دكتۆر ڕۆبی بارێت توێژەر لە زانكۆی كامبریج بۆ گوڵان:   ئەمە ڕۆژگاری ڕكابەری و دوژمنكاریی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوایە نەك شەڕی سارد

دكتۆر ڕۆبی بارێت توێژەر لە زانكۆی كامبریج بۆ گوڵان:     ئەمە ڕۆژگاری ڕكابەری و دوژمنكاریی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوایە نەك شەڕی سارد

 

 

 

ڕۆبی بارێت توێژەرە لە كۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە زانكۆی كامبریج و، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لە زانكۆی تێكساس بەدەستی هێناوە، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وەك تیرۆریزم و پرسە ئەمنییەكان، بزووتنەوە سیاسییەكان، سیاسەتی دەرەكیی ناوچەكە و پرسەكانی پەیوەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكان. لە دیمانەیەكدا كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرهاویشتە و ئاكامەكانی ئەم شەڕە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد.

 

 

* ساڵێك بەسەر شەڕی ئۆكرانیا و ڕووسیادا تێپدەپەڕێت، نە ئومێدی چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی لە ئاسۆدا دیارە و نە پێ دەچێت بە شێوەیەكی سەربازی بتوانرێت چارەنووسی شەڕەكە بەم نزیكانە یەكلا بكرێتەوە، ئێوە چۆن لە بارودۆخی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەڕوانن و پێتان وایە ئاراستە و ئاقاری شەڕەكە بەرەو كوێ دەچێت؟

- ئەوەی لەم ڕووەوە ڕوونە، ئەوەیە كە ئاراستە و ئاقاری داگیركارییەكەی ڕووسیا بۆ ئۆكرانیا بە چەشنێكی خراپ شكاوەتەوە بۆ سەرۆك ڤلادمیر پوتین، چونكە سەرۆك پوتین سەرنجدانی سووكی هەبوو بۆ ئیرادە و توانای شەڕكردنی ئۆكرانییەكان و بۆ ئیرادە و ویستی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ پاڵپشتیكردنی ئۆكرانیا، ئەگەرچی ئەم پشتیوانییە خەرجییەكی زۆر و زەوەندی ئابوورییش لەخۆ دەگرێت. كەواتە هەموو ئەمانە بەو واتایە نایەت كە بەم زووانە و بەم نزیكانە شەڕەكە كۆتایی بێت و یەكلا ببێتەوە. ئەوەتا ڕووسیا سەدان هەزار سەربازی ساز و ئامادە كردووەتەوە بۆ بەردەوامیدان و درێژەدان بە هێرشەكانی، بە هۆی ئەم داگیركارییەوە سەرۆك پۆتین شەرعییەتی سیاسیی خۆی لە ناوخۆی وڵاتەكەدا و پێگە نێودەوڵەتییەكەی لەسەر ئاستی دەرەوە خستووەتە مەترسییەوە، هەر لەبەر ئەمەشە كە ڕێگەیەكی ئاسانی دەرچوونی لەبەردەمدا نییە، ئێستاش مانەوە و لە ناوچوونی ئەو وێنەیەی كە دروستی كردبوو دەربارەی خۆی وەك كەسێكی بەهێزی ناسیۆنالیستی، بەندە بە دەرئەنجامی شەڕەكەوە.

* ئاشكرایە كە وڵاتانی ڕۆژئاوا جگە لە هاوكاری و پاڵپشتیی دارایی و سەربازی بۆ ئۆكرانیا، لە هەمان كاتدا چەندین سزای ئابووری و داراییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئێوە چۆن لە كارایی ئەم سزایانە دەڕوانن، بەتایبەتی كە نەبوونەتە هۆی كەمبوونەوەی داهاتی ڕووسیا بە چەشنێك كە ناچاری بكات بە ڕاگرتن و ڕاوەستاندنی شەڕەكە؟

