هێمن محمود: بە بڕوای من تەنها مەرگ دەتوانێ مرۆڤ بوەستێنێت

هێمن محمود: بە بڕوای من تەنها مەرگ دەتوانێ مرۆڤ بوەستێنێت

شاعیری لاو ( هێمن مەحمود ئاغا ) لە شاری سلێمانی لەدایک بووە لە ئێستادا لە(ناحیەیی تەکیەیی کاکەمەند)ژیان دەگوزررێنێ هەر لە منداڵیەوە لە حوجرە و ئەو شوێنە پیرۆزانەدا بووە کە باسی ئاینی پیرۆزی ئیسلامی تێدا دەکرا تا لە ورد و درشتی بابەت و مەنسەب و قوڵایی تێبگات لایی چەندین مامۆستاش وانەی ( عقیدە و قورئانی پیرۆزم خوێندووە ) و لە بابەتی (مقامات) و (بانگ)دا لە ساڵی 2022 دا توانیویەتی پلەی(سێهەم) بەدەست بهێنێت چەندین شەهادە و خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە جگە لە بواری ئاینی لە بابەتی(شیعر)یدا لە قۆناغێکی باشدایەو چەندین جار لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیشدا شیعری بڵاو بۆتەوەو خاوەنی ڕێزلێنانی لەبواری شیعردا,وە لە (لقی ئەدیبانی سلێمانی) لە بەشی ( پڕۆژەکان ) خزمەت دەکات, شەش ساڵە لەگەڵ پڕۆژەی (دۆستانی کتێب) خزمەت دەکات .

دیمانە(مەریوان حەکیم جەباری)

هێمن محمود: بە بڕوای من تەنها مەرگ دەتوانێ مرۆڤ بوەستێنێت

له کەیەوه دەستت بە نوسینی بابەتی ئایینی کردووە؟
سـەرەتایی دەستپێکردنم لـە نوسینی بابەتی ئاینی دەگەڕێتەوە بـۆ ساڵی 2020 ، ئەویش بە سەرپەرشتی چەند مامۆستایەکی خاوەن ئەزموون.

مەبەستتان لە نوسینی بابەتی ئایینی چیە؟

مەبەستی سەرەکیم لە نوسینی بابەتی ئاینی بریتییە لە ڕازیکردنی پەروەرێنی جیهانیان لە خۆم و نوسینەکانم لە پاش مردن ببن بە (صدقة الجاريه),هەروەها ئێمە بەرپرسین لە هەر نیعمەتێک کە خودا پێی بەخشیووین و ئەمانەتن لامان، بۆیە تا بتوانین ئەمانەتەکە وەک پێویست بگەیەنین,وە هەروەها خوێنەرە خۆشەویستەکانیش ئاگادار بکەمەوە لەو پێشهاتانەی کە دێتە ڕێیان و هیچ ڕێگەیەک نیە بۆ خۆ لادان لەو ڕێچکەیەی دێتە پێشیان,پێغەمبەرمان (د.خ) دەفەرمووێت ( عَنْ أَنَسٍ عَنْ النَّبِيِّ صلى الله عليه وسلم قَالَ ((لَا يُؤْمِنُ أَحَدُكُمْ حَتَّى يُحِبَّ لِأَخِيهِ مَا يُحِبُّ لِنَفْسِهِ)) رواه البخاري ١٣.
واتە: ((ئیمانی هیچ یەكێك لە ئێوە تەواو نابێت تاوەكو چی بۆ خۆی پێ خۆشە بۆ براكەشی پێی خۆش بێ)).
کەوایە ئێمە خۆمان دەپارێزین بە ئیزنی خودا لەو ناڕەحەتییانەی لەپێشمانن کەواتە دەبێت ببین بە ڕۆشنکەرەوە بۆ خەڵکی لەو ڕێگایەی خودا تێیدا شارەزای کردووین .

