پاداشتی خێر و چاكەكانمان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز

پاداشتی خێر و چاكەكانمان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز

 

 دەربارەی پاداشتی چاكەكاری خوای گەورە دەفەرموێت:

(مَّثَلُ الَّذِينَ يُنفِقُونَ أَمْوَالَهُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ كَمَثَلِ حَبَّةٍ أَنبَتَتْ سَبْعَ سَنَابِلَ فِي كُلِّ سُنبُلَةٍ مِّائَةُ حَبَّةٍ ۗ وَاللَّهُ يُضَاعِفُ لِمَن يَشَاءُ ۗ وَاللَّهُ وَاسِعٌ عَلِيمٌ)  (261)

واتە: نموونەی ئەو كەسانەی لە ماڵ و سامانیان دەبەخشن لە پێناو خودای گەورە، وەكو نموونەی ئەو دەنكە دانەوێڵەیە وایە كە دەیچێنێت و دواتر حەوت گوڵ دەردەكات و، لە هەر گوڵێك سەد دانە دەنكە دانەوێڵەی تێدایە (كۆی گشتی دەبێتە حەوت سەد دەنك) ئەگەر خودای گەورە حەزی لێ بێت، بۆ كەسانێك كە (بڕوایان پتەوترە، یان چاكەكانیان بە باشترین و جوانترین شێوە دەبەخشن)، چەند قات زیاتری دەكات، بێگومان خودای باڵادەست موڵكی زۆر فراوانە و زانایە بە هەموو شتێك . لە ئایەتی دواتر دەفەرموێت:

(الَّذِينَ يُنفِقُونَ أَمْوَالَهُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ ثُمَّ لَا يُتْبِعُونَ مَا أَنفَقُوا مَنًّا وَلَا أَذًىً لَّهُمْ أَجْرُهُمْ عِندَ رِبِّهِمْ وَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ) (262)

واتە: ئەو كەسانەی لە سەروەت و سامانەكانیان دەبەخشن لە پێناو خودای گەورە، دواتر لەسەر كارەكانی نە منەت بە سەر هەژاراندا دەكەن و نە ئەزیەتیشیان دەدەن (لە كاتی پێدانی هاوكاری و لە ڕووی دەروونی)، جا ئەو كەسانە پاداشتیان لە لای خودای گەورەیە و هیچ ناخۆشی و ترسێك لەسەریان نییە.

پێغەمبەری نازدارمان لە بارەی بەخشین چەندین فەرموودەی هەیە لەوانە دەفەرموێت :

(اتَّقوا النَّار ولو بشِقِّ تمرةٍ فإنْ لم تجِدوا فبكلمةٍ طيِّبةٍ) ڕواه البخاری ومسلم.

واتە: خۆتان لە ئاگری (دۆزەخ) بپارێزن، ئەگەر بە لەتە خورمایەكیش بێت، ئەگەر ئەوەشتان لە توانادا نەبوو، ئەوە بە وشەی جوان .

بێگومان ئەگەر كەسێك بە بەخشینی لەتە خورمایەك بتوانێت خۆی لە ئاگری دۆزەخ بپارێزێت، ئەی ئەو كەسانەی خێری ئێجگار گەورە ئەنجام دەدەن، خوای گەورە ئاخۆ چۆن پاداشتیان دەداتەوە؟ لەوانە:

 1: دروستكردنی مزگەوت بە چەندین دەفتەر دۆلار .

2: دروستكردنی نەخۆشخانە .

3:دروستكردنی قوتابخانە .

4: دروستكردن و كڕین و دابینكردنی خانوو بۆ منداڵانی بێ باوك و نەخۆش و هەژار .

5:هەڵكەندنی بیری ئاو بۆ گەڕەك و گوندەكان بە شێوەی خێرخوازی.

 6: دابینكردنی جلوبەرگ بۆ منداڵی بێ باوك و هەژار و ئاوارە .

7: نەشتەرگەریكردنی نەخۆش لەسەر ئەركی خۆیان بە خێر .

8:دابینكردنی ئازووقە و نەفت و پێداویستیی ڕۆژانە بۆ هەژاران.

9: دانەوەی قەرز لە جیاتی كەسانێك كە قەرزارن و توانای دانەوەی قەرزەكەیان نییە .

10: هاوكاریكردنی قوتابیانی هەژار .

پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت :

(مَن ستَر أخاه المسلمَ ستَره اللهُ في الدُّنيا والآخرةِ ومَن فرَّج عن مسلمٍ كُربةً فرَّج اللهُ عنه كُربةً مِن كُرَبِ يومِ القيامةِ واللهُ في عونِ العبدِ ما كان العبدُ في عونِ أخيه .)

واتە: هەر كەسێك عەیب و كەموكوڕیی برایەكی موسڵمانی خۆی داپۆشێت و ستری بكات، خودای گەورە لە دونیا و ڕۆژی قیامەت كەموكوڕی و عەیبەكانی دادەپۆشێت و ستری دەكات، هەر كەسێكیش ناخۆشی و ئازار و بارقورسییەك لەسەر موسڵمانێك لا ببات، ئەوە خودای گەورە ناخۆشییەكانی قیامەتی لەسەر لادەبات، خودای گەورە هاوكاریی بەندەكەی دەكات، مادام بەندەكە هاوكاریی براكەی دەكات .