- ئەوە ڕاستە كە ئەم سزا سەپێندراوانە بە سەر ڕووسیادا نەبوونەتە هۆی ئیفلیجكردنی ئابووریی ڕووسیا، یان نەبوونەتە هۆی ناچاركردنی ڕووسیا بە ڕاگرتنی شەڕەكە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئێمە تێڕوانینێكی واقیعبینانەمان هەبێت لەبارەی دەرئەنجامی سزاكانەوە، یان ئەوەی سزاكان دەتوانن چی بەدەست بهێنن. هیچ كاتێك سزاكان لە سیاسەت و كردارەكانی لایەنە بە ئامانجیگراوەكەدا دەرئەنجامی خێرا، یان گۆڕانكاریی دەستەبەجێیان لێ نەكەوتووەتەوە. لەلایەكی دیكەوە، ئەم سزایانە كاریگەرییان دەبێت لەسەر گوشارخستنەسەر ئابووریی ڕووسیا و توانای سەرۆك ڤلادمیر پوتین بۆ بەردەوامیدان و درێژەدان بە شەڕەكە. ئێستا ڕووسیا وڵاتێكە كە زۆرترین سزای بەسەردا سەپێندراوە، تەنانەت زیاترە لەو سزایانەی بەسەر ئێران و كۆریای باكووردا سەپێندراون. لە ڕاستیدا ئامانجی سزاكان دوو ڕەهەند لە خۆ دەگرێت: بۆ ناردنی پەیامێكە و بۆ ئەوەی بە ڤلادمیر پوتین ڕابگەیەنرێت كە داگیركارییە ناڕەواكەی قابیلی قبووڵكردن نییە لەلایەن جیهانەوە، هەروەها بۆ لاوازكردنی ئابووری و توانای شەڕكردنی ڕووسیایە. هەروەها دەكرێت سزاكان بە تێپەڕبوونی كات زیاد و بەرفراوان بكرێن، هەروەك بڕیاری یەكێتیی ئەوروپا بۆ ڕاگرتنی هاوردەكردنی نەوتی ڕووسیا.

* ئاشكرایە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، یان با بڵێین دەرئەنجامی ئەم شەڕە، تەنیا پەیوەست نییە بە ڕووسیا و ئۆكرانیاوە و بگرە كاریگەری و لێكەوتەی لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیش هەبووە، ئایا لەم ڕووەوە دروستە بڵێین كە ئەم شەڕە بووەتە هۆی ئەوەی ڕۆژگارێكی دیكەی شەڕی سارد لە نێوان هێزە جیهانییەكاندا هاتبێتە ئاراوە؟

-  ئەوەی لەم بارەیەوە دەتوانین ئاماژەی پێ بكەین، ئەوەیە كە ئێمە پێمان ناوەتە ڕۆژگارێكەوە كە دەتوانین بڵێین ڕۆژگاری ڕكابەری و دوژمنكارییە لە نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوادا، لەگەڵ ئەوەشدا پێم وانییە ئەمەی ئێستا دەگوزەرێت، شەڕێكی دیكەی سارد بێت، هەر چۆنێك بێت، ڕووسیا ئەو توانایەی نییە، یان توانایەكی سنوورداری هەیە بۆ ئەوەی وڵاتانی دیكە بهێنێتە ژێر سایە و سێبەری خۆیەوە، هەروەها بناغە و بنچینەیەكی ئایدیۆلۆژی نییە بۆ دروستكردنی چەند هاوپەیمانێتییەكی بەهێز بە چەشنی ئەوەی لە سەردەم و ڕۆژگاری یەكێتیی سۆڤییەتدا لە ئارادا بوو. ئەوەتا بارودۆخەكە بە چەشنێكە كە دەبێت بەرهەمهێنان و دروستكردنی چەك ئاراستە بكاتەوە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی خۆی، هەروەها توانای دەستەبەركردنی هاوكاریی سەربازیی سنووردارە، دواتر ڕووسیا تاوەكو بەردەوام بێت لە داگیركردنی ئۆكرانیا ڕووبەڕووی گۆشەگیری دەبێتەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

 * كەواتە لە ڕوانگەی وەڵامی پێشووتانەوە، دەكرێت بڵێین ئەم شەڕە بووەتە هۆی ئەوەی بزمارێكی دیكە لە تابووتی سیستمە نێودەوڵەتییەكە بدات، ئەو سیستمەی كە لەسەر بنەمای ڕێساكان بنیاد نرابوو؟

