سەرۆك بارزانی لەگەڵ میری ئێزیدیان و بابا شێخ و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزیدی كۆبوویەوە
ڕۆژی شەممە 11ی ئاداری 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزیدیان و شێخ عەلی ئەلیاس بابا شێخ و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزیدی كۆبوویەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا میری ئێزیدیان كورتەیەكی لە ئەنجامی سەردانەكەی بۆ دەرەوی وڵات بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد و پێزانینی خۆیشی بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئازادكردنی شنگال و پاراستن و پاڵپشتیكردنی كوردانی ئێزیدی و پێكهاتەكانی تر دەربڕی.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە بە زووترین كات ڕێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ بكرێ و كۆسپ و تەگەرەی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی باب و باپیرانیان نەمێنن. هەر پەیوەست بە بابەتی شنگالەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی جێبەجێبوونی ڕێككەوتنی شنگال دەكات و بە پێویستشی زانی ئەو هێزانەی لە دەرەوەی یاسان شنگال بەجێ بهێڵن و بارودۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە و بدرێتەوە دەست خەڵكی ڕەسەنی شنگال. سەرۆك بارزانی ئامادەبوانی كۆبوونەوەكەی لەوە دڵنیا كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت خوشك و برایانی ئێزیدی تووشی نیگەرانی و پەراوێزبوون ببن.