سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، نامه‌يه‌كى له‌ وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكاوه‌ پێده‌گات

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، نامه‌يه‌كى له‌ وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكاوه‌ پێده‌گات

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، نامه‌يه‌كى له‌ به‌ڕێز لۆيد ئۆستن وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكاوه‌ پێگه‌يشت، تيايدا سوپاسى به‌ڕێزيان ده‌كات بۆ ئه‌و پێشوازييه‌ گه‌رمه‌ى ڕۆژى حه‌وتى ئه‌م مانگه‌ له‌ سه‌ردانيدا بۆ هه‌ولێر، لێى كرا.

له‌ نامه‌كه‌يدا ئۆستن ده‌رباره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌ولێر نووسيويه‌تى: مايه‌ى خۆشحاڵيم بوو جه‌خت له‌ هێز و گرنگيى هاوبه‌شيى نێوان ئه‌مه‌ريكا و هه‌رێمى كوردستان له‌ عێراق بكه‌مه‌وه‌.

له‌ نامه‌كه‌يدا بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، به‌ڕێز ئۆستن وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ پێزانينى بۆ گفتوگۆيان ده‌رباره‌ى پابه‌نديى هاوبه‌شى هه‌ردوولا بۆ تێكشاندنى يه‌كجاره‌كيى داعش، داكۆكى له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هاوكاريى به‌رده‌وامى ئه‌مه‌ريكا و هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ به‌غدا، بۆ عێراقێكى ئارام و سه‌قامگير و خاوه‌ن سه‌روه‌رى، پێويسته‌.

هه‌روه‌ها سوپاسگوزاريى خۆى ده‌ربڕيوه‌ بۆ ڕۆڵى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ به‌ڕێوه‌بردنى پرۆسه‌ى ڕێكخستنه‌وه‌ و چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ياداشتى لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى پێنتاگۆن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. خواستى وڵاته‌كه‌يشى بۆ به‌رده‌واميى كارى پێكه‌وه‌يى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان دووپات كردووه‌ته‌وه‌.

Top