ئەردەڵان شوكری دۆسكی بۆ گوڵان: نەخشە ڕێگەی حكومەتی ئەلەكترۆنی و بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان وەرچەرخانێكی گەورەیە لە بواری بەڕێوەبردندا
هەنگاوەكانی چاكسازیی كارگێڕی و پاڵپشتیی بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان لە هەرێمی كوردستاندا، وەرچەرخانێكە لە بواری سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیا و بەئەلەكترۆنیكردنی حكومەت بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەكان و خێرا بەڕێوەچوونی مامەڵەی هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، ئەمەش داخوازی و پێشنیارێكی گرنگی هاووڵاتیانە و دەربازبوونە لە ڕۆتین و بیرۆكراتییەتی كوشندە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئەردەڵان شوكری دۆسكی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كارەبا سازدا، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* سەرەتا وەكو شارەزایەك لە بواری كارگێڕی و یاساییدا، ئایا راتان وایە تا چەند توانراوە لەم كابینەیەدا لە بواری وەزیفەی گشتی و گرنگیدان بە سیاسەتی كارگێڕی و بەڕێوەبردنی مامەڵەكان و باشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا هەنگاوی پراكتیكی بنرێت؟
- یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێداچوونەوە و ڕێكخستنەوەی بواری كارگێڕیی دامەزراوەكانی حكومەت و باشكردنی خزمەتگوزارییەكان بووە، بەتایبەتی كە چاكسازیی ئابووری و باشكردنی خزمەتگوزارییەكان تەنیا بەو دامەزراوە و یەكە كارگێڕییە مۆدێرن و پێشكەوتووانە جێبەجێ دەكرێت، كە توانای بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان و مامەڵە ئەلەكترۆنییەكانیان هەیە، ئەم كارەش هەروا ئاسان نەبوو لە كابینەیەكدا كە دەستبەكار بوو، بەسەر قەرزارییەكی زۆر و قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا و میراتێكی بەجێماوی لاوازی ئاستی یەكە كارگێڕییەكانەوە، زۆر لە حزب و لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتی و پەرلەمانتارەكانیش جگە لە موزایەدە و دروشم، بە واقیعی نە ئەزموونیان لەم بوارەدا هەبوو، نە خواست و ویستێكی ڕاستەقینەیان بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری لە سەرجەم جومگەكان، بەتایبەتی لە بواری كارگێڕی و بەڕێوەبردندا، ئا لێرەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەروەكو لە وتەكەیدا ئاماژەی پێدا و گوتی: «ئێمە تەنیا بەڵێن نادەین، بەڵكو بەڵێنەكانیشمان جێبەجێ دەكەین»، هەرواش بوو، لە 10ی تەمموزی ساڵی 2019 تاكو ئەمڕۆ سەرۆكی حكومەت لە پرۆسەیەكی بەردەوامدا وێڕای هەموو ئەو ئاستەنگە حزبی و سیاسییانەی بەردەم چاكسازی و هەنگاوەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كاری لەسەر باشكردنی ژێرخانی ئابووری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان كردووە، هەر خۆی لە خۆیدا بڕیاری ژمارە 1ی چاكسازیی تایبەت بوو بە چاكسازی لە بواری وەزیفەی گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە بواری وەزیفەی گشتیی ڕێكخستنەوەی دەوامی فەرمانبەران و، كۆتاییهاتن بە دواكەوتنی پێدانی مووچەكان