کارۆخ ئیبراهیم:دەمانەوێت لە هەشت دیواردا جیاوازییەك نیشان بدەین و تاكی كورد تەنیا لە بابەتی كرچوكاڵیی ڕۆژانەدا كۆنەكەینەوە

کارۆخ ئیبراهیم:دەمانەوێت لە هەشت دیواردا جیاوازییەك نیشان بدەین و تاكی كورد تەنیا لە بابەتی كرچوكاڵیی ڕۆژانەدا كۆنەكەینەوە

لە سەرەتای مانگی ڕەمەزاندا زنجیرە درامای (هەشت دیوار) كە ژمارەیەك ئەستێرەی و هونەرمەندی خاوەن ئەزموون و گەنج تێیدا بەشدارن، لە كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی نمایش دەكرێت، بۆ باسكردن لە چەند لایەنێكی زنجیرەكە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كارۆخ ئیبراهیم حەكیم دەرهێنەری زنجیرەكە كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

دیمانە/ خەلیل بلەیی

* بیرۆكەی (هەشت دیوار) چۆن درووست بوو؟
- هەشت دیوار هەڵگرتنی كۆمەڵێك چەمك و پەیامە، ئێمە لە نێو درامای كوردیدا ڕەنگە لە نەبوونی ئەو بیرۆكە و چەمكانەدا ژیا بین و نەمانتوانیبێت سنوورەكان بە تەواوی ببەزێنین، لە هەمان كاتدا نەمانتوانیوە چوارچێوەی فكری تاكی كورد لە بازنەیەكی گەورەتردا نیشان بدەین، چەند خاڵێك هەیە كە وامان لێ دەكات دەست بۆ ئەو سیناریۆ و بیرۆكانە ببەین، یەكەمیان ئەوەیە كە ئێمە دەمانەوێت جیاوازییەك نیشان بدەین كە ئیتر تاكی كورد تەنیا لە نێو كێشە كۆمەڵایەتییەكان و بابەتی كرچوكاڵی ڕۆژانەدا كۆنەكەینەوە، بەڵكو كارێك لەگەڵ یادەوەرییەكانیاندا بكەین، ئێستا درێژەپێدەری ئەم یادەوەرییانەیە كە ڕەنگە بەشێكیان لە بەردەستدا بێت، بێگومان بیرۆكەكە بە هاوبەشی لەگەڵ نووسەر و ڕۆماننووس كامەران خۆشناو بەیەكەوە دامانڕشتووە و نووسیومانە، بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاوێكی دیكە بهاوێین لە بابەتی نووسین و بەرهەمهێنانی درامای كوردیدا، چونكە نابێ بینەری كوردی لەو بازنەیەدا بهێڵینەوە كە دراما تەنیا یەكسانە بە كێشە كۆمەڵایەتییەكان، بەڵكو بە هۆی بینین و بیستن و ئەو ڕووداوانەی بەری دەكەوێت، شایەنی ئەوەیە كە ئاوێتەی بكەیت لەگەڵ بیرۆكە، بینین، شێواز و پەیامی نوێ و جیاواز.

کارۆخ ئیبراهیم:دەمانەوێت لە هەشت دیواردا جیاوازییەك نیشان بدەین و تاكی كورد تەنیا لە بابەتی كرچوكاڵیی ڕۆژانەدا كۆنەكەینەوە

