گەڵا یوسف: دڵخۆشم یارمەتیی كەسانێك دەدەم كە ئامانجی گەورەیان هەیە و بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان دەستیان بەرنادەم

گەڵا یوسف:  دڵخۆشم یارمەتیی كەسانێك دەدەم  كە ئامانجی گەورەیان هەیە و بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان دەستیان بەرنادەم

 

 

زۆرجار ئافرەتان لە كۆمەڵگە نەریتییەكان بە نابەدڵ دەستبەرداری بەرژەوەندییە كەسییەكانی خۆیان دەبن و، لە كۆتاییشدا باجی قورس دەدەن. گەڵا یوسف كچێكی تەمەن 46 ساڵەی دانیشتووی شاری كۆیەیە و لە ئێستادا لە یەكێك لە فەرمانگەكانی شاری كۆیە فەرمانبەرە و لە خانوویێكی بەكرێدا بە تەنیا ژیان دەكات. لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بە ناوێكی خوازراو پەردە لەسەر دیوە شاراوەكەی ژیانی لادەدات و بەمجۆرە باسی ڕابردووی ژیانی خۆی بۆ خوێنەران دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«من كچی بچووكی ماڵەوە بووم. خوشك و براكانم هاوسەرگیریان كرد و چوونە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، تەنیا من لەگەڵ دایك و باوكە پیرەكەم مامەوە، كاتێك گەیشتمە تەمەنی پێگەیشتن و دوای تەواوكردنی قۆناغی ئامادەیی داخوازی و خوازبێنیكارم هەبوون، چەندین كەس هاتنە داوام، بەڵام هاوسەرگیریم نەكرد. تەنانەت لە سەردەمی خوێندنی زانكۆ و دوای تەواوكردنی خوێندنیش چەند كەسی دیكە پێشنیاری هاوسەرگیرییان بۆ كردم، كەچی بە هۆی تانەلێدانی خوشك و براكانم هەموو خوازبێنیكەرەكانم ڕەت دەكردنەوە، تەنانەت دایكیشم گاڵتەی بە كەسەكان دەكرد و دەیگوت: دیارە نانت لەسەر سێڵ سووتاوە، ئەوەندە پەلە پەل دەكەیت؟ دواجار كوڕێكی مامۆستا هاتە داوام، زۆرم بە دڵ بوو، بەڵام براكەم ڕێگری كرد و گوتی: ئەوە لە ئاستی ئێمەدا نییە. ساڵان هاتن و تێپەڕین و تەمەنم هەڵكشا. لەم ماوەیەدا باوكم نەخۆشییەكی سەختی گرت و من شەو و ڕۆژ لە ماڵ و لە نەخۆشخانە لەسەر سەری وەستابووم. چەند ڕۆژێك پێش ئەوەی بمرێت، ڕۆژێك دەستی گرتم و بە زمانێكی پچڕ پچڕ پێی گوتم: كچە باشەكەم گەردنم ئازاد بكە. منیش دەستیم ماچ كرد و بە قوڕگی پڕ لە گریان پێم گوت: بابە گیان تۆ گەردنی من ئازاد بكە. سەرەتا بابم و دواییش دایكمم لە دەست دا، ئەو خانووەی تێیدا دەژیاین، دوای چەند مانگێك لە كۆچی دایكم خوشك و براكانم كۆبوونەوە و گوتیان دەیفرۆشین و بەشی خۆمانمان دەوێت، زۆر دڵتەنگ بووم، پێم گوتن: ئەی من بە تەنیا بۆ كوێ بچم؟ پێیان گوتم: هەفتەی لای یەكێكمان بمێنەرەوە، تەنانەت یەكێك لە خوشكەكانم پێی گوتم: ئەگەر تۆش وەك ئێمە زوو هاوسەرگیریت بكردبا، ئێستا لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكانت دەژیایت و تەنیا نەدەبوویت، لە كاتێكدا هەر كاتێك خوازبێنیم دەهات گاڵتەیان بە كەسەكە دەكرد و جارێك دەیانگوت: لووتی زلە و جارێك دەیانگوت: سەری كەچەڵە و یان دەیانگوت: عەشایەر و دنیانەدیدەن. دواجار بە براكانم گوت من بەشە میراتی خۆم دەدەمە ئەو كەسە كە ڕێگەم بدات تاسەر لەگەڵیدا بمێنمەوە، بەڵام بێدەنگ بوون و خۆیان لەو باسە دزییەوە، لە كۆتاییدا خانووەكە فرۆشرا و منەتی كەسیانم هەڵنەگرت و خانوویێكم بە كرێ گرت، سەرەتا براكانم ناڕەزاییان دەربڕی و گوتیان ئابڕوومان دەچێت، تۆ بە تەنیا بژیت، بۆ یەكەمجار لە بەرانبەریان وەستامەوە و پێمگوتن ئیدی بە قسەی كەستان ناكەم، بەرژەوەندییەكانی خۆم لەكوێ بێت، شوێنیان دەكەوم، دواجار بڕیارێكی دروستم دا. ئەگەرچی زۆر درەنگیش بوو، بەڵام گرنگ وەكو ڕابردوو تەسلیم نەبووم و دەنگی كپكراوی ناخم هەڵبڕی، ئەمڕۆش تەمەنم خەریكە لە پەنجا ساڵی نزیك دەبێتەوە، ئەگەرچی نەمتوانی خانە و لانەیەكی گەرم بۆ خۆم دەستەبەر بكەم، بەڵام بەردەوام لە كاری خۆبەخشی بەشدار دەبم و دڵخۆشم یارمەتیی كەسانێك دەدەم كە ئامانجی گەورەیان هەیە و بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان دەستیان بەرنادەم.

 

Top