فەڕیق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گوڵان:-   سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی پێكهێنانی هێزێكی تۆكمە و پڕۆفیشناڵی پێشمەرگە دەكات، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ خێرا جێبەجێكردنی چاكسازی

فەڕیق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گوڵان:-    سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی پێكهێنانی هێزێكی تۆكمە و پڕۆفیشناڵی پێشمەرگە دەكات، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ خێرا جێبەجێكردنی چاكسازی

یق ڕوكن عیسا عوزێر كە سەرۆك ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگەیە، لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان چەند پرسێكی پەیوەست بە هەماهەنگییەكانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان و سوپای عێراقی خستە ڕوو، كە زیاتر خۆی لە هەنگاوەكانی ڕیفۆرم لە ناو هێزەكانی پێشمەرگە و پرۆسە ئیداری و سەربازییەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە دەبینێتەوە، لەگەڵ ڕۆڵی هێزەكانی ئەمریكا لە ناو پرۆسەی چاكسازیدا و ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنانەی كە لە نێوان هەردوو لادا هەن، هەروەها ماف و پشكی وەزارەتی پێشمەرگە لە بودجەی گشتیی عێراق، كە ئایا تا چەند حكومەتی فیدڕاڵ بە جێبەجێكردنی ئەركی خۆی هەڵساوە سەبارەت بە دابینكردنی پێداویستییە سەربازییەكان لە چەكی پێشكەوتوو، كە بە پێی دەستوور، هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق، ئەمانە و چەندین بابەتی پەیوەندیدار تەوەری ئەم دیمانەیە بوون.

 

*  با پرسیارەكانمان لە ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی هاوپەیمانان، بەتایبەتی ئەمریكاوە دەست پێ بكەین، ئایا لێكتێگەیشتن و هەماهەنگی و هاوكارییە سەربازییەكان لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمریكا لە چ ئاستێكدایە؟

- هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا بە ڕێبەرایەتی و سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی زۆر باشیان گێڕا لە تێكشكاندنی داعش و توانییان هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بە جیاوازیی پێكهاتەكانیەوە بپارێزن، لەمەشدا هێزەكانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریكا پاڵپشت و هاوكار بوون، لە دوای شەڕی داعش و لە ساڵی 2015 لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی هەنگاو نرا بۆ ئەنجامدانی ڕیفۆرم لە ناو هێزەكانی پێشمەرگەدا، ڕیفۆرمیش تەنیا مەبەست و مانای یەكگرتنەوەی هێزەكانی یەكەی 70 و 80 نییە، بەڵكو واتا و ئامانجێكی گەورە و ستراتیژیەتێكی فراوان لەخۆ دەگرێت و، تەواوی پرۆسە ئیداری و سەربازییەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە، هێزەكانی ئەمریكا دوای وردبوونەوە لە ناو پرۆسەی چاكسازیدا وایان پێ باش بوو، یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا واژۆ بكرێت، بۆ ئەوەی زیاتر و قووڵتر و ڕێكوپێكتر و بە بەرنامەوە بچنە ناو پرۆسەی چاكسازییەوە، كاتێكیش چووینە ئەمریكا، لەوێ پێشوازییەكی زۆر باش و گەورە كراین و بیروبۆچوونەكانمان ئاڵوگۆڕ كرد، لێرەوە یاداشتنامەكە واژۆ كرا و نەخشە ڕێگەیەك ئامادە كرا و ڕیزبەندییەك كرا، تاوەكو لە ماوەی چوار ساڵدا ئەو ئامانجە بپێكین كە لەسەری ڕێككەوتووین، بەتایبەتی پرسی فەرماندەیی و كۆنتڕۆڵ لە ناو هێزەكانمان (القیادة والسیطرة - Command and control) و هەروەها ڕێكخستنی یەكەی ژمێریاری و چەندین بابەتی دیكەی پێویست بۆ بەهێزكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بە شێوەیەك كە لەگەڵ پێداویستی و گۆڕانكارییەكانی سەردەمدا بگونجێت. پێكەوەكاركردنی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان لە نێویاندا هێزەكانی ئەمریكا و جێبەجێ كردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن یارمەتیدەر دەبێت لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا بۆ ڕێكخستنەوە و ڕیفۆرمی سەرتاسەریی هێزەكانی پێشمەرگە، سەرۆك بارزانی و بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو سەركردایەتیی سیاسی پێكهێنانی هێزێكی گەورە و تۆكمەی پڕۆفیشناڵ لە ناو هەرێمی كوردستان بە بێ جیاوازیی ئایینی و ناوچەگەرێتی بە گرنگ دەزانن بۆ پاراستنی هەرێمەكەمان، بە جۆرێك هێزی پێشمەرگە دوور بكەوێتەوە، لە هەموو ویستێكی دژ بە چاكسازی و تەنیا بۆ خاك و نیشتمان و بەرزڕاگرتنی ئاڵای كوردستان بگەڕێتەوە، هەروەها لە ناو پێشمەرگەدا پێویستیی حزبایەتیمان تەنیا لە كاتی دەنگدان دەربخەین، پێكهێنانی ئەم هێزەش تایبەتمەندیی خۆی هەیە و هاوكاریی باشتری جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی دەكات.