* ئامانجتان لە كۆكردنەوەی هونەرمەندە بە ئەزموون و لاوەكان چی بووە؟
-لەسەر بنەمای پەیوەندیی تاكەكەسی ئەو كارەمان ئەنجام نەداوە و ڕۆڵەكانمان دابەش نەكردووە، بەڵكو بەپێی پێویستی كارەكە ئەكتەرەكانمان هەڵبژاردووە و گومان لەوەدا نییە كە كاری هونەری نەبەستراوەتەوە بە نەوەیەكی دیاریكراو لە هونەرمەندان، بەڵكو كۆمەڵێك نەوە لە قۆناغ و سەردەمی جیاواز پێویستە بۆ ئەوەی بونیادی درامای پێ بكرێ، تەنانەت لە نێو خێزانەكانی خۆیشماندا هەموویان یەك تەمەن و بیركردنەوە و بۆچوونیان نییە، بە پێچەوانەوە لە چوارچێوەی یەك خێزاندا، بەڵام لە زۆر شتی جیاواز دەردەكەون، ئێمە هەوڵمانداوە لەسەر ئەو بنەمایە هەڵیانبژێرین، لە هەمان كاتیشدا كاركردنمان لەگەڵ ئەوە نەوە زێڕینە مانای بەردەوامییە و كۆمەڵێك ئەستێرەی زۆر باشمان هەیە لە دونیای هونەردا كە دەتوانین بە یەكەوە پرۆسەیەكی هونەریی جوان بەرهەم بهێنین، بۆیە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هونەرمەندانی پێش خۆمان و لە داهاتووشدا سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئێمە ئەگەر باش بێت، واتە درێژە پێدەری ئەوەیە كە پرۆسەی هونەری بە دیوە ڕاستەكەیدا بڕوات نەك دیوە چەوتەكە.
* پەیامتان لە (هەشت دیوار) چییە؟
- پەیاممان بریتییە لەوەی نیشانی بدەین كە چیمان هەبووە و چیمان لە دەستدایە و چیمان بە دەستهێناوە، ئەو خاڵە گەورانەی كە سەردەمانێك شانازیمان پێوە كردووە لە كوێ ماینەوە و كامیان ون بووە، (هەشت دیوار) سەر لە نوێ ئەپدەیتی خێزانی كوردی دەكاتەوە كە هەندێك پرەنسیپ و یاسا و ڕێسای جوان هەبووە، كە خێزانی لەسەر بونیاد نراوە، جگە لەوەی دەیانگەڕێنینەوە بۆ چل ساڵی پێش ئێستا، هەوڵمانداوە بە هەموو دیو و سێكتەر و گۆشەیەكدا كار لەسەر ئەو بابەتە بكەین.
هەر كارێك ئەگەر بزانم ئامادە نەبێت بۆ نمایش و بەرهەمهێنان دەستی بۆ نابەم وەك ئەزموونێك كە لەسەرم حیسابە و وەك ئەركێكیش، كە پێموایە زەرورە بیر لەوە بكەین چی دەكەین، ئەركەكان دابەش كراون هەندێك كەس ئیش دەكەن كە ئێمەین و هەندێك كەسیش تەنیا قسە دەكەن كە ئەوانن، هەردووكمان خزمەتی یەكتری دەكەین، خاڵێكی دیكەش هەیە كە لە دەستمان بێت و نەیەت هەر كار دەكەین، بە هەمان شێوە ئەوانیش هەر قسە دەكەن، واباشە وەك قسەیەكی ڕەق سەیری نەكەن.

کارۆخ ئیبراهیم:دەمانەوێت لە هەشت دیواردا جیاوازییەك نیشان بدەین و تاكی كورد تەنیا لە بابەتی كرچوكاڵیی ڕۆژانەدا كۆنەكەینەوە

* لە سۆشیال میدیا قسە دەكرێت و ڕەخنەش لە هەر كارێك دەگیرێت، ئەو ڕەخنانەی لە هەشت دیوار گیراوە، چەندی ڕەخنەی بونیادنەر بووە و چەندی تەنیا ڕەخنە بووە لەپێناو ڕەخنەگرتنی بێ ئامانج؟
- سۆشیال میدیا سەكۆیەكە كە هەر كەسێك دەتوانێت لەو ڕێگەیەوە بە مۆبایلەكەی هەرچی بیەوێ بینووسی و بیڵێت، مامەڵەی ئێمە لەگەڵ سۆشیال میدیا بە ئاراستە باش و خراپەكەی لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە، ئەگەر بونیادنەر بن و لە جێی خۆیان بن ئەوا دەبێتە وانەیەك بۆمان كە زیاتر فێر ببین، ئەمەش سوودێكی زۆری بۆ ئێمە هەیە، بە پێچەوانەوە ئەگەر سەرنج و تێبینییەكان ڕووخێنەریش بن، زۆر زۆر ئاساییە و نیشانەی ئەوەیە كە لە كۆمەڵگەدا كەسانێك هەن كە ئاراستەیەكی جیاواز كار دەكەن، من خۆشم حەزم لە جیاوازییە، مەرج نییە هەموو كەسێك ڕای لە كارەكەی من بێت یان دژی بێت. بە گشتی هەموو سەرنج و تێبینییەكان لە ئەنجامی بینینی دراماكەوە درووست بوون، كەواتە (هەشت دیوار) سەرنج و تێبینیی درووست كردووە، ئەمەش بەقەد قورساییەكەی سوودی بۆ ئێمە هەیە، مرۆڤ كە كارێك ئەنجام دەدات پێویستە گوێ بگرێت، بخوێنێتەوە و بەرگەی هەموو ئەو ڕەخنە و پێشنیارانە بگرێت كە ئاراستەی دەكرێن، دەبێ دڵمان بەوە خۆش بێت كەسانێك لەسەر پرۆژەیەكی هونەری بە گشتی قسە بكات، بەتایبەتیش لەسەر دراما، چونكە دراما بۆ خەڵكە و پەیامێكە بۆ تاك، ئەو تاكەش سەربەستە لەوەی چی دەڵێ و دەنووسێت و چی ئاراستەی ئێمە دەكات، ئێمەش پێویستە پێشوازیی لێ بكەین و بە دڵێكی فراوانەوە وەری بگرین و بە قازانجەوە بیخەینە سەرچاومان، بەڵام ئەوانەی كە ڕەخنەكانیان بونیادنەر نییە پێویستە بیر لەوە بكەنەوە كە پرۆسەی هونەری لەو وڵاتەدا بە چ ژان و دەردەسەرییەك درووست دەبێت، بە گشتی پرۆسەی هونەری دەبێ لەژێر تێفكرین و بیروبڕوای ئەو ڕۆشنبیر و هونەرمەندانەدا بێت دەرەوە كە كاریان تەنیا لێدان و قسەیە، ئەو كاتیش بەرەو ئاراستە باشەكە هەنگاو دەنێت، چونكە ئەوانەی ئیش ناكەن ڕێگرن لە بەرامبەر ئەوانەی ئیش دەكەن.

کارۆخ ئیبراهیم:دەمانەوێت لە هەشت دیواردا جیاوازییەك نیشان بدەین و تاكی كورد تەنیا لە بابەتی كرچوكاڵیی ڕۆژانەدا كۆنەكەینەوە

* باس لەوە دەكرێت كە دراماكە بە گشتی لە لۆكەیشن و ستایل و تەنانەت نواندنی ئەكتەرەكانیش لە شانۆ نزیكترە لەوەی كە دراما بێت، ئەمە تاچەند ڕاستە؟
- زۆر جار تاكی ئێمە تەنانەت ڕۆشنبیر و هونەرمەندانیشمان دەكەونە نێو هەڵەیەكی زانستی كە ژانر و ستایل و میتۆدەكان لە یەكتری جیا نەكەنەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە ڕەنگە كەم ببینن و كەم بخوێننەوە، ئەمەش بە شێوەیەكی ڕەها نییە، ئێمە كۆمەڵێك ژانر و میتۆد و ستایلی جیاوازمان لە زنجیرەكەی خۆماندا كۆكردووەتەوە و هەوڵیشمان داوە لە ڕووی دەرهێنانەوە خۆمان لە چوارچێوەی دوو ماڵ دەرباز نەكەین و، ئەگەر زۆر زۆر پێویست نەبێت نەچینە دەرەوەی سنووری ئەو ماڵانە و بەشێوەیەك نیشانی بینەری بدەین كە بە ئاسانی هەست بەو جیاوازییە بكات، پێمان سەیرە ئەگەر بڵێن شانۆیە و زنجیرە دراما نییە، چونكە دراما كۆمەڵە چیرۆكێكە كە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاراستەی خەڵك دەكرێت و ئەگەر بە دیوێك لە دیوەكان شانۆش بێت، خۆ شانۆ دایكی هونەرەكان، ئێمە ڕێز لەو بۆچوونانە دەگرین كە پێیانوایە لە شانۆوە نزیكە و ڕێز لەوانەش دەگرین كە پێیانوایە دراما نییە.
* ئاماژەیەك هەیە كە هەماهەنگی و لێكتێگەیشتن نییە لە نێوان هونەرمەندان بە ئەزموونەكان و گەنجەكان، لە هەشت دیوار هەوڵتان داوە كە ئەو جیاوازییە نەهێڵن؟
- من پێموایە نەبوونی لێكتێگەیشتن و هەماهەنگی لە نەبوونی كاری هونەری سەری هەڵداوە، من لە دوو ئەزموونی ڕابردووم وەكو دراما هەستم بە لێكتێنەگەیشتن و تێكەڵ نەبوونە نەكردووە، بۆیە بەپێی تێپەڕبوونی كات و بوونی بەرهەمی هونەری ئەو لێكتێنەگەیشتنە كۆتایی پێ دێت و كاڵ دەبێتەوە و، ئەو كەسانەی ئەو ناتێگەیشتنە درووست دەكەن ڕەنگە پێویستیان بەوە بێت كە لە چوارچێوەی ئەو ناتێگەیشتنەدا بژین، پێموایە تێنەگەیشتن لە هونەرمەندە گەورە و بە ئەزموونەكان هەڵەیەكی گەورەیە.

Top