دالیا ئیبراهیم: كارەكەم بۆم بووەتە سەرچاوەی داهات و بە هیچ شێوەیەك بیر لە كارمەندی ناكەمەوە

دالیا ئیبراهیم:  كارەكەم بۆم بووەتە سەرچاوەی داهات و بە هیچ شێوەیەك بیر لە كارمەندی ناكەمەوە

 

 

ئافرەتی كورد بە درێژایی مێژوو بە جورئەتەوە بەشداری لە بەڕێوەبردنی ماڵ و پەیداكردنی بژێوی ژیان كردووە، هەمیشە هاوشان و هاوكاری باوك و برا و هاوسەرەكەی بووە، تەنانەت لە ڕۆژانی سەختی پێشمەرگایەتیش لە ژیانی شار و شاخ و ئاوارەییدا هاوبەش و هاوسەفەر بوون. ئەمڕۆش لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانی سەردەم، خانمانی كورد تێكەڵ بە دنیای كار و بزنس بوون، بێ ئەوەی چاوەڕێی دامەزراندن و دەرفەتی كار لە كەرتی گشتی بكەن. ئەوان بەهرەی جۆراوجۆریان لە ماڵداری و دەستڕەنگینی و جوانكاریدا هەیە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

دالیا ئیبراهیم خانمە گەنجێكی شارۆچكەی كەلارە و لە ئێستادا وەكو بلۆگەرێك لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە برەو بە كارەكانی دەدات. لە دیمانەیەكیشدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئاماژە بە جۆری كارەكەی دەكات و هاوكات باس لە پلانی داهاتووی دەكات.

دالیا ئیبراهیم، تەمەنی ٢٤ ساڵە و خێزاندارە و دایكی كوڕێكە بە ناوی (ڕوان)، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانستی تاقیگەی پزیشكیMLs هەیە و بەمجۆرە باسی ئەزموونی كارەكەی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات: «لە ئێستادا بڵۆگەرم و بڵۆگەریم وەك پیشە هەڵبژاردووە، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو خەونەم كە هەمبوو بۆ دیزاینكردن و ڕێكخستنی جلی حیجابی ئافرەتان، لە ئەكاونتەكەم ڕێكخستن و بیرۆكەی جیاواز لە جل بڵاو دەكەمەوە و هاوكات دەستڕەنگینیم لە بوارەكانی دیكە، زۆربەی كەلوپەلەكانی ماڵەوە بەدەستی خۆم دەیانگۆڕم و بە شێوازێكی نوێ و سەردەمییانە ڕێكیان دەخەمەوە، وەك (گۆڕینی بەرگی قەنەفە و بۆیەكردنی دیوار و .. هتد).

دالیا ئیبراهیم سەبارەت بە ژیانی كۆمەڵایەتی خۆی دەڵێت: «من لە كەلار لەدایك بووم و تا تەمەنی ١٨ ساڵی لەوێ ژیام و دواتر بۆ مەبەستی خوێندن ڕووم كردە سلێمانی و بە پشتیوانی خێزانەكەم لە زانكۆ دەستم بە خوێندن كرد. هەر لە زانكۆ بووم لە قۆناغی ساڵی دووەم هاوسەرگیریم كرد و دواتریش بە سەركەوتوویی بەكالۆریۆسم بەدەست هێنا».

دالیا سەبارەت بە تێكەڵبوونی بە بازاڕی كار و بزنس دەڵێت: «خەونی بڵۆگەری لە تەمەنی ١٥ و ١٦ ساڵی كەوتبووە مێشكم، بەڵام لەبەر ئەوەی لە كەلار دەژیام و ئەم شتە زۆر قورس بوو، بوێریی ئەوەشم نەبوو كە بە ماڵەوە بڵێم لەو تەمەنەدا، دوام خست. پاش هاوسەرگیریم حەزەكەم بۆ كار بەدی هات و بۆ هاوسەرم باسم كرد ئەویش زۆر پشتگیرم بوو، هەرچەندە زوو زوو بەبیری دەهێنامەوە و پێی دەگوتم كە دەبێت زۆر ئاگادار بیت لە دەوروبەرت، بەڵام هەر پشتگیری دەكردم.»

ئەو خانمە گەنجە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «سەرەڕای ناڕەزایی خێزانەكانمان، من هەر سوور بووم لەسەر بەردەوامبوون لە خواستەكەم، چونكە وام هەست نەدەكرد كە شتێكی هەڵەیە و زۆریش متمانەم بە خۆم هەبوو. لە ئێستادا كارەكەم بووەتە سەرچاوەی داهات بۆم بە جۆرێك بە هیچ شێوەیەك بیر لە كارمەندی و دامەزراندن ناكەمەوە».

وەك دواوتەشی گوتی: «گرنگە ئافرەت هەوڵی سەربەخۆبوون بدات لە بواری ئابووریدا، چونكە ئەوە وای لێ دەكات متمانە بە خۆبوونی زیاد بكات».

 

Top