هۆكار و چارەسەری گزیكردن لە ناوەندەكانی خوێندن

هۆكار و چارەسەری گزیكردن لە ناوەندەكانی خوێندن

 

 

 تا ئێستاش «قۆپییە»، یا گزیكردن لە ناوەندەكانی خوێندن تەنانەت لە زانكۆ و پەیمانگەكانیش بەدی دەكرێن. بە بۆچوونی پەروەردەكاران گزیكردن فاكتەر و هۆكاری زۆری هەیە و، ڕایان وایە دیاردەی گزیكردن بە یەكێك لەو گرفتە هەرە قورسانە دادەنرێت كە بەرۆكی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەگرێت، مامۆستایەكی زانكۆش جەخت لەوەدەكاتەوە كە جێبەجێنەكردنی سزاكان وەك خۆی و پاڵپشتینەكردنی بەرپرسە گەورەكانی ناوەندەكانی خوێندن لە مامۆستایان و ستافی ئەكادیمی لە كاتی گرتنی گزییەكان، ھۆكاری سەرەكیی زۆربوونی گزییە لە ناوەندەكانی خوێندن. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زیاتر تاوتوێی ئەم پرسە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«كوڕەكەم لە قۆناغی بنەڕەتییە و ماوەیەك پێش ئێستا یەكێك لە هاوڕێكانی هانی ئەوەی دابوو كە لە تاقیكردنەوە قۆپیە بكەن، بەڵام بە هۆی ناشارەزایی كوڕەكەم قۆپیەكەی لەلایەن مامۆستاكەی لێ دەگیرێت، مامۆستاكە بە بێدەنگی كاغەزەكەی لێ وەردەگرێت و بەڵێنی ئەوەی لێ وەردەگرێت كە دووبارەی نەكاتەوە، بەڵام من وەكو دایكێك تا ئێستا لە كوڕەكەی خۆم نەبووراوم». ئەمە قسەی سەروین جەودەتی تەمەن 38 ساڵ بوو. لە درێژەی قسەكانیدا زیاتر گوتی: «پێویستە بەرپرسانی پەروەردە بڕیار بدەن، بە رەچاوكردنی لایەنی دەروونیی قوتابی رێوشوێنی توند بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی هەم قوتابی زیاتر خۆی ماندوو بكات، هەمیش نەكەوێتە ژێر كاریگەریی هاوڕێی خراپ. هەر كەسێك ئەمڕۆ هاوڕێی خۆی فێری قۆپیەكردن بكات، سبەی فێری تلیاك و حەشیشەشی دەكات».