لە ئێستادا كارەكانمان لە ناو حكومەت زۆر بە خێرایی و دوور لە ڕۆتینات بەڕێوە دەچێت، ئەوەی پێشتر بە ساڵێك دەكرا، ئێستا بە یەك هەفتە وەڵاممان دەدرێتەوە، ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەو پاڵپشتییە، هیوادارم تا كۆتایی پرۆسەی چاكسازی پاڵپشتمان بن.

* لەم سەردەمەدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێویستی بە چەك و هاوكاریی پێشكەوتووی سەربازی هەیە، ئایا تاچەند ئەم جۆرە هاوكارییە سەربازییە پێشكەوتووانە لەلایەن هاوپەیمانەكانەوە، بەتایبەتی هێزەكانی ئەمریكا دەدرێتە پێشمەرگە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان لە هێرشی سەربازی بە مووشەك و درۆنی سەربازی بپارێزرێت؟

- لە دوای شەڕی داعش هاوكاریی سەربازیی هاوپەیمانەكان و لە ناویشیاندا هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە كەمی كردووە، تەنیا لە كاتی جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازیدا و بەپێی ئەو قۆناغە چاكسازییەی جێبەجێی دەكەین، هاوپەیمانەكان ئامادەكاریی دەكەن بۆ پێشكەشكردنی پێداویستیی سەربازی. بە شێوەیەكی گشتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هێزەكانی پێشمەرگە ئەم پێداویستییە سەربازی و چەكە پێشكەوتووانە دەستەبەر دەبن و قسەو گفتوگۆمان لەسەر كردووە.

* كەواتە ئەم چاكسازییەی ناو وەزارەتی پێشمەرگە پێویستە پێكهێنانی فیرقەكانیش لەخۆ بگرێت، ئایا هەنگاوەكانی پێكهێنانی فیرقەكان بە كوێ گەیشتووە؟

- دروستكردنی فیرقەكان قۆناغێكی دیكەیە لە ڕیفۆرم لە بواری پرسی فەرماندەیی و كۆنتڕۆڵ و، لە دوای دامەزراندنی لیوا هاوبەشەكان دێت، كاتێك یەكەكانی 70 و 80 بە تەشكیلەی لیوا دێنە ناو وەزارەتی پێشمەرگە و دوای ڕێكخستنەوەیان لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەدا، فەرماندەیەكی سەرووی ئەوان بە ناوی فەرماندەیی فیرقە دادەمەزرێت، دامەزراندنی فیرقە بۆ باشتركردنی فەرماندەیی و كۆنتڕۆڵە لە ناو هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگەدا و هەنگاوەكان لەم بوارەدا بەردەوامە.

* هەر سەبارەت بە چاكسازییەكان، ئایا بەرزكردنەوەی پلەی سەربازی و ڕێكخستنەوەی خانەنشینی دەگرێتەوە؟