هەر لەسەر بەخشین و چاكەكاری پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت :

(الصدقةُ على المسكين صدقةٌ، وعلى القريبِ صدقتان: صدقةٌ وصِلَةٌ).

واتە: بەخشین بە هەژارێك كە نایناسی، یان خزمت نییە، ئەوە یەك بەخشینە، بەخشینیش بە كەسی نزیكت، ئەوا دوو چاكەیە، یەكەمیان بەخشینە و دووەمیان جێبەجێكردنی سیلەی ڕەحمە .

كاتێك لە هەندێك بەرنامەی تەلەفزیۆنی دەبینین كە خانوویەك دەكرێتە دیاری بۆ ماڵێكی بێ باوك، یان پەككەوتە، یان زۆر هەژار كە لە خۆشییان دەست دەكەن بە گریان و سوجدەی شوكر بۆ خودا دەبەن و نازانن بە چ زمانێك سوپاسی خێرخوازان و دەزگا خێرخوازییەكان بكەن، من بەش بە حاڵی خۆم لە شوێنی خۆمەوە لەگەل ئەوان فرمێسكی خوشی دەبارێنم و دەست دەكەم بە دوعاكردن بۆ خێرخوازان و دەزگا خێرخوازییەكان . بۆیە گرنگە مرۆڤی ژیر و عاقڵ لە پێش خۆی توێشوو بۆ قیامەتی بنێرێت و، قیامەتی خۆی بە چاكە و سەدەقەی دونیا ئاوەدان بكات .

وەكو مامۆستایەكی ئایینی نموونەم زۆر لایە لەسەر بەخشین، ماڵێك هەبوون ژنەكە هاوژینەكەی لە ڕووداوێكی هاتوچۆ لە دەست دابوو، خۆیشی لە ڕووداوەكەدا زامدار بوو، ئەو ژنە بە دوو سێ منداڵەوە لە ماڵی خەسووی دەمێنێت و خەسوویشی باری دارایی زۆر لەو خەراپتر بوو، خێرخوازێك مانگانە (50) هەزار دیناری بۆ بڕیبوونەوە، ڕۆژێكیان منیش لەگەڵی چووم و هەندێك ئازووقەی خێرخوازانیشمان بۆ بردن، لەوێ لێم پرسی: چیتان پێویستە؟ گوتی: تەباخمان نییە لەسەر تەباخی ماڵی خەسووم چێشت لێ دەنێین، هەندێك جار منداڵە بچووكەكەم كە تەمەنی پێنج ساڵە داوای هێلكە و ڕۆنێك دەكات، ناتوانم بۆی دروست بكەم. منیش گوتم: خێر دەبێت ئینشاڵا كە گەڕامەوە لە لای خزمێك باسم كرد، كە دووكانی ئەشیای كارەبایی هەیە، خوا لێی خۆش بێت ئێستا مردووە، گوتی: كام تەباخت پێ جوانە لە دووكانەكەم دەستی لەسەر دانێ و دیاری منە بۆ ئەوان، منیش دانەیەكی باشم هەڵبژارد و لەگەڵ ئەو برادەرە بۆمان برد، لەو كاتەی تەباخەكەمان هێنایە خوارەوە و لە ناوەندی حەوشە مقەبا و نایلۆنی سەریمان كردەوە و دەستم بەسەر منداڵەكە هێنا و گوتم: ئەوە هی مامەیەكە بۆ تۆی ناردووە، ئەوجا هەر هێلكە و ڕۆنی بخۆ، منداڵەكە لە دەوری دەسووڕایەوە و ماچی دەكرد، من ۆ هاوڕێكەشم بە چاوی پڕفرمێسكەوە هاتینە دەرەوە و توانای خواحافیزیشمان نەبوو.

بۆیە دەڵێم ئەی خواپێداوان دڵی منداڵی بێ باوك و هەژار و نەدارەكان خۆش بكەن، با خودای گەورەش دڵتان خۆش بكات. چونكە ماڵ بە بەخشین كەم ناكات، ئەوەش فەرموودەی پێغەمبەری خودایە.

وەكو دیارە مامۆستایانی ئایینی و خێرخوازان هەردەم بە دوای هەژاران و لێقەوماوان و ئاوارەكاندا دەگەڕێن كە جێگەی دەستخۆشییە .

جا ئەوەی جێگەی سەرنجە و پێویستە مامۆستایانی ئایینیی پایەدار زیاتر ئاگاداری بن و فێڵیان لێ نەكرێت، چونكە خەڵكانێك كە زەكات و سەرفیترە و سەدەقەكانیان دەدەن بە مامۆستا بۆ ئەوەی بیدات بە هەژاران، جا خەڵكانێكی فێڵباز و لەخوانەترس هەن، لایەنی عاتفی مامۆستا و خێرخواز و خەڵكی ڕادەكێشن و فلیم و سیناریۆیەك دروست دەكەن و جاری وا هەیە دەیدەن بە كاناڵەكان و سۆشیال میدیا بۆ ئەوەی هاوكارییان بكرێت. بەڵام لە بنەڕەتدا كەسێكی هەژار و لێقەوماو نییە و بگرە تەڵەكەبازە و فێل لەو خەڵكە دەكات .

 

 

 

 


 

مەلا ڕەعـد نووری ئۆمەربلی

 

بەڕێوەبەری مزگەوتەكان و پشكنین لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف

كارگێڕی لقی هەولێری یەكێتیی زانایان

Top