خانمان میكانیزمەكانی نەهێشتنی جیكاری رەگەزی و چینایەتی شەن و كەو دەكەن

خانمان میكانیزمەكانی نەهێشتنی جیكاری رەگەزی و چینایەتی شەن و كەو دەكەن

 

 

ئافرەتان لە سەرانسەری جیهاندا تاوەكو ئەمڕۆش بە شێوەیەكی ڕێژەیی مافەكانیان پەراوێز خراوە، لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم و كرانەوەی دونیا خانمان بەهێزی بڕوابەخۆبوونیان دژی ئەو نادادییە كۆمەڵایەتییەی كە هەیە، دەوەستنەوە و مێژووی تێكۆشانیان نەوە دوای نەوە بە جوڕئەتەوە دەگوازنەوە، خانمانی بەشداربوو لەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان بابەتەكە زیاتر تاوتوێ دەكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 فەزیلە شۆڕش بەرپرسی ئەوروپای یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە:"

بەرخۆدان و خەباتی ئافرەتانیش لە هەموو جیهان لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ بۆ دەستەبەربوونی مافی ئافرەتان بەردەوام بووە، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەم هەموو خەباتە دۆخی ئافرەت وەك پێویست نییە و پێویستی بە باشتربوونی هەیە». هاوكات گوتی: «میكانیزمی هەرە سەرەكی بۆ ئەوەی ئافرەت پارێزراو بێت، خودی ئافرەت خۆیەتی، واتە پێویستە ئافرەت خۆی لە هەموو كار و پڕۆژەیەك كە هەوڵی بە بەكاڵاكردنی دەدەن، دوور بخاتەوە و باوەڕی بە خودی خۆی و تواناكانی خۆی هەبێت، گرنگە هەوڵ و تێكۆشانی بۆ پێگە و مافەكانی بەردەوام بێت، ئەمە وا دەكات ئافرەت خۆی لە خۆیدا هەست بە پێگەی خۆی بكات، بەتایبەتی بوونی ئافرەت لە شوێنەكانی دروستكردنی بڕیار و زانست، چەكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاك و كۆمەڵگەی نەزان كە مافەكانی پێشێل دەكەن. هەروەها خوێندنەوەی بابەتە ڕۆشنبیرییەكان ئاستی ڕۆشنبیری و شێوەی بیركردن و مامەڵەكردنی ئافرەت لەگەڵ مەوقفەكان بەرز دەكات».

فەزیلە شۆڕش جەختی لەوەش كردەوە كە «میكانیزمێكی دیكە كە ئافرەت و خێزان پارێزراو دەكات، یاسا و جێبەجێكردنی یاسایە، هەر لە رێگای یاساشەوە دەتوانرێت، ئافرەت لە زوڵم و پێشێلكردنی مافەكانی بپارێزێت».

ناسك سەعید بەرپرسی ڕاگەیاندنی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «یەكسانی و جیاكاری نەكردن دوو چەمكی سەرەكیی مافی مرۆڤن؛ بەو مانایەی پێویستە هەموو مرۆڤێك بە یەكسانی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، جگە لەوەش یەكسانیی ڕەگەزی بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگەیەكی ئاشتیخواز، پێویستییەكی سەرەكییە. گەیشتن بە یەكسانی لە نێوان ڕەگەزەكاندا، هەروەها نەهێشتنی هەموو جۆرەكانی هەڵاواردن لەسەر بنەمای ڕەگەزی، مافی بنەڕەتیی مرۆڤ و بەهاكانی نەتەوە یەكگرتووەكانن، وەك لە چەندین ئامرازی سەرەكیی مافی مرۆڤدا جێگیر كراون. بەڵام جێگای سەرنجە، زۆرێك لە كاریگەرییەكانی مافی مرۆڤ كە لە چالاكییە بازرگانییەكانەوە سەرچاوە دەگرن، ڕەگەزین، چونكە كاریگەرییەكی ناڕێژەیی لەسەر ئافرەتان هەیە. دەتوانین بڵێین لە زۆربەی چوارچێوە و دەستپێشخەرییەكانی بازرگانی و مافەكانی مرۆڤدا گرنگییەكی زۆر كەم بە پرسە جێندەرەكان دراوە.

زۆرجار، ئافرەتان و كچان بارگرانییەكی ناڕێژەیی كاریگەرییە نەرێنییە كۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەییەكان لە ئەستۆ دەگرن لە كاتێكدا كەمتر دەستیان بە یارمەتییەكانی وەك ڕەخساندنی هەلی كار، گرێبەستی دابینكردن، یان قەرەبووكردنەوە دەگات، كە لەوانەیە بەهۆی گەشەپێدانی كەرتی تایبەتەوە دروست ببێت».

 مافی ئافرەتان ئەو مافە بنچینەییەی مرۆڤە كە نزیكەی 70 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆ هەموو مرۆڤێكی سەر زەوی چەسپێندراوە. ئەم مافانە بریتین لە مافی ژیانی ئافرەتان دوور لە توندوتیژی و كۆیلایەتی و جیاكاری بۆ ئەوەی بنیادی كەسێتی خۆی بنێت، بۆ ئەوەی خاوەندارێتی موڵك و ماڵی بكات بۆ دەنگدان بۆ بەدەستهێنانی مووچەیەكی دادپەروەرانە و یەكسان. دەتوانین بڵێین لە هەموو شوێنێكی جیهاندا هێشتا ئافرەتان لەو مافانە بێبەش دەكرێن، كە زۆر جار بەهۆی ڕەگەزەكەیانەوەیە».

