خانمان و یەك ڕۆژ لە ساڵێكدا

خانمان و یەك ڕۆژ لە ساڵێكدا


8ی مارس كە بە ڕوژی جیهانی ئافرەتان دیاریی كراوە و لەو رۆژەدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر لە وڵاتان و بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەڕێوەدەچن .
بە بۆچوونی خۆم، دیاری كردنی تەنها ڕۆژێك لە ماوەی یەك ساڵدا، بۆ ئافرەتان و خانمان بەس نییە، هەمو ڕۆژ ڕۆژی ئافرەتانە، هەرچەندە لە كوردستان تا ڕادەیەكی باش مافی ئافرەتان پارێزراوە و ڕێژەی دەستدرێژی و كوشتن و قوربانیدانی ئافرەتیش بە بەبەراورد بە وڵاتە پێشكەوتووەكانیش لە ئاستێكی خراپدا نییە، بەڵام هێشتا تمووحمان دەستەبەر كردن و پێدانی مافی زیاترە بە ئافرەتان تا كۆمەڵگەیەكی تەندرووست و بێ ئاریشەمان هەبێت.
ئەركی حكومەت و دەسەڵاتیشە، كەشێكی وا بڕەخسێندرێ هاوشێوەی پیاوان، ئافرەتانیش بتوانن ئابووری سەربەخۆیان هەبێت، بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە ئافرەتان بكەن و ڕێگە نەدرێ وەك كاڵا سەیر بكرێن و مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و دەستدرێژیان بكرێتە سەر، هەوڵ بدرێت یاساكانی بەرگری لە مافی ئافرەتان پتەوتر بكرێن و ماددەكانی دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتان و سوكایەتی كردن بە شەڕەفیان قورستر بكرێن.
لە ناوەندە ئەكادیمی و دامەزراوەكانی حكوومەت، ڕێژەی ئافرەتان زیاد بكرێن تا لە كۆمەڵگەی كوردیدا هەست بە جیاوازی و گرنگیدانی زۆری پیاوان بەرامبەر ئافرەتان نەكرێت.
لەسەر ئافرەتان و خانمانیش پێویستە، بۆ مسۆگەر كردنی مافەكانیان، سەرەتا كار بۆ پەروەردەكردنی هزر و بیركردنەوەیان بكەن، ناكرێت ئافرەتانیش بەناوی ئازادی و ماف، بێڕێزی و سوكایەتی بكەن و هەرچی دڵی خواستی ئەنجامی بدات، پێویستە لێكگەیشتن لەگەڵ بەرامبەر بەتایبەت هاوسەری هەبێت تا بەیەكەوە سەركەوتن لە هەموو ڕوێكەوە بەدەست بهێنن.
لەڕووی مێژووییەوە هۆكاری گۆڕینی 8 مارس وەك ڕۆژێكی جیهانی تایبەت بە خانمان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1857، كە لەڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا سەرجەم كرێكارە ژنەكانی كارگەیەكی قوماش و دوورینی جلوبەرگ لە شاری نیویۆركی ئەمریكا لەپێناو زیادكردنی داهات و چاككردنی ژیان و گوزەرانیان و كەمكردنەوەی ماوەی كاركردنیان خۆپیشاندانیان كرد، بەڵام بەهێز و زەبرێكی زۆر كەوتنە لێدانی ئافرەتەكان و سوكایەتی پێكردنیان.

 


ڕێزان باڵەك

Top