كامەران ئەبابەكر خۆشناو مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەددین/ كۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە، سەبارت بە هەمان پرس ئاماژە بەوە دەكات كە «گزیكردن كارێكی نائاسایی و لادەر و ڕەفتارێكی نادروستە بە مەبەستی شێواندنی واقیع ئەنجام دەدرێت، واتە بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەستكەوتێكە، مخابن گزیكردن ئەمڕۆ وەك دیاردەیەك لە زۆرێك لە كایەكانی ژیانی كۆمەڵگەكاندا (كارگێڕی، بازرگانی، ڕامیاری، پەروەردە و خوێندن و... هتد) بوونی هەیە و هەستی پێ دەكرێت، كە خۆی لە فێڵكردن بە مەبەستی سەركەوتن دەبینێتەوە، بۆیە ئەگەر گزیكردن بە هەموو شێوەیەك و لە هەموو كات و بوارەكاندا كارێكی خراپ و بەد بێت، ئەوا لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندندا دوو هێندەی دی ناشیرین و كرێتە، بەڵام بەداخەوە زۆرن ئەوانەی هێشتا پەنا بۆ ئەم كارە دەبەن. ئەم دیاردەیەش لە لایە قوتابیان، لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا زیاتر دەبێت، ئەویش بە مەبەستی دەرچوونی، تەنانەت هەندێكجار بە مەبەستی هێنانی نمرەی بەرز دەكرێت، چونكە ئەنجام و نمرەی بەدەستهاتووی تاقیكردنەوەكان وەك هەڵسەنگاندنێك دەبنە پێوەر بۆ دیاریكردنی ئاستی قوتابیان». سەبارەت بە جۆر و شێوەی گزیكردنیش گوتی: «جۆرەكانی زۆرن، لەوانە: بردنە ژوورەوەی پەڕەی بچووك بچووك، نووسین لەسەر دیوار و تەختە و رەشكەرەوە، وێنەگرتنی بابەتەكان و بردنە ژوورەوەی مۆبایل، بردنە ژوورەوەی هێدفۆن و بلوتووز، وەرگرتنی ناوپۆل بە دەنگ یا چاو و.. هتد، هەروەها زۆر بەداخەوە ئەمڕۆكە گزیكردن لە نێوان قوتابیان و خوێندكاران لە هەموو قۆناغەكاندا بە زانكۆشەوە بوونی هەیە، تەنانەت زۆر جار لە نێوان ئەو قوتابیانەشدا بوونی هەیە كە لە ئاستێكی زیرەكیی بەرزدان، هەروەك لەنێو ئەوانەشدا هەیە كە سستن لە فێربووندا، لە هەردوو ڕەگەزیشدا بوونی هەیە. هەر لەم ڕوانگەیەوە دیاردەی گزیكردن بە یەكێك لەو گرفتە هەرە قورسانە دادەنرێت كە بەرۆكی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەگرێت». گوتیشی: «هۆكار زۆرن بۆ ئەوەی قوتابیان پەنا بۆ ئەم دیاردە كرێتە ببەن، لەوانە: خێزان هۆكاری سەرەكییە، چونكە ئەگەر دایك و باوكان كەمتەرخەم بن بەرانبەر منداڵەكانیان و بەواداچوون و لێپێچینەوە لەسەر بابەت و وانەكانیان نەكەن، ئەگەری زۆرە منداڵە قوتابییەكانیان تووشی هەڵە ببن. یان هەندێك خێزان وێڕای ئەوەی ژینگەیەكی لەباریان نییە، بەڵام بەردەوام خەریكی میوانداری و سەردانیكردنن» بێ گوێدانە ڕەوشی قوتابی و خوێندكارەكانیان، یان كاركردنی بەشێك لە قوتابیان و بۆ هاوكاریكردنی دایك و دایك بێگوێدانە ئەرك و خۆئامادەكردنەكانی خوێندن، تایبەت لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا، یان كێشە كۆمەڵایەتییەكانی خێزان دەبنە مایەی ئەوەی قوتابیان كەمتر بایەخ بە وانەكانیان بدەن، ئەمەش زۆر جار وا دەكات، دواجار بەمەستی دەرچوون پەنا بۆ گزیكردن ببەن. هۆكارەكانی قوتابخانە و سیستەمی خوێندنیش وا لە قوتابی دەكات پەنا بۆ گزیكردن ببات، لەوانە: بایەخێكی زیاد لە پێویست بە تاقیكردنەوەكان دراوە، بە جۆرێك قورس و گەورە كراوە لەلای قوتابی، كە لەگەڵ بیستنی ناوەكەی» یان نزیكبوونەوەی كاتەكەی بە شێوەیەك لە شێوەكان قوتابیان و تووشی شڵەژانی دەروونی دەبن، چونكە دواجار بەپێی سیستەمەكە هەر چەندە قوتابیان لەئاستی تێگەیشتن و زیرەكیی بەرزیشدا بن، تەنیا بەپێی (نمرەی بەدەستهاتوو) مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، هەندێكجاریش پرسیاری تاقیكردنەوەكان لە ئاستی پێویستدا نین و زۆر بە قورسی دەهێندرێتەوە، بەتایبەت كاتێك تاقیكردنەوەكان یەك لە دوای یەك دەبن و، زیاتر سترێسیان دەكەوێتەسەر، هەروەها زۆریی ژمارەی قوتابیان و كەمیی چاودێران لە هۆڵی تاقیكردنەوەكاندا، ئەویش لەو هۆكارانەیە كە ئاسانكاری بۆ گزیكردنی قوتابی دەكات. لە لایەكی دیكەشەوە خراپیی شێوازی وانەوتنەوەی هەندێك مامۆستا، وا دەكات، قوتابی دواجار هیچ تێناگات لە مامۆستاكەی و پەنا بۆ گزیكردن دەبات، چاوپۆشیكردنی و ئاسانكاری و نەرمی نواندن چاودێرانەوە بۆ قوتابیان و خوێندكاران لە هەوڵەكانیان بۆ گزیكردن و هەروەها سستی لە سزادانی ئەو قوتابیانەی گزییان كردووە لەلایەن دەستەی كارگێڕیی قوتابخانەوە، دەبێتە هۆی هاندان بۆ ئەوان و زۆری دیكەش كە پەنا بۆ گزیكردن ببەن».

ئەو كەسایەتییە ئەكادیمییە سەبارەت بە رێكارەكانی چارەسەر گوتی: «چارەسەركردنی گرفتێكی وا بە لایەنێك و بە چەند خاڵێك ناكرێت، بەڵكو پێویستە زەمینەسازیی پێشوەختەی بۆ بكرێت، ئەوانیش هەر لە خێزانەوە كە یەكەم قوتابخانەیە دەستپێدەكات، پێویستە دایك و باوكان هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن بەرانبەر منداڵەكانیان، بەدواداچوون و لێپێچینەوەی ڕۆژانە و هەفتانەیان هەبێت، شوێن و كات و دەرفەتی گونجاو بۆ خوێندنییان بڕەخسێنن، ئامۆژگارییان بكەن، دواتر مامۆستایان دەبێت رێگاكانی وانەوتنەوەی گونجاو و لەبار و كەرەسەی سەردەمی بۆ وانەوتنەوە بەكار بێنن و دڵنیا بن لە تێگەیشتنی قوتابیان، پرسیارەكانیان بۆ سزادن نەبێت، چاوپۆشی لە قوتابی سەرەڕۆ و لادەر و گزیكار نەكرێت، دواتر كارگێڕی قوتابخانە دەبێت ڕۆڵێكی سەرەكیی هەبێت لە چاودێریكرن و بەدواداچوون و ئامۆژگاریكردنی قوتابیان و پاداشتی ئەوانەی شایستەن و سزای ئەو قوتابیانەی كە لادەرن، چونكە دواجار پرۆسەی پەروەردە پێش فێركردنە».