و باشتركردنی شێوازی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان دەستكەوتێكی گەورە بوو، تاوەكو فەرمانبەران و یەكە ئیدارییەكان خزمەتێكی شایستەی هاووڵاتیان بكەن و ڕۆتین و كەمتەرخەمی لە ڕاپەڕاندنی كارەكاندا كەم بكرێنەوە، لەم پێناوەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ستراتیژیەتی وەرچەرخانی دیجیتاڵی ڕاگەیاند. ئیدارە ڕۆڵێكی گەورەی لە وەڵامدانەوەی خواست و ویستی هاووڵاتیاندا هەیە، بەپێچەوانەی ئەو ململانێ حزبی و دژایەتییە توندەوە كە دەرهەق بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێم بێ هێز بێت و باوردۆخی خزمەتگوزارییەكانی خەڵكی خراپ بێت، تاوەكو خەڵك نەبنە خاوەنی حكومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزارییەكی باش و لە هەڵبژاردنەكاندا ڕووی ڕاستەقینەی نەیارانی حكومەتی خەڵك دەرنەكەوێت، بەمەش دەتوانم بڵێم لە هەموو وڵاتانی جیهاندا حزب بۆ خزمەتكردنی خەڵكە، تاوەكو لە هەڵبژاردنەكاندا ئەوەی لە ڕووی كارگێڕی و بەڕێوەبردن و ئابوورییەوە زۆرترین كاری كردووە، لەسەر سندوقەكانی دەنگدان بیچنێتەوە و زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت، بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان دوور لەم پڕۆگرام و ئامانجە پیرۆزە زۆر لە حزبە كوردستانییەكان كار لەپێناو لاوازبوونی قەوارەی هەرێمدا دەكەن و دروشم و قسەكانیان لەگەڵ ڕەفتار و كردارەكانیاندا یەك ناگرێتەوە، بە ڕاددەیەك زۆرجار هەڵوێست و گوتارەكانیان هاوشێوەی گوتارەكانی نەیار و دوژمنەكانی گەلی كورد دەردەكەوێت، ململانێی حزبایەتی دژ بە حكومەت گەورەترن زیانی بە پرۆسەی چاكسازی و گۆڕانكاری لە بواری وەزیفەی گشتی و زانستی كارگێڕی و بەڕێوەبردن و خزمەتكردنی خەڵك گەیاندووە.
* باسی ستراتیژیەتی بە دیجیتاڵكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستانت كرد، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، تاچەند ژینگەی دامەزراوە و یەكە ئیدارییەكان ئامادەیە بۆ پێشكەشكردنی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییە و مامەڵەكان بەرەو ئەم تەكنەلۆژیای ئۆنلاینە دەبات؟
- یەكێك لە ئامانجەكانی چاكسازیی كارگێڕی و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و پێشكەشكردنی كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان و بازرگانەكان، بەدیجیتاڵی و ئەلەكترۆنیكردنی كاروبارەكانی حكومەتە، تەنانەت لە نێوان دامەزراوەكانی یەكە كارگێڕییەكانی حكومەتیشدا و هەروەها لە نێوان كاروبارەكانی حكومەت بۆ كەرتی تایبەتیش، وڵاتە پێشكەوتووەكانی دونیا لەم ڕێگەیەوە هەنگاوی گەورەیان بڕیوە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كار بۆ ئەوە دەكات، تا ساڵی 2025 بەدیجیتاڵیكردنی خزمەتگوزارییەكان تەواو بكات، ئەم نەخشە ڕێگەیە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و كەرتی تایبەت و خودی وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەتە، هیچ حكومەتێكی ئەم سەردەمە نەیتوانیوە پێش بكەوێت بێ ئەوەی ڕوو لەم سیستمە هاوچەرخە نەكات، لەم ڕووەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بونیادنانی