هۆشدار مستەفا بۆ گوڵان: پێشنیارەكەی بانكی فیدڕاڵیی ئەمریكا بۆ دامەزراندنی سەكۆی ئەلەكترۆنی و مامەڵەكردن بە سیستمی سیوفت چارەسەرە بۆ جێگیریی بەهای دینار
دوای دروستبوونی قەیرانی نەختینەیی داشكانی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی و، هەموو ئەو بڕیار و ڕێوشوێنانەی لەلایەن هەردوو بانكی فیدڕاڵیی ئەمریكا و بانكی ناوەندی و حكومەتی عێراقەوە گیرانە بەر، نەیانتوانیوە لە بازاڕەكانی نێوخۆدا بەهای ڕاستەقینەی دیناری عێراقی بۆ پێش مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2022 بگەڕێننەوە. پرسی ناجێگیری و لاوازیی بەهای دیناری عێراقی و چارەنووسی بارودۆخی كەرتی بانكی و نەختینەیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، تەوەرەی سەرەكیی دیداری گۆڤاری گوڵان بوو، لەگەڵ هۆشدار مستەفا ڕەسووڵ مامۆستا لە بەشی دارایی و بانكی لە كۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووریی زانكۆی سەلاحەدین، لێرەدا دەقی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* با ڕاستەوخۆ لە هۆكاری سەرهەڵدانی قەیرانی داشكانی بەهای دینار بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی دەست پێ بكەین، ئەم بابەتە لەلایەن ئابووریناسان و پەرلەمانتاران و چاودێرانی سیاسی و ئابوورییەوە قسە و باسی زۆری لەسەر دەكرێت، ئێوە وەك مامۆستایەكی شارەزا لە بواری نەختینەییدا چۆن دەڕواننە بارودۆخەكە؟
- لە ساڵی 2003وە ئەو كاتەی حكومەتی نوێی عێراق دروست بوو، نەتوانراوە كەرتی نەختینەیی و دارایی و بانكی لە عێراقدا بە شێوەیەكی زانستی و ڕاست و دروست دابمەزرێنرێت، بۆیە لەم وڵاتەدا قەیرانی نەختینەیی و دارایی هەمیشە ئامادەیی تێدا هەبووە و، ناوبەناو بڵقی قەیرانی دارایی و نەختینەیی ڕوو دەدات، شوێنەوارەكانی قەیرانە نەختینەیی و داراییەكانیش لەسەر هەرێمی كوردستان حزووریان هەیە، بەو پێیەی كوردستان هەرێمێكی فیدڕاڵییە و سیاسەتی دارایی و مافی چاپكردنی دراوی نییە، بڵقی قەیرانەكەی ئەم دواییەی داشكانی بەهای دینار كاتێك ڕووی دا كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2022 كۆمەڵێك بڕیاری بانكی ناوەندی لەسەر داوای بانكی فیدڕاڵیی ئەمریكا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاودیوكردن و گەمەكردن بە دراوی دۆلار دەرچوو، ئەوە بوو ڕاستەوخۆ دوو كۆمەڵە هۆكار بوونە هۆی داشكانی خێرای بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی، بە واتایەكی دیكە، هەموو ئەو كۆمەڵە هۆكارانەی لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە هەیە و خاوەن سیادەییەكی بەهێز نییە و ناسەقامگیریی سیاسی و ناجێگیریی دۆخی ئابووری و دارایی لێ كەوتووەتەوە، لەگەڵ هۆكارە نوێیەكان پێكەوە بارودۆخێكی نەخوازراویان دروست كرد. هۆكاری دووەمی لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە عێراق خاوەنی سیستمێكی دارایی و نەختینەیی ڕێكوپێك نییە و تەنیا سیستمی ئابووریی ڕەیعی (واتا پشت بە تاكە سەرچاوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت بەستووە،) بانكەكانیشی لە ئاستێكی باشدا نین و وەزارەتی نەوتی عێراق نەوتێكی زۆر دەفرۆشێت و بە دۆلار بۆی دەگەڕێتەوە و دەیداتەوە بە وەزارەتی دارایی، ئەمیش لە ڕێگەی كەناڵە خەرجییەكانی خۆیەوە دەیخاتەوە بازاڕ، بە داخەوە دەوڵەتێكی 40 ملیۆن كەسی و گەورەی وەكو عێراق ئیكۆنۆمیی بەم شێوەیە بەڕێوە دەبرێت، بەم تێڕوانینە دەیسەلمێنین كە قەیرانی ئەم دواییەی دینار بناغەی هەبووە و چاوەڕوانكراویش بوو.
