موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: لە عەفرین نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەینەوە و فریاگوزارییەكانمان زیاتر دەبن

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: لە عەفرین نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەینەوە و فریاگوزارییەكانمان زیاتر دەبن

 

 

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە میدیاكارانی راگەیاند:
رۆژانە هەڵمەتەكانی فریاكەوتن و بەهاناوەچوونی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان و توركیا و سووریا بەرفراوانتر دەبن. لە عەفرینیش نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكرێتەوە.

 

سەرۆك بارزانی لە هەڵمەتی فریاكەوتنی قوربانیانی بوومەلەرزە دەکۆڵێتەوە

سەرۆک بارزانی بە تەلەفۆن لە چۆنیەتی گەیاندنی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دەکۆڵێتەوە و عەفرینییەکانیش سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەرۆک بارزانی تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی راسپارد، کە هاوکاریی هەموو پێکهاتە رەسەنەکانی شاری عەفرین بە بێ جیاوازی بکەن و دەستخۆشی لە کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزە.

كردنەوەی نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین

هاتنی كاروانەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان بەرەو باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا بەردەوامە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین نووسینگەی خۆی دەكاتەوە.

موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: "لە یەكەم رۆژی روودانی ئەو كارەساتەوە لە لایەن نووسینگەی جەنابی سەرۆك بارزانی ئاگادار كراینەوە و" داوایان كرد ئەوەی لە تواناماندا هەیە، خزمەتی لێقەومان و قوربانیانی كارەساتی بوومە لەرزە لە توركیا و سوووریا بكەین، گوتیان چۆن خزمەتی خەڵكی كوردستانتان كردووە، بە بێ جیاكاری خزمەتی هەموو لێقەوماوان و قوربانییانی كارەساتەكە بكەن". گوتیشی: "زۆر بەداخەوە كارەساتەكە زۆر گەورەیە و قوربانیی زۆری لێ كەوتووەتەوە. بۆیە جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە هاوكات سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە، ئێمە و چەندین وەزارت و ناوەندی حكوومیشی راسپارد، كە بە خێرایی هەڵمەتی فریاكەوتن و رزگاركردن و بەهاناوەچوون ئەنجام بدەین. تیمەكانی ئێمەش لەگەڵ ئەوەی لە دۆخێكی سەختدان، بەڵام هەست بە ماندووبوون ناكەن، شەو و رۆژیان سەر یەك خستووە، بۆ ئەوەی خزمەتی برا و خوشكانی لێقەماوی ئەو كارەساتە گەورەیە بكەن".
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە جۆر و چەندایەتیی هاوكارییەكان گوتی: "لە كاروانی یەكەم 250 تەن خۆراك و كەلوپەل و دەرمان و پێداویستیی پزیشكیمان هێناوە و كاروانی دووەمیش لە رێگەدان. هەروەها بە هاوكاریی كاوین گرووپ كۆمەڵێك مەكایین هاتوون كە كاری رزگاركردن دەكەن، لە بەر ئەوەی زۆر بەداخەوە هێشتا ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە ژێر بینایە رووخاوەكاندا ماون.
خەڵكێكی زۆر لە رۆژئاوا و لە باكووری كوردستانیش پێویستیان بە خێوەت و بەتانی هەیە، ئەوەشمان تا راددەیەك دابین كردووە".
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەشی ئاشكرا كرد، لەگەڵ بەرپرسان و بڕیاربەدەستانی عەفرین گفتوگۆیان كردووە و رەزامەندییان دەربڕیوە لە عەفرین نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بكرێتەوە". هەر لەو بارەیەوە گوتی: "زۆر سوپاسی ئەو هاوكاری و ئاسانكاریە دەكەین، چونكە ئەوە بە راستی كارئاسانییەكی زۆر بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانمان بە خەڵكی لێقەوما دەكات".
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە رۆژانە هەڵمەتەكانی فریاكەوتن و بەهاناوەچوونی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان و توركیا و سووریا بەرفراوانتر دەبن. وەك دواوتەشی بۆ میدیاكاران گوتی: "پێداویستیی خەڵكی زیانبەركەوتوو گەلێك زۆرە، لەوانە: شیری منداڵ و خێوەت و سەرجەم كەلوپەلی پێویستی ناوماڵ و هەروەها بە هۆی وەرزی زستان و سەرماوە ئامێری گەرمكەرەوەیان پێویستە، بۆیە داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و خەڵكی كوردستان دەكەین، هاوكاریمان بكەن و پشتیوانی ئێمە بن، بۆ ئەوەی كاری بەپەلەتر ئەنجام بدەین و زیاتر خزمەتی ئەو خەڵكە بكەین".

 

سالار حسامی

Top