دەروازەی خەونەكان لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین
نمایشكردنی تایبەت و ڕێوڕەسمی فەرشی سووری بەڵگەفیلمی سینەمایی «دەروازەی خەونەكان» لە دەرهێنانی (نگین ئەحمەدی) و لە بەرهەمهێنانی (ئیلاهە نەوبەخت) لە حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (بەرلین) و لەلایەن خاتوو (ماریت ڕیسنبێك) Mariette Rissenbeek بەڕێوەبەری فیستیڤاڵەكە بە گەرمی پێشوازیی لێ كرا.
یەكەمین نمایشی بەڵگەفیلمی سینەمایی دەروازەی خەونەكان (دروازە ڕویاها) DREAMS GATE لە بەشی ڕكابەری (نەوەكان) Generations لە حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (بەرلینالە) Berlinale لەشاری بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە چوو.
ئامادەكردنی/مەنسوور جیهانی
نگین ئەحمەدی دەرهێنەری فیلمەكە سەبارەت بەو جلە جوانەی كە لەبەری كردبوو، گوتی: «ئەمە جلی شاری پاوەی ناوچەی هەورامانە كە یەكێكە لە شوێنە ناوازە و ڕەسەنەكانی كوردستان، جەوهەری ڕوخساری ژن بەرەو بەرەكەت، میهرەبانی و خۆشەویستییە و هەمیشە لە زەین و مێشكمدا ژن بە باران وێنا دەكەم، چونكە كاتێك دەست دەكات بە بارین، بە هەموو شتێك سەوزی و جوانی دەبەخشێت. بەڵام شەڕ، بە شێوەیەكی سرووشتی ئەم ڕوخسارە پیشانی من نادات و، پێم وابوو كە شەڕ ڕوخسارێكی ژنانە بەم شێوەیە بە من پیشان نادات، لە ڕۆژاوا هەم شەڕم دەبینی و هەم منداڵی ناو دەروونی ژنێكم دەبینی، لە نزیكەوە تێبینیم كرد كە لە تەنیشت ئەو ژنانە ئەم كچانە هەیانە، چەندە فەرماندەیەكی بەهێز و ئازان.
ئیلاهە نەوبەخت بەرهەمهێنەری (دەروازەی خەونەكان) سەبارەت بە كاریگەریی سینەما گوتی: «ئێمەی سینەماكاران ئەو كارەی كە ئەنجامی دەدەین، ئەمەیە كە زمانی دەربڕینی ئەو شتەی كە بەسەر خەڵكی لەو ڕەنج و ئازارانەی بەسەر ئەواندا تێدەپەڕێت و ئەزموونی دەكەن، وێنای بكەین. ئێمە لەم فیلمەدا هەوڵمانداوە ئەو ئازارەی كە بەسەر ژنانی خەباتكار و تێكۆشەری كوردی كۆبانیدا هاتووە و بەرخۆدان و خۆڕاگریی جێی ستایشی ئەوان لە كرداردا و نەك بە قسە، بیبینین و بیخەینە بەر چاو، لە ڕوانگەی كچێكی ئێرانییەوە كە بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەی ژنێك هەوڵ دەدات. لە ڕاستیدا كامێرای ئێمە بەو وێنەسازی و ئەو سینەمایەی كە دروستی دەكەین لە جیهانی هەستیاری ئەمڕۆدا، باشتر لە هەر لێدوانێك و ڕەنگە ئەو میدیایانەی هەیە، قسە بكات و بدوێت».
نەوبەخت سەبارەت بە بەرهەمهێنانی فیلمی دەروازەی خەونەكان گوتی: «بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە پێنج ساڵی خایاند و لەبەر ئەوەی كە ئێمە هەرگیز بە دوای پشتگیری لە هیچ كەشێكی ئایدیۆلۆژییەوە نەبووین و تەنیا بە دوای ڕوانگەی مرۆیی و بەرخۆدانی قارەمانانەی ئەو كچانە بەرامبەر بە گرووپی تیرۆریستی داعش دەگەڕاین، هەر بەم هۆیە لە مۆنتاژكردنی فیلمەكەدا، دەبوو زۆر وردبین بین كە بۆ لای بانگەشە یان پشتگیریكردن لە بیركردنەوەیەكی دیاریكرا و نەچین، هەر بۆیە مۆنتاژكردنەكەی زۆر قورس بوو، لانیكەم نزیكەی دوو ساڵ و نیوی خایاند، بەڵام ئەو شتەی كە لە كۆتاییدا بینرا، هیچ جۆرە پاڵپشتی و پشتڕاستكردنەوەیەك ناكات، بەڵكوو ئەو ژیان و خەونانەی كە لە دڵی شەڕدا لەبیر دەكرێن و جیهان چاوەكانی بەسەر ئەوەدا بەستووە، ئێمە هەوڵماندا وێنای بكەین».
نەوبەخت گوتیشی: «كاتێك كە نگین ئەحمەدی چوار ساڵ لەمەوبەر دەقێكی بۆ من هێنا و شێوازی ژیانی ئەوم لە ڕۆژاوا بینی، هەرگیز نەمتوانی چاوەكانی خۆم دابخەم، چونكە هەستم دەكرد منیش وەك كچێكی گەنج، لە گۆشەیەكی ئەم جیهانەدا بۆ گەیاندنی دەنگی كچە شەڕڤانەكانی كۆبانێ بۆ جیهان پشكم هەیە و، لەوانەیە لەم ڕێگەیەدا بتوانم یارمەتی بدەم كە قۆناغەكانی كۆتایی فیلمەكە تەواو بكرێت و، پێم وایە ئەمە ڕووی دا و ئێستا فیلمەكە لە شوێنی دروستی خۆیدا و لە ڕووداوێكی گەورەی وەك فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «بەرلین» دایە و، دەتوانێت خۆی بناسێنێت، لەمەودوا من هیوادارم كە گەشتەكانی فیلمەكە درێژەی هەبێت.