رۆمیۆ هەكاری ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:   جەنابی سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی سەرەكی و گرنگی دیت بۆ ئەوەی پێكهاتەكان مافەكانیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دابین بكرێت

رۆمیۆ هەكاری  ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:     جەنابی سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی سەرەكی و گرنگی دیت بۆ ئەوەی پێكهاتەكان مافەكانیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دابین بكرێت

 

 

سەرەڕای ئەوەی كۆمەڵگەی كوردستان كۆمەڵگەیەكی فرەیی بووە لە ڕووی ئایین و نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكانەوە، بەڵام هەموو ئاشتەواییەكی كۆمەڵایەتی تێدا بەرقەرار بووە، هاوكات توانراوە مافی پێكهاتەكان جێگیر بكرێت و بچەسپێندرێن و ڕۆڵیان پێ بدرێت لە حوكمڕانیدا، ئەمانە و چەند پرسێكی دیكە لە میانەی دیمانەیەكی گوڵان لەگەڵ ڕۆمیۆ هەكاری ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێ كران.

 

 

 

* یەكێك لە جوانییەكانی هەرێمی كوردستان ئەو پێكەوە ژیانەیە كە ئێستا لە كوردستان بوونی هەیە، هەروەها هەموو خەڵكی جیهانیش بە چاوی ڕێزەوە سەیری ئەم لێبووردەیی و ێكەوە ژیانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان دەكەن. ئایا ئێوە وەك نەتەوەی كلدو ئاشوور و سریانی چۆن سەیری ئەم پێكەوە ژیانە لە هەرێمی كوردستان دەدەن؟

-بە تەئكید یەكێك لە سیفاتە هەرە جوان و بەرزەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە چەندین نەتەوە و ئایینی جیاواز بە ئاشتییانە پێكەوە دەژین، ئەمە وای كردووە كە هەرێمی كوردستان ببێتە نموونەیەكی پێكەوە ژیان، نەك تەنیا لەسەر ئاستی عێراق، بەڵكو لەسەر ئاستی ناوچەكە و زۆرێك لە شوێن و وڵاتانی دونیادا، بەڵام ئەمەش پێویستی بە بەردەوامبوون و بەهێزكردن و پاراستنی ئەو پێكەوە ژیانە هەیە و دەبێت ڕۆڵەی هەموو نەتەوە و ئایینزاكان هەست بكەن كە مافەكانیان پارێزراوە و، هەست بەوە بكەن كە ماف و ئەرك و ژیانیان پارێزراوە و داهاتوویەكی پڕشنگداریان لەو وڵاتەدا هەیە و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە كوردستاندا كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكرێت و داخوازیەكانیان بۆ دابین بكرێت، كە ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی پێكەوە ژیانی زیاتر و بە شێوەیەكی باش لە هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت.   

*ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان درێژەپێدان و پشتگیریكردنی تەواوی ئەو پێكەوە ژیانەیە و هەر لە ماوەی كابینەی نۆیەم پاپای ڤاتیكان سەردانی هەولێری كرد، ئەمەش ڕووداوێكی گەورە بوو لەسەر ئاستی جیهان، ئایا ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەم بۆ زیاتر قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و پێكەوە ژیان لە كوردستان چییە؟