بەرپرسی ڕاگەیاندنی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە «داهاتووی مافەكانی جیهانیی ئافرەتان لە مەترسیدایە». هاوكات بە پێویستی دەزانێت: «بیر لەوە بكەینەوە، ئایا ئافرەتان لە ئاستی جیهانیدا مافە بەزەحمەت بەدەست هێنراوەكانیان لەدەست دەدەن، یان هۆكارێكە بۆ سەركەوتنێكی نوێ؟ بۆیە دەبینین سندوقی جیهانی بۆ ئافرەتان كار بۆ جیهانێك دەكات كە هەموو ژن و كچێك بتوانێت مافە مرۆییەكانی خۆی بەدی بهێنێت و چێژ وەربگرێت». هاوكات دەڵێت: «كاتێك كە ئافرەتان دەستیان بە مافەكانی خۆیان بگات لە مووچەی یەكسان و مافی خاوەندارێتیی زەوییەوە، تا دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و مافی تەندروستیی دایكان، یەكسانی ڕاستەقینە بوونی دەبێت».

لیا سەیفەدین بەرپرسی ئەنجومەنی یەكێتیی ئافرەتانی كودستان لە سلێمانی، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «لە كۆمەڵگەی كۆمەڵایەتی لە كوردستان لە ڕووی هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ ئافرەت و ڕوانین بۆ بابەتەكانیان، بە بەراورد لەگەڵ وڵات و كۆمەڵگە و نەتەوەكانی دراوسێ، ئاستێكی مامناوەندیی هەیە؛ ئەوەتا لە هەندێ شوێنی هەرێمی كوردستاندا پیاو ناسناوی ئافرەت واتا (دایكی، یان هاوژینی) هەڵدەگرێت و پێی دەناسرێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم كۆمەڵگەیە بێبەش نییە لە ناهەقی و پێشێلكارییەكان دەرهەق بە ئافرەتان، ئەم هەڵسوكەوت و تێڕوانینانەش سەبارەت بە ئافرەتان، لە هەموو ناوچەیەكی هەرێم وەك یەك نییە». گوتیشی: «ڕۆژانە ئێمە گوێمان لە سووكایەتی و بەكەمزانینی ئافرەتانە، بێجگە لە نالەباریی دۆخی ئافرەتان لە ڕووی هاوسەرگیری و ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، پەراوێزخستنی ئافرەتان لە لایەنی سیاسییەوە نادادییەكی دیكەیە، ئەمە پێویستیی بە كاركردنێكی زۆری دەستەجەمعی هەیە لەلایەن چالاكانی ئافرەتان و كۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ بۆ هێنانەكایەی كەشێكی یەكسان بۆ هەر دوو ڕەگەز لە بوارە جیاوازەكاندا، بەگشتی دۆخی ئافرەت و پرسەكانی پەیوەستە بە خێزان، زانكۆ و پەیمانگا، ئابووری و پیشەسازی، دامودەزگای حزبی، میدیا بەگشتی و ڕەهەندی كۆمەڵگە هەتا دەگاتە پەرلەمان و سەرەوەیی دەسەڵات.

پێویستە گوێ لە ڕزگاربووان بگیرێت و باوەڕیان پێ بكرێت، كاتێك ئافرەتێك چیرۆكی توندوتیژیی خۆی باس دەكات، لەو كاتەدا یەكەم هەنگاو دەنێت بۆ شكاندنی سنوور و سووڕی ئازاردان. ئەوە لەسەر هەموومانە كە ئەو شوێنە سەلامەتە بدەینە ئەو ئافرەتە كە پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی قسە بكات و گوێی لێ بگیرێت. هاوكات نەوەی داهاتوو فێر بكرێن كە ڕێز لە مافەكانی تاك و ئافرەت بگرن، هەروەها فێری ئەوە بكرێن، جیاوازیی ڕەگەزی و چینایەتی بوونی نییە و سەردەمی نوێ پێویستی بە كاركردن و ژیانكردنی پێكەوە و یەكترقبووڵكردن هەیە، هەروەها دەبێت ئاسۆی بیركردنەوەی فراوان بكرێت و گوێیان لێ بگیرێت، تا بتوانن دەستپێشخەریی خۆیان بۆ پاراستنی مافەكانی تاك و ئافرەت لە پێناو بەدەستهێنانی كۆمەڵگایەكی تەندروست بخەنەڕوو».

بەرپرسی ئەنجومەنی یەكێتیی ئافرەتانی كودستان لە سلێمانی، ڕای وایە: بە مەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ ڕزگاربووانی دەستی توندوتیژییەكان پێویستە دەستبەجێ لەكاتی داواكردنی هەر خزمەتگوزارییەك هاوكاری بكرێن، وەك پەناگە، هێڵی گەرم، ڕاوێژكاری و هەموو پاڵپشتییەك بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی ڕەگەزیی پێویستییەكی بنەڕەتییە. كۆكردنەوەی زانیارییە پەیوەندیدارەكان كلیلی جێبەجێكردنی ڕێوشوێنە سەركەوتووەكانی خۆپاراستن و دابینكردنی پشتگیرییەكی دروستە بۆ ڕزگاربووان».

 

 

 

خانمان میكانیزمەكانی نەهێشتنی جیكاری رەگەزی و چینایەتی شەن و كەو دەكەن
خانمان میكانیزمەكانی نەهێشتنی جیكاری رەگەزی و چینایەتی شەن و كەو دەكەن
خانمان میكانیزمەكانی نەهێشتنی جیكاری رەگەزی و چینایەتی شەن و كەو دەكەن
خانمان میكانیزمەكانی نەهێشتنی جیكاری رەگەزی و چینایەتی شەن و كەو دەكەن
Top