ئەندازیار سۆما موحسین: خێزانەكەم پاڵپشتم بوون و دڵخۆش دەبوون كە كارم بۆ براندە گەورەكان دەكرد
سۆما موحسین، كچە گەنجێكی دیاری ناو سۆشیال میدیایە و لەو ڕێگەیەوە هەوڵی خۆپێگەیاندنی دەدات و جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەیەوێت وەك كچە كوردێك ببێتە یەكێك لە بەناوبانگترین ئانفلۆێنسەرەكان و وەك ئەندازیارێك خزمەتی وڵاتەكەی بكات. لە ئاخافتنێكیشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لە جۆش و خرۆشی كاركردنی خۆی و ئامانجەكانی داهاتووی دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سۆما موحسین، ساڵی 2002 لە شاری هەولێر لەدایك بووە، دەرچووی كۆلێژی ئەندازیاری بەشی بیناسازییە و دانیشتووی هەولێرە و بەمجۆرە باسی ژیانی خۆی و كارەكەی دەكات: «باوكم كەركووكیە و دایكیشم خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە. ئەندازیاری بیناسازیم تەواو كردووە لە هەولێر و لە ساڵی 2017 ـەوە لەناو تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرامم، بەڵام ئەو كاتە زیاتر بینەرەكانم خەڵكی وڵاتی مالیزی و ولاتانی دیكە بوون. بە هۆی خوێندنی قۆناغی 12 وازم هێنا. خوێندنی زانكۆم لە ساڵی 2019 دەستم پێكرد و ڕۆژانەی خۆم لە زانكۆ و ژیانی ماڵەوەشم جۆرێك بوو، بەردەوام هەوڵم دەدا، بە هەرجۆرێك بێت، ڕوخسارێك بم بۆ ئەو كچانەی حەز دەكەن بخوێنن و لە پاڵیدا لەزەت لە چركەكانی ژیانیان ببینن».
ئەو ئەندازیارە لە بارەی هۆكاری ڕووكردنی لە سۆشیال میدیا دەڵێت: «هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دڵخۆشی و پەڕۆشیەی هەمە بۆ ژیان كە دەمەوێت نیشانی كچانی كوردی بدەم و دەست بكەن بە چێژبردن لە ژیانیان، ئەگەر لە هەر بازنەیەكی ژیان بن، واتە دەمەوێت كچان هەست بە ئازادیی خۆیان بكەن كە دەتوانن هەر كارێك بكەن، كە ئاواتی پێدەخوازن و دەیانەوێت تێیدا سەركەوتوو بن».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە ئایا بۆ بیرۆكەی كاركردنی پاڵپشت و هاندەری كێ بووە؟ گوتی: «پاڵپشتیكردنی خێزان هەمیشە باشترینە كە بە دڵنیاییەوە خێزانەكەم پاڵپشتم بوون و زۆربەی كات دڵخۆش دەبوون كە كارم بۆ براندە گەورەكان دەكرد وەك سامسۆنگ و براندەكانی دیكە، بەڵام هەمیشە سنوورێكی هەبووە، كە دەبوو ئەو سنوورە خێزانییە بپارێزم، كە نە زەرەر بە خۆم بگەیەنم و نە بە خێزانم، بۆیە دەمەوێت گەنجان هان بدەم، كە كارێكی وابكەن خێزانیان پاڵپشتیان بێت. منیش وەك تاكێكی كاریگەر هەوڵ دەدەم كە ڕۆژانە كچی كورد دەربخەم و ئەو كەشە خۆشەی كە كچانی كورد هەیانە و ڕۆژانەی خۆم كە لە شوێنی كارەكەم وەك ئەندازیار چۆن بەڕێی دەكەم و ڤیدیۆكانم كە تێیدا هەوڵ دەدەم باس لەو قسانە بكەم كە زۆربەی كچەكانمان بەرنگاری دەبنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن ئاگادارییەكیان هەبێت بۆ خۆیان لە بەرانبەر كەسەكان و قسەكان و كردەوەكانیان».گوتیشی: «دەمەوێت وەك ڕوخساری كچە كوردێكی حیجاب بناسرێم لە وڵاتان و ببمە یەكێك لە بەناوبانگترین ئانفڵوێنسەرەكان وەك كچە كوردێك و وەك ئەندازیارێك بتوانم بەردەوام بم لە خزمەتكردنی وڵاتەكەم، چونكە وڵاتەكەم پێشەنگمە بۆ هەنگاوەكانم و زۆر زۆریش بە كارەكەم دڵخۆشم، چونكە كاتێك قسە جوانەكانی كچەكانمان دەبینم كە زۆر شتی خۆیان گۆڕیوە و من بوومەتە هۆكارێك كە بتوانن لە ساتەكانی ژیانیان دڵخۆش بن، زیاتر دڵخۆشم دەكات، كاتێك دەبینم بەپەرۆشەوە سەیری كارەكانم دەكەن، وا بزانم دڵخۆشی من بەوانەوە لە ئێستادا پەیوەست بووە».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە لە ئاخاوتنەكانت زۆر ستایشی كچان دەكەیت، ئایا لێرەوە چ پەیامێكت بۆیان هەیە؟ گوتی: «ئەم پرسیارەم زۆر بەدڵە، وەك بڵێی چاوەڕێی ئەم پرسیارە بووم. بۆیە دەڵێم: هاوڕێ جوانەكانم، كچە جوانەكانی وڵاتەكەم تۆی كچ خۆت بە تكایە بەو جۆرەی هەی خۆت قبووڵ بكە، بەو جوانییەی هەتە خۆت قبووڵ بكە. نازانم دایكی، یان خوێندكار، یان كارمەند، یان هیچیان. تەنیا دڵخۆش بە پەرە بە خۆت بدە و هەرگیز كۆڵ مەدە، چونكە كەس بیر لە تۆ ناكاتەوە، جگە خۆت. كەس لە پشتت نابێت جگە لە خۆت، كچی وڵاتەكەم تكایە هەوڵ بدە ژیانێكی شاهانە بۆ خۆت دروست بكەیت، كە تێیدا خۆت خانمی بیت».