- بە خۆشحاڵییەوە یەكەمین كارم كە ئەنجامم دا، پرسی بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەرەكان بوو، كە بە هۆی كۆمەڵێك هۆكارەوە لەم بابەتەدا زۆر دواكەوتووین، چ بە هۆی گرفتی سیستمی وەزارەتی پێشمەرگەوە بێت، یان بە هۆی ئاستی توانایی هەندێك لە ئەفسەرەكانەوە بێت، یانیش بە هۆی خراپیی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كەمیی بودجەوە بێت، ئەم بابەتە پێویستی بە ڕێكخستنەوە و خێرا جێبەجێكردن بوو، چونكە بەشێكی زۆر لە ئەفسەرەكانمان ئەگەر لە ماوەیەكی كەمدا پلە بەرزكردنەوەیان بۆ نەكرێت، دەگەنە ماوەی یاسایی خانەنشینبوون، دواخستنی ئەم بابەتەش كاریگەریی لەسەر جێبەجێكردنی ئەركەكانیشیان دەبێت، چونكە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە و تەشكیلاتەكانیدا ناتوانیت بە پلەیەكی كەم ئەركێكی قورس جێبەجێ بكەیت، بە پێچەوانەشەوە بە پلەیەكی بەرز پۆستێكی كەمتر بەڕێوەبردن قبووڵكراو نییە، بەرنامەی چاكسازیی خانەنشینی و پلە بەرزكردنەوەی پێكەوە بەستبوو، دوای چەندین دانیشتن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و لەگەڵ خودی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەرئەنجام ئەم دوو بابەتە پێكەوە نەبەسترایەوە و بەپێی یاسا جەدوەلی ساڵانی 2018 و 2019مان پێكەوە هێنایەوە و خانەنشینیشمان بەڕێ كرد، ئێستا خەریكین پێنج جەدوەل پێكەوە پێشكەش بكەین، تا بگەینە ئاستێكی پێویست، لە هەمان كاتدا كارمان لەسەر دوو جەدوەلی دیكە لە مانگی 9 ی ساڵی 2022 و نەورۆزی ساڵی 2023 كردووە، تاوەكو لە ساڵی 2023 كێشەی تەرقییە لە ناو لەشكری كوردستاندا نەمێنێت.

* پەیوەندیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە چ ئاستێكدایە؟ ئایا دامەزراندنی هێزە هاوبەشەكان بە كوێ گەیشت، بەتایبەتی بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە بە ناوچەكانی بۆشایی ئەمنی دادەنرێن؟

- لەو ماوەیەی كە من دەست بە كار بووم، نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتنێكی زۆر باش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق و هێزە ئەمنییەكان بەگشتی و فەرماندەیی هاوبەش و دژە تیرۆردا هەیە، هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ئاستێكی باڵادایە، پەیوەندیی زۆر باش هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هەموو ئەو ناوچانەی بە بۆشایی ئەمنی دادەنرێن، پێشتر ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام دراوە بۆ ئەو ناوچانەی كە چەكدارانی داعش بەكاریان دەهێنا، لە ئێستادا گفتوگۆی زۆر هەیە و پێش بەڕێوەچوونی هەر ئۆپەراسیۆنێكیش كۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ئەنجام دەدرێت، ئێستا لە هەوڵی پەرەپێدانی بنكەكانی هەماهەنگیی نێوان ئێمە و لایەنی عێراقیداین، بە شێوەیەكی گشتی پەیوەندییەكانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق زۆر باشە و دیدگای هاوبەشمان بۆ پێكەوەكاركردن لە داهاتوودا هەیە.

* بەڵام حكومەتی عێراق ساڵانێكی زۆرە ماف و پشكی وەزارەتی پێشمەرگە لە بودجەی گشتیی عێراق نانێرێت و پێشمەرگەی لە زۆر پێداویستیی سەربازی و چەكی پێشكەوتوو بێبەش كردووە، لە كاتێكدا بە پێی دەستوور هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە مەنزومەی بەرگریی عێراق؟

- قسە و گفتوگۆی زۆر لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناو بودجەی گشتیی عێراقدا دەكرێت، بەڵام تا ئێستا هەموو ئەم قسە و بەڵێنانە نەبوونەتە كردار، هەر خۆی لە خۆیدا ئەمە كێشەكەیە كە هەمیشە لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە بەڵێن و قسە زۆرە لەسەر جێبەجێكردنی داواكاریی و خواستەكانمان، بەڵام كردار شەرتە و تا ئێستا تەنیا قسەیە.

