سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له شاندێكى چينى كرد
نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2023/2/13 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێكى كۆمارى ملليى چين به سه‌رۆكايه‌تيى به‌ڕێز ژوو ڕووى، یاریدەدەری وەزیر لە فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى کۆمیتەی ناوەنديی پارتى كۆمۆنيستى چین و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
له ديدارێكدا كه به‌ڕێزان باڵيۆزى چين له به‌غدا و به‌رپرسان له كونسولخانه‌ى گشتيى چين له هه‌ولێر ئاماده‌ى بوون، په‌يوه‌ندييه‌كانى چين له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌مى، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، تاوتوێ كرد.
هه‌ردوولا ئاماژه‌يان به‌وه دا كه به بايه‌خه‌وه له په‌يوه‌ندييه‌كانى چين له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانن و خوازيارى بره‌ودان به هاريكاريى نێوانيانن، به‌تايبه‌تى له بوارى بازرگانى و كولتووريدا. هه‌ر له‌م باره‌يه‌وه باس له كار و چالاكييه‌كانى كۆمپانيا چينييه‌كان له عێراق كرا.
ده‌رباره‌ى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدرالى له عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، ده‌بێته هۆى سه‌قامگيرى و بره‌ودانى زياتر به بوارى ئابوورى. هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى كوردستانى دووپاتكرده‌وه بۆ سوودمه‌ندبوون له‌و پرۆژانه‌ى چين له عێراق ئه‌نجاميان ده‌دات.
په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه، شه‌ڕى دژى تيرۆر و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوو.