زیا شابا قەشەی شاری كۆیە بۆ گوڵان: حكومەتی هەرێم كاری بەرچاوی بۆ برەودان بە پێكەوەژیان كردووە
پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی سەركەوتوو و سەرنجڕاكێشە و مایەی ستایشكردنە، لە هەمان كاتدا پێویستە كار بۆ پتەوتركردن و قووڵكردنەوەی زیاتری بكرێت، بە چەشنێك كە ماف و ئەركی سەرجەم پێكهاتەكان لە هەموو بوارەكانی كۆمەڵگەدا ڕەنگ بدەنەوە و بەرجەستە ببن، ئەم پرسە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری سەرەكیی دیدارێكی گوڵان لەگەڵ قەشە زیا شابا قەشەی شاری كۆیە و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستان بووەتە جێگەی شانازیی هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان و، هەموو جیهانیش بە چاوی ڕێزەوە سەیری ئەم پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئایا ئێوە وەك مەسیحییەكان چۆن سەیری ئەم پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان دەكەن؟
- ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، مێژووییەكی دوور و دێرینی هەیە و گەشەی كردووە و چووەتە قۆناغێك، كە سەرنجی جیهانی بە لای خۆیدا ڕاكێشاوە و مایەی شانازییە، چاوەڕوانییەكەش ئەوەیە كە ئەو پێكەوەژیانەی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستان زیاتر بەرەوپێش بچێت، چونكە سەرجەم پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان پێكەوە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی زوڵم و ستەم بوونەتەوە و هەر پێكەوەش خەبات و تێكۆشانیان كردووە كە حكومەت و پەرلەمان و سەروەریی یاسای لێ هاتووەتەدی، ئەمەش وا دەكات پەیوەندیمان باش و پتەوتر بكەین بۆ سەرخستنی ئەو بارودۆخە سەقامگیرەی لە كوردستان هاتووەتەدی، بۆ هەنگاوهەڵگرتن بەرەو دواڕۆژێكی پرشنگدارتر.
* ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان درێژەپێدان و پشتگیركردنی تەواوی ئەو پێكەوەژیانەیە و، هەر لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سەردانی هەولێری كرد، ئەمەش ڕووداوێكی گەورە بوو لەسەر ئاستی جیهان، ئایا ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەم بۆ زیاتر قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و پێكەوە ژیان لە كوردستان چییە؟
- قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سەردانی هەموو عێراقی كرد و لە سەرەتادا چووە بەغدا و پاشان سەردانی چەندین شوێنی جیاجیای كرد، كە یەكێك لەو شوێنانە ئور بوو، كە شوێنی لەدایكبوونی ئەبوونا (ئیبراهیم)ـە، سەردانی سیستانی لە نەجەف و چەندین كەنیسەشی لە بەغدا كرد، هۆكاری سەردانەكەشی بۆ هەولێری پایتەختی كوردستان لەبەر چەند خاڵێك بوو، یەكەم: بەشی زۆری مەسیحییەكان لە نزیك شاری هەولێر لە شارۆچكەی عەنكاوە و دەوروبەری وەك شەقڵاوە و كۆیە نیشتەجێن، هەروەها بە هۆی ئەو پڕۆژەی ڕێگەوبانانەی لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە دروست كراون، ئەوا زۆربەی مەسیحییەكانی شوێن و شارەكانی دیكە دەیانتوانی بێن بۆ بینینی پاپا و بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی قەداسەتەكە. دووەم: بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەختی هەرێم بەتایبەت كە لە سایەی حكومەتی كوردستان و سەروەریی یاسادا سەقامگیری و ئاسایش و هێمنی تێدا بەرقەرارە، ئەو سەقامگیرییەش زیاتر بەرنامەكەی قەداسەتی پاپای مسۆگەر كرد. سێیەم: سەرنجی هەموو وڵاتانی دونیا كە لەسەر پێكەوەژیان و لێبووردەیی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان هەبوو، وای كرد پاپا لەو سەردانەیدا بە چاوی خۆی و لە