به‌رنامه‌م بۆ داهاتوو ئه‌وه‌یه‌ له‌ خوله‌كانى ده‌ره‌وه‌ی عێراق یارى بكه‌م

به‌رنامه‌م بۆ داهاتوو ئه‌وه‌یه‌ له‌ خوله‌كانى ده‌ره‌وه‌ی عێراق یارى بكه‌م

سه‌لار عه‌بدولواحید گۆڵپارێزى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق

به‌رنامه‌م بۆ داهاتوو ئه‌وه‌یه‌ له‌ خوله‌كانى ده‌ره‌وه‌ی عێراق یارى بكه‌م
پارێزگاى سلێمانى یه‌كێك له‌و پارێزگایانه‌ى كوردستانه‌ كه‌ گرینگی زۆر به‌ سه‌رجه‌م وه‌رزشكارانى یارییه‌ جۆراوجۆره‌كان ده‌درێت، له‌م شاره‌ش چه‌ندین كچه‌ یاریزانى به‌توانا بوونى هه‌یه‌ له‌ یارییه‌ جۆراوجۆره‌كان كه‌ شارێكى رۆشنبیر له‌ بواری وه‌رزش و ده‌یانه‌وێ زیاتر ئاستى خۆیان به‌ره‌وو پێش ببه‌ن له‌ رێگه‌ى یارییه‌ جۆراوجۆره‌كان ئامانجیان پێش خستنى وه‌رزشه‌، له‌ یارى فوتساڵیش شاره‌كه‌ خاوه‌نى ژماره‌یه‌ك یاریزانى ئاست به‌رزه‌ كه‌ ئێستا بۆ یانه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كه‌یان یارى ده‌كه‌ن و خاوه‌ن ئاستێكى به‌رزن، یه‌كێك له‌م كچه‌ یاریزانانه‌ش كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى باشه‌ له‌ سه‌ر ئاستى كوردستان ئه‌ویش سه‌لار عه‌بدول واحید-ه‌ ،ناوبراو وه‌كو گۆڵپارێز یاری بۆ بۆ یانه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ و سیروانى نوێ و پیره‌مه‌گروون وبه‌له‌دی و ئافره‌تانى به‌غداد یارى كردوه‌، گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ى نیشتمانى عێراقیشه‌ ه‌ له‌ یانه‌ى ئافره‌تانى به‌غداد به‌رده‌وامه‌ له‌ یارى كردن، ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 2003پارێزگاى سلێمانییه‌، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێكرد سه‌باره‌ت به‌م وه‌رزشه‌، ئه‌ویش وه‌ڵامى سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
*چۆن بوو یارى تۆپی پێی هه‌ڵبژارد؟
-خولیا و ئاره‌زووم بووه‌ تۆپى پێ .
*هه‌ست ناكه‌ى وه‌رزشێكى قورست هه‌ڵبژاردوه‌؟
- له‌ ڕووى كۆمه‌ڵگه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر قورسه‌، به‌ڵام نه‌بۆته‌ به‌ربه‌ست بۆ من به‌ به‌رده‌وامم.
*پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنى ئه‌م وه‌رزشه‌ له‌ چى ده‌بینی؟
- له‌وه‌دا ده‌یبینم ڕێژه‌یه‌كی زۆرى دانیشتوانى جیهان سه‌رقاڵن به‌ كردن و بینین ئه‌م وه‌رزشه‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌ به‌ره‌ووپێشچووندایه‌.
*هه‌ست ناكه‌ى ئه‌م وه‌رزشه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی باش پێشوازی لێ نه‌كراوه‌ له‌ شاره‌كان به‌ تایبه‌ت بۆ كچان؟
-به‌ دڵنیایی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا پێشوازییه‌كى كه‌می لێكراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش به‌ربه‌ست و ڕێگری زۆر ده‌كرێ له‌ وه‌رزشدا به‌رامبه‌ر به‌كچان.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئافره‌تى وه‌رزشكار بۆ نێو ئه‌م یارییه‌؟
-هاوكارى و پاڵپشتیمان بكرێت تا ئێمه‌ ببینرێین چه‌نده‌ خزمه‌تى هه‌یه‌ وه‌رزش تا ئافره‌تان بتوانن بێنه‌ پێشه‌وه‌ و زیاتر په‌ره‌ به‌ خۆیان بده‌ن.
*ئاستى ئه‌م یارییه‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-له‌ساڵانى پێشوودا باش بوو له‌ كوردستان، به‌ڵام له‌ ئێستادا ڕووى له‌ كه‌م بوون كردوه‌ و به‌ره‌وه‌ نه‌مان ده‌ڕوات.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ وه‌كو كچه‌ یاریزانێك بۆ داهاتوو؟
-به‌رنامه‌م بۆ داهاتوو ئه‌وه‌یه‌ له‌ خوله‌كانى ده‌ره‌وه‌ی عێراق یارى بكه‌م و ببم به‌ یاریزانێكى پیشه‌گه‌ر پشت به‌خواى گه‌وره‌ له‌و هه‌وڵه‌دا به‌رده‌وام ده‌بم.
*گرێبه‌ستت پێشكه‌شكراوه‌ له‌لایه‌ن یانه‌كان؟
-به‌لێ زۆربه‌ى یانه‌كان داوایان لێ كردوم بۆ ئه‌وه‌ى یارییان بۆ بكه‌م.
*گرفتى ئه‌م یارییه‌ زیاتر له‌ چى ده‌بینی؟
-ته‌نیا له‌ كۆمه‌ڵگه‌.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چیه‌ بۆداهاتوو؟
-ئه‌ستێره‌یه‌كى دیارى وه‌رزشی له‌ بواره‌كه‌ى خۆمدا.
*خانه‌واده‌كه‌ت تا چه‌ند هاوكارتن بۆ وه‌رزش كردن؟
- به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر هاوكارمن بۆ وه‌رزش كردن و پاڵپشته‌یه‌كى گه‌وره‌ى منن.
*بۆچى یاریزانه‌كانى كوردستان زیاتر روو له‌ یانه‌كانى به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ یارى كردن؟
-چونكه‌ له‌ به‌غداد تا ڕاده‌یه‌ك پشتگیریان له‌ كوردستان زیاتره‌، یه‌كێتیه‌ وه‌رزشیه‌كه‌یان گرنگیان پێ ده‌دات,
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- ده‌ست خۆشى بۆ گۆڤارى گوڵان بۆ ئه‌و خه‌م خۆرییه‌ به‌رده‌وامه‌ى، سوپاسى مامۆستا عه‌باس فه‌ره‌ج ده‌كه‌م بۆ ئه‌و پشتگیرییه‌ى من و گه‌یاندمی به‌ هه‌ڵبژارده‌ى عێراق.

Top