-لەو كاتەی كە پەرلەمان دەنگی بەو كابینەیەدا و ڕێزدار مسرور بارزانی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی خوێندەوە و لە زۆرێك لە خاڵە گرنگەكاندا تەئكیدكردنەوە بوو لە پێكەوە ژیان و لە مافەكانی پێكهاتەكانی كوردستان وەك كلد و ئاشوور و سریانی و توركمانەكان و ئایین و ئایینزاكانی دیكە كە لە هەرێمی كوردستاندا هەن، لە هەمووی گرنگتر هەموو كەمە نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان شوێنیان بۆ كراوەتەوە و جوانترین نموونەش ئەوەیە كە هەموو ئایین و ئایینزاكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەڕێوەبەرایەتیی تایبەت بە خۆیان بۆ كراوەتەوە، لێرە و لەوێش كە كێشەیەك دەبێت، یان قسەیەك لەلایەن مامۆستایەكی ئایینی لە دژی ئایینەكانی دیكە بە شێوەیەكی كتوپڕ دەكرێت، ئەم مەسەلەیە بە شێوەیەكی ئاسایی و بە بێ گرفت و بە بێ نانەوەی كێشە چارەسەر دەكرێت، ئەمە نموونەیەكی باشە و هیوادارم كابینەی نۆیەم بەردەوام بێت لەو بەرنامەیە كە تەئكیدم بەردەوامیش دەبێت و باشتریش بەردەوام دەبێت لەپێناو خزمەتكردنی باشتر و زۆرتری پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان و لەو كابینەیە دامەزراندنی وەزارەتێكی تازە بۆ یەكەم جار لە هەرێمی كوردستان دامەزراوە، كە لەسەر ئاستی هەموو عێراق تایبەت بە كاروباری پێكهاتەكان بێت و بەشداریكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكان لە دامودەزگاكانی حكومەت و لە شوێنی زۆر هەستیاریش، یەكێكی دیكەیە لەو كار و مەرامە گرنگ و باشانەی كە لەلایەن ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەم بایەخی پێ دراوە، لە چەند هەفتەی ڕابردووش لەسەر داوا و پێشنیاری خۆمان جەنابی سەرۆكی حكومەت ڕەزامەندی داوە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەكادیمیەی كلد و ئاشووری و سریانی و ئەكادیمیای توركمان دابمەزرێت، كە ئەمەش زۆر گرنگە بۆ گرنگیدان بە كەلتوور و زمانی نەتەوە جیاوازەكان كە بەشی گرنگ و سەرەكین لە پێكهاتەی هەرێمی كوردستاندا.

* لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستان، سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بنووسنەوە و بە ئاستێك بێت كە خۆیان پێی ڕازی بن، ئایا ئێوە وەك پێكهاتەی كریستیانەكان دەتانەوێت مافەكانتان لە دەستووری كوردستاندا دیاری بكرێت؟

- دەستوور یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی مانەوەی هەر نەتەوەیەك و پارێزگاریكردن لە مافی ئەو نەتەوانە كە داهاتووێكی باشیان لە وڵاتەكەیان هەبێت. من لە بیرمە لە كاتی نووسینەوەی دەستووری عێراق كە هەموو لایەك هەوڵیان دەدا كە خۆی چۆن دەیەوێت ئەوە دەستوورە بەو شێوەیە بنووسرێت و هەموو ئەو بیرۆكە و داوا و مافانەی هەیانبووە، بچێتە ناو چوارچێوەی ماددە و بڕگەكانی دەستوورەكە، جەنابی مسعود بارزانی ڕۆڵێكی سەرەكی و گرنگی دیت، بۆ ئەوەی پێكهاتەكان مافەكانیان لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەی عێراق هەبێت، ئەمە مێژوویەكە ناكرێت هیچ كەیێك ئەو مێژووە لەبیر بكات، بەڵكو لە بیری بێت و بیگێڕێتەوە و شانازیشی پێوە بكات. لە ساڵی 2005 كە لەبەغدا بووین، دیتم ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی سەرەكی بوو، بەو پاڵپشتییەی جەنابیان ئێمە نوێنەری پێكهاتەكان توانیمان مافەكانمان بنووسرێت لە دەستوورەكەدا، سەرەڕای ئەوەش تەواوی مافەكانمان وەك ئەوەی پێویستە و خۆمان دەمانەوێت، نەچووەتە چوارچێوەی دەستوورەكەی عێراق، بەڵكو بەشێك لە داواكاری و مافەكانی ئێمە بە هەوڵ و توانای جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی وەك نوێنەری پێكهاتەكان تێدا جێگیر و پارێزراوە، بیریشم نەچێت، ڕەحمەتی مام جەلال ڕۆڵێكی گرنگ و كاریگەریی هەبوو لە پشتگیریكردنی مافی پێكهاتەكان، لە ئامادەكردن و نووسینەوەی دەستووری كوردستانیشدا جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو كات جەخت لەوە دەكاتەوە، كە دەبێت ئێمە وەك پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی لە هەرێمی كوردستان خۆمان لە نووسینەوەی دەستوورەكە بەشدار بین و بەپێی ڕەزامەندی و مافەكانمان لە دەستوورەكە بنووسرێت و پارێزراو بێت.    