* كەواتە بانكەكان لە عێراق و كوردستان لە ناو كایەی ئابووریدا بە ڕۆڵی سەرەكیی خۆیان هەڵناسن، پرسیار لێرەدا ئەوەیە چی بكرێت بۆ ئەوەی بانكەكان ڕۆڵی سەرەكیی خۆیان بۆ بگەڕێتەوە؟
- لاوازیی بانكی ناوەندیی عێراق و نەبوونی سیادەی ئەو بانكە و نزمیی ئەدای بانكە حكوومی و تایبەتییەكانیش ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە، تا نەبینە خاوەنی سیستمێكی بانكیی بەهێز و بانكێكی ناوەندی وا، كە بتوانێت ڕۆڵی لە سیستمی دارایی و سیاسەتی نەختینەییەدا هەبێت، دەبێت هەر چاوەڕوانی ئەو شۆك و قەیرانە دارایی و نەختینەییانە بین، لە كاتێكدا لە عێراقدا زیاتر لە 70 بانكی تایبەتی و چەندین بانكی حكوومی هەیە، بەڵام ڕۆڵێكی ئەوتۆیان نییە لە كۆنتڕۆڵكردن و جووڵەی ئەو 91 تریلیۆن دینارەی لە ساڵی 2003 وە چاپ كراوە، عێراق وەكو دەوڵەت نازانێت نزیكەی 40 تریلیۆن دیناری لە كوێیە و لەوەی دەمێنێتەوە 19 تریلیۆن دیناری پاشەكەوتە لای هاووڵاتیان و 10 تریلۆن دیناری دیكە لای بانكی ناوەندییە و بڕێكی كەمیشی لە ناو جووڵەی بازاڕ و مامەڵەكردندایە، لە كاتێكدا دەبووایە بەشێك لە پاشەكەوتی خەڵكی لە بانكدا دابنرێت و كاری پێ بكرێتەوە، نەوەكو پارەی پاشەكەوت لای هاووڵاتیان بمێنێتەوە، چونكە لە ڕوانگەی ئابوورییەوە بەها ڕاستەقینەكەی ساڵ لە دوای ساڵ بە ڕێژەیەكی جیاواز لە دەست دەدات، بە شێوەیەكی گشتی بانكەكان زیاتر بە كاری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵناسن و دەبێت بە وەزیفەی سەرەكی خۆیان هەڵسن.
* بۆچی بانكی ناوەندیی عێراق نەیتوانیوە تا ئێستا لە بازاڕەكاندا بەهای دینار بە جێگیری بهێڵێتەوە؟
- هۆكاری سیاسی و دارایی و نەختینەیی لە پشت قەیرانی ئەم دواییەی داشكانی بەهای دینار بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی و ناجێگیریی نرخەكەیەتی، لەلایەك بڕە پارەیەكی زۆری دۆلاری پاڵپشتیكراو ئاودیو دەكرا و، لەلایەكی دیكەوە عێراق خۆی لە خۆیدا خاوەنی سیادە نییە بە بانكی ناوەندییەكەشیەوە، كە بەپێی دەستوور نەدەبووایە پارێزگارەكەی لەو ماوە كورتە بگۆڕدرێت، لە ڕووی دارایی و نەختینەییشەوە لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەرچی پڕۆژە و بزنێس و سەفقەی گەورە هەیە، بە دراوی دۆلار ئەنجام دەدرێت، تا ئەو ڕاددەیەی كڕینی ئۆتۆمبێل و خانوو و زەوی و بگرە كەمالیات و كەلوپەلی كارەباش، ئەمە بە بەرچاوی بانكی ناوەندی و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی ئابووری و دارایی و نەختینەیی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بۆ بێمتمانەیی خەڵكی دەگەڕێتەوە بۆ بەهای دینار، لە شارێكی وەكو هەولێر نووسینگەی حەواڵە زۆر زیاترە و كۆنتڕۆڵكردنی بڕی هاتوچۆی نەختینە ناكرێت، تا وای لێ هاتووە ناوی ئەم مەكتەبانە بە هەڵە ناو نراون بۆرسە، ئەو بەناو بۆرسەیەی لە بەغداش هەیە، ڕۆڵێكی زۆر لاوازی هەیە و تەنیا لە چوارچێوەیەكی تەسكدا مامەڵەی بۆرسەی تێدا دەكرێت.
سەبارەت بە ناوەڕۆكی پرسیارەكەتان، هەمووان لەسەر ئەوە هاوڕان كە ڕۆڵی بانكی ناوەندی زۆر لاوازە و هەر بڕیار و ڕێوشوێنێكی گرتبێتە بەر، تەنیا لە پەرچەكردار زیاتر هیچی دیكە نەبووە، بەڵگەش بۆ ئەمە زۆر دەمێكە بانكی فیدراڵیی ئەمریكی ئاگاداری بانكی ناوەندیی عێراقی كردووەتەوە، بەوەی سەكۆی ئەلەكترۆنی، یان سەكۆی بەیانات دروست بكات بۆ فرۆشتنی ڕۆژانەی دۆلار، كاتێكیش قەیرانەكە دروست بوو، دزینی سەدە ئاشكرا بوو و بە ملیارەها دۆلاری دزراو ئاشكرا بوو، ئەو كات بانكەكە دوای ئەوەی بڵقی قەیرانە داراییەكە نەك هەر گەورە بوو، بەڵكو تەقییەوە، چووە ژێر باری فشارەكان و بە فریای خۆی كەوت، ڕێوشوێنەكانیش بووە هۆی ئەوەی بڕێكی كەم دۆلار بخرێتە بازاڕەوە و خواست زیادی كرد و كارەساتی گەورە بەسەر سیستمە لاوازەكەی دارایی و نەختینەیی عێراقدا ڕووی دا، بە ڕای من فشار و سزاكانی بانكی فیدراڵی ئەمریكی لەسەر ئەو بانكانەی بەشداربوون لە كڕین و فرۆشتنی دۆلار، تەنیا بۆ ڕاگرتنی ئەو گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە زۆرەی عێراق بوو، لەپێناو فریاكەوتنی نەزیفی ئاودیوكردنی دۆلاری ئەمریكی لە ڕێگەی ئەو بانكانە و بازاڕە نێوخۆییەكانەوە، بەوەی بانكی ناوەندی سیفەتی سەرەكیی خۆی بۆ بگەڕێتەوە، ئەویش سەربەخۆییە و نابێت بكەوێتە ژێر فشار و بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكی دەرەكی و سیاسیی نێوخۆیی و، چیتر بێسەروبەریی و پشێوی بە بڕیارەكانی ئەو بانكەوە نەبێت.
