رۆڵی زانکۆکان لە پێگەیاندنی گەنجان و پێشخستنی کۆمەڵگەدا

رۆڵی زانکۆکان لە پێگەیاندنی گەنجان و پێشخستنی کۆمەڵگەدا


زانکۆ دامەزراوەکی زانستی و ئەکادیمییە بۆ پێگەیاندنی قوتابیان، وێستگەیەکە بۆ برەودان و پەرەپێدانی توانا و کارامەیی قوتابیان و فێرخوازان.

قوتابی لە ماوەی خوێندنی زانکۆییدا دەرفەتی دەبێت بۆ زیاتر پێشخستنی توانست و لێهاتووی و شێوازی بیرکردنەوەی، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە.

زانکۆ دەبێت لەگەڵ کلتور و کۆمەڵگەدابگونجێت، و نابێت هیچ دابرانێکیان هەبێت لە نێواندا، بەڵکو پێویستە تەواوکەر و هەماهەنگ بن بۆ بەکارخستنی توانا و کارامەیی گەنجەکانمان، زانکۆ شوێنی داهێنان و بەرەو باڵاچوونە لە بیرکردنەوە، چونکە هەر زانکۆیە وا لە قوتابیان دەکات کە بەئاگایانە بژین بۆ ئەوەی هاوکار و هەماهەنگ بن لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا.

ئەگەر سەرنج بدەین لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، چەندین داهێنان و بیردۆز و بەرەوپێشچوون لە پلاتفۆرمی زانکۆکان دێنەکایەوە بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی، نەک بچووک بکرێتەوە وەک دەرچەیەک بۆ پێدانی بروانامە، کە ئەو بڕوانامەیە، دەبێتە بارگرانی لەسەر گەنجەکانمان و لە ئەنجامدا توانای گەنجەکان ژێر خاک دەنرێت. لەبەر ئەوەی پێی قبول ناکرێت ئێستا هەمان ئیش و کار قبوڵ بکات کە بێ بروانامەش ئەم دەرفەتەی هەبووە.

پێم وایە کە زۆر گرنگە لەسەر تەواوی ژینگەی زانکۆ و خوێندنی باڵا کاربکرێت بۆ بەبازارکردنی گشت بوارەکان، نرخ بۆ بڕوانامە بگێڕینەوە و هێزە بدەینەوە بە بەر کاریگەری ئەکادیمیا لەسەر کۆمەڵگە و پێگەیاندنی گەنجێکی کارامە و لێهاتوو، نەک بگەینە ئەو ئاستەی هیوابخوازین کە زانکۆمان نەبووایە و دیوەخانەکان بە باشترین جێگرەوە دابنێن بۆ زانکۆکان.

رێز و سڵاو بۆ گشت مامۆستا و فەرمانبەر و قوتابیانی زانکۆ و خوێندنی باڵا … هەردەم شاد و تەندروست بن.

د. ئەڤین فتاح حاجی مام

 

  • ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی گەشە
Top