ژێرخانێكی ئابووریی بەهێز و گەیشتن بە حكومەتێكی كارا و خێرا لە ڕاپەڕاندنی مامەڵەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا، هەنگاوی بۆ بەدیجیتاڵیكردنی خزمەتگوزارییەكان و بەكارهێنانی ئۆنلاین لەسەر تۆڕی ئەنتەرنێت ناوە، تاوەكو بە باشترین شێوە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە هاووڵاتیان دەستیان بە تەواوی خزمەتگوزارییەكان بگات، ئەم تەكنەلۆژیایە چەندین سوودی دیكەی هەیە، هەر لە كەمكردنەوەی خەرجییەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین و خێرا بەڕێوەچوونی مامەڵەی هاووڵاتیان، تا كەمبوونەوەی هەڵە و كەموكورتییەكانی دیكە، شەفافییەتی زیاتر بەكارەكان دەدات و هۆكارێكیشە بۆ كەمبوونەوەی گەندەڵی و واسیتە و بەهەدەردانی سامانی گشتی، ئێمە لە وەزارەتی كارەبا بە پۆستی ئەلەكترۆنی مامەڵەكانمان جێبەجێ كردووە و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا خێرا بەڕێوەچوونی مامەڵەی هاووڵاتیانمان بینی، بەتایبەتی لە نێوان پارێزگا و دیوانی وەزارەتماندا، كە بە ماوە و كاتێكی كەم پۆستەكە بێ ئەوەی پۆستەبەرێك لە شارێكی دوور و هەفتەی جارێك و بە خەرجییەكی زۆری بەنزین و مامەڵەیەك كەڵەكە ببێت و بگاتە دەستمان، لە ماوەی چەند دەقیقەیەكەدا مامەڵەكە سكان دەكرێت و دەنێردرێت و هەر بە هەمان ڕۆژ تەواو دەكرێت و واژووی لەسەر دادەنرێت و دەنێردرێتەوە و دەگاتەوە دەستی هاووڵاتییەكە، ئەم مامەڵەیە پێشتر بە لانی كەم هەفتەیەكی پێ دەچوو.
* وەكو ئاماژەت پێدا دۆخی كارگێڕی بە هاوشێوەی دۆخی ئابووری و سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا پێویستی بە چاكسازی هەبوو، لەم ڕووەوە ئێوە لە وەزارەتەكەتاندا چیتان كردووە؟
- كارگێڕی پێش ئەوەی زانست بێت، هونەر و پلان و بەرنامەشە، لە دەستپێكی كابینەكەدا ڕێكخستنەوەی دەوامی فەرمیی فەرمانبەرانمان ڕێكخستەوە، ئەمەش ڕۆڵێكی گەورەی بینی لە هەنگاونان بەرەو چاكسازیی كارگێڕیدا، ئەوە بوو سەرەتا یاسای وەزارەتی نوێی كارەبا دەرچوو، یاسای چاكسازی جێبەجێ كرا و ڕۆتین و بیرۆكراتییەت كەم كرایەوە، بەتایبەتی لە ڕێگەی پۆستی ئەلەكترۆنی لە نێوان دیوان و یەكە كارگێڕییەكانی دیكەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا، پسووڵەی ئەلەكترۆنی كارەباش دانرا و خەرجییەكان و كات كەم كرانەوە و پۆرتاڵی خزمەت و دەیان پەیجی فەرمیی سۆشیال میدیا بۆ گەیاندنی پەیام و كار و پڕۆژە و، بەپێچەوانەشەوە بۆ وەرگرتنی خواست و پێشنیازەكانی هاووڵاتیان بەگەڕ خران، دەسەڵاتەكان شۆڕ كرانەوە لە نێوان دیوانی وەزارەت و دامەزراوەكانی دیكەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا، هەروەها سیستمی پێشكەوتووی DMS دامەزراوە كە سكاڵا و خۆیەتی و میلاكات و نووسراوەكان لەخۆ دەگرێت و قەبەیی پەیكەری وەزارەت بە هاوشێوەی زۆر لە وەزارەت و فەرمانگە و دەستەكان بچووك كرایەوە، لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیرانیش لێژنەی 33 دەرچووە، كە لەسەر بنەمای پێداویستیی فیعلی و تایبەتمەندی، میلاكی هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكان سەر لە نوێ دەستنیشان دەكرێنەوە و هێزی كار ڕێك دەخرێتەوە.