وەک نوسەرێک ئاین لای تۆ چیه ؟

ئاین لە زەینی مندا وەک ژیان دەیبینم,چونکە جوانی بە هەموو شتێک دەدات لە ڕوانگەی دینەوە، هیچ شتێک بوونی نیە کە لە دینی ئیسلام غیاب بێت و باس نەکرابێت,هەر شتێک لە هەر ڕووانگەیەک و مەسدەرێکەوە لێی بڕوانیت جگە لە دینی ئیسلام پڕ دەبێت لە ناتەواوی,کەواتە ئاینی پیرۆزی ئیسلام وەک ( بێژنگ)ە پیسی و ناتەواویەکانی فڕێداوە و بێ گەردی بۆ ئێمە هێشتۆتەوە )

ناوی کتێبەکەت تایبەت و سەرنج ڕاکێشە چۆن بوو ئەو ناوەت هەڵبژارد؟

(گوزەرێک بە پەسڵاندا) کە بریتیە لە ناوی کتێبەکە بۆیە وشەی (پەسڵان)مان بەکارهێناوە لە شوێنی وشەی (قیامەت) پەسڵانیش واتە ڕۆژی زیندووبوونەوە، هەوڵمانداوە ئەو ووشە کوردییە پەتیانەی لە گوفتارەکانماندا ونن و پەراوێز خراون دووبارە بیانهێنینەوە یادگای خوێنەرە ئازیزەکانمان و هەوڵی زیندووکردنەوەی وشە پەراوێز خراوەکانی (زمانی دایك)مان بدەین .

خەڵک چۆن پێشوازیان لە کتێبەکەت کرد و چۆن هەڵیان سەنگاند؟

بەجدی باوەڕ پێنەکراو بوو ئەو پێشوازیەی لە خەڵکم بینی هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم بەو جۆرە پڕ لە جۆش و خرۆشە پێشوازی لە کتێبەکەم بکەن من سوپاسی خوێنەرە خۆشەویستەکان دەکەم .
کە بە کەمتر لە (یەک مانگ) هیچ تیراژێکی لە بەرگی یەکەم نەماو خەڵکانێك هەن لە ئێستاوە چاوەڕوانی چاپی (دووەم)ن .
جێگای دڵخۆشییە کە دوای خوێندنەوەی کتێبەکە چەندین مەسجی دەستخۆشی هاتووە کە توانیویانە سوودێکی زۆر لە کتێبەکە ببینن,لای هەندێك خوێنەریش بە هاوتایی کتێبی (ئەندازیاری بەختەوەری) مەزەندە کراوە کە یەکێکە لە کتێبە هەرە باشەکان .

بۆ بابەتی کتێبەکەت پشتت بەچ سەرچاوەیەک بەستووە ؟

بابەتەکان زۆرن و زیاتر لە (بیست و پێنج) سەرچاوەمان بەکار هێناوە,وەک (قورئانی پیرۆز ـ ۲٤۰ فەرموودەی مرواری ـ تەواوی کتێبەکانی ابن قیم جوزی ـ کتێبەکانی ابن تیمیە و ابن حجر ....هتد )

وەك ئاشکرایە لە چەند شارێك ناساندنت بۆ کتێبەکەت کردووە ئایە پێوستە خەڵك ئەو کتێبە بخوێنێتەوە؟

بێگومان خوێندنەوە کلیلی قوفڵی نەزانینەو ڕۆشنایی خۆری گەشبینی و خۆشبەختی پەخش دەکات، بەنسبەت خوێندنەوەی کتێبی (گوزەرێک بە پەسڵاندا) باسی دینێك دەکات کە پێش (۱٤۰۰ ساڵ) لەمەوبەر هاتووەو تاکو ئێستاش بەردەوامەو ساڵ بە ساڵ بەهەزاران کەس ڕوو لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەکەن و مزهەب و دینی خۆیان دەگۆڕن .
شایەنی ئەوەیە بزانین موعجیزەی ئەم دینە چیە و لە بارەیەوە بزانین کە چ هێزێکی لە پشتە کە دوای ئەو هەموو ساڵە هەر بەهێزی ماوەتەوە.