- نەخێر، من پێم وانییە بتوانین بەم شێوەیە لێكدانەوە بكەین، لە ڕاستیدا ڕەنگە بتوانین پێچەوانەی ئەمە بڵێین، چونكە ئێوە بڕوانن كە نزیكەی تێكڕای جیهان سەركۆنە و سەرزەنشتی داگیركارییەكەی ڕووسیایان كردووە لە پاڵ ئەو سزایانە بەسەر ئەو وڵاتەیاندا سەپاندووە، لەگەڵ دەستەبەركردنی پاڵپشتیی ماددی بۆ وڵاتی ئۆكرانیا، كە هەموو ئەمانە سەلمێنەری ئەوەن كە سیستمەكە چەند خۆڕاگرە. هەرچۆنێك بێت، ئەگەر ڕۆژئاوا سووربوون و ئیرادەی خۆی لەدەست بدات بۆ دەستەبەركردنی پاڵپشتییەكی درێژخایەن بۆ ئۆكرانیا، كە ئەمە شتێكە پوتین گرەوی لەسەر دەكات، ئەوا ئەو كاتە دەگەینە دەرئەنجام و دەرهاویشتەی جیاواز، دەستەهەڵگرتن و پشتكردنە ئۆكرانیا دەبێتە گورزێكی كوشندە بۆ سیستمە نێودەوڵەتییەكە كە لەسەر بنەمای ڕێساكان بنیاد نراوە.

* چۆن لە كاریگەرییەكانی ئەم شەڕە لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانن؟

- ئەم شەڕە دەرئەنجامی هەبووە لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام گۆڕانكارییەكی زۆری بەسەر پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ناوچەكەوە نەبووە و بە چەشنێكی كاریگەریش دەرئەنجامی پرسە گرنگ و هەستیارەكانی نەگۆڕیوە. ئەوەی پەیوەست بێت بە بواری ئابوورییەوە، ئەوا دژواری و سەختیی دروست كردووە لە وڵاتانی وەك میسر و تونس كە بە ڕاددەیەكی زۆر پشت بە هاوردەكردنی گەنم دەبەستن لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتەوە، هەروەها ئەم شەڕە بووەتە هۆی لەناوبردنی ئەگەری هاوكاریی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕووسیا لە بارەی چارەسەركردنی شەڕی سووریا و لیبیا، هەروەها بووەتە هۆی ئەوەی ئەگەرێكی كەمتر لە ئارادا بێت بۆ نوێكردنەوەی ڕێككەوتن لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، بە دڵنیاییەوە بووەتە هۆی ئەوەی ڕووسیا و ئێران لێك نزیك ببنەوە، بەڵام ئایا ئەمە چ كاریگەرییەك لەسەر ناوچەكە دروست دەكات، ئەوە وەڵامەكەی لە ئێستادا ڕوون نییە.

* كەواتە چ لێكدانەوەیەكت هەیە بۆ ئەم هاوكارییە سەربازییەی نێوان ڕووسیا و ئێران؟

- دەتوانین بڵێین بەرژەوەندییەكانی ڕووسیا و ئێران یەكیان گرتووەتەوە، بە هۆی شەڕی ئۆكرانیاشەوە زیاتر بووە، ئێران لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە لە بارگرژی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا سوودمەند بووە.

* چۆن لە سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك بایدن دەڕوانیت لە ئاست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئاست شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیادا؟

- سیاسەتی بەڕێز بایدن لە ئاست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردوامیدانە بە ڕێگەچارە شكستخواردووەكەی ئەمریكا، كە بۆ چەندین ئیدارەیە بەردەوامە، ئەوەی پەیوەست بێت بە ئەدای ئیدارەی سەرۆك بایدن لە ئاست شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، ئەوا دەتوانین بڵێین كە كارێكی باشی ئەنجام داوە لە میانەی ئەو كاردانەوە و پەرچەكردارانەی گرتوویەتیە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرگردنی ئۆكرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، هەرچەندە لەگەڵ ئەوەشدا كەسانێك هەن، پێیان وایە پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كاری زیاتر بكات بۆ دەستەبەركردنی چەك بۆ ئۆكرانیا، بەڵام هەرچۆنێك بێت، گرنگترین لایەنی سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەم ڕووەوە ئەوە بووە كە بە ڕوونی ڕایگەیاندووە كە ئامادەیە بۆ پشتیوانیكردنی ئۆكرانیا تا ئەو كاتە ڕووسیا لەو وڵاتە دەچێتە دەرەوە، كەواتە ئیدارەی سەرۆك بایدن (بەلای كەمەوە تا ئێستا) سەركەوتوو بووە لە دروستكردن و درێژەپێدانی هاوپەیمانێتییەكی بەرفراوانی دەوڵەتان، بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ڕووسیادا و گۆشەگیركردنی لە ڕووی دیپلۆماسییەوە.

Top