ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژە بەوە دەدات، لای هەموان ئاشكرایە، ئەو سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەرە، لە ترسی زۆرداری و تیرۆر و بەهۆی جیاکاری و سیاسەتی تایفەگەری و نەبوونی ئاسایش و ئارامی، ناوچەكانیان جێ هێشتووە و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەشی زۆریان لە كەمپەكان نیشتەجێ بوون.

ئەمڕۆ سێشەممە 11/4/2023، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی وڵاتانی دەوروبەر دەکات و سەرەڕای بارودۆخی سەخت و قەیرانی داراییش، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرەکیی میوانداریکردنی دەیان کەمپی ئاوارە و پەنابەرانی لە ئەستۆ گرتووە و لەڕووی ئابوورییەوە، تێچوونێكی زۆر كەوتووەتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان."

ئەوەش خراوەتە ڕوو: "لای هەموان ئاشكرایە، ئەو سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەرە، لە ترسی زۆرداری و تیرۆر و بەهۆی جیاکاری و سیاسەتی تایفەگەری و نەبوونی ئاسایش و ئارامی، ناوچەكانیان جێ هێشتووە و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەشی زۆریان لە كەمپەكان نیشتەجێ بوون، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سینگفراوانییەوە، هەوڵی یارمەتیدان و بەهاناوەچوونی ئاوارەكانی داوە و ئەزموونێكی سەركەوتووی لە میوانداریی ئاوارەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە خستووەتە ڕوو، هەروەها هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەش، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، باشترین نەخشەڕێگەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ژیانی ئاوارەکان و خەڵکی ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم كێشەكان لە ئارادایە و ئەو چاوەڕوانییە هەیە كێشەی ئاوارەكان و گەڕانەوەی سەربەرزانەیان بۆ ناوچەكانیان چارەسەر بكرێت."

وەزارەتی ناوخۆ لە ڕوونكردنەوەكەدا باسی لەوەش كردووە: "جێگەی داخە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لە بری ئاماژەدان بە هۆكارە سەرەكییەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاستەنگەكانی بەردەم ڕێككەوتنی شنگال، كەوتووەتە موزایەدەكردن و بڵاوكردنەوەی قسەی نامەسئوولانە و بێ بنەما لە بابەتی ئاوارەكان و بەكارهێنانیان بۆ مەرامی سیاسی، ئەم جۆرە دنیابینی و لێدوانانە شاردنەوەی خواستی ئاوارەكان و پەردەپۆشكردنی ڕاستییەكانە، بە هیچ شێوەیەك خزمەتی دۆخی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان ناكات."

لە ڕوونكردنەوەكەدا ئەوەش ڕاگەیاندراوە: "هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بە پلەی یەكەم، بوونی كۆمەڵێك هێزی نایاساییە لە دەڤەری شنگال و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنامەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵە لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، بەداخەوە هەتا ئێستا، بەناوی ئاوەدانكردنەوە، یارمەتیی ماددی پێشكەشی هێز و ملیشیا نایاساییەكان دەكرێت."

وەزارەتی ناوخۆ جەخت لەوەش دەكاتەوە: "ئەگەر وەزیری كۆچ و كۆچبەران و هاوئاوازەكانی هێندە ڕاستگۆن و پەرۆشی ژیانی ئاوارەكانن، با بێن كار بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال بكەن، ئەو كات هەم ئاوەدانكردنەوە ئاسانتر دەبێ و هەمیش ئەو ئاوەدانكردنەوەیە لە خزمەتی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان دەبێت."

Top