نزیكەوە بیبینێت، هەر ئەمەش بوو كە لە دوای گەڕانەوەی، قەداسەتی پاپا بە نامە سوپاسی حكومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد، بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێی كرا و ئەو پێكەوەژیانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە و بەرجەستە بووە، هاوكات بۆ زیاتر قووڵبوونە و گەشەكردنی ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، پێویستە پەیوەندییەكانمان قووڵتر و بەهێزتر بكرێت و پەیوەندیی نێوان تاكەكانی پێكهاتەكان زیاتر و لەیەك نزیكتر بكرێت و، بۆ چارەسەری كێشەكان پەیوەندی و گفتوگۆی تێروتەسەل و هێمنانە لە نزیكەوە لەگەڵ یەكتر ئەنجام بدەین، نابێت لە شوێنی كار و بەڕێوەبردندا بە هیچ جۆرێك جیاوازی لە نێوان پێكهاتەكاندا بەدی بكرێت و دەبێت لە ئەرك و مافدا وەك یەك بن، كە بێگومان دەبینین لەم كابینەیەی حكومەتدا و بەپێی ئەو بەرنامەی لە سەرەتای دەستبەكاربوونەوە خراوەتەوە ڕوو، بە واقیعی تەرجەمە كراوە، بۆ نموونە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە هەرێمی كوردستان هەیە، كە وەك شوێن و چەترێكە بۆ كاروبار و گرنگیدان بەبێ جیاوازی بە هەموو پێكهاتە ئایینی و ئایینزاكان، واتە كابینەی نۆیەم كاری بۆ گەشەكردن و زیاتر برەودان بە پێكەوەژیان كردووە و دەیەوێت هەموو خزمەتگوزارییەكانی بە بێ جیاوازی و بە سەركەوتوویی پێشكەش بە هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان بكات، كە لە پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزای جیاواز پێك هاتووە. هاوكات وەك لە نزیكەوە من ئاگادارم خزمەتگوزاری و پێشكەشكردنی داواكارییەكانی ئایین و ئایینزاكان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و هیچ جیاوازییەكیش لەنێوان خزمەتكردنی پێكهاتەكاندا بەدی ناكرێت و هەر هەمووی لە خێر و سامانی ئەو هەرێمەدا بە بێ جیاوازی بەشدارین و، هەر پێكهاتەیەك هەق و مافی خۆی پێ دەدرێت، كە ئەمەش سەروەرییەكی زۆر گەورە و گرنگە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە پێكهاتەكانی دەكات، بە بێ جیاوازی.
* لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستاندا سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بنووسنەوە و، بە ئاستێك بێت كە خۆیان پێی ڕازی بن، ئایا ئێوە وەك مەسیحییەكان دەتانەوێت مافەكانتان لە دەستووری كوردستاندا دیاری بكرێت؟
- ئێمە بە یەكترییەوە جوانین، ئەگەر لایەنێك لە ئەرك و مافدا نەبێت (كە ئەمەش لە دەستوور دیاری دەكرێت) ئەوە بۆشایی دروست دەكات و ئەو لایەنە زۆرینە بێت یان كەمینە بێت، ئەو جیاوازی و بۆشاییە هەستی پێ دەكرێت و كاریگەریی خراپی لەسەر دروست دەكات، هەر بۆیە ئێمە (واتە هەموو پێهكاتەكان) لە هەرێمی كوردستان تەواوكاری یەكترین و، ئەو گۆڕانكارییەی ئێستا لە هەرێم هاتووەتە ئاراوە بەرەو لایەنی باشی، بۆ ئەوەیە مافی هەموو كەس و لایەنێك پارێزراو بێت، دەستووریش كارنامە و ڕێگەنیشاندەرێكە لەو پەڕی باڵا و لووتكەی وڵاتدا، بۆیە هەمیشە جەخت لەوە دەكرێتەوە (بەتایبەتی لەلایەن جەنابی سەرۆك بارزانی) كە مافی هەموو پێكهاتەكان لە ڕێگەی نوێنەرانی خۆیان لە دەستووردا بنووسرێت و جێگیر بكرێت. لەلایەكی دیكەوە هەندێك بڕیار هەیە لە بەغدا دەردەچێت، ئەوە ئێمە ناتوانین پابەندی بین و جێبەجێ بكەین، چونكە هەر شوێنێك تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لەو بارەشەوە ئێمە لە هەرێمین، دەبێت ئەو بڕیارانەی لێرە دەردەچێت، بۆ هەموو خەڵكەكەی بێت و بە دەنگی هەمووشمان پەسند بكرێت، تاوەكو هەموو لایەكمان وەك یەك لە ئەرك و مافەكاندا بەشدار بین.
