تاڤگە عومەر ڕەشید: پێویستە پاڵپشتییەكی یاسایی بەهێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە جیاكارییەكی ڕەگەزی هەبێت
تاڤگە عومەر ڕەشید بەڕێوەبەری گشتیی یاسا و مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەكات و، تیشك دەخاتە سەر ئەو كارانەی كە دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ پێشكەشی دەكات، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لە ئاستی پێویست نییە و، سەرەڕای بوونی ئیرادەیەكی بەهێز بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەڵام پێشێلكارییەكان بەردەوامییان هەیە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* لە ئێستادا دۆخی مافی مرۆڤ بەگشتی لە هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟
- بە شێوەیەكی گشتی دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لە ئاستی پێویست نییە، پێشێلكاری زۆرە، سەرەڕای بوونی ئیرادەیەكی بەهێز بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام پێشێلكارییەكان بەردەوامی هەیە. بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی ئێمە لە سەرجەم سێكتەرەكان پێشێلكاریی دیار تۆمار كراون و، ئەگەر ساڵی 2022 بە ساڵانی پێشووتر بەراورد بكەین، ئەوا پێشێلكارییەكان لە هەڵكشاندان، بەتایبەتیش ئەو پێشێلكارییانەی كە دەچنە چوارچێوەی تاوانەوە.
* هۆی چییە پارێزەرانی مافی مرۆڤ نەیانتوانیوە پارێزگاری كردەیی لە مافەكانی خانمان بكەن؟
- ڕەنگە نەتوانین بڵێین پارێزەرانی مافی مرۆڤ نەیانتوانیوە پارێزگاری لە مافەكانی ئافرەتان بكەن، بەڵكو كاریگەریی هەوڵەكان لەسەر ئەرزی واقیع وەكو پێویست نییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆكاری(كەسی و بابەتی)، دیارە هۆكاری كەسی زیاتر پەیوەستە بە توانا و ئیرادەی كاركردن و ڕەنگە ئەمیش هەندێك جار پەیوەست بێت بە هەندێك فكر و ئایدیا كە ببێتە ئاستەنگی كاركردن بۆ بەدیهێنانی مافەكانی ئافرەت، یان وادەی باوەڕبوون بە پرسێكی دیاریكراوی تایبەت بە مافەكانی ئافرەت، كە ئەمە ڕەنگدانەوەی هەبووە لە هەوڵی دەزگا و ڕێكخراوەكانیش بۆ بەدیهێنانی ئەم مافانە، هۆكارە بابەتییەكانیش بە هەند وەرگرتنی پرسەكانی ئافرەتانە لەسەر ئاستی كۆمەڵگە و ڕای گشتی» كە بەداخەوە لە ئێستادا جیاوازیەكی زۆر بەرچاو دەكەوێت لە پاراستنی ئەم مافانە لەسەر ئاستی دەسەڵاتە جیاوازەكان و بەتایبەتیش لە ڕووی یاسایی و جێبەجێكردنی یاساوە، كە ئەركی دەسەڵاتی یاسادانانە و سستییەكی زۆر لە بەرەوپێشچوونی ئەم بابەتە بەدی دەكرێت، لە لایەكی دیكەشەوە جگە لەم هۆكارانە لە ئێستادا تەوژمێكی پەرچەكرداری دژی چالاكان و پارێزەرانی مافەكانی ئافرەت بەدی دەكرێت، كە قاڵبی كەسیی وەرگرتووە و هیچ پارێزبەندییەكی ئەوتۆ نییە بۆ بەرگریكردن لێیان و تەنانەت كار گەیشتووەتە ناوزڕاندن و بەخشینەوەی تۆمەتی بێ بنەما و چەندینی دی كە ڕۆژانە لە سۆشیال میدیا و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن تێبینی دەكرێن.