* هەر وەكو دەزانین ڕێككەوتنی شنگال كە بە پاساو و بیانووی جۆراوجۆر تا ئێستا هیچ خاڵێكی لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا لێ جێبەجێ نەكراوە، ئایا هۆكاری جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنی شنگال بۆچی دەگەڕێتەوە؟

- رێككەوتنی شنگال و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا تاكە ڕێگەیە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی كوردانی ئێزدی، قسە زۆر دەكرێت، بەڵام لەو كاتەی ڕاوەستاوە تاوەكو ئێستا جووڵەی پێ نەكراوەتەوە، پاساو و بیانووی جۆراوجۆر دەهێنرێتەوە بۆ دواخستنی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە گرنگە، لایەنی سیاسیی عێراقی هەیە كە بەرگری لە مانەوەی پەكەكە دەكات، بەداخەوە هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق هاودەنگ نین بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەی شنگال بگەڕێتەوە، بابەتەكە تێكەڵ بە چەندین ئەجیندە و بەرژەوەندیی تایبەتی و دەرەكی بووە.

* كەواتە بەو پێیەی بۆشایی ئەمنیی زۆر لە ناوچە و پانتاییەكی گەورە لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراق هەیە، بەردەوام داعش وەكو مەترسییەكی گەورە دەردەكەوێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە دواخستنی چارەسەری گەڕانەوەی ئەمنی بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، تا چەند مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعشی لێ دەكەوێتەوە؟

- لە هەر شوێنێك بۆشایی ئەمنی هەبێت و لایەنی سەربازی و هێزە ئەمنییەكان لاواز بن، ئەو ناوچانە نەك تەنیا مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعشیان لێ دەكرێت، بەڵكو بەردەوام داعش هاتوچۆی تێدا دەكەن و هێرش و پەلامار ئەنجام دەدەن و زیانی گیانی و ماڵیی زۆریشی لێ كەوتووەتەوە، ئازاری هاووڵاتیانی ئێمەشیان داوە، ئەمە وێڕای ئەوەی زۆر لەو ناوچانە كە داعش تێیدا باڵادەستە، بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵی كردووە و كار و كردەوەی تیرۆرستی تێدا ئەنجام دەدات، هەروەكو سەرۆك بارزانی هۆشداریی بە لایەنی عێراقی و هاوپەیمانەكان دا، لە دوای ڕاگەیاندنی تەواوبوونی داعش لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، كە سەرۆك باوەڕی وا بوو، هێشتا داعش بنبڕ، هەرواش دەرچوو، تائێستا داعش هەیە و بەردەوام دەردەكەون و هاتوچۆ دەكەن و كار و كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

* یەكێك لە بابەتە گەرمەكان دامەزراندنی هێزەكانی پاسەوانی سنوورە، ئەم بابەتە بە كوێ گەیشتووە؟

- هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە كە سنوورەكانی هێزی پێشمەرگە تۆكمەیە و ئەوەی بەرانبەر داعشە، تادێت ئەو سنوورانە و هێزەكانمان تۆكمەتر دەكەین، ئەوەی پەیوەندی بە وەڵامی پرسیارەكەشەوە هەیە، هەمووان هاوڕان بەوەی سنوورەكانی توركیا و ئێرانیش تۆكمەتر و باشتر بكرێت، دامەزراندنی هێزەكانی پاسەوانی سنوور زیاتر پەیوەستە بە وەزارەتی ناوخۆوە، بەڵام ئێمەش هاوكاریان دەبین و لە ناوچەكان ئیشوكارێكی زۆر كراوە و هەندێك ناوچە بە تەواوەتی كەوتووەتە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگە، بەداخیشەوە بەهۆی بوونی پەكەكە زۆر ناوچەی كوردستان چۆڵ كراوە و نەتوانراوە دەستی ئاوەدانیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی پێ بگەیەندرێت.

پەكەكە بووەتە بیانوویەك بۆ ئەوەی هێزەكانی توركیا بێنە ناو هەرێمی كوردستان، بەوەش شەهید و قوربانیی زۆری خەڵكی سڤیلی لێ كەوتووەتەوە و بە سەدان گوندیش ئاوەدان نەكراونەتەوە، هیوادارم پەكەكە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە و بیر لە چارەسەری ئاشتییانە بكاتەوە و لەگەڵ توركیا بكەونە دیالۆگ و دەست لەو خەباتی چەكدارییە هەڵبگرن، كە تەنیا زیانیان بە میللەتی كورد لە توركیا و هەرێمی كوردستان گەیاندووە، هیوادارین خۆیان و میللەتی كورد لە توركیا بگەنە ئامانجە ڕەواكانیان و وەكو هەموو گەلانی دیكە بە ئاسوودەیی بژین.

 

Top