ئەتوانی بەکورتی باسێك لە ناوەڕۆکی کتێبەکەت بکەی؟

ڕاست و درووستی پێشهاتی هەریەك لە ئێمە دەخاتە ڕوو,(هیچ مرۆڤێکی ژیر بوونی نیە نەزانێت هەنگاوەکانی ژیانی بەرەو کام مەنزڵگە دەیبات) کەوایە لەم کتێبەدا دەزانیت هەنگاوەکانت بۆ خۆشبەختی هەمیشەییە یاخود ئازار و ئەشکەنجەییەکی ناکۆتا . باس لە ڕەحم و سۆز و میهرەبانی خودا دەکات و باس لە عەزاب و ناڕەحەتیەکانیش دەکات,موژدەی خۆشبەختی هەمیشەییمان پێدەدات لە پای کردەوەی باشەکان و لە دوای ناخۆشی موژدەی کۆتا هێنان بە ئازارەکانمان پێدەدات و ئاگادارمان دەکاتەوە بە سزا بۆ کردەوە نابەجێکانمان .

تاچەند لەو کۆڕ و سيمنارانە کە لە کوردستان دەکرێ ڕازیت؟

بێگومان لە ئێستادا کۆڕ و سیمینارێکی ئێجگار زۆر دەکرێت,بەڵام ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار پێویستە بزانرێت بۆ کێ دەکرێت و بۆ چ بوارێك,بەبڕوای من پێویستە ئیش لەسەر لایەنی ڕۆشنبیری و پەروەردەو فراوان بوونی هزری مرۆڤ بکرێت بەڵام کەمترین کۆڕ و سیمینارەکانمان بۆ ئەو بابەتانە تەرخان کراوە,بەداخەوە کە بەشێکی زۆر تەنها خوێنەرێکی کات کوژ و خەمخۆرێ بۆ پڕکردنی ڕەفەی کتێب خانەکەیانن، نەک هەوڵدان بۆ ڕەفەی دەروونی ناخیان.

ئێستا لەو ئاستەی که خۆت ئەتەوێت ؟

مرۆڤ هەتا زیاتر بزانێت ئەوکات تێدەگات هیچ نازانێت,من لە نەزانینەوە تا ئێرە هاتووم سوپاسگوزاری خودام کە ئەو مرۆڤەی ئێستا هەم،بەڵام ڕازی نیم هەروا بمێنمەوەو لە شوێنی خۆم بووەستم، پشتیوان بە خودای گەورە سات لە دوای سات هەوڵ بۆ زیاتر و زیاتر دەدەم تا ئەوکاتەی ژیان، کۆتایی دێت .

کێ هاوکارت بووە لە بەرهەمهێنانی کتێبەکەت بە ناونیشانی (گوزەرێک بە پەسڵاندا)؟

سوپاسگوزاری خودام کە چەندین دۆست و هاوڕێی خۆشەویستی بۆ ناردووم تا هاوکارم بن,بێگومان کەسەکان زۆرن گەر ناوی هەندێکیان بڵێم وەكو م(سالم شێخ محمد بەرزنجی ــ م.هێلین عبدلجبار (پاڵانی) ــ محمد بەرزنجی ــ میمۆجان ــ(م. محمد نادم ـ پێشەوا کامیل ) و چەندانی تر کە حەز ناکەن ناویان بهێنرێت کە زۆر هاوکارم بوون خودا بیخاتە توێشوویەک بۆ قیمەتیان.

لە ئێستادا هیچ پڕۆژەیەکی نوێت هەیە؟

بە بڕوای من مرۆڤ دەبێت بەس مەرگ بیوەستێنێت، بێگومان خودا هاوکار بێت لە ئێستادا مەژغوڵی کتێبێکی دیکەم
کە ئەمجارە بابەتەکانی زیاتر(کۆمەڵایەتین و تێکەڵی بابەتی ئاینیشن) مژدەیەک بۆ خوێنەرەکانمان ئەمجارە بڕیارمانداوە (وەرگێڕی سەر زمانی ئینگلیزی) بکرێت .

ـ دوا ووتەت بۆ گۆڤاری گوڵان

دەستخۆشیم هەیە بۆ ستافی گۆڤاری گوڵان بە تایبەت بەڕێز م،(مەریوان حەکیم) زۆر سوپاسی دەکەم کە گرنگی بە بەهره و تواناکانی نوسەر و کەسی ڕوناکبیر دەدەن، هیوادارم بەردەوام بن لەم جۆرە دیمانانە.

Top