* بۆچی كە باس‌ دێتە سەر باسی دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە كوردستان، لایەنە كوردییەكان دێنە سەر كورسیی كۆتاكان و ئەم پرسەیان كردووە بە كێشە؟ ئایا چارەنووسی خۆتان وەك پێكهاتە جیاوازەكان و بەشێكی سەرەكیی گەلی كوردستان سەبارەت بە گوشاری ئەو حزبە سیاسییانە بۆ لەبەریەك هەڵوەشانی كورسیی پێكهاتە جیاوازەكان هەڵوێستتان چۆنە؟

-من پێموایە تێڕوانین و تەماشاكردنی هەندێك لە لایەن و حزبە كوردستانییەكان بۆ كۆتاكان بەو شێوەیە هەڵەیەكی گەورەیە، بۆیە دەبێت ئێمە بزانین، بۆچی سیستەمی كۆتا ئێستا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت؟ دیارە سیستەمی كۆتا سیستەمێكی جیهانییە و بۆ ئەو نەتەوانەیە كە بە ژمارە كەمن و ناتوانن وەك نەتەوە گەورەكان بگەنە ناو دامودەزگا فەرمییەكانی دەوڵەت، وەك حكومەت و پەرلەمان و دادوەری، ئەو سیستەمە لە هەموو دونیادا پەیڕەو كراوە، بەڵام لەلای ئێمە لە بەر ئەوەی سیستەمێكی تازەیە، بۆیە بە چاوی كەمینە و زۆرینە سەیر دەكرێت، هۆكارێكی دیكە لە بێ ئەزمونی ئێمەیە كە بەو شێوەیە سەیری كۆتاكان دەكەین، كورسیی كۆتاكان نابێت بە مننەتێك لەسەر نەتەوە و پێكهاتەكانی بچووك حیساب بكرێت. ئەوانەی بەو جۆرە سەیری كۆتاكان دەكەن، بۆچی ناچن هۆكاری كەمبوونەوەی ئەو نەتەوە و پێكهاتانە بزانن چییە كە وای كردووە ژمارەیان كەم ببێتەوە؟ لەو كارەساتانەی بەسەرماندا هاتووە كە دیتمان لە ساڵی 2014 خوێناوترین ڕێكخراوی تیرۆریستی لە مێژووی نوێدا كە داعش بوو، هات بەگشتی كلد و ئاشوورییەكانی كردە ئامانج، كە ئەمەش یەكێكە لە دەیان و سەدان كۆمەڵكوژییەی كە دەرهەق بە كریستیان و ئێزدییەكان كراوە لە مێژوودا، بۆیە دەڵێین ئەوەیە هۆكاری كەمبوونی ژمارەی ئێمە، بۆیە نابێت كورسیی كۆتا بكرێت بە مننەت لە سەرمان، لە كاتێكدا ئەوە مننەت بێت، ئەوە ئێمە ڕەفزی دەكەینەوە. بۆ كورد باشە ئەگەر بیر لەوە بكاتەوە كە كورسیی كۆتاكان زیاد بكرێت و ئەو 11 كورسییەی كۆتا بكرێتە دوو بەرانبەر. هەموو ئەو حزبانەی باسی ئەوە دەكەن كە كورسیی كۆتاكان لە نێوان خۆیاندا دابەش بكەن، خۆ ئەمە كاڵا و شتێك نییە لە بازاڕ بیكڕێت و بیفرۆشێت، بەڵكو ئەوە مافە و دەبێت بە چاوێكی دیكە و بە ڕێزەوە سەیری كورسیی كۆتاكان بكەن. ئەوەی ئێستا ئێمە وەك كلد و ئاشوور و سریان داوای دەكەین، ئەوەیە كە كورسییەكانمان ببێتە 10 كورسی و توركمانیش داوا دەكات كورسیی كۆتاكانیان ببێتە 10 كورسی، ئەمەش لە حەقیقەتدا بۆ لایەن و حزبە كوردییەكان باشە، چونكە پێكهاتەكان و كورسییەكانی كۆتاش هەموو كات هۆكارێكی چارەسەری كێشەكان بوون و هیچ كاتێك بەشێك لە كێشە و گرفتەكان نەبووین، بەڵكو هەموو هەوڵ و كارمان بۆ نەهێشتنی گرفت و چارەسەری كێشەكانی نێوان حزب و لایەنە كوردستانییەكان بووە.