بەهزاد سەلیم خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایی لە كارگێڕی داهێنان و دارایی، سەبارەت بە هۆكار و چارەسەری گزیكردن لە ناوەندەكانی خوێندن دەڵێت: «گزیكردن بابەتێكە كە نەك تەنیا لە ناوەندەكانی خوێندن، بەڵكو لە تەواوی كایەكانی ژیانی مرۆڤ بوونی هەیە و زۆربەی مرۆڤەكان بۆ ئەوەی بگەن بە خواست و ویستی خۆیان، بەردەوام بیرۆكە و داهێنان و بەرهەمی دەستی یەكتریان كۆپی كردووە و بە ناوی خۆیان تۆماریان كردووە. كەواتە ئەو دیاردەیە شتێكە كە تەنیا لە ناوەندەكانی خوێندن نییە و هەر جۆرێك لە گزی و بردنی بیرۆكە و خراپ بەكارهێنانی مافی گشتی لە بوارە جیاوازەكان یاسا و سزای تایبەت بە خۆی هەیە. ئەوەی كە پەیوەندی هەیە بە گزیكردن لە ناوەندەكانی خوێندن، دیسان یاسا و سزای خۆی هەیە. لە كوردستان یەكێك لەو هۆكارانەی كە وای كردووە رێژەی گزی زۆر بێت، بریتییە لە نەبوونی یاسای باش بۆ ئەو مەبەستە و هەروەها جێبەجێنەكردنی ئەو سزایانەی كە هەن، وەك خۆی. بۆ نموونە كاتێك قوتابییەك گزی دەكات و لێی دەگیرێت، زۆربەی كات قوتابییەكە هەڕەشە لە مامۆستاكە دەكات و لە دواییدا لێی خۆش دەبن، بە بێ وەرگرتنی هیچ سزایەك. كەواتە جێبەجێنەكردنی سزاكان وەك خۆی و پاڵپشتینەكردنی بەرپرسە گەورەكانی ناوەندەكانی خوێندن لە مامۆستایان و ستافی ئەكادیمی لە كاتی گرتنی گزییەكان، هۆكاری سەرەكیی زۆربوونی گزیكردنە لە ناوەندەكانی خوێندن».

 دكتۆر بەهزاد سەلیم، جەخت لەوە دەكاتەوە كە كۆمەڵگە و خێزانەكان رووناكبیریی ئەوەیان تێدا نییە، كە بیر بكەنەوە و بڵێن: ئەگەر منداڵەكانمان هیچ فێر نەبوون، كەواتە بڕوانامەكانیان سوودی نییە، بەڵكو ئامانجیان تەنیا بەدەستهێنانی بڕوانامەیە، جا بە هەر شێواز و رێگایەك بێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەو بڕوانامەیە سوودی ماددی وەرگرن». گوتیشی: «هۆكارێكی دیكەی دیاردەی گزی بریتییە لە باش نەبوونی سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بەوەی كە قوتابیان دلخۆش نین و ژینگەی گونجاویان بۆ فەراهەم نەكراوە، تاكو بە حەز و خولیاوە وانەكان بخوێنن و مەبەست لە خوێندن لە لایان تەنیا ئیلتیزامێكە كە دەبێت بەجێی بگەیەنن و لە كۆتاییدا بڕوانامەیەكیان پێ ببەخشرێت. هەروەها پسپۆڕنەبوونی مامۆستایان و ستافی ئەكادیمی لە بواری خۆیان و شارەزانەبوون لە تێگەیشتنی رەفتاری تاكەكان و خوێندنەوەی ناخ و پێداویستیی قوتابیان وای كردووە ئەو ژینگە گونجاوەی كە پێویستە بۆیان فەراهەم نەكرێت. بەشێكی گەورەی ئەو كێشەیە بۆ زۆربوونی ژمارەی قوتابیان دەگەرێتەوە لە هۆڵەكانی خوێندن كە وای كردووە، مامۆستایان سەرەڕای كێشەی ناپسپۆڕیی خۆیان كێشەی زۆریی قوتابیانیش دێتە سەر تەواوی كێشەكان و، بەمەش گرنگی نادرێتە قوتابیان و قوتابیانیش لەو ژینگە ئاڵۆز و بێ كوالیتیە هان دەدرێن، بۆ زۆر رێگای ناتەندروست كە بتوانن فەراغی نادڵنیایی و تێنەگەیشتنی خۆیانی پێ پڕ بكەنەوە. كەواتە چارەسەركردنی دیاردەی گزی پەیوەستە بە چارەسەركردن و گرنگیدانی زیاتر بەو بابەتانەی كە لە سەرەوە باسم كردن و ئاشناكردنی قوتابیان بە كرۆك و گرنگیی خوێندنەكەیان كە لە داهاتوودا چۆن دەتوانن سوودی لێ ببینن.

 

Top