* ئایا هۆكار چییە كە هەندێك لایەن و حزبی كوردستانی كێشە بۆ كورسیی كۆتا دروست دەكەن، یان دەیانەوێت بە شێوەیەك بێت كە خۆیان مەبەستیانە، لەو بارەوە ئێوە چی دەڵێن؟
- ئەو پرسیارە دەبێت لایەنە سیاسییەكان وەڵامی بدەنەوە، چونكە ئەوان لەو بوارەدا كار دەكەن، بەڵام من وەك قەشەیەك پێم خۆشە كریستیانەكان لە پەرلەمان نوێنەریان هەبێت، هەرچەندە لەلای من جیاوازی نییە كێ ئەندامی پەرلەمانە، لە كاتێكدا كە ئیسلامێك، یان لایەنێكی دیكە بەرگری و داوای مافی ئێمە بكات، ئەوە بۆ ئێمە جیاوازی نییە، بەڵام بوونی نوێنەری پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان لە پەرلەماندا مانا و هەستكردنی ڕاستەوخۆ و كارا و واقیعیی پێكهاتەكانە، بەتایبەت لە دانانی یاساكاندا كە دەبێت بۆ هەموو لایەك وەك یەك بێت.
* ئایا لە كاتێكدا سیستمی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بكرێتە فرەبازنە، یان چەند بازنەیەك، ئێوە وەك مەسیحییەكان بەو جۆرە سیستمە ڕازی دەبن، چونكە لەو شێوازی هەڵبژاردنە دەنگ و ڕەنگی پێهكاتەكان پەرشوبڵاو دەبێت و نابنە خاوەن كورسی و ڕاوبۆچوون لە ناو پەرلەماندا؟
- وەك ئاماژەم پێ دا، من پیاوی ئایینیم و سیاسی نیم، بەڵام من بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن بە پێویستی دەزانم بە سیستمێك بێت كە لە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان بێت، بەتایبەت بۆ ئەو پێكهاتانەی كە خەڵكەكانیان لە هەموو شوێنێكی هەرێمی كوردستان نین، هەر بۆیە سیستمی هەڵبژاردن دەبێت بۆ ئەوە بێت پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان خەوشی بەر نەكەوێت و هەق و مافی كەس پێشێل نەكرێت و دەنگی هیچ كەس و پێكهاتە و ئایین و ئایینزایەك بزر نەبێت.
* ئایا بوونی عەنكاوە بە قەزا، وەك یەكێك لە شوێنەكانی مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستان، چی دەگەیەنێت و، تمووحی ئێوە لەوەدا ڕادەوەستێت، یان ئومید و ئاییندەی زیاتر و گەورەتر لە حكومەتی كوردستان چاوەڕوان دەكەن؟
- خۆی بوونی عەنكاوە بە قەزا، بە دستكەوتێكی باش دەزانین بۆ پێكهاتەی مەسیحییەكان، بەڵام لەو حاڵەتەشدا پێویستە ئەو باج و داهاتەی لەو سنوورە دەست دەكەوێت، هەر لەوێ خەرج بكرێتەوە، هەرچەندە دەزانین بە بوونی عەنكاوە بە قەزا دەسەڵاتەكان زیاتر شۆڕ دەبنەوە و خزمەتگوزاریی باشتر و زیاتریش پێشكەش بەو شارە دەكرێت، لەلایەكی دیكەوە ئومێدی من و زۆربەی مەسیحییەكان بەتایبەتی ئەوانەی عەنكاوە ئەوەیە كە لە ئایندەدا عەنكاوە ببێتە پارێزگایەكی سەربەخۆ، هەر چەندە زۆر لە هەولێر نزیكە، یان هەر لە ناو پایتەختی هەرێمی كوردستانە، بەڵام بەوەش زیاتر پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان دەچەسپێت و ڕەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی جیهاندا دەبێت.