ناو سەنتەری شاری دهۆك و هەولێر و شوێنی دیكەی هەرێمی كوردستان دەژین، بەڵام دەبینین كوردی ئێزدی لە پەرلەمانی كوردستان كۆتای نییە، بەڵام ئێمە لەبەر تایبەتمەندیی ئایینەكەمان چەندین جار داوامان كردووە كە پێویستە كۆتامان لە پەرلەمانی كوردستان هەبێت.
* ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو، سەرەتای ئەمساڵ پەرلەمانی ئەڵمانیا كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند، ئایا ئێوە وەك كوردانی ئێزدی چۆن سەیری ئەم هەڵوێستەی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەكەن و، چەند پەرلەمانی دیكە ئەم كۆمەڵكوژییەی بە جینۆساید ناساندووە؟
- لە ڕاستیدا ئەمە بڕیارێكی زۆر گرنگ بوو كە لە 20 خاڵ پێك دێت، كە پەیوەستن بە چارەسەركردنی كێشەی كوردانی ئێزدی و هاوكاری و هەماهەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، هەروەها ئەمە دەبێتە بڕیاری ژمارە 13، چونكە 12 وڵاتی دیكە پێش ئەو بڕیارەی پەرلەمانی ئەڵمانیا ددانیان بەوەدا ناوە كە جینۆساید دەرهەق بە كوردانی ئێزدی ئەنجام دراوە. هەروەها ئەم بڕیارە گرنگە، بە تایبەت بۆ ئەو كوردە ئێزدییانەی ژمارەیان نزیكەی 300 هەزار كەس دەبێت لە وڵاتی ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە چارەسەری كێشە و كاروباری ئەو پەنابەرە كوردانەی ئێزدی بدرێت.
* لەگەڵ ئەوەی ڕێككەوتنێك لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی بە ناوی (ڕێككەوتنی شنگال) واژۆ كرا بۆ ئەوەی بارودۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە و دەست بە ئاوەدانكردنەوەی بكرێتەوە و ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام ئەو ڕێككەوتنە جێەجێ نەكرا و ئاوارەكانیش هەر نەگەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان، ئایا هۆكاری جێبەجێنەكردنی ئەو ڕێككەوتنە بۆچی دەگەڕێتەوە و كێ ڕێگرە لە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە؟
- من پێم وایە باشترین چارەسەر بۆ كێشەی شنگال بە گشتی و بۆ كوردانی ئێزدی بەتایبەتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگالە، چونكە ئەو ڕێككەوتنە سێ خاڵی سەرەكی تێدایە، یەكەم پەیوەستە بە ئاساییكردنەوە و سەقامگیركردنی دۆخی ئاسایشەوە، دووەم پەیوەندیدارە بە بواری كارگێڕی و سێیەمییان بە بواری خزمەتگوزارییەوە، لە ڕاستیدا حكومەتی هەرێم ئامادەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدراڵ ڕێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكرێت، بەڵام حكومەتی عێراق كەمتەرخەمە، ئەوەی لەم ڕووەوە گرنگە ئەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگالی كردووەتە یەكێك لە مەرجەكانی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق.
* بوونی چەكدارانی پەكەكە لە شنگال فاكتەرێكی دیكەی ڕێگرە بۆ گەڕانەوەی خوشك و برا ئێزدییەكان بۆ شنگال، هەروەها باس لەوە دەكرێت كە چەندین كوڕ و كچی ئیزدییان ڕفاندووە و بە زۆر چەكداریان كردوون و ڕێگەیان نادەن كەسوكارەكانیشیان بیانبینن، ئایا پەكەكە چی لە كوردانی ئێزدی دەوێت؟
- لە ڕاستیدا ئێمە پێشتریش ئەوەمان دووپات كردووەتەوە كە پەكەكە دەتوانێت چالاكیی خۆی لە كوردستانی توركیا ئەنجام بدات، بەڵام ئەوە بوو پەكەكە هاتە شنگال و شەڕێكیان لەگەڵ داعش كرد، هەموو خەڵكی ناوچەكە و كوردانی ئێزدی ئەو كات و ئێستەش سوپاسیان دەكەین بۆ ئەو هاوكارییە، بەڵام ئێستا نە داعش و نە شەڕ لە ناوچەكە ماوە و پێویستە شنگال چۆڵ بكەن، چونكە بوونی پەكەكە لە شنگال نەبووەتە هۆكاری سەقامگیری و بەرقەراریی ئاسایش و گەڕانەوەی خەڵكەكە، بەڵكو بە پێچەوانەوە بوونەتە هۆكاری تێكدانی زیاتری بارودۆخەكە و ناسەقامگیری لە شنگال، پەكەكە كردەوەكانیان زۆر خراپە و جێگەی قبووڵ نییە كە هەڵدەستن بە ڕفاندن و فریودانی كچان و كوڕانی كوردانی شنگال و چەكداركردنیان، هەر بۆیە ڕۆیشتنی پەكەكە لە شنگال دەبێتە خزمەتێكی باش و بەرچاو و گەڕانەوەی تا ڕاددەیەك لە ئاسایش و سەقامگیری بۆ بارودۆخەكە، ئێمە دەمانەوێت و ئەمە داخوازیی هەموو كوردانی ئێزدی و شنگالیشە كە ئەو هێزە یاسایی و دەستوورییە، بەتایبەت ئەو هێزی پۆلیسەی كە بەپێی ڕێككەوتنی شنگال دادەمەزرێت، شنگال و سنوورەكە بپارێزن.