زۆر گرنگە كە تواناكان لە هەموو ئاستەكان یەك بخرێت و پەرتەوازەیی لە پرسی ئافرەت نەمێنێت، چونكە ئەم پرسە پرسێكی گشتییە و پێویستە كاری هەمە چەشن و هەمە لایەن بۆ ڕووبەرووبونەوەی ئاستەنگەكان ئەنجام بدرێت.
* ئەو خزمەتانە چین كە دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ بۆ زامنی مافەكانی ئافرەت پێشكەشی كردوون؟
- دەستەی مافی مرۆڤ دەزگایەكی نیشتمانیی چاودێرە بۆ پاراستن و چاودێریكردنی مافەكانی مرۆڤ بە شێوەیەكی گشتی و مافەكانی ئافرەتیش وەكو كرۆكی مافەكانی مرۆڤە، ئەركی دەستەیە كە كار بۆ پارێزگاریكردن لەم مافانە بكات و لە سەرجەم پێشێلكارییەكان دەسەڵاتە جیاوازەكانی هەرێم ئاگادار بكاتەوە، ئەو دەسەڵاتەی كە دەستە هەیەتی بە گوێرەی یاسا لە ماوەی 10 ساڵی كاركردنیدا لە بەشداریی كارای دەستە لە دەركردن و هەمواری یاسا پەیوەندارەكانی ئافرەت بە هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان و لایەنە حكوومی و ناحكوومییەكان كاری بۆ كردووە و، سەرەڕای ئاستی پەیوەستبوونی لایەنەكانی جێبەجێكاری یاسا بۆ پاراستنی مافە یاساییەكانی ئافرەتان و ئاگاداركردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار و بەدواداچوونی چۆنێتی چارەسەركردنی كێشەكانی ئافرەتان لە كۆمەڵگە و بوونی تەوەرێكی تایبەت بە دۆخی ئافرەت لە ڕاپۆرتی ساڵانە و وەرزی دەستە و بوونی ڕاسپاردەی پێویست بۆ ئەم لایەنانە و ئەنجامدانی پڕۆژەی تایبەت بە هوشیاركردنەوەی ئافرەتان لە مافەكانیان بە شێوازی جیاواز.
* ئەو میكانیزمانە چین كە وا دەكەن، ئافرەت دوور لە جیاكاریی ڕەگەزی وەك مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت؟
- بۆ دوورخستنەوەی ئافرەتان لە جیاكاری پێویستە كۆمەڵێك میكانیزمی جیاواز هەبێت، لە سەرووی هەمویانەوە بە گرنگ وەرگرتنی پێگەی ئافرەت لە سیاسەت و ستراتیژیەتی حكومەتە بە تەواوی دەسەڵاتەكانەوە و پاشان ڕەنگدانەوەی ئەم پرسە لە دەستوور و یاسا نیشتمانییەكان، تاوەكو پاڵپشتییەكی یاسایی بەهێز هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە جیاكارییەكی ڕەگەزی، جگە لەوەش بوونی ڕێژەی دیاریكراوی ئافرەت لە پێگەی بڕیار لە هەموو كەناڵە فەرمی و نافەرمییەكان بۆ چەسپاندنی پرسی ئافرەتان لە تەواوی بەرنامە و پلانی كاردا، خاڵێكی دیكەی زۆر گرنگ ئەوەیە كە دەبێت كار لەسەر پەروەردە بكرێت، چونكە پێگەیاندنی تاكێكی تەندروست و هەڵگری بیری مەدەنییەت و ناجیاكاری و یەكتر قبووڵكردن چارەسەری زۆربەی كێشەكانی پەیوەست بە ئافرەتانە كە بتوانین لە منداڵییەوە منداڵ بە بیرۆكەی یەكسانی و ناجیاكاری گۆش بكەین، ڕاگەیاندن ڕۆڵی سەرەكی لەم پرسە دەگێڕێت، تاوەكو كۆمەڵگە بە تەواوی چین و توێژەكانەوە هوشیار بكەینەوە لە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئافرەتان و دوورخستنەوەی تاكەكانی كۆمەڵ لە هەموو جۆرە جیاكارییەك.