*كورسیی كۆتای نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، زۆر جار لەناو پەرلەمان لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی هاوهەڵوێستن، ئایا بۆچی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان هاوهەڵوێستن؟

-ئێمە وەك حزبی دیموكراتی بەیت نەهرین هاوپەیمانی هەموو لایەن و حزبە عیلمانی و ئیسلامی و شیوعی و هەموو ڕەوتەكانین، بەڵام لەگەڵ پارتی هاوپەیمانین و هەردوو لا پابەندین بەو هاوپەیمانییەی لە نێوانمان هەیە، بۆ بەدیهاتنی هەموو كار و بەرنامە و بەدەستهێنانی مافەكان و جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان، سەرەڕای ئەو هاوپەیمانییەش، ئێمە زۆرجار لە هەندێ كار و پڕۆژە یاسا لە ناو هۆڵی پەرلەمانی كوردستان، سەرنج و تێبینیمان جیاواز بووە لە پارتی و جاری وا بووە لە ئەدای فراكسیۆنی پارتی ڕازی نەبووین و كەوتووینەتە گفتوگۆ تا ئەو كاتەی گەیشتووینەتە حەقیقەت، هەمیشە پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای كوردستان لەلای ئێمە لە هەموو ماف و ئیمتیازێك گەورەتر و پیرۆزتر بووە، لەلایەكی دیكەوە لە كاتێكدا ئێمە هاوپەیمانی ئەو حزبانە بووینایە كە ئێستا قسە دژی كورسی كۆتا دەكەن، ئەو كات ئەو قسانەیان نەدەكرد، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەوانیش لەگەڵ ڕای ئێمە دەبوون و نابێت پێكهاتەكان تەنیا لە نێو ئەو 11 كورسییە بەرجەستە بكرێن.   

* هەتا ئێستاش پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیریی ئەوە دەكات كە كورسیی كۆتاكان یەك بازنە بێت و دابەش نەكرێت، ئایا بۆچی گرنگە كورسیی كۆتاكان لە یەك بازنەدا دەنگی پێ بدرێت؟

-ئەمەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگری لەسەر دەكات، زۆر ڕاستە و داخوازی پێكهاتەكانیشە كە هەڵبژاردن بە یەك بازنەبێت، لە عێراقیش لەو هەڵبژاردنەی دواییدا زیاتر لە 80 بازنەی هەڵبژاردنی هەبوو، بەڵام بۆ كورسیی كۆتاكان یەك بازنەیی بوو، دابەشبوونی كلدو ئاشووری و سریانی و توركمان وەك كورد نییە لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو ئێمە و توركمانەكانیش لە هەندێ شار و شوێنی كوردستان نین، بۆیە ناكرێت بە یەك سیستەم ئێمە وەك حزبە كورد و كوردستانیەكانی دیكە بەشداری هەڵبژاردن بكەین، دەبێت لە هەڵبژاردنەكاندا ئێمە وەك پێكهاتەكان و كۆتاكان یەك بازنە بین، تاوەكو دەنگەكانمان نەفەوتێت.

 

Top