* پێت وانییە سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای (IT) و تەكنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی و ئۆنلاین لەسەر تۆڕی ئەنتەرنێت پێویستی بە ژێرخانێكی مرۆیی پێشكەوتوو هەیە، چ لە ڕووی فەرمانبەرانەوە بێت، یان لە ڕووی هاووڵاتیانەوە بێت؟
- بۆ ئەوەی ئێمە لە كەرتی گشتی و هاووڵاتیان و چین و توێژەكانیش لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بە باشترین شێوە سوود لە خزمەتگوزارییەكان وەربگرین، پێویستە هەنگاو بۆ پەرەپێدانی مرۆیی تەكنەلۆژیا بنێین، تا بە لانی كەمەوە شارەزاییەكمان لە حكومەتی دیجیتاڵی و ئۆنلاین هەبێت، ئەمەش كارێكی هێندە قورس نییە و لە وڵاتانی پێشكەوتووش بەم قۆناغەدا تێپەڕبوون و لە ڕێگای خولی خێراوە ئەم بۆشاییە پڕ دەكرێتەوە، خۆشبەختانە لە چەندین خزمەتگوزاریدا هاووڵاتیان پێشوازییەكی زۆر خێرایان لێ كرد، بە ڕاددەیەك لە ئاستی چاوەڕوانكراودا نەبوو، بۆ نموونە پسووڵەی كارەبای ئەلەكترۆنی لە قۆناغی یەكەمدا هاووڵاتیان دەتوانن كرێی كارەباكەی خۆیان بزانن لە ڕێگەی مۆبایل، یان كۆمپیوتەرەكەیانەوە، لە قۆناغی داهاتوودا كاتێك مووچەكان بە ڤیزاكارت دەكرێت و هەموو هاووڵاتییەك هەژمارێكی تایبەت بە خۆی دەبێت، دەتوانرێت پارەدانەكەی كرێی كارەباش بكرێتە دیجیتاڵی، لە ئێستادا سكاڵای ئەلەكترۆنیمان دامەزراندووە و سكاڵا و پێشنیازەكان بە شێوەیەكی خێراتر و شەفافتر دەگاتە دەستمان و، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و بەدواداچوونمان وەڵام و كاری لەسەر دەكات و چەندین خزمەتگوزاریی دیكەش پێشكەش دەكات، ئەوەتا سیستمی ڤیزای ئەلەكترۆنی و هەژماری من و چەندین بواری دیكە كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم پرۆسەیەش بەشێكە لە پرۆسەیەكی فراوانتری چاكسازی.
* شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتی كارگێڕی لە نێوان وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و دامەزراوەكان لە پارێزگا و شار و یەكە ئیدارییەكاندا تا چەند لە خزمەتی چاكسازیی كارگێڕیدا بووە؟
- شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتی كارگێڕی بە یەكێك لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، تەنانەت لەم كابینەیەدا چەندین ئیدارەی سەربەخۆ ڕاگەیەندرا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیان بە دەسەڵاتی زیاترەوە بۆ دامەزراند، ئەمە جگە لە قەزابوون و بەناحیەكردنی چەندین یەكەی دیكە، لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكانیش چەندین بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نوێ دامەزرا و دەسەڵاتیان بۆ شۆڕ كرایەوە، ئەمە وێڕای دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان لە پارێزگای هەڵەبجەدا، بەڵام لێرەدا دەبێت جیاوازی لە نێوان دوو شت بكەین، ئەویش ئەوەیە دابەزاندن و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ خزمەتكردنی خەڵك و كەمكردنەوەی ڕۆتین و خێرا بەڕێوەچوونی مامەڵە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانە، نەوەكو بۆ قۆرخكاری و لادان لە جێبەجێكردنی یاسا و ڕێنمایی و ڕاسپاردەكان، یان بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتانەی كە هەیەتی بۆ گەندەڵی، بۆیە لێرەدا لە كاتێكدا دەسەڵاتەكان دادەبەزێندرێتە خوارەوە، دەبێت هەمووان پابەندی یاسا و ڕێنماییەكانی وەزیفەی گشتی و چاودێریی دارایی بن.