* بۆ دەربازبوون لەم ناجێگیرییەی بەهای دینار و گەڕانەوەی بەهای ڕاستەقینەی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینارە، كە لە بانكی ناوەندی دەدرێت و تا ئێستا ئەم نرخە ڕاستەقینەیە لە ناو بازاڕە نێوخۆییەكاندا نییە،ئایا دەبێت چی بكرێت؟
- لەگەڵ بوونی هەموو ئەم ڕەشبینییە، بەڵام هەمیشە لەو دیوی تونێلەكەوە ترووسكاییەك هەیە، ئەویش ئەوەیە بانكی فیدڕاڵیی ئەمریكا پێشنیاری كردووە و چارەسەرە، بەوەی سەكۆیەكی ئەلەكترۆنی دابنرێت، كە ناوی ئۆفاك سیستمە و هەموو ئەو بانكانەی بەشدار دەبن لە كڕین و فرۆشتنی دۆلار وردەكاریی پێشكەش بكەن، بەوەی دۆلارەكەیان بە كێ فرۆشتووە و چووەتە كوێ، هەروەها پێویستە هەموو حەواڵات كە پارە بۆ دەرەوە دەنێردرێت، دەبێت لە ڕێگەی سیستمی سیوفتەوە بێت، بە واتایەكی دیكە عێراق پابەند بێت بە سیستمی سیوفت لەسەر ئاستی دونیا، بەمەش مەترسیی ونبوون و چوونە دەرەوەی دۆلاری ئەمریكی بۆ میلیشیات و گرووپە چەكدارەكانی تیرۆریست و تاوانەكانی شووشتنەوەی پارە ڕێگەی لێ دەگیرێت.
* لەم گێژاو و پشێوییە و بوونی عەقڵییەتێكی شموولی لە ناو هەموو دامەزراوەكانی فیدڕاڵییەتدا لە بەغدا، ئێمە لە هەرێمی كوردستان چۆن هەڵسوكەوت بكەین و چۆن خۆمان لەم هەموو گرفتە دارایی و نەختینەییە بپارێزین؟
- ئەمە پرسیارە گرنگ و قورسەكەیە، ئێمە هەرێمێكی فیدڕاڵیین و خاوەنی دراو نین و دەسەڵاتی سیاسەتی داراییمان نییە، بابەتەكە و گۆڕانكارییەكە لەسەر ئاستی عێراقە وەكو دەوڵەت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا ئەوەیە پشتگیریی پێشنیارەكانی بانكی فیدڕاڵیی ئەمریكا بۆ بانكی ناوەندیی عێراق بكەین و، پاڵپشتی ئەو ڕێوشوێن و بڕیارانەش بین كە بانكی ناوەندی دەری كردووە و ئاستی پێشوازیی بانكەكانی كوردستانیش زۆر بەرز بێت، دەبێت سەفقە و بزنێس و كارەكان لە ڕێگەی سیستمی سیوفتەوە بێت، نەك لە شێخەڵڵا و بازاڕی دۆلاری شارەكان، ئەمە هیچ پەیوەندیی بە پلان و دژایەتیكردنی ئەمریكاوە نییە، هەر خۆی لە خۆیدا لە دوای ساڵی 2003وە ئەنجومەنی ئاسایش بە بڕیاری 1483 حیسابێكی لە بانكی فیدڕاڵیی ئەمریكا كردەوە، بۆ هەموو داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق و بە حیساب و پارەكانی ڕژێمی پێشووی عێراقیشەوە، ئەو بانكە ئاگاداری ورد و درشتی مامەڵە و سەفقە نهێنییەكانی ئاودیوكردنی دۆلارە، چونكە بانكی ناوەندی ڕەزامەندیی بە بانكی فیدراڵیی ئەمریكا دەدات، تاوەكو لەو حیسابە بانكییەدا پارەی بۆ بنێرێت، لەم ڕوانگەیەوە چارەسەری سەرەكی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە لە هەر دوو بانكی فیدڕاڵیی ئەمریكا و بانكی ناوەندیی عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت.